تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ 

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-20-14:42:00 - کۆدی بابەت: 7325
تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ 

ناوه‌ڕۆك

کەسایەتیی دژەکۆمەڵ 

تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ (بە ئینگلیزی: Antisocial PD) لە کۆمەڵەی دووەمی تێکچوونە کەسایەتییەکانە و بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی هەڵەشە دادەنرێت کە دەست بەسەر کەسانی دەوروبەریاندا دەگرن و ڕسوایان دەکەن، ئەمەش کەسایەتییان لەناو دەبات. تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ لە منداڵییەوە یان سەرەتای هەرزەکارییەوە سەر هەڵدەدات و تا تەمەنی پێگەیشتن بەردەوام دەبێت. ئەم کەسانە خووی درێژخایەنی وەکوو، پێشێلکردنی یاسا، پێشێلکردنی مافی کەسانی تر و دەست بەسەرداگرتن و بەکارهێنانی کەسانی تریان هەیە و گرنگ نییە بەلایانەوە کە کەسێک بخەنە مەترسییەوە.

نیشانەکان 

کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ هەمیشە لە ململانێدان و پێیان وایە سەرکەوتوون. مشتومڕی قسە و جەستەیی لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە تەنانەت ناشیانناسن، چونکە گرنگی بە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان نادەن. هەروەها گرنگی بە شکاندنی یاساکان نادەن و بەردەوام لە کێشەدان لەگەڵ یاسا و دادگادا. کەسایەتی دژەکۆمەڵ لە پەیوەندییە نزیکەکاندا خراپن و جنێوفرۆشن، پەشیمانیش دەرنابڕن لەسەر ئەم ڕەفتارەیان. بەردەوام درۆ دەکەن و کەسانی تر فریو دەدەن و مافی کەسانی تر زەوت دەکەن و گرنگی بە هەستی کەسانی تر نادەن و بێ بەزەیین، تووندوتیژن و ئازاری خۆیان و کەسانی تریش دەدەن، زۆرجاریش لەو ئازادانە چێژ وەردەگرن. بە شێوەیەکی گشتی لووتبەرزن و بەردەوام درۆ دەکەن و دزی دەکەن. 

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتیە وەکوو کەسایەتی جۆکەر لە فیلمی دارک نایت و بکوژە زنجیرەییەکان.

بەربڵاوی

بەپێی توێژینەوەکان نزیکەی (۳٪)ـی پیاوان و (١٪)ـی ئافرەتان تووشی تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ دەبن.

هۆکار 

هۆکاری تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ بەدیاریکراوی نەزانراوە. هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکان دەکرێت کاریگەرییان هەبێت. ئەگەری تووشبوون زیاترە ئەگەر کەسەکە ڕەگەزی نێر بێت و ئەمانەی هەبووبێت: 
- خراپ بەکارهێنان لەکاتی منداڵیدا.
- گەورەبوون لەگەڵ دایک و باوکێک کە تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵیان هەبووبێت.
- گەورەبوون لەگەڵ دایک و باوکێک کە ئالوودەی کحول بووبن.

چارەسەر 

چارەسەرکردنی تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ زۆر زەحمەتە. بەگشتی، پزیشک تێکەڵکردنی چارەسەری دەروونی و دەرمان بەیەکەوە بەکار دەهێنێت. هەروەها خەمڵاندنی کاریگەریی چارەسەرەکان لەسەر نیشانەکانی ئەم حاڵەتە، کارێکی قورسە. 

چارەسەری دەروونی 

پزیشکە دەروونییەکەت جۆری جیاوازی چارەسەری دەروونی پێشنیاز دەکات بە پشتبەستن بە بارودۆخی کەسە تووشبووەکە.

چارەسەری هزریی ڕەفتار دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە نەهێشتنی بیر و ڕەفتارە نەرێنییەکان، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە جێگرتنەوەیان بە بیر و ڕەفتاری ئەرێنی. 

چارەسەری داینامیکی دەروونی دەتوانێت هۆشیاری زیاد بکات لەبارەی دیاریکردنی بیر و ڕەفتارە نەرێنی و هەست پێ نەکراوەکان. ئەمەش یارمەتی کەسەکە دەدات کە بتوانێت بیانگۆڕێت.

چارەسەر بە دەرمان

هیچ دەرمانێک بە دیاریکراوی بوونی نییە بۆ چارەسەری تێکچوونی کەسایەتی دژەکۆمەڵ، بەڵام زۆرجار پزیشکەکان سوود لەم دەرمانانانە وەردەگرن:

  • دژەخەمۆکییەکان
  • جێگیرکەرە میزاجییەکان
  • دەرمانی دژەدڵەڕاوکێ
  • دەرمانی دژەسایکۆتیک

هەروەها لەوانەیە پزیشکەکەت پێشنیازی ئەوە بکات لە نەخۆشخانە بمێنیتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر و چاودێریی چڕ.

داواکردن لە کەسی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتی دژەکۆمەڵ کە چارەسەر وەربگرێت

قورسە ببینیت کەسێک کە گرنگە بەلاتەوە، ڕەفتاری وێرانکەری هەبێت. بەتایبەتیش ئەگەر ئەم ڕەفتارانەی ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تۆ هەبێت و داواکردنیش لەو کەسە کە چارەسەر وەربگرێت زۆر زەحمەتترە. ئەمەش لەبەر ئەوەی زۆربە تووشبووان پێیان وانییە کە ڕەفتارەکانیان کێشەی هەبێت. بۆیە ناتوانیت کەسێک ناچار بکەیت بە وەرگرتنی چارەسەر بۆ ئەم حاڵەتە. ئاگادار بوون لە خۆت باشترین شتە کە بتوانیت بیکەیت. ڕاوێژکای کۆمەڵایەتی دەتوانێت یارمەتیت بدات لەوە، هەروەها لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئازارەی هەتە بەهۆی تووشبوونی کەسێکی خۆشەویستت بەم تێکچوونە کەسایەتییە.
لە حاڵەتە تووندەکانیشدا ئەگەر زانیت کەسی تووشبوو لە مەترسی دەستبەجێی زیانگەیاندن بە خۆی یان کەسێکی تر دایە بەتایبەت خۆکوژی یان کوشتن ئەوا دەبێت هەوڵ بدەیت بارودۆخەکە هێور بکەیتەوە و بە زووترین کات داوای یارمەتی بکەیت. کەسانی تووشبووی تێکچوونی کەسایەتیی دژەکۆمەڵ ئەگەریان زۆرە بۆ چوونە زیندان، ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خۆکوژی. زۆرجار چارەسەر وەرناگرن مەگەر تووشی کێشەی یاسایی ببنەوە و دادگا ناچاریان بکات چارەسەر وەربگرن. 
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە دەکرێت بەرەو خراپتر بچن لە کۆتاییەکانی هەرزەکاری و سەرەتاکانی تەمەنی بیست ساڵاندا. چارەسەر لەوانەیە یارمەتی باشتر بوونی نیشانەکان بدات. زۆرجاریش نیشانەکان لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن بەرەو باش بوون دەچن.


سەرچاوەکان



1443 بینین