نایاسینەماید و پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-20-23:05:00 - کۆدی بابەت: 7331
نایاسینەماید و پێست

ناوه‌ڕۆك

نایاسینەماید

نایاسینەماید یان نیاسین ئەماید (بە ئینگلیزی: Niacinamide) یان نیکۆتینەماید (بە ئینگلیزی: nicotinamide) جۆرێکی ڤیتامین B-3ـیە و یەکێکە لە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان، کەمیی ڤیتامین B-3 دەکرێت ببێتە هۆی کێشە لە پێست و گورچیلە و مێشکدا، وەرگرتنی نایاسینەماید دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە کەمیی ڤیتامین B-3، کاتێک کە باسی تەندروستیی گشتی پێست دەکرێت ئەم ماددە خۆراکییە گرنگی زیاتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە توێژینەوەی زیاتر پێویستە، نایاسینەماید دەکرێت یارمەتی چارەسەری کێشە باوەکانی پێستی وەک زیپکە و ئەگزیما بدات.

جیاوازی نێوان نیاسین و نایاسینەماید

لەگەڵ ئەوەی کە ناویان وەک یەک دەردەکەوێت، بەڵام نیاسین (بە ئینگلیزی: niacin) هەمان ماددە نییە لەگەڵ نایاسینەماید، بەڵکوو دوو جۆری جیاوازی ڤیتامین B-3ـن، هەرچەند لەش دەتوانێت نایاسینەماید لەو تەواوکەرە خۆراکییانەوە دروست بکات کە نیاسینیان تێدایە، بەڵام ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە ڕێژەیەکی لەڕادەبەدەری نیاسین هەبێت لە لەشدا، جگە لە نیاسین تریپتۆفانیش لە لەشدا دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ نایاسینەماید، (تریپتۆفان (بە ئینگلیزی: Tryptophan) ترشێکی ئەمینییە کە بەکاردێت لە زیندەپێکهێنانی پڕۆتینەکاندا).
پێویستە پێش وەرگرتنی هەر تەواوکەرێکی خۆراکی سەردانی پزیشک بکرێت.

سوودەکان

بە شێوەیەکی گشتی نایاسینەماید دەتوانێت یارمەتی دروستکردنی پڕۆتینەکان بدات لە پێستدا و شێداری پێست جێگیر بکات بۆ ڕێگریکردن لە زیانەکانی ژینگە بۆ پێست، سوودە گرنگەکانی بریتییە لە:

  • بەرگری: نایاسینەماید یارمەتی دروستکردنی کیراتین بە ئینگلیزی: keratin) دەدات کە جۆرێکی پڕۆتینە پێست بە تەندروست و پتەوی دەهێڵێتەوە.
  • پاراستنی چەورییە لپیدەکان: نایاسینەماید دەتوانێت یارمەتی پێست بدات بۆ گەشەکردنی سێرەماید تیایدا کە پارێزەرێکی چەورییە و یارمەتی بە شێدار هێشتنەوەی پێست دەدات، بەسوودە بۆ هەموو جۆرەکانی پێست، بەتایبەت ئەو کەسانەی تووشبووی ئەگزیما بوون یان نیشانەکانی پیربوون لە پێستیاندا دەرکەوتووە.
  • سووربوونەوەی و پەڵەی پێست کەم دەکاتەوە: نایاسینەماید هەوکردن کەم دەکاتەوە، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی سووربوونەوەی هۆکاری ئەگزیما و زیپکە و کێشەکانی تری هەوکردنی پێست.
  • کونیلەکانی پێست بچووک دەکاتەوە: پاراستنی پێست بە سافی و شێداری سوودێکی تریشی دەبێت کە ئەویش کەمکردنەوەی قەبارەی کونیلەکانی پێستە بەپێی تێپەڕبوونی کات و بەشێوەیەکی سروشتی.
  • چەوری پێست ڕێکدەخات: سوودی هێشتنەوەی شێداری پێست تەنها بۆ ئەو کەسانە نییە کە پێستیان وشکە، نایاسینەماید دەتوانێت یارمەتی ڕێکخستنی بڕی دەردانی چەوری بدات لە چەورییە ڕژێنەکاندا و ڕێگری بکات لە دەردانی زیاد لە پێویستی چەوری پێست.
  • پارێزگارە دژی تیشکی زیانبەخشی خۆر: نایاسینەماید دەتوانێت خانەکانی پێست بەشێوەیەکی تەندروست نوێ بکاتەوە و لە هەمان کاتدا ڕێگری بکات لە زیانەکانی تیشکی سەروو بنەوشەیی.
  • چارەسەری پەڵەی قاوەیی پێست دەکات: هەندێک توێژینەوە ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە نایاسینەماید بە خەستی ٥٪ دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەنگی پەڵە تاریکەکانی پێست، ئەم سوودە لەدوای ٤ هەفتە بۆ ٢ مانگ لە بەکارهێنان دەرکەوتووە، هۆکاری ئەم سوودە دەکرێت بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کۆلاجینەوە بێت.
  • چرچبوونی پێست کەم دەکاتەوە: توێژینەوەکان ئەوەیان دۆزیوەتەوە کە هەمان خەستی (٥٪)ی نایاسینەماید یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی هەندێک لەو نیشانانەی پێست کە هۆکارەکەی تیشکی زیانبەخشی خۆرە و بەپێی زیادبوونی تەمەن دەردەکەون وەک چرچبوونی پێست.
  • پارێزگارە دژی پەستانە ئۆکسێنەرەکانی ژینگە: نایاسینەماید یارمەتی بنیادنانی خانەکانی پێست دەدات و دەیانپارێزێت لە زیانەکانی ژینگەی دەوروبەر، وەک تیشکی خۆر و پیسبوونی ژینگە و ژەهرەکان.
  • چارەسەری زیپکە دەکات: نایاسینەماید دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ چارەسەری حاڵەتە توندەکانی زیپکە و هەوکردنی پێست، بەپێی تێپەڕبوونی کات هەست بە کەمکردنەوەی زیانەکانی زیپکە و جوانترکردنی دەرکەوتەی پێست و ڕوون بوونەوەی دەکەیت.

