پیادەڕەوی لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-02-00:45:00 - کۆدی بابەت: 7064
پیادەڕەوی لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پیادەڕەوی یەکێکە لە وەرزشە زۆر باش و گونجاوەکان لە ماوەی دووگیانیدا، پیادەڕەوییەکی گونجاو دەتوانێت ئەندامەکانی جەستەت بەهێز بکات و سوڕی خوێن چالاک بکات و هەروەها یارمەتی ماسولکەکان بدات بەبێ زیانگەیاندن بە ئەژنۆ و پشت و قاچەکان، و دەتوانێت قەبزی لە ماوەی دووگیانیدا کەم بکاتەوە.

سوودەکانی پیادەڕەوی لەماوەی دووگیانیدا 

  • وەرزشێکی ئاسان و گونجاوە کە دەتوانیت لە هەر جێگایەکدا ئەنجامی بدەیت.
  • سوڕی خوێنی دایکەکە چالاک دەکات و خوێنی زیاتر دەگات بە منداڵەکە.
  • ماسولکەکانی دڵ بەهێز دەکات و هەناسەدان باشتر دەکات.
  • ئازاری پشت کەم دەکاتەوە.
  • ڕێگری دەکات لە خەمۆکی و وزەی زیاترت پێ دەبەخشێت.

ڕێنمایی بۆ کاتی پیادەڕەوی

پێش ئەنجامدانی پیادەڕەوی لەگەڵ دەربارەی پزیشکدا قسە بکە، واباشترە کە سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا پیادەڕەوی بکەیت و هەر جارێک لە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک بێت، دەبێت توندی پیادەڕەوییەکە بە جۆرێک بێت کە زۆر تووشی هەناسەتوندی نەبیت و بتوانیت سێ وشە بەسەریەکەوە بڵێیت بەبێ ئەوەی هەناسەت توند ببێت و هەناسە کورت ببیت، هەروەها لە کاتی پیادەڕەوییەکەدا ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکە:

  • با بتڵێک ئاوت پێ بێت.
  • ئاوی ساردت پێ بێت بۆ خۆ فێنککردنەوە.
  • پیادەڕەوی مەکە لە جەوێکی زۆر سارد یاخود زۆر گەرمدا.
  • پێش پیادەڕەوی نیو کوپ شیر بخۆرە یاخود لەتێک سێو بخۆ و دوای تەواوبوونی پیادەڕەییەکە ئاوی گوێزی هیندی بخۆرەوە.
  • پێش پیادەڕەوی کەمێک خۆت گەرم بکە تاکوو کاتی پیادەڕەوییەکە ڕابێیت، هەروەها ئەگەر کاتی پیادەڕەییەکە ئازاری پشت و حەوزت هەبوو، دڵگران مەبە و وردە وردە لەگەڵ پیادەڕەوییەکەدا باش دەبێت
  • پێڵاوی گونجاو لە پێبکە و دوورکەوە لە پێڵاوی تەنگ و پاژنە بەرز.
  • لە هەر وەرزێکدا بوو کرێمی دژەخۆر بەکاربهێنە و لە هاوینیشدا شەپقە بەکاربهێنە.
  • لە سێ مانگی دووەمدا، چەناگە و سەرت بەرز ڕابگرە و پشتت ڕێک بوەستێنە و سەیری پێشەوە بکە لە کاتی پیادەڕەوییەکەدا.
  • بۆ ئەوەی هاوسەنگی جەستەت پارێزراو بێت هەردوو دەستت با لە هەردوولای جەستەتەوە ڕێک بێت و بیجوڵێنە بۆ پێشەوە و دواوە.
  • لە شەودا پیادەڕەوی مەکە مەگەر ئەوەی کە شوێنەکە ڕووناک بێت، چونکە لە شوێنی تاریکدا ئەگەری لەدەستدانی هاوسەنگی جەستە هەیە.
  • لە سێ مانگی دووەم و سێیەمدا شوێنێک هەڵبژێرە کە زۆر گونجاو و تەخت بێت.
  • سەرەتا بە هێواشی دەست پێبکە تاکوو جەستەت ڕادێت، دواتر وردە وردە دەست پێبکە و توندی بکە، دوای ئەوە و لە کۆتایدا چەند خولەکێک وەرزشەکە بە خێرایی و توندی کەمەوە ئەنجامبدە تاکوو جەستەت بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی.

نیشانەی هۆشیارکردنەوە لەبارەی پیادەڕەوییەوە

هیچ کاتێک تا کۆتایی ماندووبوون و یاخود هەناسەتوندی بەردەوام مەبە، چونکە پەستانی زۆر لەسەر جەستە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئۆکسجینەی کە بڕیارە بە منداڵەکەت بگات لەو چالاکییە قورسەدا سەرف ببێت و نەگات بە منداڵەکە، هەروەها لە ئەگەری بینینی هەر یەکە لەم نیشانانە لە ماوەی پیادەڕەوییەکەدا بە زووترین کات بیوەستێنە و پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە.

  • خوێنبەربوون لە دامێنەوە.
  • هاتنەدەرەوەی دەردراوی زۆر لە زێدا.
  • گرژبوونی منداڵدان.
  • هەناسەتووندی.
  • سەرگێژخواردن.
  • سەرئێشە.
  • ئازاری سەر سنگ.

گرنگی پیادەڕەوی لە مانگی نۆیەمی دووگیانیدا

پیادەڕەوی لە هەر سێ مانگەکەی دووگیانیدا سودبەخشە بەڵام بە تایبەت لە مانگی نۆیەمی دووگیانیدا سوود بەخشترە، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە دایکەکە نزیکە لە منداڵبوون و پیادەڕەوی بەردەوام یارمەتی دەدات تاکوو منداڵبوونێکی ئاسانتری هەبێت، ئاگاداربە بە هۆی ئەوەی کێشی جەستە زۆرە و سکی دایک زۆر گەورەیە لەوانەیە دایکەکە هاوسەنگی جەستەی تێک بچێت کاتی پیادەڕەوی بۆیە گرنگە کە لە شوێنکی تەخت و بە هاوکاری کەسێک پیادەڕەوییەکە ئەنجام بدات.


سەرچاوەکان



1784 بینین