پەرستگای لالش

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-16-14:45:00 - کۆدی بابەت: 7196
پەرستگای لالش

ناوه‌ڕۆك

لالش

پەرستگای لالش (بە کرمانجی: Laliş‏) بنکە و پەرستگایەکی پیرۆزی ئێزیدییەکانە و دەکەوێتە پارێزگای دهۆک لە ناوچەی شاخاوی شێخان و لە دووری ٦٠ کیلۆمەتری باکووری ڕۆژئاوای شاری مووسڵە، پەرستگای لالشی نورانی و ئارامگای عەدی کوڕی موسافیر و بنکەی سەرەکی ئێزیدییەکان دەکەوێتە پەرستگاکە، هەموو ئێزیدییەک دەبێت لانی کەم جارێک لە ژیانیدا سەردانی بکات و ڕێوڕەسمی ئایینی خۆی جێبەجێ بکات لەوێ کە ماوەکەی ٧ ڕۆژە.

ساڵی ١١٦٠ عەدی کوڕی موسافیر لە لالش گیان لەدەست دەدات و ئەوێ دەبێتە ئارامگای ئەو، لەوکاتەشەوە ناوچەیەکی پیرۆزە و ساڵانە سەردان دەکرێت. ئەو ئێزیدییانەی لە ناوچەکە دەژین ساڵانە لە بەهاردا مەراسیمی تایبەت ئەنجام دەدەن.

پەرستگاکە

ئارامگای عەدی کوڕی موسافیر لە سەدەی ١٣ـی زایینی دروستکراوە و لە یەکەم چوونە ژوورەوەدا پەیکەری مارێکی ڕەش دەبینرێت لەسەر دیوارەکە، لەسەر گۆڕی شێخ عەدیش نووسراوە:

«بسم‌الله الرحمن الرحیم خالق السماء و الارض، اخفض هذه المنزل محل الشیخ العدی الحکاری، شیخ یزیدیه.»

واتە: «بەناوی خوای پەخشندە و میهرەبان، دروستکەری ئاسمان و زەوی، لەم شوێنەدا شێخ عەدی حەکاری گەورەی ئێزیدییەکان نێژراوە.»

لە پەرستگای لالش دوو سەرچاوەی ئاو هەن کە بە بڕوای ئێزیدییەکان پیرۆزن و یەکێکیان کە لە ئارامگای عەدی کوڕی موسافیرەوە دێتە دەرەوە پێی دەوترێت زەمزەم، کە بۆ گەیشتن پێی دەبێت بەنێو داڵانێکی بەردیندا تێبپەڕیت، و تەنیا ئێزیدییەکان بۆیان هەیە بەو داڵانەدا تێبپەڕن.

جگە لە ئارامگای شێخ عەدی شوێنی دیکە هەیە بۆ سەردانی پیرەکانی ئێزیدییەکان و سەردانکەران باوەڕیان وایە ئەم پیرانە توانای چارەسەری نەخۆشییان هەیە.

لە ناوەڕاستی گوندەکە گومبەتێکی بەرز هەیە کە نیشانەی خۆرە و حەوت هێڵی هەیە.

بیروباوەڕەکان

گرێی ژیان: سەردانکەران لەکاتی سەردانی پەرستگاکە لەو پارچە پەڕۆیانەی لە دەرەوەی پەرستگاکە هەن سێ گرێ دەدەن، کە ئاماژەیە بۆ سەختیی ژیانیان، باوەڕیان وایە کاتێک کەسێکی دیکە گرێیەکان دەکاتەوە کێشەکانی ئەمان چارەسەر دەبێت.

قوماش بۆ بەرد: یەکێکی دیکە لە کارەکان لە پەرستگاکە سێ جار هەڵدانی پارچە قوماشێکە بۆ سەر بەردێک کە ئەگەر لەسەر بەردەکە وەستایەوە واتای بەختی باش دەهێنێت.

درەختی باوەش: لە بیروباوەڕێکی دیکەدا سەردانیکەران باوەش بە ستوونێکدا دەکەن کە لە جەستەی درەختێکەوە دروستکراوە، کە ئەگەر پەنجەیان لەودیوەوە بەیەکتری گەیشتەوە واتای بەختی باش دەهێنێت.

لەگەڵ قوربانی کردنی مانگا و سەمای عەسران و خۆشۆردنی تەعمید کە کۆمەڵێک کاری دیکەی مەراسیمەکانن.


سەرچاوەکان



2432 بینین