دەستدرێژیکردن لەلایەن کەسی ناسیاوەوە

له‌لایه‌ن: - لیزا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-01-21:42:00 - کۆدی بابەت: 7056
دەستدرێژیکردن لەلایەن کەسی ناسیاوەوە

ناوه‌ڕۆك

دەستدرێژیکردن لەلایەن کەسی ناسیاوەوە چییە؟

دەستدرێژیکردنە سەر لەلایەن کەسی ناسیاوەوە ئەو جۆرە دەستدرێژیکردنەیە کە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدەدرێت قوربانی و دەسترێژیلێکراو دەناسێت، نمونەکانی کە زۆر باون و ڕوودەدەن لە کۆمەڵگادا هاوپۆلەکان، ئەندامانی خێزان، خاوەنکار، یاخود پزیشکەکان، دەستدرێژیکردن کارێکی نایاساییە و بەبێ ڕەزامەندی ئافرەت یان کچان دەکرێت، ئەم جۆرە دەستدرێژییە تەنها لەلایەن کەسانی ناسیاوی قوربانییەوە دەکرێت بەڵام هەمان حوکمی یاسایی دەستدرێژیکردنە سەری بێگانەشی هەیە. 

جۆرەکانی دەستدرێژی ناسیاوی: دەستدرێژیکردن لەلایەن هاوپۆلەوە، دەستدرێژیکردن لەکاتی ژوانبەستندا، دەستدرێژیکردن لە زینداندا، بەزۆر دەستدرێژیکردنە سەر کچێک تاوەکو ناچار بە شووکردن بکرێت، هەروەها دەستدرێژیکردنی بەکۆمەڵ.

کاریگەرییەکانی کە جێیدەهێڵێت: دووگیان بوون، خەمۆکی و کەوتنە ناو شۆکەوە، هەوڵدان بۆ خۆکوشتن.

ئەو وڵاتانەی کە زۆر باوە ئەم تاوانە تێیدا: ئەفغانستان، بەلجیکا، چین، کۆنگۆ، میسڕ، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هیندستان، پاکستان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فلیپین.

ئەو یاسایانەی تایبەتن بەم تاوانە: یاساکانی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتان، یاسای بەرگریکردن دژی دەستدرێژی، یاسای توندوتیژی سێکسی.

بنچینەی ئەم چەمکە

زانا و بیرمەندان جیاوازیان کردووە لەنێوان دوو جۆری دەستدرێژیکردن، دەستدرێژیکردنی بێگانە و دەستدرێژیکردنی ناسیاو هەروەها ئەم جیاوازی کردن و توێژینەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵی١٩٥٠ـکان، کاتێک لەساڵی ١٩٥٨ بۆ ١٩٦٠ توێژینەوەیەک لەسەر دەستدرێژیکردن کرا و تێیدا دەرکەوت کە نیوەی ئەو دەستدرێژیانەی ئەنجامدراون لەلایەن ئەو کەسانەوەبوون کە قوربانییەکەیان ناسیوە و پێی ئاشنابوون، یەکەم بەکارهێنانی ئەم چەمکە بەشێوەیەکی فەرمی ساڵی ١٩٨٢ بووە لەلایەن دایانا ڕەسڵەوە کە فێمێنیست و نووسەر و چالاکەوان بووە، ئەو چەمکەی بەکارهێناوە وەک چەترێک بۆ هەموو ئەو دەستدرێژیانەی کە ئەنجام دەدرێن لەلایەن کەسە ناسیاوەکانی قوربانییەکانەوە، کە لە توێژینەوەیەکیدا لە سان فڕانسیسکۆ لەنێوان ٩٣٠ ئافرەتدا ٪٣٥ لەو ئافرەتانە لەلایەن کەسە ناسیاوەکانیانەوە دەستدرێیژیان کرابووە سەر، ساڵی ١٩٨٨ نووسەری فێمێنیستی ئەمریکی ڕۆبن وارشاو یەکەم کتێبی تایبەت بە دەستدرێژیکردنی لەلایەن ناسیاوەوە بڵاوکردەوە بەناوی (هەرگیز ناوم لێنەناوە دەستدرێژی کردن)، لە ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئەوە خراوەتەڕوو کە زۆربەی ٪٤٥ دەستدرێژیکردنەکان لەلایەن ئەو کەسانەوەبوون کە قوربانیان ناسیوە و ٪٢٥ ئەو کەسانەبوون کە پێشتر هاوسەر یان خۆشەویستی قوربانییەکە بوون.

لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٤ـدا توێژینەوەیەک لەسەر وڵاتە ئەوروپییەکان کراوە و تیایاندا زیاتر لە دوو لەسەر سێی تاوانبارەکان قوربانییان ناسیوە ئەمەش دابەش دەبێت بۆ چەند بەشێک کە ٪١٧ ئەو کەسانەبوون کە هاوکار و سەرۆکی کاری قوربانییەکەن، ٪١٦ هاوڕێی نزیکی قوربانییەکە بوون، ٪١١ هاوسەر یان خۆشەویستی پێشووی قوربانی بوون.

هەروەها لە توێژینەوەیەکی تردا ساڵی ٢٠٠٩ دەرکەوت کە ٪٦٧ دەستدرێژیکارەکان ناسیاوی قوربانییەکە بوون و زۆربەیان هاوبەشی پێشوو بوون، هەروەها باوترین شوێن کە تێیدا قوربانی دەستدرێژی دەکرێتە سەر ماڵی قوربانییەکە، شوێنی کاری قوربانییەکە، هەروەها ماڵی دەستدرێژیکار.

جۆرەکانی

دەستدرێژیکردن لەلایەن کەسی ناسیاوەوە هەموو دەستدرێژییەکان دەگرێتەوە کە لەلایەن کەسی ناسیاوەوە ئەنجام دەدرێن، دەستدرێژی ئەندامانی نزیکی خێزانیش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە و جیاناکرێتەوە، هەروەها دەستدرێژیکردن لە زیندان و دەستدرێژی بە کۆمەڵ، دەستدرێژیکردن لەکاتی جەنگدا ئەمانەش بە دەستدرێژی ناسیاوی ناسراون بە مەرجێک لایەنەکان پێشتر یەکیان بینیبێت.

هەروەها کەسانی پەنابەر و ئەو کەسانەی بە مەبەستی سەردانکردن دەچنە وڵاتێکی تر زیاتر دووچاری دەستدرێژیکردن دەبنەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە ماوەیەکی کەمە ناسیویانن.

نموونەی دەستدرێژیکردن لەناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکادا

هەرچەندە دەستدرێژیکردن لەلایەن کەسێکەوە کە ژوانی لەگەڵ ئافرەتێک بەستبێت بەشێکە لە دەستدرێژیکرردنی ناسیاوی بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان هەردوو تاوانەکە لە یەک چەمکدا کۆدەکەنەوە چونکە لە هەردوو باردا قوربانی تاوانباری ناسیوە و پێی ئاشنابووە، چەند توێژینەوەیەک ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە ٪٩٠ ئەو دەستدرێژیانەی کراوەتە سەر ئەو ئافرەتانەی لە زانکۆ و کۆلێژەکانن لەلایەن هاوپۆلەکانیانەوە یان کەسانی ناسیاوی ناو کۆلێژ و زانکۆکانیان بووە.

پاڵنەر و هاندەرەکان بۆ دەستدرێژیکردن

توێژەر و لێکۆڵەرەکان ئەوەیان خستووەتەڕوو کە بەشێوەیەکی گشتی دەستدرێژیکارەکان هەمان کەسایەتییان هەیە بۆ نموونە حەزی هەبوونی سێکسکردن لەگەڵ کەسێکدا کە ناڕازییە، دەگری، بەرگری لەخۆی دەکات، دەڕشێتەوە یاخود بێهۆش دەبێت، هەروەها ئەو کەسانە هیچ هەست بە تاوانباری و گوناهباری خۆیان ناکەن و هەست و سۆزیان لەدەستداوە، هەروەها پاڵنەریان بۆ ئەم کارە حەزی سێکسییەکەیانە کە تاوانەکەیان بە کارێکی ئاسایی دەبینن وەک لە دەستدرێژیکردن.

هەروەها دەستدرێژیکردن بە کۆمەڵ هاندەر و پاڵنەرەکەی خۆدەرخستنە و هەروەها هەبوونی ترسە لە پیاوەکانی تری ناو کۆمەڵەکە توێژەرەکان دەڵێن دەستدرێژیکردنی بەکۆمەڵ دەربارەی سێکسکردن نییە بەڵکو دەربارەی جڵەوکردن، هێز، توندوتیژی و هەڵخەڵەتاندنە.

