هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوانەی لە ژنەکانیان جیابوونەتەوە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-25-00:01:00 - کۆدی بابەت: 6978
هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوانەی لە ژنەکانیان جیابوونەتەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هاوسەرگیری لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە زۆر پیرۆزە و سوننەتە و زۆربەی کچان و کوڕان کاتێک دەگەنە تەمەنێکی گونجاو بیر لە هاوسەرگیری دەکەنەوە لەگەڵ کەسێکی شیاودا، لەگەڵ ئەوەی هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی پیرۆز و جوانە بەڵام قورسیشە و بڕیاردان لێی ئاسان نییە و گرنگە پێش هاوسەرگیری بە باشی بیر بکەیتەوە، وە ئەگەر بێت و خانمێک بییەوێت لەگەڵ پیاوێکدا هاوسەرگیری بکات کە پێشتر هاوسەرگیری کردبێت و منداڵی هەبێت کارەکە دژوارتر دەکات و بڕیاردانەکەش قورستر، بۆیە گرنگە پێش ئەو هاوسەرگیرییە چەند خاڵێک لەبەرچاو بگیردرێت.

گرنگترین خاڵ پێش هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک کە لە ژنەکەی جیابووەتەوە

بەدواداچوون بکە

پێش ئەوەی بڕیار بدەیت بەباشی بەدواداچوون بکە و هەموو شتێکی لەسەر بزانە، مەرج نییە لەبەرئەوەی کە جیابووەتەوە کەسێکی خراپ بێت و بەڵام گرنکە کە زانیاری باشت لەسەری دەست بکەوێت.

ڕاوێژ بکە

پێش ئەوەی بڕیار بدەیت لەو کەسانە پرسیار بکە کە هاوسەرگیرییان لەگەڵ پیاوێکدا کردووە کە لە ژنەکەی جیابووەتەوە، یاخود دەتوانیت بچیتە لای کەسێک بتوانێت یارمەتیت بدات و شارەزا بێت.

خێزانەکەت ئاگادار بکەرەوە

بە خێزانەکەت بڵێ کە ئەو کەسەی دەیەوێت بێتە داوام پێشتر ژنی هەبووە و جیابووەتەوە پێویستە ئەوانیش ئاگاداربن.

پەیوەندی سێکسیتان نەبێت

تاکوو نەبنە مەحرەمی یەکتری بە هیچ شێوەیەک زۆر لێی نزیک مەبەرەوە و پەیوەندی ناشەرعی ئەنجام مەدەن، ئەگەر هاتوو باسی ئەوەی کرد کە جیابوونەوەی لەگەڵ ژنی پێشووی لەسەر بابەتێکی سێکسی بووە و نایەوێت تۆ وەک ئەو بیت و دەیەوێت خۆت بسەلمێنیت بۆی، هەرگیز بەگوێی مەکە و ئەوە قبوڵ مەکە.

پەلە مەکە

لە ترسی ئەوەی کە بە سەڵتی بمێنیتەوە و هاوسەرگیریت دوابکەوێت هەرگیز زوو بڕیار مەدە تاکوو دڵنیا نەبیت.

تەنها سەرنجت لەسەر لایەنی دارایی نەبێت 

زۆرجار ئەوەی کە جیابووەتەوە پارە و سامانێکی زیاتری هەیە وەک لە کوڕێکی سەڵت و لەوانەیە خاوەنی خانوو و موڵک و ئۆتۆمبێل بێت، بەڵام نابێت تەنها سەرنجت لەسەر ئەمانە بێت و وردەکاری زۆر گرنگ لەبیر بکەیت.

ئەم پرسیارانە بکە لەو کەسەی کە بڕیارە هاوسەرگیری لەگەڵ بکەیت

ماوەی چەنێکە جیابوونەتەوە؟

گرنگە پرسیاری لێ بکەیت چەنێکە جیابوونەتەوە، چونکە هەموو کەسێک ماوەیەکی باشی پێویستە تاکوو بتوانێت خۆی دووبارە دروست بکاتەوە و ڕابێت، پێویستە ئەوە بزانیت ماوەکەی چەندە ئەگەر هات و ماوەیەکی زۆر کەم بەسەر جیابوونەوەیدا تێپەڕی بێت، بە لایەنی زۆرەوە هاوسەرگیری لەگەڵیدا کێشە دروست دەکات چونکە هێشتا لە بڕیارداندا پەلەی کردووە، دەبێت هۆکار و هەندێک تێبینی بزانێت لەسەر جیابوونەوەکەی، هەروەوەها پرسیار بکەیت کە  ئایا منداڵی هەیە یاخود نا و دوای جیابوونەوەی بڕیارە منداڵەکەی لەگەڵ کێدا بژی.

هۆکاری جیابوونەوەتان چی بووە؟

زۆر گرنگە بزانیت کێشەی نێوان ئەو دوو هاوسەرە چی بووە و لەسەر چی جیابوونەتەوە، گرنگە لەم کاتەدا لە پیاوەکە بپرسیت و هەروەها لە هاوسەری پێشووشی بپرسیت تاکوو بە وردی هۆکارەکان بزانیت چونکە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ژیانی تۆش.

هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکدا کە منداڵی هەیە

منداڵەکەی وەک کەسێکی خێزانەکەی خۆت قەبوڵ بکە

ئەگەر ئەو پیاوەی دێتە داوات منداڵی هەیە، چ منداڵەکەی لەگەڵ خۆی بژی یاخود لەگەڵ ئێوەدا نەژیت دەبێت ڕێزی لێ بگریت و بە بەشێک لە خێزانەکەی خۆتی بزانیت، و ڕێگا بدەیت هاوسەرەکەت بیبینێت و چەند جار بانگێشتی ماڵەوەی خۆتانی بکە و وەک منداڵی خۆت سەیری بکە.

پەیوەندی لەگەڵ هاوسەری پێشوویدا

دەبێت لەوە تێبگەیت و قبوڵی بکەیت کە ئەگەر هاوسەرەکەت منداڵی هەبوو هەندێک جار هاوسەری پێشووی ببینێت و پەیوەندییەک بمێنێت لە نێوانیاندا لەبەر منداڵەکەیان چونکە دایک و باوکی ئەو منداڵەن.

سامانەکەی 

دەبێت لەوە تێبگەیت کە هاوسەرەکەت باوکی ئەو منداڵەیە و دەبێت بڕێک لە پارەکەی خەرجی منداڵەکەی بکات و نابێت ڕێگر بیت لەوەدا.

ناسینی تایبەتمەندی منداڵەکە

گرنکە منداڵی هاوسەرەکەت بە باشی بناسیت و لێی تێبگەیت، تاکوو بتوانیت دڵی بە دەست بهێنیت، ئەگەر ناتوانیت قبوڵی بکەیت و نەتەوێت نزیک ببیتەوە لە منداڵەکەی ئەوا ئەو هاوسەرگیرییە ئەنجام نەدرێت باشترە چونکە منداڵەکە منداڵی هاوسەرەکەتە و بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ یەکدا دەبێت و کاریگەری دەبێت لەسەر ژیانت.


سەرچاوەکان



701 بینین