تێکچوونی کەسایەتی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-18-21:43:00 - کۆدی بابەت: 7306
تێکچوونی کەسایەتی

ناوه‌ڕۆك

کەسایەتی

کەسایەتی (بە ئینگلیزی: Personality) بریتییە لە شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و ڕەفتارکردن کە وا دەکات کەسێک لەوانی تر جیاواز بێت. کەسایەتیی تاک بە ئەزموون، ژینگەی دەوروبەر، باری ژیان و بۆماوە کاری تێ دەکرێت و دروست دەبێت. بە شێوەیەکی گشتی، کەسایەتیی تاک بەپێی کات وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.

تێکچوونی کەسایەتی چییە؟

تێکچوونی کەسایەتی (بە ئینگلیزی: Personality Disorder) جۆرێکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان، بریتییە لە شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و ڕەفتارکردن کە لە پێشبینییە کولتوورییەکان لادەدات و دەبێتە هۆی هەراسانی و کێشە لە کار و کرداردا، هەروەها کێشە لە دروستکردنی پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگادا دروست دەکەن. ئەم کەسانە تێڕوانینێکی جیاوازیان هەیە بۆ جیهان و زۆربەی کەسە تووشبووەکان بە تێکچوونە کەسایەتییەکان پێیان وانییە کێشەیان هەبێت بۆیەش زۆر کەم ڕازی دەبن بە وەرگرتنی چارەسەر. تێکچوونە کەسایەتییەکان لە کۆتاییەکانی تەمەنی هەرزەکاری یان سەرەتای تەمەنی پێگەیشتن دەست پێ دەکەن و ئەگەر چارەسەر نەکرێن بۆ هەمیشە بەردەوام دەبن و مەترسی تووشبوون بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زیاد دەکەن. ڕەنگە هەندێک کاتیش لە کۆتاییەکانی تەمەنی پیری بەرەو کاڵبوونەوە بچن.

هۆکار

هەرچەندە تا ئێستا هۆکاری تووشبوون بە تێکچوونە کەسایەتییەکان بەدیاریکراوی نەزانراوە. زانایان لەو باوەڕەدان هەندێک هۆکار هەن کە کاردەکەنە سەر تێکچوونی کەسایەتی، بەتایبەتیش هۆکارە ژینگەیی و بۆماوەییەکان وەکوو:

  • ئەو ڕووداو و شێوازی مامەڵەکردنانەی تاک لە تەمەنی منداڵیدا پێیاندا تێپەڕ دەبێت، لە داهاتوو و تەمەنی پێگەیشتندا کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە لەسەر ڕەفتاری، بەتایبەتیش زەبری دەروونی لەماوەی منداڵیدا.
  • بۆهێڵەکان کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕەفتاری تاک و دەکرێت ئەم تێکچوونانە لەڕێی بۆماوەییەوە بگوازرێنە. 
  •  گۆڕان لە کیمیکەماددە و پێکهاتەکانی مێشک.

پۆلێنکردن

بە شێوەیەکی گشتی ١٠ جۆر تێکچوونی کەسایەتی هەن کە بەسەر سێ کۆمەڵەدا دابەش بوون بەپێی نزیکی و لێکچوونی نیشانەکانیان ئەمانیش:

کۆمەڵەی یەکەم

کەسانی تووشبووی ئەم کۆمەڵەیە بە بیرکردنەوە و ڕەفتاری سەیر و نامۆ جیا دەکرێنەوە کە بریتین لە:

کۆمەڵەی دووەم

کەسانی تووشبووی ئەم کۆمەڵەیە بە بیرکردنەوە و ڕەفتاری هەڵەشە، دراماتیک، گومڕا، هەستیار و پێشبینی نەکراو جیا دەکرێنەوە کە بریتین لە:

کۆمەڵەی سێیەم

کەسانی تووشبووی ئەم کۆمەڵەیە بە بیرکردنەوە و ڕەفتاری پەرێشان و ترسنۆکانە جیا دەکرێنەوە کە بریتین لە:

هەندێک جۆری تری تێکچوونی کەسایەتی هەن کە پێشتر پۆلێن کرابوون بەڵام ئێستا لە یەکێک لەم کۆمەڵانە نین و بە جۆری کەسایەتی یان شێوازی ڕەفتارکردن دادەنرێن، ئەوانیش:

دەستنیشانکردن 

دەستنیشانکردنی تێکچوونی کەسایەتی لەڕێی پسپۆڕی تەندرووستیی دەروونییەوە دەکرێت بە پشتبەستن بە ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان لەڕێی نیشانە و کردارە درێژخایەنەکانەوە، کە هەر تێکچوونێکی کەسایەتی کۆمەڵێک نیشانە و جیاکەرەوەی تایبەت بەخۆی هەیە. پزیشکەکە لەڕێی کۆمەڵێک پرسیار و ئەنجامدانی پشکنینی جەستەیی و تاقیگەیی بڕیار دەدات. هەروەها دەبێت کەسەکە لەگەڵ نیشانەکانیدا، تێکچوونە کەسایەتییەکەی بە لایەنی کەمەوە کار بکاتە سەر پەکخستنی دوو لەمانە:

- شێوازی بیرکردنەوە لەبارەی خود یان کەسانی تر.

