چپس

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-10-25-14:12:00 - کۆدی بابەت: 6985
چپس

ناوه‌ڕۆك

چپس چییە؟

چپس کە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (chips) خواردنێکی هەرزان و بەتامە و زۆر ئاسان بەدەست دەکەوێت، بەڵام ئەو کاریگەرییە خراپانەی کە پاش خواردنی چپس لەسەر جەستە دەردەکەوێت لەوانەیە شایەنی ئەو خۆشی وەرگرتنە کەمە نەبێت، ئەو کەسانەی کە تەنها جاروبار و بە بڕێکی زۆر کەم چپس دەخۆن و هەمیشە شوێن پڕۆگرامێکی خۆراکی تەندروست دەکەون، ئەوا ئەم بڕە کەمە نابێتە هۆی زیانێکی تەندروستی وەها خراپ کە چارەسەری مەحاڵ بێت، هەروەها مەترسییە ڕاستەقینەکان کاتێک سەرهەڵدەدات کە تۆ چپس بە شێوەیەکی زۆر و ڕۆژانە بخۆیت یاخود بە شێوەیەکی بەردەوام چپسەکان بەسەر خۆراکە تەندروستترەکاندا هەڵبژێریت.

کاریگەرییە خراپەکانی چپس

زیادبوونی کێش

بە شێوەیەکی گشتی لە پێکهاتەی چپسدا بڕێکی زۆر چەوری و کالۆری بوونیان هەیە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی مەترسی زیادبوونی کێش و قەڵەوبوون، یەک ئۆنسە واتە ٢٨ گرام لە چپسە پەتاتەی ئاسایی کە دەکاتە نزیکەی ١٥-٢٠ دەنکە چپس، نزیکەی ١٠ گرام چەوری و ١٥٤ کالۆری لە پێکهاتەکەیدا هەیە، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە، پەتاتەی سوورەکراو لە شێوەی چپس یەکێکە لەو خۆراکانەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە قەڵەوبوونەوە هەیە، هەروەها بەهۆی زیادبوونی کێش و قەڵەوییەوە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و چەندین نەخۆشی دیکە ڕوو لە زیادبوون دەکات. 

کەمبوونەوەی خۆراکە ماددەکان

ئەگەر بە شێوەیەکی بەردەوام چپس خواردن بکەیت بە بەشێک لە خواردنەکانی ڕۆژانەت، ئەوا لەوانەیە زۆر لە خۆراکە ماددەکانت وەک پێویست دەست نەکەوێت، چونکە بڕێکی زۆر کەم لە خۆراکە ماددە و کانزاکان لە پێکهاتەی چپسدا هەیە، و هەروەها چپس خۆراکە ماددە گرنگەکانی ناو جەستەت لادەدات، خواردنی سووکە ژەمێک یاخود خۆراکی تەندروست دەتوانێت قەرەبووی ئەو ماددانەت بۆ بکاتەوە کە لە جەستەدا کەمبوونەتەوە، بۆیە کاتێک تۆ چپس هەڵدەبژێریت لە جیاتی سووکە ژەمە تەندروستەکان، ئەوا جەستە ناتوانیت ماددە خۆراکییەکان و کانزاکانی بە بڕی پێویست دەست بکەوێت.

بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن

لەبەر ئەوەی چپس بڕێکی زۆر سۆدیۆم لە پێکهاتەکەیدا هەیە بۆیە کاریگەرییەکی خراپ لەسەر دڵ و دەمارەکان بە جێ دەهێڵێت، هەروەها کاتێک جەستە بڕێکی زۆر سۆدیۆم وەردەگرێت ئەوا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پەستانی خوێن، و لەوانەیە ببێتە هۆی جەڵتەی دڵ و پەککەوتنی دڵ، نەخۆشی بۆرییە خوێنەکانی دڵ و گورچیلە، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەر ٢٨ گرامێک لە چپس نزیکەی ١٢٠-١٨٠ میلیگرام سۆدیۆم هەیە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی زۆرە، هەر بۆیە یەک پاکەت چپسی تەواو کە لە ٢٨ گرام زیاترە، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی بڕێکی زیاتر سۆدیۆم بخۆن کە زیاتربێت لەوەی کە پێشبینییان کردوە.

بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ

بەردەوام بەکارهێنان و خواردنی چپس دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ لەبەر هەبوونی بڕێکی زۆر چەوری لە پێکهاتەی چپسدا، زۆرینەی چپسەکان زۆر سووردەکرێنەوە، کە ئەمەش ئەو قۆناغەیە کە بە مەترسیدارترین قۆناغ دادەنرێت، چونکە دەبێتە هۆی هەڵمژینی بڕێکی زۆر چەوری، ئەو ڕۆنەی کە بۆ سوورکردنەوەی چپس بەکاردەهێنرێت زۆرینەی جار بریتییە لە ڕۆنی خەست، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ و بەرزی چەوری خوێن، هەروەها بەرزی چەوری خوێنیش دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی نەخۆشی بۆرییە خوێنەکانی دڵ، بەرزبوونەوەی ئاستی خوێن لە جەستەدا.

مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە

لەوانەیە هەرگیز پێشبینی ئەوەت نەکردبێت کە یەکێک لە بەتامترین خۆراکەکانت هۆکارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام لە ڕاستیدا بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە ڕێکخراوی شێرپەنجەی ئەمەریکیدا بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە کە، ماددەیەکی کیمیایی بەناوی ئاکریلامید (acrylamide) کە ماددەیەکە لە کاتی سوورکردنەوەی خواردنەکاندا دروستدەبێت، تایبەتمەندییەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی تێدایە و دەتوانێت ببێتە هۆی تووشبوون بە چەندین جۆری جیاوازی شێرپەنجە، هەروەها جۆرە جیاوازەکانی چپسیش ڕێژەیەکی زۆر لەم ماددە کیمیاییە لە پێکهاتەکەیاندا بوونی هەیە، هەر بۆیە لە ئەنجامدا خواردنی بڕێکی زۆر لە چپس دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەم ماددە کیمیاییە لە جەستەدا و زیادبوونی مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە.


سەرچاوەکان



1464 بینین