نزار قەبانی

نزار قەبانی

له‌لایه‌ن: مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-11-16-16:53:00 - کۆدی بابەت: 7198
نزار قەبانی

ناوه‌ڕۆك

نزار قەبانی کێیە؟

نزار تۆفیق قەبانی (١٩٢٣ - ١٩٩٨) هۆزانڤان و دیبلۆماتکارێکی هاوچەرخی سوورییە، لە ٢١ی ئازاری ساڵی ١٩٢٣ لە خێزانێکی عەرەبی دیمەشقی ڕەسەن لەدایکبووە. باپیرەی "ئەبو خەلیل" بە یەکێک لە ڕابەرانی شانۆی عەرەبی دادەنرێت. لە زانکۆی سووریا بەشی مافی تەواوکردووە و دوای دەرچوونی لە ساڵی ١٩٤٥ کاری دیبلۆماسیی کردووە لە پایتەختە جیاجیاکاندا تاوەکو لە ساڵی ١٩٦٦ نامەی وازهێنانەکەی پێشکەشکردووە. یەکەم دیوانی لە ساڵی ١٩٤٤ بڵاوکردەوە بە ناوی "قالت لي السمراء - ئەسمەرەکە پێی گووتم" و بەردەوام بوو لە کاری نووسین و بڵاوکردنەوە کە لە ماوەی نیو سەدە ژمارەیان گەیشت بە ٣٥ دیوان، لە دیارترینیان "طفولة نهد - منداڵیی نەهەد" و "الرسم بالکلمات - وێنەکێشان بە وشەکان". لە بەیرووت خانەیەکی بڵاوکردنەوەی دامەزراند بە ناوی "بڵاوکراوەکانی نزار قەبانی"، لە هۆنراوەکانیدا دیمەشق و بەیرووت شوێنی تایبەتییان هەبوو لە دیارترینیشیان "قصیدة دیمشق - قەسیدەی دیمەشق" و "یا ست الدنیا یا بیروت - بەیروت، ئەی خانمی دونیا".

لە جەنگی ساڵی ١٩٦٧ـی عەرەب کە عەرەب ناویاننا "نسکۆ"، گۆڕانێکی تەواوی هێنا بەسەر ئەزموونی ئەدەبی و هۆنراوەیی نزار قەبانیدا کە دەریهێنا لە شێوازی باوی هۆنراوەیی لە پیاهەڵدانی ژن و خۆشەویستی بۆ شێوازی دەستتێوەردانی سیاسی. هۆنراوەی "لێوارەکانی تێنووسی نسکۆ" گەردەلوولێکی درووستکرد لە نیشتیمانی عەرەبیدا و گەیشتە ئەو ئاستەی کە کە ڕێگری بڵاوبوونەوەی بکرێت لە میدیاکاندا.
هۆنراوە لای نزار قەبانی پەیامێکی مرۆڤانە و خۆشەویستییانەی باڵای هەیە و جەختکردنەوەیە لە ماف و خۆسەلماندنی ژن، وەک ڕەگەزێکی سەربەخۆ لە گوزارشت کردن و ناسکی مێیەبوونی. هۆزانڤانی فەلەستینی عزەددین موناسەرە لەباریەوە گووتوویەتی: "نزار هەروەک ئەوەی لە بەیرووت ناسیم یەکێکە لە بەڕێزترین و نەرموونیانترین هۆزانڤانەکان".
بابەتی عیشق و خۆشەویستی كاریگەری گەورەی هەبوو لەبەناوبانگ بوون و بڵاوبونەوەی ناوی نزار قەبانی. هۆنراوەکانی لەلایەن چەندەها هونەرمەندی كۆن و تازەوە كراون بە گۆرانی و وتراون وەك (کازم ساهیر، ئوم كەلسوم، فەیروز، عەبدولحەلیم حافز، نەجات سەغیرە، فایزە ئەحمد، ماجدە ڕۆمی و محەمەد عبدە) و چەندین هونەرمەندی تر.
بەشێکی زۆر لە هۆنراوەکانی نزار قەبانی لەلایەن کازم ساهیرەوە کراون بە گۆرانی، هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بە هۆزانڤانەکەی کازم ساهیر بناسرێت. "مدرسة الحب - قوتابخانەی خۆشەویستی" کە کازم لە ئاواز و گووتندا داهێنانی تێدا کردووە، پێشتر بە خامە و پەنجەکانی نزار، داهێنانیان تێدا کراوە.

لەسەر ئاستی کەسیی نزار قەبانی دووچاری ناخۆشی زۆر بووەتەوە لە ژیانیدا، لەوانیش کوشتنی هاوژینەکەی، (بەڵقیس) لە میانەی تەقینەوەیەکی خۆکوژی کە باڵوێزخانەی عێراق لە بەیرووت تێیدا کرایە ئامانج کە هاوژینەکەی لەوێ کاری دەکرد، تا دەگاتە کۆچی دوایی کوڕەکەی، (تۆفیق) کە لە قەسیدەی "شازادەی ئەفسانەیی، تۆفیق قەبانی"دا لاواندنەوەی بۆ دەکات. 

نزار ساڵەکانی کۆتایی تەمەنی لە لەندەن بەڕێکرد کە زیاتر ئارەزووی بەلای هۆنراوەی سیاسیدا دەچوو و هۆنراوەی "متی یعلنون وفاة عرب؟ - کەی کۆچی دوایی عەرەب ڕادەگەیەنن؟" لە بەناوبانگترین کۆتا هۆنراوەکانی بوو. لە ٣٠ نیسانی ١٩٩٨ کۆچی دوایی کرد و لە دیمەشق بە خاک سپێردراوە.