- شێوازی کاردانەوەی سۆزداری.

- شێوازی پەیوەندی و مامەڵەکردن لەگەڵ کەسانی تردا.

- شێوازی جڵەوکردنی ڕەفتاری خود. 

هەروەها پزیشکەکان پشکنینی خوێن ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە کە هیچ نەخۆشییەکی تر نەبووەتە هۆکاری نیشانەکان. لە هەندێک حاڵەتیشدا لەوانەیە پێویست بە پشکنینی کحول و ماددە هۆشبەرەکان بکات ئەگەر پزیشکەکە پێی وابێت ماددەکان بوونەتە هۆکاری دروستبوونی نیشانەکان. 
 دەکرێت کەسێک لە هەمان کاتدا بە زیاتر لە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتی دەستنیشان بکرێت. بەگشتی کەسانی تەمەن ١٨ ساڵ و بەرەوە سەرەوە بە تێکچوونە کەسایەتییەکان دەستنیشان دەکرێن، چونکە کەسایەتیی تاک لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە هێشتا لە گەشەکردندایە.

لێکەوتەکانی تێکچوونە کەسایەتییەکان

- بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان هەیە لەسەر پەکخستنی ژیانی کەسی تووشبوو و ئەو کەسانەی کە گرنگی پێ دەدەن.
- کێشە دروست دەکەن لە دانانی پەیوەندی بە هەموو جۆرەکانییەوە.
- کێشە دروست دەکەن لە خوێندن و کارکردندا.
- دەبنە هۆی دابڕانی کۆمەڵایەتی.
- دەبنە هۆی ئالوودەبوون بە کحول و ماددەی هۆشبەر.

بەربڵاوی

ڕێژەی تووشبوون بە تێکچوونە کەسایەتییەکان (١٠٪)ـیە و بەپێی دیمۆگرافیی کۆمەڵایەتیش دەگۆڕێت، بۆ نموونە ڕێژەی تووشبوون لەو کەسانە زیاترە کە جیابوونەتەوە، وازیان لە قوتابخانە هێناوە یان منداڵییەکی ناتەندروستیان هەبووە، بەتایبەتتریش لە بەندینخانەکاندا ڕێژەکە زۆر زیاترە کە نزیکەی (٣٠٪)ـیان تێکچوونی کەسایەتییان هەیە.

ئەوەی گرنگە بیزانین

مەرج نییە هەر کەسێک هەندێک لە نیشانەکانی هەبێت، تووشبوو بێت. دەکرێت تاک نیشانە و تایبەتمەندی جۆرێک یان زیاتری لە تێکچوونە کەسایەتییەکان هەبێت بەبێ ئەوەی پێناسەی تێکچوونی کەسایەتیی بەسەردا بسەپێت، بۆیە تەنیا لەڕێی پسپۆڕی دەروونییەوە دەتوانین تێکچوونەکە دەستنیشان بکەین. 
بەپێی ئامارەکان نزیکەی (١٠٪)ـی خەڵک تێکچوونی کەسایەتییان هەیە واتە (٩٠٪)ـی خەڵک ئاسایی و بێ کێشەن. ژیان کردن لەگەڵ تووشبووانی تێکچوونە کەسایەتییەکان ئاسان نییە بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئەستەم نییە ئەگەر بەلێزانانە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و چارەسەری پێویست وەربگرن.

چارەسەر

هەندێک جۆری چارەسەری دەروونی کاریگەرن بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونە کەسایەتییەکان. لەماوەی چارەسەری دەروونی، کەسەکە دەتوانێت وردبینی و زانیاری لەسەر تێکچوونەکە و نیشانەکانی هەبێت، هەروەها لەبارەی بیرکردنەوە، هەستکردن و ڕەفتارەکانییەوە قسە بکات. چارەسەری دەروونی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی ئەو کەسە لە کاریگەریی ڕەفتارەکانی لەسەر ئەوانی تر تێبگات و فێرببێت چۆن لەگەڵ نیشانەکاندا مامەڵە بکات و هەڵبکات، هەروەها ئەو ڕەفتارانە کەمبکاتەوە کە دەبنە هۆی کێشە لە کارکردن و پەیوەندیدا. جۆری چارەسەرەکە لەسەر جۆری دیاریکراوی تێکچوونە کەسایەتییەکە و ڕادەی تووندی و بارودۆخی کەسەکە بەندە.

