کەرکەدەن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-25-01:15:00 - کۆدی بابەت: 6982
کەرکەدەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەرکەدەن (بە عەرەبی: وحيد القرن، بە ئینگلیزی: rhinoceros)، مەمکداری گەورەی گیاخۆرن، تەنها پێنج جۆری سەرەکی هەیە، لە ڕابردوودا لە هەموو ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقادا دەژیان، بەڵام لە ئێستادا تەنها لە چەند ناوچەیەکی کەمی ئاسیا و ئەفریقادا هەن هەموو جۆرەکانی لە ئێستادا مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، هەندێکیان یەک قۆچیان هەیە و جۆرەکانی دیکە دوو دانەیان هەیە، لەبەر ئەوەی ئەم قۆچانە لە بواری پزیشکی کلتوریدا بەکاردەهات زۆرینەی یەک قۆچەکان ڕاودەکران، زۆرینەیان تەمەنیان دەگاتە ٤٥ ساڵ و حەزیان لە دوورکەوتنەوەیە لە مرۆڤەکان، باوەڕ وایە کە ئاژەڵێکی مەترسیدارە بەڵام لە ڕاستیدا هەندێک جۆریان هێمنن و ئەوانی دیکەش لە کاتی هەستکردن بە مەترسی هێرش دەکات بەڵام بە بێ ئەوەی بیبینێت چونکە هەستی بینینی لاوازە، بە گشتی بە ڕۆژدا پشوو دەدەن و لە شەو و بەرەبەیاندا چالاک دەبن.

شێوەی دەرەوەی

پێستێکی زۆر ئەستوری هەیە ١،٥-٥ سم دەبێت، و ڕەنگەکەی لە نێوان قاوەیی و ڕەساسیدایە، پێستە ئەستوورەکەی هەستیارە بۆیە کەرکەدەنەکان خۆیان دەشارنەوە لە نێو قوڕاودا بۆ خۆپاراستن لە تیشی خۆر و لە پێوەدانەکانی مێرووەکان و بۆ  فێنککردنەوەش، قاچەکانی کورت و پتەون و لە هەر قاچێکیدا سێ پەنجەی هەیە، هەستی بینینی لاوازە بەڵام هەستەکانی بیستن و بۆنکردنی زۆر بەهێزن، لە بەشی پێشەوەی دەمیدا هیچ ددانی نییە و لە کاتی ئاسایی بەکارهێنانی گوێیەکانی دانەیەکیان بەرەو پێش و ئەوی دیکە بەرەو دوا ئاڕاستە دەکات، بەڵام لە کاتی سەرنج دانی دەنگێکی دیاریکراودا هەردووکیان بە ئاڕاستەی دەنگەکە دەبن، قەبارە و کێشی زۆر گەورەیە بەڵام جەستەی نەرمە و پتەو نییە، درێژترینیان کەرکەدەنی ڕەشە کە نزیکەی ١،٣ م دەبێت، هەروەها خێرایی کەرکەدەنەکان لە کاتژمێرێکدا دەگاتە ٤٥ کم.  

خۆراک

کەرکەدەنەکان تەنها رووەک دەخۆن، جۆری ڕووەکەکانیش بە گوێرەی جۆرەکانی کەرکەدەنەکان دەگۆڕێت چونکە هەر جۆرێکیان لمۆزی جیایە لە جۆرێکی دیکە، بۆ نموونە کەرکەدەنی ڕەشی تاک قۆچ درەختی بەرز و دەوەنەکان دەخوات، چونکە لێوە گەورەکانی یارمەتی دەدەن لە گەشتن بە گەڵا و میوەکان لە بەرزاییەوە، لە کاتێکدا کەرکەدەنی سپی گژوگیا دەخوات، چونکە لمۆزێکی تەختی هەیە ڕێگەی دەدات دەمی لە زەوی نزیک بکاتەوە.