کاریگەرییەکانی دەستدرێژیکردن

کاتێک کەسێک دەستدرێژی دەکرێتە سەر جگە لەوەی زیان بەر جەستەی دەکەوێت بەشێکی زۆری زیانی دەستدرێژیکردن بەر لایەنی دەروونی کچ یان ئافرەتەکە دەکەوێت لە هەمان کاتی دەستدرێژی کردنەکە و لەدواش، دەکرێت ئەو کەسانەی دەستدرێژیان دەکرێتەسەر ڕووبەڕووی بارودۆخێکی دەروونی زۆر سەخت و بەئازار ببنەوە، هەروەها تووشی جۆرەها نەخۆشی دەروونی و جەستەیی ببن.

- نەخۆشییە دەروونییەکان وەک: توشبوون بە شۆک وەک بیرهاتنەوەی کاتی ڕووداوەکە، بینینی مۆتەکە، نیگەرانی و دوودڵی بەردەوامی، هەروەها جڵەونەکردنی بیرکردنەوەی خراپ، خەمۆکی، هەروەها دڵتەنگی بەردەوام، هەستکردن بە بێهیوایی، گریانی بەردەوام، کەمکردنی کێش، نەمانی وزە و حەزکردن بۆ ئەنجامدانی هیچ چالاکییەک، بیرکردنەوە بۆ ئەنجامدانی خۆکوشتن و هەوڵدان، دوورکەوتنەوە و گۆشەگیری هەروەها نەمانی تەرکیز لەسەر کاروباری ڕۆژانە، هەروەها نەمانی متمانە بە کەسانی چواردەور، تووڕەبوون و لۆمەکردن، نەمانی جڵەو، سەرگێژخواردن، ترسی بەردەوام.

- کاریگەرییە جەستەییەکان وەک: برینی جەستەیی، خوێنبەربوون، توانای نەمانی ڕۆشتن، گرژبوونی ماسولکەکان، هەندێکجار شکانی ئێسکەکان، تووشبوون بەو نەخۆشییانەی لە ڕێگای سێکسەوە دەگوازرێتەوە، دووگیانبوون.

- بارودۆخ و ئاستەنگی تر ڕەنگە تووشی قوربانی ببێتەوە وەک: ماندوویەتی بەردەوام، تەنگەنەفەسی، ئازاری ماسولکەکان، لەرزینی جەستە بە بەردەوامی، گۆڕان لە خەو و خواردندا، هەروەها نەمانی حەزی سێکسی و ترسان لێی.

حوکمی کەسی دەستدرێژیکار لە یاسای سزادانی عێراقیدا  

دەستدرێژیکردن دەکرێتە سەر کەسێک کە ڕفێندرابێت زۆر جار بۆیە ئەوە دەبێتە بارودۆخێک بۆ زیادکردنی، سزای تاوانبار ڕفاندن ماددەی ٤٢١ـی یاسای سزادانی عێراقییە ئەگەر مەبەست لە کردەوەکە بەدەستهێنان یان دەستدرێژیکردنە سەر نامووسی قوربانی بێت، یاسای سزادانی عێراقی سزای یاسای دەستدرێژی سێکسی لە هەر کەسێک بکرێت بەپێی ماددەی ٣٩٣ یاسای سزادانی عێراقی بەپێی دەستدرێژییەکە ئاستی سزاکەی دیاری دەکرێت لە ساڵێک تاوەکو ١٥ ساڵە تا زیندانی هەتا هەتایی و لەسێدارەدانیش دەڕوات ئەگەر دەستدرێژی کوشتنی لێبکەوێتەوە.

هەروەها کەفالەت ئەو کەسە ناگرێتەوە کە دەستدرێژی کردووە و ئازادناکرێت و وردبینی قورسی تێدا دەکرێت، زۆرجار ئەو کەسانەی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر لەلایەن خێزانەکانیانەوە پەردەپۆش دەکرێت بەهۆی دابونەریت و کەلتووری ناوچەکەیان و بە سوڵحی عەشایەریش کێشەکە چارەسەر دەکەن. 


سەرچاوەکان

725 بینین