باوترین جۆری چارەسەرە دەروونییەکان کە بۆ تێکچوونە کەسایەتییەکان بەکاردێن ئەمانەن:

- چارەسەری دەروونشیکاری و داینامیکی دەروونی.
- چارەسەری لۆجیکیی ڕەفتار.
- چارەسەری هزریی ڕەفتار، ئەمەیان باوترین جۆری چارەسەرە بۆ تێکچوونە کەسایەتییەکان.
- چارەسەر بە گرووپ.
- پەروەردەی دەروونی (فێرکردنی کەسەکە و ئەندامانی خێزانی لەبارەی نەخۆشییەکە و چارەسەر و شێوازەکانی مامەڵەکردن).

هیچ دەرمانێک بە تایبەت بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونە کەسایەتییەکان نییە. هەرچەندە دەرمان لەوانەیە لە چارەسەرکردنی هەندێک لە نیشانەکان یارمەتیدەربن، وەکوو:

دەرمانی دژەخەمۆکی: یارمەتی کەمکردنەوەی خەمۆکی، تووڕەیی و هەڵەشەیی دەدەن. 

دەرمانی جێگیرکردنی میزاج وەکوو لیسیۆم: ڕێگری دەکەن لە گۆڕانی میزاج و یارمەتی کەمکردنەوەی هەڵچوون و پەلاماردان دەدەن.

دەرمانی دژەسایکۆتیک: هەروەها بە دەرمانی نیورۆلێپتیکیش ناسراون، کە یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی سایکۆسس دەدەن وەکوو هەڵوەسەکردن و وەهم. 

دەرمانی دژەدڵەڕاوکێ: یارمەتی کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ، هەڵچوون و بێخەوی دەدەن.

بەڵام نیشانە تووندترەکان یان درێژخایەنەکان لەوانەیە پێویستییان بە کارکردنی تیمێک هەبێت وەکوو پزیشکی نۆڕینگە، پزیشکی دەروونی، دەروونناس، ڕاوێژکاری کۆمەڵایەتی و ئەندامانی خێزان. هاوکاری خێزان لەگەڵ تیمی چارەسەری دەروونی زۆر گرنگە بۆ باشترکردنی دۆخی کەسە تووشبووەکە.

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی پلانی چارەسەر، هەندێک ڕێگای چاودێریی خود و ستراتیجیی مامەڵەکردن دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ کەسانی تووشبوو بە تێکچوونە کەسایەتییەکان، بۆ نموونە: 

  • زیاتر بزانە لەسەر حاڵەتەکەت
  • چالاکببە
  • دوورببە لە کحول و ماددەی هۆشبەر
  • بەشداری بکە لە گرووپی پاڵپشتی
  • پابەندی ڕۆتینی چاودێریی پزیشکی ببە
  • بنووسە بۆ ئەوەی هەستەکانت دەرببڕیت
  • هەوڵبدە پشوو وەربگریت و پەستانەکانت کەم بکەیتەوە
  • بەردەوام لە پەیوەندیدا ببە لەگەڵ خێزان و هاوڕێکانت

چۆن یارمەتی کەسێک دەدەیت کە تووشی تێکچوونی کەسایەتی بووبێت

ئەگەر پێت وایە کەسێک نیشانەکانی تێکچوونی کەسایەتی هەیە، یان ئەگەر خۆیان پێت بڵێن کە وا بیردەکەنەوە، هانیان بدە بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ شارەزایەکی بواری دەروونی بکەن. بە شێوەیەک کە دەربکەوێت تەندروستی و باش بوونی ئەوان گرنگترین شتە بەلاتەوە.

لەکاتی هەستکردن بەوەی کەسەکە خەریکە زیان بە خۆی یان بە کەسانی تر دەگەیەنێت، ئەوا دەستبەجێ پەیوەندی بە خزمەتگوزاری فریاکەوتنەوە بکە، بەتایبەت ئەگەر کەسەکە هەوڵی خۆکوژی یان کوشتنی کەسێکی تر بدات، چونکە لە هەندێک جۆری تێکچوونی کەسایەتیدا ئەم حاڵەتە بوونی هەیە.


سەرچاوەکان



8244 بینین