سورەتی فاتیحە

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-11-12-14:22:00 - کۆدی بابەت: 7177
سورەتی فاتیحە

ناوه‌ڕۆك

ناوەکانی سورەتی فاتیحە

سورەتی فاتیحە ڕیزبەندی ژمارە یەکە لە قورئانی پیرۆزدا و قورئان بەو سورەتە پیرۆزە دەست پێدەکات، چەندین فەرموودە هەیە کە فەزڵ و گرنگی و گەورەیی ئەم سورەتە دەخەنە ڕوو، گەورەترین سورەتی قورئانی پیرۆزە و نورێکی گەورەیە، ئەوەندە گەورەیە کە هەر کەسێک لە نوێژدا نەیخوێنێت ئەوە نوێژەکەی دروست نییە، لە ڕۆژێکدا لە 17 ڕکاتدا دەخوێنرێت.

ڕای زانایان دەربارەی ناوەکانی سورەتی فاتیحە

زانایان ڕای زۆریان هەیە دەربارەی ناوەکانی سورەتی فاتیحە، لێرەشدا باس لە چەند ڕایەکی زانایان دەکەین:

ڕای یەکەم: پێشەوا سیوطی باس لەوە دەکات کە سورەتی فاتیحە زیاد لە 20 ناوی هەیە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە نیشانەیە بۆ گەورەیی ئەم سورەتە پیرۆزە، لەو ناوانەش:-

  • فاتحة الكتاب
  • أم القرآن (هۆکاری ناونانەکەی ئەوەیە وتراوە لەبەر ئەوەی کە قورئان و فێربوونی قورئان و نوێژکردن بەم سورەتە دەست پێدەکات، یا وتراوە لەبەر ئەوەی کە یەکەم سورەتە لە (لوح المحفوظ)دا ناوسراوەتەوە.
  • فاتحة القرآن
  • أم الكتاب
  • السبع المثاني والقرآن العظيم (لەبەر ئەوەی کە حەوت ئایەتە و هەموو ماناکانی قورئانی تێدا کۆکراوەتەوە، هەروەها وتراوە (السبع المثانی) مەبەست پێی ئەوەیە کە حەوت ئایەتە یا حەوت ئادابی تێدایە یا حەوت پیتی تێدا نییە، کە ئەوانیش (ثاء، جیم، خاء، زای، شین، ظاء، فاء)، المثانی لە سوپاس و ستایشی خوای گەورەوە هاتووە کە لەم سورەتەدا باس کراوە.
  • الوافیة
  • الأساس (لەبەر ئەوەی بنەچەی قورئانە).
  • النور
  • الحمد
  • الشکر
  • الحمد الأولی
  • الحمد القصری
  • الرقیە
  • الشفاء
  • الشافیة
  • الدعاء
  • السؤال
  • التعليم
  • المسألة
  • المناجاة
  • التفويض
  • الکافیة، واتە خوێندنی ئەم سورەتە کیفایەتە لە جێی سورەتەکانی تر، بەڵام ناکرێت هیچ سورەتێکی تر لە جێی ئەم سورەتە بخوێنیت لە نوێژدا.

ڕای دووەم: کە ئەمەش ڕای ئەبو عەمری دانی و قورتوبییە، پێیان وایە کە سورەتی فاتیحە 12 ناوی هەیە، سێ دیارترین ناویش: الفاتحة، أم الكتاب، السبع المثاني.

دەربارەی دابەزینی سورەتەکە

زۆربەی زانایان بۆ ئەوە دەچن کە ئەم سورەتە لە شاری مەککەی پیرۆز دابەزیوە دوای سورەتی المدثر، پێنجەم سورەتە لە ڕیزبەندی دابەزینی سورەتەکان، ژمارەی ئایەتەکانی حەوت ئایەتە، ئەم سورەتە سێ پایەی گرنگی لەخۆ گرتووە، بەناوی خوای گەورە و سوپاس و ستایشی دەستی پێکردووە، نیشاندانی بێدەسەڵاتی مرۆڤ بۆ خوای گەورە و پێویستبوونمان پێی و پەنابردن بۆلای و دوعاکردن و پاڕانەوە لێی.