زانیاری کەسیی

لەدایکبوون ١٩٢٣/٣/٢١ - دیمەشق، سووریا
کۆچی دوایی ٣٠ی نیسانی ١٩٩٧ (٧٥ ساڵ)، لەندەن، شانشینی یەکگرتوو
هۆکاری مردن نۆرەی دڵ
شوێنی ناشتن گۆڕستانی باب الصغیر (دەرگای بچووک) لە دیمەشق، سووریا
ڕەگەزنامە سووریی
هاوژین بەڵقیس ئەلراوی 
خوێندن زانکۆی دیمەشق
پیشە هۆزانڤان، نووسەر، دیپلۆماتکار
زمانەکان عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی
پێگە nizarq.com

سەرەتاکانی ژیانی

نزار لە ١٩٢٣/٣/٢١ لە گەڕەکی (مەئزەنە شەحم) لە دیمەشقی کۆن لەدایکبووە، لە خانوویەکی کۆنی دیمەشقی لەناو خێزانێکی دێریندا پێگەیشتووە. لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت کە خۆشەویستی بۆ هۆنراوە لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و خۆشەویستیشی بۆ هونەر بە هەموو شێوەکانییەوە لە ئەبو خەلیل قەبانیی باپیریەوە بۆ ماوەتەوە کە بە یەکێک لە ڕابەرانی شانۆی عەرەبی دادەنرێت. هەر لە یادەوەرییەکانیدا دەڵێت کە لە تەمەنی منداڵیدا ئارەزووی وێنەکێشانی هەبووە و بۆیەش لە تەمەنی پێنج ساڵان تا دوانزە ساڵان لەنێو دەریای ڕەنگەکاندا نقووم بووبوو، دەشڵێت کە نهێنی خۆشەویستیی بۆ ڕەنگەکان بەتاییبەتیش ڕەنگی سەوز ئەوەبووە کە لە ماڵەوەیاندا زۆربەی جۆرە ڕووەکە شامییەکانیان هەبووە وەک سەوسەن، ڕەیحانە، یاسەمین، نەعنا و پرتەقاڵ

وەک هەر گەنجێک لە تەمەنی پانزە و شانزە ساڵاندا نیگەرانی ئەوەبوو کە چی بکات، بۆیە دەستی کرد بە خۆشنووسی و دواتریش ڕووی کردە وێنەکێشان و هەر عاشقی وێنەکێشانیش بوو، تەنانەت دیوانێکی هەیە بەناوی "وێنەکێشان بە وشەکان". لەوێوە بوو کە ئارەزووی مۆسیقای کرد و لەسەر دەستی مامۆستای تایبەت فێری ژەنین و ئاوازدانان بوو بە ئامێری عود، بەڵام ناچاربوو کە وازبهێنێت بەهۆی خوێندن لە قۆناغی ناوەندی. لەکۆتاییشدا لە هۆنراوە گیرسایەوە و دەستی کرد بە لەبەرکردنی هۆنراوەکانی عومەری کوڕی ئەبی ڕەبیعە، جەمیل بوسەینە، تەرفەی کوڕی عەبد و قەیسی کوڕی مەلوح و بووە قوتابی لەسەر دەستی هۆزانڤان خەلیل مەردەم بێک کە شێوازی ڕێزمان و شێوەزانی فێرکرد.

لە تەمەنی منداڵییدا، خوشکەکەی بەناوی ویساڵ خۆی دەکوژێت لەبەرئەوەی ماڵەوەیان ناچاریان کردبوو هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێک بکات کە خۆشی نەدەویست، ئەمەش کاریگەرییەکەی زۆری لەسەر دەروونی نزار بەجێهێشت و هۆکارێک بوو بۆ یارمەتیدانی لە داڕشتنی فەلسەفەیی عیشقیدا و تێگەشتنی لە تێکۆشانەکانی ژن بۆ بەدەستهێنانی خود و مێیینەیی خۆی. لەسەرەتادا ڕاستی ئەم ڕووداوەی ئاشکرانەکرد و وتی کە بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کردووە، تا کاتێک کولەیت خوری چیڕۆکی خۆکوشتنەکەی ئاشکراکرد. دواتریش نزار لە یادەوەرییە تایبەتییەکانیدا دانیپێدانا وەک نووسیویەتی: "خۆشەویستی لە جیهانی عەرەبدا زیندانییەکە و من دەمەوێت ئازادی بکەم". نزار ڕووداوی خۆکوژییەکە بەم شێوەیە وەسفدەکات و دەڵێت: "وێنەی خوشکم لە کاتی مردنیدا لە پێناو خۆشەویستی لە گۆشتی من هەڵکەنرابوو، لە مردنیدا زۆر لە لە ڕابیعەی عەدەوی جوانتر بوو". 

