هەوکردنی پەردەی سیی

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-11-05-13:38:00 - کۆدی بابەت: 7097
هەوکردنی پەردەی سیی

ناوه‌ڕۆك

هەوکردنی پەردەی سیی چییە؟

دوو چینە تەنک و گەورەکەی دەوروبەری سییەکان پێی دەوترێت پەردەی پلورە کە دیواری قەفەسی سنگ و سییەکان لێک جیا دەکاتەوە، حاڵەتی (Pleuritis) هەوکردنی ئەو پەردەیەیە کە لەوانەیە ببێتە هۆی ئازاری سنگی توند لە کاتی هەناسەداندا.

دوو چینەکەی دەورووبەری سییەکان بەشێوەیەکە کە چینێکیان دیوی دەرەوەی سییەکان دادەپۆشێت و چینەکەی دیکەش دیواری قەفەسەی سنگ ناوپۆش دەکات، لەنێوان ئەو دوو چینەدا بۆشاییەک هەیە پێی دەوترێت بۆشایی پلورە (Pleural Space) کە بەشێوەیەکی ئاسایی شلەیەکی تێدایە کە لێکخشاندن کەم دەکاتەوە، پەردەکان هاوشێوەی دوو پارچە قوماشی ئاوریشمن کە ڕێگە بە سییەکان دەدەن لەکاتی هەناسەداندا پڕ ببن لە هەوا و فش ببنەوە،  ئەگەر ئەم دوو چینە تووشی هەوکردن ببن ئەوا زبر دەبن و لە یەکتر دەخشێن و ئازار دروست دەکەن لەکاتی کرداری هەناسەداندا، ئەو ئازارەش لە کاتی ڕاگرتنی هەناسەدا کەمدەکات، چارەسەریش بریتییە لە ئازارشکێن و نەهێشتنی هۆکارەکانی تووشبوون.

نیشانەکان

- ئازاری سنگ: بە کۆکە و پژمە و هەناسەدان ئازارەکە زیاد دەکات، هەروەها دەشێت بە جووڵاندنی پەلەکانی سەرەوەش ئازارەکە خراپتر بێت.
- هەناسەکورتی: بەهۆی ئازاری سنگەوە نەخۆشەکە هەوڵدەدات هەناسەکانی کەمبکاتەوە لەبەر ئەوە تووشی هەناسەکورتی دەبێت.
- تا.
- تێ‌ڕژاندنی پلورە: لە هەندێک حاڵەتدا بۆشایی نێوان دوو چینە پەردەکە شلەی تێدا دروست دەبێت و کۆدەبێتەوە، ئەگەر بڕی پێویستی شلە کۆبۆوە ئەوا لێکخشاندنی دوو چینەکە نامێنێت و ئازار کەمدەبێتەوە.
- چوونەوەیەکی پلورە: بڕێکی زۆری شلە پەستان دژی دیواری ناوەوەی سییەکان دروست دەکات تا ئەو ڕادەیەی سییەکان لەکاردەکەون و توانای ئاڵوگۆڕی گازیان نامێنێت ئەمەش هەناسەدان قورسدەکات و دەبێتە ھۆی کۆکەیەکی بە ئازار.
- میکرۆبەهەوکردنی سییەکان: لەم حاڵەتەدا ئەو شلەیەی لە سییەکاندا کۆبۆتەوە تووشی میکرۆبەهەوکردن دەبێت و کێم (چڵک) کەڵەکە دەکات و بەهۆی هەوکردنەکەشەوە تای لەگەڵدایە.

هۆکارەکان

• میکڕۆبەهەوکردنی ڤایرۆسی (ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا).
• میکڕۆبەهەوکردنی بەکتریا (هەوکردنی سییەکان).
• میکڕۆبەهەوکردنی قارچکی.
• خۆییە بەرگرییە نەخۆشیەکان (ڕۆماتیزم، سیلی پێست).
شێرپەنجەی سییەکان.
• داخرانی بۆری هەوا بەهۆی پارچەیەک لە خوێنی مەییو (Pulmonary Embolism).
سیل.
• بەرکەوتنی زەبر یان شکانی پەراسووەکان.
• نەخۆشی بۆماوەیی (کەمخوێنی داسولکەیی).
• دەرمان.


سەرچاوەکان



952 بینین