هەندێک زانیاری دەربارەی گۆڕینی کێشی جەستە

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2021-11-18-14:32:00 - کۆدی بابەت: 7210
هەندێک زانیاری دەربارەی گۆڕینی کێشی جەستە

ناوه‌ڕۆك

ئەو ڕۆڵانەی پەیوەندییان هەیە بە کێشی جەستەوە

خەڵکی دەیانەوێت لەبەر چەندین هۆکار کێشی جەستەیان کەمبکەنەوە کە بریتین لە (تەندروستی، ئەدای وەرزشی، دەرکەوتن، و حەزی بەردەوام بوون لەگەڵ منداڵ یان نەوەکان)، بەڵام چەندین هۆکار هەن کە پەیوەندیان بە جەستەوە هەیە کە بریتین لە:

ڕۆڵی بۆماوەیی

هۆکارە بۆماوەییەکان تا ڕادەیەکی زۆر دیاری دەکەن کە چەوری لە جەستەی تۆدا چۆن دابەش دەبێت، شیکەرەوەیەکی بۆماوەزانی لە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراودا ئاشکرای کرد کە پەیوەندی دابەشبوونی چەوری لەنێوان جەستە و هۆکارە بۆماوەیەکاندا لە خانماندا بەهێزترە وەک لە پیاوان، بۆ نمونە، ئەگەر لەناو خێزانەکەتدا زۆرینەیان کێشیان لە بەشی ڕان و سمتیان بێت ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە تۆش وا دەبیت، هەروەها تویژینەوەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە هۆکارە بۆماوەییەکان کاریگەریان لە سەر کەمی کێشیش هەیە، بۆ نمونە، ئەگەر پڕۆتینی بەرز، ڕژێمی ڕیشاڵیی بەرز کاریگەریان لەسەر جەستەی دایک و باوکت هەبووبێت، ئەوا بەئەگەری زۆرەوە لەوانەیە کاریگەریشیان لەسەر جەستەی تۆ هەبێت، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەوەی چۆن بۆهێڵەکان بەتەوای دەتوانن یارمەتی شارەزایانی تەندروستی بدەن بۆ تایبەتکردنی بەرنامەکانی لە دەستدانی کێش.

ڕۆڵی ڕەگەز

لەو شوێنەی جەستەدا کە زۆرترین کێش لە دەستدەدەیت لەوانەیە هۆکارێک هەبێت کە پەیوەندی بە ڕەگەزەوە هەبێت، لە توێژینەوەیەکی گەورە و جیهانیدا کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەنجامدراوە و زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ئەوەی بەشداربووانی پیاو کەمتر خۆراکی کەم کالۆریان بەکاردەهێنا بەڵام هێشتا کێشی پیاوەکان لە کێشی خانمەکان خێراتر دابەزی، هەروەها توێژینەوەکە بۆی دەرکەوت کە پیاوان ئارەزوو دەکەن زیاتر کێشی قەدیان لە دەست بدەن، لە کاتێکدا ژنان زیاتر کێشی سمتیان کەم دەکات.

ڕۆڵی تەمەن

ئەگەر پێشتر کێشت لە دەست دابێت، لەوانەیە بزانیت کە کوێی جەستەت دەیەوێت یەکەم شوێنبێت کە داببەزێت، بۆ هەندێک کەس، یەکەم گۆڕانکاری بەرچاو لەوانەیە لە هێڵی کەمەر بێت، بۆ ئەوانی تر، مەمکەکان یان ڕووخسار یەکەمن شوێنن بۆ پیشاندانی گۆڕانکاری، هەروەها ئەو شوێنەی جەستە کە یەکەم جار دادەبەزێت یاخود زیاد دەکات لەوانەیە بگۆڕیت لەکاتی زیادبوونی تەمەن، پیاوانی تەمەن مامناوەند و ئەو ئافرەتانەی کە سوڕی مانگانەیان کۆتایی هاتووە کێشیان لە دەورووبەری ناوچەی ورگ زیاد دەبێت، هەروەها لێکۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەنجامدانی ڕاهێنان لەپاڵ ڕێجیمێکی تەندرووست کلیلی لەدەستدانی چەوری ورگە لەو ئافرەتانەی کە سوڕی مانگانەیان کۆتایی هاتووە.