هەروەها نزار پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ دایکیدا هەبوو و زۆر هۆگری بووە و بە هاوبەشی هۆنراوەی بۆ خۆشەویستی دایک و دیمەشق نووسیووە. نزار بەدرێژایی ژیانی، لە ژێر کاریگەریی دوو شت ماوەتەوە، دایک و ماڵ. ئەو زۆر پەیوەستی دایکی بووە، وەک خۆی دەڵێت هەموو ئافرەتانی دونیا نەیانتوانیوە، ببنەوە ئەو دایکەی پرچەکانی بۆ شانە دەکات.
ماڵ یان خانووەکەی منداڵی، دووەم کاریگەرترینی ناو یادەوەرییەکانی قەبانییە، ئەو لەبارەی ئەو ماڵەی کە تێیدا گەورە بووە، دەڵێت: "دەزانن مانای چییە مرۆڤ نیشتەجێی شووشەیەک عەتر بێت؟" ئەو پێیوابووە خانووەکەی ناوچەی مەئزەنە، دەرگای هۆنراوەی ئەو بووە.
ماڵپەری مەیادین دەڵێت خۆشەویستی نزار بۆ خانووەکەی مەئزەنە، بەشێوەیەک بووە هەموو کات کلیلێکی ئەو ماڵەی لەلای خۆی پاراستووە، جارێک لە بری ئەوەی کلیلی شوقەکەی لە لەندەن لە گیرفانی دەربهێنێت، تاوەکو دەرگای شوقەکەی پێبکاتەوە، کلیلی دەرگای ماڵەکەی دیمەشقی دەرهێناوە.

کاتێک لە ساڵی ١٩٣٩ نزار لە گەشتێکی دەریایی قوتابخانەکەیدا بوو بەرەوە ڕۆما، یەکەمین دێڕە هۆنراوەکانی نووسی بۆ شەپۆڵەکانی دەریا و ماسییەکانی ناوی، ئەوکات تەمەنی ١٦ ساڵان بوو. مێژووی ١٥ـی ئابی ١٩٣٩ بە مێژووی لەدایکبوونی نزاری هۆزانڤان دادەنرێت لەلایەن هەوادارانییەوە.

لە ساڵی ١٩٤١ لە کۆلێژی ماف لە زانکۆی دیمەشق دەستی بە خوێندن کردووە و ساڵی ١٩٤٥ لێی دەرچووە، لە ماوەی خوێندنی زانکۆیدا یەکەمین دیوانی هۆنراوەیی خۆی بڵاوکردەوە بەناوی (قالت لی السمراء - ئەسمەرەکە پێی گووتم) کە لەسەر تێچووی خۆی چاپی کرد و سەرتاپا پیاهەڵدان و وەسفی ژن بوو. هۆنراوەکانی ئەم دیوانەی مشتومڕێکی زۆری لە ناوەندەکانی خوێندنی زانکۆدا درووستکرد، پێشەکی دیوانەکەی لەلایەن مونیر عەجلانی بۆ نووسرابوو کە هۆنراوەکانی بەدڵبوو و ڕەزامەند بوو لەسەریان. دوای ئەم دیوانە وەک هۆزانڤانێکی پۆرنۆگرافی ناوی دەرکرد و نزار لەبارەی دەرچوونی یەکەمین دیوانیدا نووسیویەتی:
"له کاتی دەرچوونی "قالت لی السمراء" ئازارێکی قووڵی درووستکرد لە جەستەی شارەکەدا کە ڕەتیدەکردەوە بە خەونەکانی ئاشناببێت، زۆر بەتووندی و وەحشیگەرانە هێرشیانکردە سەرم."

کارەکانی

نزار لە ساڵی ١٩٤٥ لە کۆلێژی ماف لە زانکۆی دیمەشق دەرچوو و دەستی کرد بە کارکردن لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا و لەهەمان ساڵیشدا لە لە باڵوێزخانەی سووریا لە میسڕ دامەزرا، کە ئەوکات تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو. کاری دیبلۆماسی یەکێک لە مەرجەکانی گواستنەوەی بوو، بۆیە نزار زۆر لە قاهیرە نەمایەوە و گوازرایەوە بۆ چەند پایتەختێکی تر و لە ساڵی ١٩٥٢ بە باڵوێزی سووریا لە شانشینی یەکگرتوو دامەزرا بۆ ماوەی دوو ساڵ کە لەم ماوەیدا پەرەی بە زمانی ئینگلیزییەکەی دا و دواتر بووە باڵوێزی سووریا لە ئەنقەرە، لە ساڵی ١٩٥٨ـیش بوو بە باڵوێزی سووریا لە چین بۆ ماوەی دوو ساڵ و لە ساڵی ١٩٦٢ بوو بە باڵوێزی سووریا لە مەدرید بۆ ماوەی چوار ساڵ. تا ئەوەی لە کۆتاییدا لە لوبنان جێگیر بوو و ڕایگەیاند کە دەستدەکات بە کاری هۆنراوە نووسین لە ساڵی ١٩٦٦ و خانەی بڵاوکردنەوەی تایبەت بەخۆی دانا بەناوی "بڵاوکراوەکانی نزار قەبانی".

نزار دەستی کرد بە نووسینی هۆنراوەی ستوونی و دواتر گۆڕی بۆ هۆنراوەی ئازاد کە بەشێک بوو لە بەرەوپێشبردنی هۆنراوەی عەرەبی تا ئاستێکی زۆر. بابەتی زۆرێک لە هۆنراوەکانی لەسەر دۆزی ئازادی ئافرەت بووە و چوار دیوانی سەرەتای هۆنراوەی ڕۆمانسی بوون. دواتریش ڕوویکردە هۆنراوەی سیاسی دوای شەڕی عەرەب ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٧ و کۆمەڵێک هۆنراوەی دەرکرد لە دژی حکوومەت و ڕێکخراوە عەرەبییەکان و دژی حوکمی ڕژێمی بەعس لە سووریا، لەوانەش "هوامش علی دفاتر نکسە - لێواری تێنووسەکانی نسکۆ"، "عنترة - عەنتەرە" و "یومیات سیاف عربي - ڕۆژانەی شمشێروەشێنی عەرەبی".