بابەتەکانی سورەتی فاتیحە

سورەتی فاتیحە کۆکەرەوەی هەموو ماناکانی قورئانی پیرۆزە، لەم سورەتەدا بنیچنەکان و بەشە سەرەکی و لاوەکیەکانی ئاینی ئیسلام باس کراوە، وەک عەقیدە و تەشریع و بەندایەتی و باوەڕبوون بە ڕۆژی دوایی و سیفەتە بەرز و پیرۆزەکانی خوای گەورە و بەردەوام بوون لەسەر ئاینی ئیسلام و دوورکەوتنەوە لە ڕێی سەرگەردانەکان و سەرلێشێواوەکان، هەروەها چیرۆکی پێش ئێمەی تێدایە، هەر بۆیە یەکێک لە ناوەکانی ئەم سورەتە (أم الکتاب)ە، واتە دایکی ئەم کتێبە پیرۆزەیە، چونکە وەک دایکێک وایە بۆ سورەتەکانی تر و کۆکەرەوەی هەموو سورەتەکانە، هەروەها لەم سورەتەدا باس لە ئیخلاص کراوە، بەندایەتی کردنی خوای گەورە بە پاکی و جوانی و بێ هاوەڵ بڕیاردان بۆی، هەروەها باسکردنی تەوحیدی ئولوهییەت و ئاگادارکردنەوە لە شوێنکەوتنی ڕێیە چەوت و خراپەکان.

فەزڵەکانی سورەتی فاتیحە

ئەم سورەتە پیرۆزە فەزڵی زۆر گەورە و گرنگی هەیە، ئێمە لێرەدا باس لە چەند فەزڵێکی ئەم سورەتە پیرۆزە دەکەین، لەوانەش:-

  • گەورەترین سورەتە لە قورئانی پیرۆزدا: پێغەمبەر جارێکیان بە هاوەڵێکی بەڕێزی فەرموو: ئایا دەتەوێت فێری گەورەترین سورەتی قورئانت بکەم، ئەو سورەتە (الحمدلله رب العالمین)ە، السبع المثانی والقرآن العظیمە کە پێم دراوە.
  • تایبەتکردنی ئومەتی ئیسلام بەم سورەتە: لەبەر ئەوەی هاوشێوەی نییە لە هیچ یەکێک لە کتێبە ئاسمانییەکانی پێشوودا، ئەمەش بە بەڵگەی ئەوەی کە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (ما أنزلَ اللَّهُ في التَّوراةِ ولاَ في الإنجيلِ، مثلَ أمِّ القرآنِ وَهي السَّبعُ المثاني).
  • ئەم سورەتە پیرۆزە تایبەتە بە وموناجات کردن لەگەڵ خوای گەورەدا، هەروەها مەبەستی کتێبە ئاسمانییەکانی پێشووتری تێدا کۆکراوەتەوە.
  • شیفایە بۆ نەخۆشیەکان، چ نەخۆشیە دڵییەکان بێت یا ڕۆحییەکان.
  • یەکێکە لە پایەکانی دروستی نوێژ و قەبووڵ بوونی، ئەمەش بە بەڵگەی کە دەفەرموێت: (لَا صَلَاةَ لِمَن لَمْ يَقْرَأْ بفَاتِحَةِ الكِتَابِ).

چۆنیەتی ناونانی سورەتی فاتیحە

لە کاتی نوسینەوەی قورئان پێغەمبەر ناوی سورەتەکانی قورئانی پیرۆزی دیاری دەکرد و هاوەڵە بەڕێزەکانیش دەیاننوسی، ئەم ناوانەش (تەوفیقی)ن، واتە وەحیە و لەلایەن خوای گەورەوە بووە، ناونانەکەش بەپێی ئەوە بووە کە ئایا سورەتەکە باس لە چی دەکات، یا ئەو بابەتە ڕوونە چییە کە لە سورەتەکەدا باسی لێکراوە.

چەند سوودێک لە سورەتی فاتیحەوە

زانایان کۆمەڵێک سوودیان نوسیوە کە لەم سورەتەوە فێری بوون، لەوانە:-

  • پێغەمبەر ئەم سورەتەی بە أم القرآن وەسف کردووە، لەبەر ئەوەی ئەم سورەتە وەک ئاماژەی پێدرا کۆکەرەوەی ماناکانی قورئانە.
  • گێڕدراوەتەوە کە سورەتی فاتیحە هەمووی بە یەکجار دابەزیوە بۆ سەر پێغەمبەر ، بەڵام یەکەم سورەت نییە کە دابەزیوە.
  • مرۆڤ بە پشت بەستنی بە خوای گەورە دوو سوود وەردەگرێت، یەکەم، بەندایەتی بۆ خوای گەورە بەجێهێناوە، دووەم، ئاسانبوونی کارەکانی ڕۆژانەی، لەبەر ئەوە مرۆڤ پێویست تەنها پشت بە خوای گەورە ببەستێت و دوور بکەوێتەوە لەوەی کە پشت بە کەسی تر ببەستێت.


سەرچاوەکان



2611 بینین