منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە بەکارهێنانی گازی ئێنتۆنۆکس

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-22-20:34:00 - کۆدی بابەت: 6935
منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بە بەکارهێنانی گازی ئێنتۆنۆکس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

منداڵبوونی سروشتی ئازارێکی زۆری هەیە و لە هەمان کاتیشدا باشترین ڕێگایە بۆ منداڵبوون و خانمان تاکوو دەتوانن دەبێت دووربن لە منداڵبوون بە نەشتەرگەری بەڵام زۆرێک لە ترسی ژانی منداڵبوونی سروشتی پەنا دەبەنە بەر منداڵبوون بە نەشتەرگەری، لە ئێستادا کۆمەڵێک ڕێگا هەیە تاکوو منداڵبوونی سروشتی بەبێ ئازار بکرێت، یەکێکی دیکە لە ڕێگاکان بەکارهێنانی گازە.

گازی ئێنتۆنۆکس

ئێنتۆنۆکس گازێکی بێ بۆن و بێ ڕەنگە و لە ٪٥٠ـی گازی ئۆکسجین و ٪٥٠ـی گازی ئۆکسیدی نایترۆجین پێکهاتووە، کە ناسراویشە بە گازی پێکەنین بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوە و نەهێشنی ئازار، جۆرە سڕکردنێکە لێرەدا بەکاردێت بۆ خانمانی دووگیان لە کاتی منداڵبوونی سروشتیدا، کە لە ڕێگەی ڕووپۆشێکەوە دەخرێتە سەردەم و لووتی دایکەکە و ڕووپۆشەکە بەستراوە لە سۆندەیەک کە لەوێوە گازەکە دێت و دایکەکە دەتوانێت هەڵیمژێت، ١٥ چرکە دوای هەڵمژینی گازەکە دێتە مێشک و دەمارەکانەوە و ٣٠ چرکە دوای هەڵمژینی لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەیە و دەردانی هۆڕمۆنی ئەندۆرفین دەبێتە هۆی نەمانی ئازار و تا ڕادەیەک دەبێتە هۆی سەرخۆشی و خانمەکە کەم ئاگاداری چواردەورییەتی، دوای ٤٥ چرکە دوای هەڵمژینی بە تەواوی کاری خۆی دەکات و دەگاتە ئەوپەڕی و ماسولکەکانی دایکەکە خاو دەبنەوە و دەستی شل دەبێت و ڕووپۆشەکە لادەچێت و دوای ئەوەی کە بۆ ماوەیەک هەڵت نەمژی زوو کاریگەرییەکەی نامێنێت.
واباشترە پێش دەستپێکردنی گرژبوونەکانی منداڵدان دەست بکەیت بە هەڵمژینی گازەکە، و خانمەکە هەر کاتێک بییەوێت دەتوانێت ڕووپۆشەکە لاببات بەڵام دوای چەند چرکەیەک ئازارەکەی بۆ دێتەوە بۆیە ئەگەر بییەوێت ئازاری نەبێت دەبێت بەردەوام بێت لە هەڵمژینی گازەکە.


مێژووی دروستبوونی گازی ئێنتۆنۆکس

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٨٨١ پزیشکێکی پۆڵەندی کە لە ڕووسیا کاری دەکرد لێکۆڵینەوەیەکی کرد لەسەر گازی ئۆکسیدی نایترۆجین بە خەستی ٪٨٠ و بۆی دەرکەوت کە بەکارهێنانی ئەم گازە گرنگە بۆ سڕکردن و نەمانی ئازار و ڕێگایەکی کاریگەر و بێ مەترسییە، لە ساڵی ١٩٦٣ـدا پزیشکانی بەریتانیا تێکەڵەیەکیان لە گازی ئۆکسیدی نایترۆجین و ئۆکسجین دروست کرد بە ڕێژەیەکی یەکسان، و ناویان لێنا گازی ئێنتۆنۆکس.

سوودەکانی بەکارهێنانی گازی ئێنتۆنۆکس

  • بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە ئازاری منداڵبوون ٪٥٠ کەم دەکاتەوە.
  • زوو کاری خۆی دەکات و تەنها دوای چەند چرکەک کاریگەری دەردەکەوێت.
  • بە تەواوبوونی گازەکە کاریگەرییە لاوەکییەکانی لادەچێت.
  • بەکارهێنانی هیچ جۆرە زیانێکی نییە لەسەر منداڵەکە.
  • لێکەوتە خراپەکانی بۆ دایکەکە کەمە و ئەو نیشانانەی کە تووشی دەبێت زوو نامێنێت.
  • لێکەوتی خراپی نییە لەسەر ڕێڕەوی هەناسەدان.
  • بە زۆری لەگەڵ دەرمانی دیکەدا تێکەڵ نابێت و کاریگەری خراپی نییە.
  • بەکارهێنانی ئاسانە و پێویستی بە پزیشکی پسپۆڕ نییە.
  • لە هەر قۆناغێکی منداڵبووندا دەتوانیت گازەکە هەڵبمژیت.
  • دەتوانیت خۆت بڕی گازەکە کۆنتڕۆڵ بکەیت.

لێکەوتە خراپەکانی گازی ئێنتۆنۆکس

  • ئەو کەسانەی نەخۆشییەکی تایبەتیان هەیە نابێت ئەم ڕێگایە بەکاربهێنن.
  • ئەگەر هات و دەرمانێک بەکاربهێنیت کە ببێتە هۆی خەواڵووی ئەوا نابێت ئەم گازە بەکاربهێنیت لەگەڵیدا.
  • لەوانەیە دوای بەکارهێنانی تووشی سەرگێژخواردن، قورسی سەر، دڵتێکچوون و ڕشانەوەی توند ببیت.
  • ئەگەر کەسێک بۆت بگرێت ڕووپۆشەکە و خۆت نەبیت لەوانەیە خەوت لێ بکەوێت.
  • دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی دەمی دایکەکە بۆیە واباشترە کە دایکەکە دەمی تەڕ بکرێت.
  • بە تەواوی ئازاری دایکەکە کەم ناکاتەوە و تەنها نیوەی ئازارەکەی ناهێڵێت.

چەند تێبینییەک لەسەر گازی ئێنتۆنۆکس

  • واباشترە کە پێش ئەوەی گرژبوونەکانی منداڵدان زیاد بکات و ژانەکە توند ببێت، دایکەکە ماسکی گازەکە لەسەر دەمی دابنێت چونکه ئەگەر دوای ژانێکی توند دایبنێت کاریگەرییەکەی کەمتر دەبێتەوە.
  • دایکەکە دەبێت هەناسەکانی قووڵ و لەسەرخۆ بێت.
  • بۆ ئەوەی خەوی لێ نەکەوێت و لە هۆش نەچێت واباشترە خۆی ڕووپۆشەکە بەکاربهێنێت، تاکوو ئەگەر هەستی کرد خەوی لێ دەکەوێت زوو ڕووپۆشەکە لاببات.
  • دەبێت لە نێوان گرژبوونەکاندا دایکەکە کەم کەم ئاو بخواتەوە تاکوو بە هۆی گازەکەوە دەمی وشک نەبێتەوە.
  • دایکەکە دەبێت لە قۆناغی دووەمی منداڵبوونەکەدا لەگەڵ دەستپێکی هەر گرژبوونێکدا کەمێک لە گازەکە هەڵمژێت و زوو لایببات و خەریکی پاڵنانی منداڵەکە بێت تاکوو بێتە دەرەوە.


سەرچاوەکان



4568 بینین