زۆربوون

هەموو ٢ ساڵ و نیوێک بۆ پێنج ساڵ مێینەی کەرکەدەنەکان بێچوویان دەبێت، ماوەی سکپڕییەکەی ١٥-١٦ مانگ دەخایەنێت و بە گشتی یەک بێچوو یان دوانەیەکی دەبێت، بێچووەکەی کە لەدایک دەبێت قەبارە و کێشێکی گەورەی هەیە کە ٤٠-٦٤ کگم دەبێت، لەگەڵ گەشتنی بە تەمەنی سێ ساڵی دەتوانێت بە تەنها بژی و دەگاتە قۆناغی پێگەیشتن بەڵام لە سەرەتای لە دایکبوونیدا ڕوبەڕوی مەترسی دەبێتەوە بە هۆی ڕاوکردنیان لە لایەن تیمساح و شێر و کەمتیار و نێرینەی کەرکەدەنی دیکە.

ژیان کردن

ژیانکردنی کەرکەدەنەکان لە ڕێگەی دیاریکردنی هەرێمی بچووکەوە دەبێت، یەک نێرینەی بەهێز جڵەوی دەکات لەگەڵ دوو هاوەڵی نێرینەی دیکە، هەموویان ڕێز لە سنووری یەک دەگرن و نایبەزێنن تەنها بۆ وشک بوونەوە نەبێت یان بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی ئاوی کە دەستنەکەوێت، هەر نێرینەیەک سنوورەکەی خۆی دیاریدەکات بە میز و پیساییەکەی و لە ئەگەری بەزاندنی سنوورەکەی هەتا مردن بەرگری لێدەکات، شەڕکردنەکەش بە بەکارهێنانی قۆچەکانیان دەبێت، مێینەکان بۆ سنوورەکان میانڕەوترن مەوداکانیان فراوانترە و بەزاندنیش لە لایەن مێینەی دیکەوە  ئاساییە، فراوانییەکەی بە ڕادەیەکە کە هاوتایە بە چەندین هەرێمی نێرینەکان، هەروەها بۆ پەیوەندیکردن کەرکەدەنەکان کۆمەڵێک دەنگی نزم بەکار دەهێنن بۆ دەربڕینی توڕەیی و ترس یان بانگرکردنی کەرکەدەنی دیکە.

جۆرەکانی

  • کەرکەدەنی ڕەش: لە ئەفریقا دەژی، کێشی لە نێوان ٨٠٠٠-١٣٥٠ کگم دەبێت، جۆرێکی شەرمنە و رەنگی ڕەساسیە.
  • کەرکەدەنی سپی: لە ئەفریقادا دەژی، لە ڕەشەکان هێمنترە و بە پێچەوانەی ناوەکەیەوە ڕەنگەکەی ڕەساسییە نەک سپی، کێشی لە نێوان ١٨٠٠-٢٧٠٠ کگم دەبێت.
  • کەرکەدەنی هیندی: لە هیندستان دەژی و بە دیاریکراوی تەنها لە یەک هەرێمی، کێشی لە نیوان ١٨٠٠-٢٧٠٠ کگم دەبێت.
  • کەرکەدەنی جاوە یان کەرکەدەنی زەرد: لە تیرەی کەرکەدەنە دەگمەنەکانە و لە هەموو جۆرەکانی دیکە مەترسی لە ناوچوونی زیاترە، کێشی لە نێوان ٩٠٠-٣٢٠٠ کگم دەبێت، مێینەکان دوو قۆچیان هەیە بەڵام نێرینەکان تەنها دانەیەکیان هەیە، و لە ئێستادا تەنها ٥٠ دانەی ماوەتەوە.
  • کەرکەدەنی سومتەرە: لە ئیندۆنوسیا و مالیزیا دەژین، کێشی لە نێوان ٦٠٠-٩٥٠ کگم دەبێت، بەرزییەکەی ٢،٧-٣،٨ م دەبێت، ئەم جۆرەش تەنها ١٠٠ دانەیان ماوەتەوە و قۆچەکەشی هاوشێوەی کەرکەدەنە سپییەکانە.

 


سەرچاوەکان



1801 بینین