تایبەتمەندییەکانی هۆنراوەکانی نزار ئەوە بوون کە بە زمانی ڕێزمانی و زمانێکی سادە دەینووسین و لە ڕووی سەرواشەوە هەمەجۆر و ئازادبوون.

خێزانەکەی

خێزانی قەبانی خانەوادەیەکی عەرەبی حیجازین کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئیمامی عەلی کوڕی حسێنی زەینولعابیدین، دواتر چوونەتە عێراق کە باپیرانی لەوێدا ماونەتەوە و لە عهد حرر بەشێکیان چوون بۆ سووریا و دواتر لە بیلاد شام گیرسانەوە.
 باوکی ناوی "تۆفیق قەبانی" بوو کارگەی شیرینی و کارگەی جل و بەرگی هەبوو و هەروەها بەشداری لە بەرگری نیشتیمانی دژی داگیرکاری فەڕەنسا لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا (سەدەی بیستەم) کردووە. 
نزار لە قەسیدەی "ئەسمەرەکە پێی گوتم" دەڵێت کە ماڵەکەیان لەلایەن باوکییەوە کرابووە شوێنی کۆبوونەوەی نیشتمانپەروەرەکانی دژ بە داگیرکاری فەرەنسا. وەک ئەو دەڵێت: "لەوێدا کۆبوونەوەی سیاسی لە پشتی دەرگا داخراوەکانی ماڵەکەدا دەبەستران، پلان بۆ خۆپێشاندان و مانگرتن دادەنرا، ئەوکات ئێمە لە پشت دەرگاکانەوە گوێمان هەڵدەخست، بەبێ ئەوەی تێبگەین ئەوانی ئەودیوی دەرگاکە باسی چیدەکەن".
باپیری ناوی ئەبو خەلیل قەبانی بوو کە ڕابەری شانۆی بەناوبانگی عەرەبی بوو کە هونەری شانۆی هێنایە ناو ئەدەبی عەرەبییەوە لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم. 
نزار دوو خوشکی هەیە بە ناوەکانی ویساڵ و هەیفا قەبانی لەگەڵ سێ برا بە ناوەکانی موعتەز، ڕەشید و سەباح قەبانی، سەباح سەرۆکایەتی دەستەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی سووری دەکرد لە شەستەکانی سەدەی بیستەم و دواتر بوو بە باڵۆێزی سووریا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان

دایکی ناوی فایزە ئاقبیق بوو بە بنەچە تورک بوو و نزار زۆر پێوەی پەیوەست بوو و دەگوترێت کە تا تەمەنی ٧ ساڵی شیری مەمکی دایکی خواردووە و تا تەمەنی ١٣ ساڵیش هەر بە دەستی دایکی خواردنی خواردووە و تەنانەت دەگووترێت کە تووشی حاڵەتی "گرێی ئۆدیپ - Oedipus Complex" ببوو، واتە: (زۆر پەیوەست بوونی کوڕێک بە دایکی تا دەگاتە ئەوەی هەستی سێکسی بۆی هەبێت و غیرەی لێبکات لە باوکی).
هۆنراوەی زۆری بۆ دایکی نووسیوە کە تێیدا باسی خۆشەویستی بۆ دیمەشق وەک لانەی یەکەمی و خۆشەویستی بۆ دایکی دەکات. هۆنراوەکانی لەبارەی دایکییەوە لە دیوانی "وێنەکێشان بە وشەکان" بەڵگەیەکی گەورەیە بۆ سۆز و سەودای ئەم منداڵە بۆ وێنەی دایکی کە بووتە ئیلهام بەخشی نووسینەکانی.

نزار دوو جار هاوسەرگیری کردووە، هاوژینی یەکەمی کچی خاڵی خۆی بوو بەناوی زەهرا ئاقبیق، دوو مناڵی لێ هەبوو به ناوەکانی هەنباء و تۆفیق. تۆفیق لە ساڵی ١٩٧٣ کۆچی دوایی کرد کە خوێندکاری قۆناغی پێنجەمی کۆلێژی پزیشکی بوو لە زانکۆی قاهیرە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیانی نزار بەجێهێشت و بە هۆنراوی "شازادەی ئەفسانەیی، تۆفیق قەبانی" لاواندنەوەی بۆ دەکات. هاوژینی یەکەمی لە ساڵی ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کردووە.
هاوسەرگیریی دووەمیشی لەگەڵ ژنێکی عێراقی بوو بە ناوی بەڵقیس و دوو منداڵی لێی هەبوو بە ناوەکانی عومەر و زەینەب، ئەم هاوژینەشی لە ئەنجامی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە لوبنان لە ساڵی ١٩٨١ گیانی لەدەست دا.

