شی جینگ پینگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-10-29-00:00:00 - کۆدی بابەت: 7025
شی جینگ پینگ

ناوه‌ڕۆك

جینگ پینگ

شی جینگ پینگ یاخود شی جين بينغ (بە ئینگلیزی:  Xí Jìnpíng) حەوتەمین سەرۆک کۆماری گەلی چین و سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناوەندی وڵات و ئەمینداری گشتیی حیزبی شیوعی چینییە، ئەندامی هەمیشەیی مەکتەبی سیاسی حیزب و سەرکردەی لیژنەی سەربازی ناوەندی حیزبە.

ساڵی ١٩٧٤ دەبێتە ئەندامی حیزبی شیوعی و لە خولی یەکەمی دوانزەیەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی گەلی چینی دەبێتە سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناوەندی ئەنجوومەنی نیشتمانی.

لەدایکبوون ١٩٥٣/٦/١٥
پیشە سیاسەتوان، نووسەر، ئەندازیار
حیزب حیزبی شیوعی چین
واژوو

ژیان

شی جینگ پینگ لە مانگی شەشەمی ساڵی ١٩٥٣ لە شاری فۆبینگی هەرێمی شنشی لەدایکبووە، لە بنەڕەتدا سەر بە نەتەوەی هانە، باوکی یەکێک بووە لە سەرکردەکانی حیزبی شیوعی بەڵام لە شەستەکاندا یەکێک دەبێت لەوانەی دەکەوێتە بەر شاڵاوی پاکتاوکردن و دووردەخرێتەوە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا شی جینگ پینگ دەنێردرێتە کێڵگەکان و ڕۆژانە کاری جووتیاری دەکات و بە شەودا دەخوێنێتەوە، ئەمەش لە هەڵمەتی "دووبارە پەروەردەکردن"دا، بۆ ماوەی ٦ بۆ ٧ ساڵ لەوێ لە ئەشکەوتدا دەژی، ساڵی ١٩٨٧ هاوسەرگیری کردووە لەگەڵ پینگ لی یوان کە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی چینییە.

خوێندن و بڕوانامەکان

شی بڕوانامەی ئەندازیاری کیمیای هەیە لە کۆلێژی چینگهوا، پسپۆڕی تیۆری مارکسیزمە، و لەگەڵ کارکردنیدا بەردەوام بووە لە خوێندن و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسادا.

ئایدۆلۆژیا

شی خاوەنی ئایدۆلۆژیای شیوعییە و لە ماوەی شەش ساڵی کارکردنی لە پڕۆسەی دووبارە پەروەردەکردنی ساڵانی شەستەکان زۆر کاریگەری لەسەری هەبووە، باوەڕی وایە بەرپرس دەبێت لە خەڵکی تێبگات و بە ڕاستگۆیی هەڵسوکەوت بکات، بە یەکێک لە چاکسازیخوازە سیاسی و ئابوورییە بەناوبانگەکانی سەردەمی هاوچەرخی کۆماری چین دادەنرێت و پێیوایە ئاساییە ئەگەر بنەمایەک لە سیستمی سەرمایەداریدا هەبێت و سوودی بۆ گەلی چین هەبێت بەکاری بهێنێت سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەی سیستمێکی سۆسیالیستی پەیڕەو دەکات.

ئەرک و کارەکان

ساڵی ١٩٧٤ دەبێتە بەرپرسی حیزب لە شاری شەنگهای، ماوەیەک بەڕێوبەری چەندین هەرێم بووە، ساڵانی هەشتاکان جێگری پارێزگار بووە لە باشووری چین و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک دەبێتە بەرپرسی هەرێمی چجیانگ لە ساڵی ٢٠٠٢، ساڵی ٢٠٠٧ دەبێتە ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی سیاسی حیزبی شیوعی، و ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن پەرلەمانەوە دەبێتە سەرۆک کۆماری چین دوای ئەوەی لە مانگی یانزەی ٢٠١٢ دەبێتە سەرۆکی حیزبی شیوعی چین لە کۆنگرەی هەژدەیەمی حیزب.

