کڕێش

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-23-17:22:00 - کۆدی بابەت: 6948
کڕێش

ناوه‌ڕۆك

کڕێش چییە؟

کڕێش بە ئینگلیزی (Dandruff) بریتییە لە یەکێک لە کێشە باوەکانی پێست کە دەبێتە هۆی لێبوونەوەی توێژاڵێکی تەنکی پێستی سەر، بەڵام دەکرێت ببێتە هۆی شەرمەزاری و چارەسەرکردنی کەمێک سەختبێت، کڕێشە کەمەکان دەکرێت بە بەکارهێنانی شامپۆیەکی تایبەت چارەسەر بکرێت، ئەگەر بەوەش چارەسەر نەکرا، ئەوا لەوانەیە شامپۆی دژە کڕێشی پزیشکی یارمەتی چارەسەرکردنی بدات، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە دواتر نیشانەکان بگەڕێنەوە، بە شێوەیەکی گشتی کڕێش زیاتر لە پیاواندا باوترە وەک لە خانماندا.

نیشانەکان

١- لێبوونەوەی توێژاڵێکی تەنکی پێستی سەر و قژ و برۆ.
٢- ڕیش و سمێڵ و پشت تووشی خووران دەبن.

هەروەها ئەم هێما و نیشانانە لە کاتی بوونی فشارێکی زۆردا زیاتر دەبن، هەروەها وشکی و ساردی وەرزی زستانیش وادەکات کڕێشەکان زیاتر بڵاوببنەوە. 

کەی دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت؟

زۆرینەی خەڵکی کە دووچاری کڕێش دەبنەوە بە پێویستی نازانن کە سەردانی پزیشک بکەن، بەڵام ئەگەر کڕێشەکان بە بەکارهێنانی جۆرە تایبەتەکانی شامپۆی کڕێش چارەسەر نەبوو، ئەوا سەردانکردنی پزیشکە تایبەتەکەت یاخود هەر پزیشکێکی دیکەی پێست یەکێکە لە ڕێگا باشەکان بۆ چارەسەری کڕێش.

هۆکارەکانی دروستبوونی کڕێش

هۆکارە ئاسییەکان

١- پێستی چەور، بێزاربوون
٢- پستی زۆر وشک
٣- هەستیاری قژ بە بەرهەمەکانی قژ
٤- کێشە تەندروستەکانی دیکەی پێست وەک ئەگزیما، بەڵەکبوونی پێست 

هۆکارە مەترسیدارەکان

- تەمەن: زۆرینەی جار کڕێش لە تەمەنی هەرزەکارییەوە دەستپێدەکات و تاکوو پیری بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کەسانی گەنج تووشی دروستبوونی کڕێش نابنەوە، هەروەها بۆ هەندێک کەسی دیکە کێشەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بەردەوام دەبێت.

- نەخۆشییەکی دیاریکراو: نەخۆشی لەرزۆکی یان هەر نەخۆشییەکی دیکە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی دەمار هەبێت دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی کڕێش، جگە لەمانەش تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدز و لاوازی کۆئەندامی بەرگری بە هەمان شێوە کاریگەریان دەبێت.

- چۆنییەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکە: زۆرینەی جار پزیشکەکان دەتوانن بە ئاسانترین شێوە دەستنیشانی جۆر و تایبەتمەندی کڕێشەکە بکەن تەنها بە تەماشاکردنی قژ و پێستی سەر.

چارەسەر

ئەگەر کڕێش و خورانی پێست بەردەوام توندتر بوون، یاخود نیشانەکان بە تێپەڕبوونی کات خراپتربوون، باشترین ڕێگا بۆ چارەسەر بریتییە لە سەردانکردنی پزیشک، چونکە بە دڵنیایەوە ئەوان کێشەکە دەناسنەوە و بۆت دەستنیشان دەکەن و چارەسەرێکی دیاریکراوت بۆ پێشنیار دەکەن، بۆ کڕێشێکی کەم کە هیچ هۆکارێکی نەبێت، بەرهەمە هەمەجۆرەکان دەتوانن یارمەتی کەمکردنەوەی کڕێش و خوورانی پێست بدەن، هەروەها پێش به‌كارهێنانی شامپۆی دژه‌ كڕێش، پێویسته‌ تاكه‌كان هه‌وڵی لابردنی زۆرترین ژماره‌ی كڕێش بده‌ن، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی كاریگه‌رتر كردنی شامپۆكه‌، بۆ نموونە، هەندێک جار خەڵکی بە شانەیەک قژیان شانە دەکەن تاکوو کۆمەڵێک لە کڕێشەکان بکەونە خوارەوە، پاشان بە شامپۆی تایبەتی پزیشکی قژیان دەشۆن ئەمەش بە هەمان شێوە چارەسەرێکی دیکەیە.

شێوازەکانی ژیان و چارەسەر وەرگرتن لە ماڵەوە

- کۆنتڕۆڵکردنی فشارەکانت: بە شێوەیەکی گشتی فشار کاریگەری لەسەر تەواوی تەندروستی جەستە هەیە، وادەکات کە ئامادەبیت بۆ ژمارەیەکی زۆر بارودۆخی نەخوازراو و نەخۆشی، هەروەها یارمەتی زیاتر تەشەنەسەندن و خراپتربوونی کڕێش دەدات.

- خۆراکی تەندروست: شێوازێکی خۆراک کە ماددە خۆراکییەکانی وەک زینک، ڤیتامین B، چەند جۆرە چەورییەکی تایبەتت پێبدات ئەوا لە هەمان کاتیشدا ڕێگری لە دروستبوونی کڕێش دەگرێت.

- بەکارهێنانی بەرهەمی گونجاو: گەشە بە قژ و تەندروستی پێستی سەرت بدە بە بەکارهێنانی ئەو ڕۆتینانەی کە لەگەڵ جۆری پێستەکەت دەگونجێت، بۆ نموونە، ئەگەر خاوەن پێستێکی چەور بیت، ئەوا شۆردنی قژ ڕۆژانە ڕێگری لە زیادبوونی کڕێش دەگرێت، هەروەها هەموو ئەو مەساجانەی کە گونجاوە بۆ پێستی سەر بە هەمان شێوە کاریگەریان لەسەر نەمان و کەمبوونەوەی کڕێش هەیە، هەروەها ئەگەر خاوە پێستێکی وشک و هەستیاریت ئەوا، کەمتر شامپۆ بۆ قژت بەکاربێنە و زووزوو قژت مەشۆ.

- هەتاو: تیشکی خۆر هۆکارێکی باشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کڕێش، بەڵام لەبەرئەوەی بەرکەوتن بە تیشکی سەرو بنەوشەیی زیان بە پێست دەگەیەنێت و زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی شێرپەنجەی پێست، بۆیە زۆر خۆت مەدەرە بەر هەتاو، لەجیاتی ئەوە تەنها کەمێک لەدەرەوە بمێنەرەوە و لەگەڵ ئەوەشدا، دژەخۆر بۆ ڕووخسار و تەواوی جەستەت بەکاربێنە.

- سنووردار کردنی بەرهەمەکانی قژ: بەرهەماکانی قژ دەبنە هۆی لێبوونەوەی پێستی سەر و چەورتربوونیان، بەمەش ڕێگە بە زیادبوونی کڕێش دەدات.


سەرچاوەکان



907 بینین