چیرۆکی خۆشەویستی نزار و بەڵقیس

نزار لە ئێوارە کۆڕێکی هۆنراوەیی لە بەغداد چاوی بە بەڵقیس دەکەوێت و عاشقی دەبێت. بەڵقیس کچی خێزانێکی بەناوبانگی شاری ئەعزەمیەی عێراق بوو. نزار دەچێتە داوای بەڵام داواکەی ڕەتدەکرێتەوە چونکە باوکی بەڵقیس ناوبانگی نزاری بیستبوو و هۆزە عەرەبەکانی ئەوێش ڕێگەیان نەدەدا کچەکانیان لەگەڵ هۆزانڤانێک هاوسەرگیری بکات کە بە باڵای ژندا هەڵبڵێت، بۆیەش بەوپەڕی دڵتەنگییەوە دەگەڕێتەوە بۆ کاری دیبلۆماسییەکەی لە ئیسپانیا. دوای ٧ ساڵ داوەتنامەیەک پێشکەشی نزار دەکرێت بۆ بەشداریکردنی میهرەجانی هۆنراوەیی مەربەد لە عێراق، ئەویش ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ دووبارە بینینەوەی بەڵقیس. نزار لە کۆنگرەکەدا هۆنراوەیەکی خوێندەوە کە هەموو عێراقییەکانی سەرسام کرد، بەتایبەت سەرۆکی ئەوکاتەی عێراق (ئەحمەد حەسەن بەکر) کە دواتر بڕیاریدا چەند وەزیرێک بنێرێتە ماڵی باوکی بەڵقیس و سەرەنجام لە ساڵی ١٩٦٩ هاوسەرگیریان کرد.
نزار لە کۆڕەکەدا ئەم هۆنراوەیەی پێشکەش کرد:

سڵاو ئەی عێراق
هاتووم گۆرانیت بۆ بچڕم...
بەشێکی گۆرانییەکەش گریانە
سڵاو سڵاو، ڕوخسارێک ئەناسیتەوە کە
دووری و ڕۆژگار چاڵیان تیا نەخشاندووە
خۆشەویستی ئەو دڵی خواردووم
ئەوەشی لێی ماوەتەوە، خانمان دابەشیان کردووە...

دوای هاوسەرگیرییەکەیان بۆ ژیانکردن ڕوویان کردە لوبنان و دوو منداڵیان بوو بە ناوەکانی عومەر و زەینەب. بەڵقیس وای لەم هۆزانڤانە گەورەیە کردبوو کە ببێت بە بەندییەک لە بەندینخانەی خۆشەویستی ئەو، جوانترین هۆنراوە و پیاهەڵدانەکانی بۆ نووسی و بووە سەرچاوەی ئیلهامی ئەو هۆنراوانەی تا ئێستاش چێژی لێ دەبینین، نموونەی یەکێک لە هۆنراوە جوانەکانی نزار بۆ بەڵقیس:

شایەتی دەدەم کە هیچ ژنێک 
نەیتوانی یارییەکە بکات جگە لە تۆ
وە بەرگەی گەمژەیی منی گرتبێت
بۆ ١٠ ساڵ، وەک ئەوەی تۆ بەرگەت گرت
وە ئارامی گرتبێت لەسەر شێتییەم
وەک ئەوەی تۆ ئارامت گرت 
وە نینۆکەکانی بۆ کردبێتم
وە تێنووسەکانی بۆ ڕێکخستبم
وە بردبێتمی بۆ باخچەی ساوایان 
جگە لە تۆ...

لە کاتی شەڕی ناوخۆی لوبنان لە میانەی تەقینەوەیەکی خۆکوژی کە باڵوێزخانەی عێراق تێیدا کرابووە ‌ئامانج لە بەیرووت، بەڵقیس لە ١٩٨١/١٢/١٥ لەگەڵ چەندین خەڵکی تری سیڤیل دەکوژرێت. هۆکاری تەقینەوەی کونسۆڵخانەکەش وەک تۆڵەیەک بوو بۆ سەرۆکی ئەوکاتی عێراق سەدام حسێن، وە تەواوی تۆمەتەکەش خرایە سەر سەروەزیرانی پێشووی عێراق، (نووری مالیکی)، کە بەرپرسی باڵای سەربازی حزبی (دەعوەی ئیسلامی) بوو.
نزار بەشێوەیەک ئازاری چەشت کە هەرگیز نەیبینیبوو و تووڕەیی خۆی لە قەسیدەیەکدا دەردەبڕێت بە ناوی " بەڵقیس"، کە بە درێژترین قەسیدەی لاواندنەوە ھەژماردەکرێت، ھاوارێکی پڕ لە خەم و حەسرەت دەھۆنێتەوە، بە یەکێك لە قەسیدە ھاوچەرخە بەناوبانگەکانی هۆنراوەی عەرەبی دادەنرێت و تێیدا هەمووان تۆمەتبار دەکات لە کوشتنیدا و دەڵێت: 

سوپاستان دەکەم، سوپاستان دەکەم
خۆشەویستەکەم کوژرا
ئێستاش دەتوانن لەسەر گۆڕی
ئەو شەهیدە پێکێک هەڵدەن؛
وە هۆنراوەکەم تیرۆرکرا
ئایا هیچ نەتەوەیەک هەیە لەسەر
زەوی جگە لە ئێمە
دەستی بچێتە خوێنی هۆنراوە؟!
بەڵقیس جوانترین شاژنەکانی
 مێژووی بابل بوو
بەڵقیس بەرزترین دارخورمای
 خاکی عێراق بوو
کاتێک بەڕێگادا دەڕۆشت
تاوس یاوەریی دەکرد
ئاسک شوێن پێی دەکەوت
بەڵقیس، ئەی ئازارەکەم...
ئەی ئازاری هۆنراوە کاتێک
پەنجەی بەریدەکەوێت
ئاخۆ دەبێت دوای قژی خاوت
 گوڵەگەنمەکان گوڵ بکەن؟
ئەی نەینەوای سەوز
ئەی قەرەجە ئەسمەرەکەم
ئەی شەپۆڵەکانی دیجلە
کە لە بەهاراندا جوانترین پاوان لە پێ دەکات
تۆیان کوشت ئەی بەڵقیس...