پێشتر لە ١٩٧٩ پۆستەکانی سکرتێری مەکتەبی گشتیی ئەنجوومەنی وڵات و مەکتەبی گشتیی لیژنەی سەربازی وەرگرتووە، ساڵی ٢٠١٣ دەبێتە سەرۆکی چین و بەهۆی لێهاتووییەوە لە ٢٠١٧/١٠/٢٤ بۆ جاری دووەم بە سەرۆک کۆماری چین هەڵدەبژێردرێت، لە کۆنگرەی نۆزدەیەمدا دەستوور دەستکاری کرا و چەندین توانا و دەسەڵاتی دیکە بەخشرایە سەرۆک بتوانێت ئەنجامیان بدات کە لە دوای سەردەمی ماو تسی تۆنگەوە ئەنجام نەدراوە.

خەونی چین

شی جینگ پینگ لە ماوەی سەرۆکایەتی چیندا جیاواز لە زۆرینەی سەرۆکەکانی دیکە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی بە چەندین بنەما و یاسای تایبەتەوە دەستپێکرد بۆ ڕێگری لە هەژاری و گەورەکردنی هەژموونی چین لە هەموو بوارێکی جیهانیدا، بۆ ئەم مەبەستەش پڕۆژەیەکی بەناوی "هەستانەوەی گەلی چین" دانا کە بە "خەونی چین" دەناسرێت، لەم پڕۆژەدا جینگ پینگ توانی بەسەر پاشەکشێی ئابووری و گەندەڵی وڵاتەکەی سەربکەوێ و پیسبوونی هەوا بەڕێژەیەکی زۆر کەم بکاتەوە و هەڵمەتی دروستکردنی ڕێگای ئاوریشمی نوێی ڕاگەیاند، لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەودا چین دەسەڵاتی بەسەر دەریای چیندا گرت سەرەڕای ئەوەی لەلایەن وڵاتانەوە دژی وەستانەوە.

پڕۆژەیەکی دیکەی بەناوی "پڵنگ و گورگەکان" ڕاگەیاند بۆ لابردنی کەسە گەندەڵەکان لە ناوەوەی حیزب و وڵات لە گەورەوە بۆ بچووکترین، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا سنووری زیاتر لەسەر ئینتەرنێت و ئازادی کەسی دانرا و چەندین کەسی ناڕازی دەستگیرکران، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا وەک کەسێکی خاکی و خۆشەویستی گەل دەردەکەوێت و ملیۆنان هاوڵاتی لە هەژاری ڕزگاریان بووە بەهۆی پڕۆژەکانییەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی یەکەمی سەرۆکایەتی شی جینگ پینگدا یاسای "یەک منداڵ"ـی لە چین هەڵگرت و ئابووری چینی گەیاندە ئاستێکی باڵا و لە بواری تەکنەلۆژیا و سەربازی و پیشەسازیدا بە نرخی کەم و ڕێژەی زۆر دەستی بەسەر بازاڕەکانی جیهاندا گرت، لە ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناشدا یەکەمین وڵات بوو کە بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵ بوو.

بیروباوەڕەکانی شی جینگ پینگ تێکەڵی دەستووری وڵات کراون و زیاتر لە ٩٠ ملیۆن کەس توێژینەوە دەربارەی تێڕوانینەکانی دەکەن لە حیزبدا، ئەو پڕۆژەی چاکسازی ڕیشەیی و گشتگیری پێشکەشکردووە و بیرۆکەی نوێی بۆ بوارە جیاوازەکان هێناوەتە ئاراوە، پلەدارەکانی وڵاتی زیاد کردووە و دۆستی ژینگەیە و پیسبوونی هەوا لە چین بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا.


سەرچاوەکان



416 بینین