ئایا دەتوانین تەنها هەوڵ بۆ دابەزاندنی کێشی یەک بەشی جەستەمان بدەین؟

زۆربەی بەڵگە زانستیەکان ئەوە نیشان دەدەن کە تۆ ناتوانیت شوێنێکی دیاریکراو بکەیتە ئامانج بۆ لە دەستدانی کێش، تەنانەت ئەگەر هەوڵەکانی وەرزشکردنت لەسەر ئەو ناوچەیە چڕ بکەیتەوە، لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٣ ئەنجامدراوە دەرکەوت، کە بەشداربووان بۆ ماوەی ١٢ هەفتە تەنها وەرزشیان لەسەر قاچەکانیان ئەنجامدەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە کێشی تەواوی جەستە زیاتر کەمی کرد بەبەراورد بە قاچ، هەروەها هیچ جیاوازییەک لە نێوان کێشی قاچێک لەگەڵ ئەوی دیکە درووست نەبوو، هەروەها لە توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٠ دا کە لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە ئەنجامدرا لەسەر سەربازە مێینەکان تێیدا ئافرەتەکان بۆ ماوەی ١٢ هەفتە بەرنامەیەکی ڕاهێنانی جەستەیی چڕیان ئەنجامدا، توێژەرەوەکان بۆیان دەرکەوت کە سەربازەکان زۆرترین کێش کە لەدەستیان دابێت لە ناوچەی باڵ و قەدیان بووە، لەکاتێکدا چەوریە زۆرەکەی ناوچەی قاچ و ڕانیان هیچ نەگۆڕابوو.

هیچ بەڵگەیەک نییە کە پێشنیاری ئەوە بکات کە بتوانیت وەرزش بەکار بهێنیت بۆ ئامانجدارکردنی ئەوەی کە یەکەم جار چەوری کام بەشی جەستەی خۆت لە دەست بدەیت، بەڵام وەرزشکردن دەتوانێت لەم ڕووانەوە باشترت بکات:

  • تەندروستی دڵ
  • چالاکی مێشک
  • هێزی جەستەیی
  • خۆڕاگری وەرزشی
  • ئامانجی لە دەستدانی کێشی گشتی

چەند توێژینەوەیەکی بڕوا پێکراو دووپاتیان کردەوە کە کێشی زیادە لە دەورووبەری ناوەڕاستی جەستە ئەنجامی تەندروستی خراپتری هەیە لە کێشی زیادە لە دەورووبەری ڕان و سمت، هەروەها کێشی زیادە لە دەوری کەمەر بە تایبەتی چەوری قووڵ کە ئەندامەکان هەڵدەگرێت مەترسی پەرەسەندی نەخۆشی شەکرە و کێشەی دڵ و دەمارەکان بەرز دەکاتەوە، وەک خێرایی لێدانی دڵ و جەڵتەی دڵ، ئەو شوێنەی کە تۆ تێیدا کێشت لە دەست دەدەیت سەرەتا بە زۆری هۆکارە بۆماوەییەکانەوە دیاری دەکرێت، هەروەک چۆن جەستەت بەرنامەی بۆ زیاد کردنی کێش لە ناوچە دیاریکراوەکاندا هەیە، هەروەها بەرنامەی بۆ دابەزاندنی کێش هەیە لە هەندێک ناوچەدا، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەگەز و تەمەن و هۆرمۆنەکانت رۆڵی گرنگ دەبینن لەوەی لە کوێ و چەند بە خێرایی کێشت کەم دەکەیتەوە.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کە چەندین ڕێگای کاریگەر هەن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوری کەڵەکەبووی ورگ، هەروەها خواردنی زۆر لە پڕۆتین و سەوزەوات، وەرزشکردن، و سنووردارکردنی خواردنی ماددە کاربۆهیدراتەکان، کحول، هەروەها کەمکردنەوەی خواردنی شەکر یارمەتیدەرن بۆ کەمکردنەوەی چەوری ورگ، لەوانەیە نەتوانیت پێشبینی بکەیت کە کام بەش لە جەستەت یەکەم جار کێش لە دەست دەدات، بەڵام دەتوانیت خۆراکی خۆت بگۆڕیت و  وەرزشەکانت بە باشی ئەنجامبدەیت بۆ ئەوەی هەموو جەستەت سوود لە ژیانێکی تەندروستتر وەربگرێت.


سەرچاوەکان



503 بینین