نزار دوای بەڵقیس هاوسەرگیری نەکردەوە و بە یەکجاری لوبنانی جێهێشت و ڕوویکردە دەرەوەی وڵات. 
هەروەها سەرکردەی فەڵەستینی (یاسر عەرەفات) هاوخەمی خۆی بۆ قەبانی دەربڕی و لە نووسینێکدا بەڵقیس بە (گوڵی شۆڕشی فەڵەستین) ناودەبات. ناشتنی بەڵقیس بە کەرنەڤاڵی سەربەرزی و کەرامەت دەناسێندرێت و تەرمەکەی بە ئاڵای هەردوو وڵاتانی عێراق و فەڵەستین داپۆشرابوو. تەرمەکەی لە گۆڕستانی شەهیدەکانی فەڵەستین لە شاری ئەعزەمیەی عێراق بە خاکسپێردرا، بەهۆی ئەو خزمەتەی بەڵقیس لە شەڕدا پێشکەشی فەڵەستینییەکانی کردبوو.

کۆتاییەکانی ژیانی و کۆچی دوایی

دوای کوژرانی بەڵقیسی هاوسەری، نزار لوبنانی جێهێشت و لە نێوان پاریس و جنێفدا هاتووچۆی دەکرد تا لە کۆتاییدا لە لەندەن جێگیر بوو کە ١٥ ساڵی کۆتایی ژیانی لەوێ بەڕێکرد. وە بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی دیوانەکانی کە مشتومڕیان دروست دەکرد لە ماوەی ساڵانی حەفتاکانی تەمەنی لەوانەش "متی یعلنون وفاة العرب - کەی کۆچی دوایی عەرەب ڕادەگەیەنن؟" و "المهرلون - هەروەلەکەرەکان".
لە ساڵی ١٩٩٧ باری تەندروستیی نزار تێکدەچێت و دوای چەند مانگێک لە ١٩٩٨/٤/٣٠ بەهۆی نۆرەی دڵەوە لە تەمەنی ٧٥ ساڵی لە لەندەن کۆچی دوایی دەکات. لە وەسێتنامەکەیدا کە لە نەخۆشخانە نووسیبووی داوای کردبوو لە دیمەشق بەخاک بسپێردرێت و ئاوا وەسفی دەکات لە وەسێتەکەیدا: "دیمەشق، ئەو منداڵدانەی کە فێری هۆنراوەی کردم، فێری داهێنان و ئەلفوبێی یاسەمینی کردم".

دوای چوار ڕۆژ لە مردنی نزار لە دیمەشق لە گۆڕستانی "دەرگای بچووک" بەخاکسپێردرا لە ماتەمینییەکی گەورەدا کە زۆربەی چین و توێژەکانی خەڵکی سووریا تێیدا بەشداربوون لەگەڵ چەندین هونەرمەند و ڕۆشنبیری سووری و عەرەب. 
دکتۆر نادیا خوست لەبارەی تەرمەکەیەوە گووتوویەتی: "سەرۆکی سووریا فڕۆکەیەکی تایبەتی نارد بۆ لەندەن بۆ هێنانەوەی تەرمی نزار بۆ دیمەشق، خەڵکی دیمەشق تابووتەکەیان دزی و لەسەر شانیان و بە کاروانێکی گەورە بەناو شاردا گێڕایان کە دیمەشق پێشتر ڕۆژێکی وای بەخۆوە نەبینیبوو جگە لە ڕۆژی پرسەی پیاوی سەربەخۆ (فەخری ئەلبارودی) دانەری ئەو سروودانەی کە گەلانی عەرەب گواستوویانەتەوە. 
خەڵکەکە نزاریان برد بۆ مزگەوتی ئومەوی، نوێژیان لەسەر کرد و دواتر بردیان بۆ گۆڕستان، لە باکوورەوە بەرەو باشووری دیمەشقیان بە ڕێپێوان بڕی.

پیاهەڵدان و یادکردنەوەکانی 

ڕەخنەگرەکان نزاریان بە "قوتابخانەی هۆنراوەیی" داناوە و حسێن بن حەمزە ناوی لێناوە "سەرۆک کۆماری هۆنراوە" هەروەها نازناوی "باوکی هۆنراوەی ڕۆژ"ی لێناوە بەوەی کە هۆنراوی بە کۆمەڵانی خەڵک ناساندووە. ئەدیبی میسڕی ئەحمەد عەبدولموعتی حیجازی نزاری بەوە وەسف کردووە کە "هۆزانڤانێکی ڕاستەقینە بووە و زمانی تایبەت بەخۆی هەبووە سەرەڕای ئەوەی بوێر بووە لە زمان و هەڵبژاردنی بابەتەکانی" بەڵام ڕەخنەی گرت لە بوێرییەکەی کە لە کۆتا قوناغەکانی هۆنراوەکانیدا گەشتبووە ئاستی نەفرەتکردن. 
هۆزانڤان عەلی مەنسوڕ گووتوویەتی کە نزار ناوی خۆی هەڵکەندووە لە بیرەوەری کۆمەڵدا و بارودۆخێکی تایبەتی لەلای جەماوەرەکەی درووستکردبوو، هەتا دەتوانرێت بە عومەری ئەبو ڕەبیعەی سەردەمی هاوچەرخ دابنرێت. 
لەسەر هۆنراوە سیاسییەکانیشی حسێن بن حەمزە دەڵێت: "عەرەب جۆری جیاوازی پیاهەڵدانیان چەشتووە لەنێوان لۆمەکردنی خۆیان و ئەشکەنجەی دەسەڵاتداران بە ڕێگایەکی کاریگەر بۆ دەرکردنی تووڕەیی و ئازارەکانیان".

