تەرککردنی دایبی بە منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-11-10-23:47:00 - کۆدی بابەت: 7158
تەرککردنی دایبی بە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆ ئەوەی بە ئاسانی دایبی تەرک بکەیت بە منداڵەکەت، دەبێت ڕێگاکانی تەرککردنی بزانیت تاکوو دووچاری کێشە و ئاستەنگی زۆر نەبیتەوە.

ئامادەکاری بۆ تەرککردنی دایبی بە منداڵ

بە پێی ڕای پزیشکان بۆ ئەوەی کە منداڵ فێری چوونە تەوالێت ببێت، دەبێت سەرەتا مێشکی توانایەکی باشی هەبێت تاکوو بتوانێت میزەڵدانی کۆنتڕۆڵ بکات، کاتێک هێشتا مێشکی تەواو پێنەگەیشتووە منداڵەکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی میزەڵدانی بکات و هەرکاتێک میز هەبوو لە میزەڵدانیدا دەیکات بە خۆیدا، بە گشتی لە ٢٨ مانگی تەمەنی منداڵ بەولاوە تەواو پێدەگات و دەتوانێت میز کردنی کۆنتڕۆڵ بکات.

باشترین ڕێگا بۆ تەرککردنی دایبی بە منداڵ

  1. باشترین وەرز بۆ گرتنەوەی دایبی لە منداڵ وەرزی بەهار و هاوینە، منداڵەکەت هانبدە ئەگەر میز یان پیسایی هات پێت بڵێت و لە ڕۆژێکدا چەند کاتژمێرێک بەبێ دایبی بیهێڵەرەوە.
  2. سەرەتا با دایبییەکە هەر لە پێیدا بێت و لەکاتی چوونە تەوالێتەکەیدا لێی بکەرەوە.
  3. تەنها لە ماڵەوە فێری مەکە کە میز و پیسایی نەکات بە خۆیدا، بەڵکوو وا فێری بکە کە ئەگەر لە دەریشەوە یاخود شوێنێکی گشتیدا بوو میز و پیسایی هات پێت بڵێت و نەیکات بە خۆیدا.
  4. ئەگەر منداڵەکەت ویستی لەسەر تەوالێت دابنیشێت و بەڵام تاکوو ١٠ خولەک دانیشت و هیچی نەکرد لە تەوالێتەکە بیهێنە دەرەوە و دوای چەند خولەکێکی دیکە ببەرەوە بۆ تەوالێتەکە.
  5. هەندێک منداڵ لە میز و پیسایی دەترسن، دەبێت قسەی بۆ بکەیت و تێی بگەیەنیت کە  ئەمە شتێکی زۆر باشە و جەستەت پاک دەکاتەوە لە پیسی.
  6. قەعدەیەک بکڕە بۆ منداڵەکەت و فێری بکە کە هەرکات میز و پیسایی هات بڕوات لەسەر ئەوە دابنیشێت، دەتوانیت ئەم قەعدەیەش لە هەر شوێنێک دابنێیت کە خۆی پێی خۆشە، چ تەوالێت بێت یاخود ژوورەکەی خۆی.
  7. گرنکە دەست خۆشی لێ بکەیت کاتێک پیسایی و میزەکە ناکات بە خۆیدا و پێی بڵێ کە ئیتر تۆ گەورە بوویت و مایەی شانازیت و هەروەها ئەگەر پیسایی و میزەکەی کردە ناو قەعدە یاخود تەوالێتەوە دیاری پێ بدە.
  8. ئاگاداربە بە سەرزەنشت کردن و توڕەبوون لێی کارەکە خراپ مەکە، لەوانەیە منداڵەکەت چەند ڕۆژێک بتوانێت میز و پیسایی کۆنتڕۆڵ بکات بەڵام دوای ئەوە دووبارە ماوەیەکی دیکە نەتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات، لەم کاتەدا قسەی پێ مەڵێ و سەرزەنشتی مەکە بەڵکوو دووبارە فێری بکەرەوە.
  9. بەگشتی منداڵ لە ٣ ساڵیدا دەتوانێت کۆنتڕۆڵی میز و پیساییەکەی بکات، بەڵام هەندێک منداڵ هەیە کە ئەوەندە هۆشیار نییە بتوانێت ئاوا خۆی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو منداڵانە شەوانە بە دایبییەوە بخەوێنەوە و بە ڕۆژدا دایبی لێ بکەرەوە و ئاگاداری میز کردنی بە.
  10. هەر ١٠ خولەک جارێک بیبە بۆ تەوالێت و لەگەڵ هەر جارێکدا فێری بکە کە هەرکاتێک دەستی ئاوی هەبوو پێت بڵێت.
  11. ئەگەر لە چوونە تەوالێت دەترسێت، لێی گەڕێ لە حەوشە یان شوێنێکد کاری خۆی بکات و دواتر بە ئاو شوێنەکە پاک بکەرەوە و بڵێ پاکی دەکەمەوە بەڵام جاری داهاتوو پێکەوە دەچینە تەوالێت.
  12. هەندێک منداڵ بەپێوە ڕادەوەستن ئەمەش ئاساییە وردە وردە ڕادێن.
  13. کاتێک لە میوانیت مەهێڵە سەرقاڵی بیرت بباتەوە، زوو زوو پرسیاری لێ بکە کە ئایا میزی نایەت.
  14. کاتێک ئاو و یان شلەمەنی زۆر دەخواتەوە خۆت بیبە تەوالێت تا پێش ئەوەی خۆی پێت بڵێ.


سەرچاوەکان



5823 بینین