هەروەها نزار ڕۆڵێکی دیاری هەبوو لە نوێکردنەوەی بابەتەکانی هۆنراوەی عەرەبیی نوێ. هەروەک ڕابەرایەتی ڕێوڕەسمی شیوەنی سیاسی کردووە و لەگەڵ یەکەم چاوپێکەوتی قەدەغەکراوەکان. 
هەروەها زمانەکەی لەگەڵ نوێگەری هۆنراوەییدا بوو و بە زمانێکی نزیک لە ڕۆژنامەگەری دەینووسی کە کەسانی ڕاهاتوو بە بارودۆخە نەگۆڕەکانی شۆک دەکرد بە خواستە بیرییە گەورەکان. ئەم نوێگەرییەی کاریگەریێکی دیاری هەبوو لەسەر پەرتووکە هۆنراوەییەکان، ئەمەش لەبەر ئەوەبوو کە هۆنراوەکانی نزار خێرا بڵاودەبوونەوە.

لەلایەکی ترەوە هۆنراوەی "نان و حەشیش و مانگ"ی مشتومڕێکی زۆری دروستکرد لە دیمەشق و گەیشتە پەرلەمانیش بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن گەورەپیاوانی ئایینی کە داوای کوشتنی نزاریان دەکرد، بۆیە لە دەرەوەی سووریا دووبارە بڵاویکردەوە. 
سەرەڕای ئەوەش پارێزگای دیمەشق بڕیاریدا ئەو شەقامەی کە نزاری تێدا لەدایکبووبوو بەناوی ئەوی بکات. نزار لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەو شەقامەی کە دیمەشق خەڵاتی کردووم، خەڵاتی تەمەنم و جوانترین ماڵە کە هەمبێت لەسەر خاکی بەهەشت. بیرتانبێت کە رۆژێک لە ڕۆژان منداڵێکی ئەم شەقامە بووم، لەسەر بەردەکانی یاریم کردووە، گوڵەکانیم لێکردۆتەوە و بە ئاوی نافورەکانی پەنجەکانمم تەڕکردووە".

گەورەترین دەستکەوتی نزار هەروەک هۆزانڤانی فەڵەستینی عزەددین موناسەڕە دەڵێت: "گواستنەوەی بابەتی خۆشەویستی بووە لە وەسفە دەرەکییەکەی بۆ بابەتێکی تایبەت لە هۆنراوەی عەرەبیی هاوچەرخ کە لەمەدا هیچ کەس لەم ناچێت"

لە ساڵی ٢٠٠٨ بە بۆنەی یادی هەشتا و پێنجەمین ساڵیادی لەدایکبوونی، هاوکات لەگەڵ ئاهەنگی دیمەشق "پایتەختی ڕۆشنبیری عەرەبی" و ڕۆژی جیهانی هۆنراوە خەڵک و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر شەقامەکان هۆنراوەیان پێشکەشکرد لەبارەی "خۆشەویستی دیمەشق"، هەروەها دەستەی سکرتاریەتی بۆنەکان پەرتووکێکی یادەوەری لەبارەیەوە چاپکردووە بەناوی "نزار قەبانی، چرا سەوزەکەی دەرگای دیمەشق" کە لەلایەن خالید حسێنەوە نووسراوە. 
کۆمپانیای شەرقی سووری زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی لەسەر ژیانی دەرکردووە، هەروەها وەزارەتی ڕۆشنبیری سووریا کاری لەسەر درووستکردنی مۆزەخانەیەکی تایبەت کردووە بە نزار.

نزار چەند خەڵاتێکی ناوخۆیی و جیهانی بەدەست هێناوە گرنگترینیشیان:

- خەڵاتی "الجمهور من المحیط ٳلی الخلیج - جەماوەر، لە ئۆقیانووسەوە تا کەنداو"
- خەڵاتی "مافداریی ڕۆشنبیری ئیسپانی" لە ساڵی ۱۹٦٤ لە پای دامەزراندنی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانی نێوان عەرەب و ئیسپانییا.

ڕەخنەکان لە نزار 

هەندێک ‌پێیان وایە نزار زیادەڕەوی کردووە لە وەسفی ژن و ڕووتییان لە هۆنراوەکانیدا کە وایکردووە سنووری ڕەوشت و بەها عەرەبی و ئیسلامییەکان تێبپەڕێنێت. 
هۆنراوەکانی نزار بە وەسفی ژن ڕازابوونەوە، بۆیە خوێنەر وایدەبینی کە هەر یەک هۆنراوەیە و بە وشەی نوێ داڕێژراوەتەوە و هەموو سەرنجێکی هۆنراوەکان لەسەر ژن و ئەو فێڵانەی لەنێوان نزار و ژناندا ڕوویداوە بووە. 

نموونە

نموونەیەک لە هۆنراوەکانی کە زادەڕەوی تیابێت، کە دەڵێت:
"فصلت من جلد النساء عباءة 
وبنيت أهرامًا من الحلمات"
واتا: 
"لە پێستی ئافرەت، چارشێوم دروستکرد
لە گۆمەمکەکانیشی هەرەمم دروستکرد"

بەرهەمەکانی نزار 

دیوانەکان

  • نزار لە ماوەی نیو سەدە نزیکەی ۳٥ دیوانی هۆنراوەی نووسی، لەوانیش:
  • قالت لي السمراء - ئەسمەرەکە پێی گوتم ۱۹٤٤
  • طفولة نهد - منداڵیی نەهد ۱۹٤٨
  • سامبا - سامبا ۱۹٤۹
  • أنت لي - تۆ هی منیت ۱۹٥۰
  • قصائد - قەسیدەکان ۱۹٥٦
  • حبيبتي - خۆشەویستەکەم ۱۹٦۱
  • الرسم بالكلمات - وێنەکێشان بە وشەکان ۱۹٦٦
  • يوميات امرأة لا مبالية - ڕۆژانەی ژنێکی بێباک ۱۹٦٨
  • قصائد متوحشة - قەسیدە کێوییەکان ۱۹۷۰
  • كتاب الحب - پەرتووکی خۆشەویستی ۱۹۷۰
  • مئة رسالة حب - سەد نامەی خۆشەویستی ۱۹۷۰
  • أشعار خارجة عن القانون - هۆنراوە نایاساییەکان ۱۹۷۲
  • أحبك أحبك والبقية تأتي - خۆشمدەوێیت خۆشمدەوێیت، ئەوەشی ماوەتەوە دێت  ۱۹۷٨
  • إلى بيروت الأنثى مع حبي - بۆ بەیرووتی خاتوون لەگەڵ خۆشەویستم ۱۹۷٨
  • كل عام وأنت حبيبتي - هەموو ساڵێک تۆ هەر خۆشەویستمیت ۱۹۷٨
  • أشهد أن لا امرأة إلا أنت - گەواهی دەدەم کە هیچ 
    ژنێکی تر نییە جگە لە تۆ ۱۹۷۹
  • اليوميات السرية لبهية المصرية - ڕۆژانەی نهێنی سەماکەرێکی میسڕی ۱۹۷۹
  • هكذا أكتب تاريخ النساء - بەمشێوەیە مێژووی ژنان دەنووسمەوە ۱۹٨۱
  • قاموس العاشقين - فەرهەنگی عاشقان ۱۹٨۱
  • قصيدة بلقيس - قەسیدەی بەڵقیس ۱۹٨۲
  • الحب لا يقف على الضوء الأحمر - خۆشەویستی لەسەر چرای سوور ناوەستێت ۱۹٨٥
  • أشعار مجنونة - هۆنراوە شێتەکان ۱۹٨٥
  • قصائد مغضوب عليها - قەسیدە تووڕەکان ۱۹٨٦
  • سيبقى الحب سيدي - خۆشەویستی دەمێنێتەوە، گەورەم ۱۹٨۷
  • ثلاثية أطفال الحجارة - سیانەی منداڵانی بەردین ۱۹٨٨
  • الأوراق السرية لعاشق قرمطي -  کاغەزە نهێنییەکانی ئەویندارە قەرمتییەکە ۱۹٨٨
  • السيرة الذاتية لسياف عربي - ژیاننامەی شمشێروەشێنی عەرەب ۱۹٨٨
  • تزوجتك أيتها الحرية - هاوسەرگیریم لەگەڵ کردیت، ئەی ئازادی ۱۹٨٨
  • الكبريت في يدي و دولاتكم من ورق - گۆگرد لەناو دەستمە و وڵاتەکانتان لە کاغەزە ۱۹٨۹
  • لا غالب إلا الحب - هیچ سەرکەوتنێک نیییە جگە لە خۆشەویستی ۱۹٨۹
  • هل تسمعين صهيل أحزاني؟ - گوێت لە گریانی دڵتەنگییەکەمە؟ ۱۹۹۱
  • هوامش على دفتر النكسة - لێوارەکانی تێنووسی نسکۆ ۱۹۹۱
  • أنا رجل واحد وأنت قبيلة من النساء - من پیاوێکم و تۆش هۆزێک لە ژن ۱۹۹۲
  • خمسون عامًا في مديح النساء - پەنجا ساڵ لە پیاهەڵدانی ژن ۱۹۹٤
  • تنويعات نزارية على مقام العشق - هەمەڕەنگی نزاری لە مەقامی عیشق ۱۹۹٥
  • أبجدية الياسمين - ئەلفوبێی یاسەمین ۱۹۹٨

پەخشانەکان

  • قصتي مع الشعر (سيرة ذاتية) - چیڕۆکم لەگەڵ هۆنراوە (خۆژیاننامە)
  • من أوراقي المجهولة - سيرة ذاتية ثانية - لە پەڕە نەناسراوەکانم (خۆژیاننامەی دووەم)
  • ما هو الشعر؟ - هۆنراوە چییە؟
  • والكلمات تعرف الغضب - وشەکان تووڕەیی دەزانن
  • عن الشعر والجنس والثورة - لەبارەی هۆنراوە و ڕەگەز و شۆڕش 
  • الشعر قنديل أخضر - هۆنراوەی چرای سەوز
  • العصافير لا تطلب تأشيرة دخول - چۆلەکەکان پێویستییان بە ڤیزە نییە
  • لعبت بإتقان وها هي مفاتيحي - بە باشی یاریم کرد و ئەمەش کلیلەکەمە
  • المرأة في شعري وفي حياتي - ژن لە ژیان و هۆنراوەی مندا
  • بيروت حرية لا تشيخ - بەیرووت ئازادیێکە کە پیر  نابێت
  • الكتابة عمل انقلابي - نووسین کارێکی شۆڕشگێڕانەیە
  • شيء من النثر - شتێک لە پەخشان

شانۆگەرییەکان

  • مسرحية جمهورية جنونستان، لبنان سابقا - شانۆگەری کۆماری شێتیی، لوبنانی پێشوو ۱۹۷۷


سەرچاوەکان

1037 بینین