ئەو خۆراکانەی سەرچاوەی نایاسینەمایدن

خواردنی ژەمێکی هاوسەنگ باشترین ڕێگایە بۆ دەستکەوتنی هەر جۆرێکی ماددەی خۆراکی وەک ڤیتامین B-3، هەروەها دەتوانیت لەژێر چاودێری پزیشکدا دەرمانی تەواوکەری خۆراکی وەربگریت بۆ چارەسەری کەمیی ئەم ڤیتامینە.
کاتێک باس دێتە سەر تەندروستی گشتی پێست، دەتوانیت هەندێک لەو سوودانەی نایاسینەماید کە بۆ پێستت پێویستتە لە ڕێگای خۆراکەوە وەری بگریت، ئەو خۆراکانەی کە ڤیتامین B-3ـیان تێدایە وەک: 

بەڵام هەرچۆنێک بێت هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی کە ئەو ماددە خۆراکییانەی لە خواردنەوە وەری دەگریت سوودی تەواو بە پێستت بگەیەنن، تاکە ڕێگا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە نایاسینەماید سوودی تەواو بە پێستت دەگەیەنێت ئەوەیە کە ئەو بەرهەمانەی گرنگیدان بە پێست کە نایاسینەمایدیان تێدایە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆتینی ڕۆژانەتدا بەکار بهێنیت.

بەکارهێنان و گرنگی جۆری بەرهەم

زۆربەی بەرهەمە سەرەکییەکانی نایاسینەماید لە شێوەی سیڕەمدان، سیڕەم چارەسەرێکی سەربارە کە چارەسەری سەربەخۆ دەدات بە پێست و جیایە لە پاککەرەوەی پێست و ڕوونکەرەوە (تۆنەر) و شێدارکەرەوە، سیڕەمی نایاسینەماید دەبێت لەدوای بەکارهێنانی تۆنەر و پێش شێدارکەرەوە بەکاربێت.
هەندێک جۆری پاککەرەوەی پێست و سیڕەمیش نایاسینەمایدیان تێدایە، هەروەها ئەم پێکهاتەیە لە هەندێک جۆری ماسکی ڕووخساردا بوونی هەیە کە دوای هەر بەکارهێنانێک بە ئاو لادەبرێت.
پێش بەکارهێنان زانیارییەکانی سەر پاکەتی هەموو بەرهەمێک بخوێنەوە و هەنگاوەکانیان جێبەجێ بکە.

ئەوەی دەبێت بەدوایدا بگەڕێیت لە کاتی هەڵبژاردنی بەرهەمەکەدا

خەستی نایاسینەماید دەکرێت لە هەر بەرهەمێکی گرنگیدان بە پێستدا جیاوازبێت، بەڵام زۆربەیان بە ڕێژەی ٪٥ یان کەمتریان تێدایە، زۆربەی توێژینەوەکان پێشنیازی ئەوە دەکەن کە ٥٪ پێکهاتەی نایاسینەماید کاریگەرە بۆ چارەسەری پەڵەی قاوەیی پێست و ئەو زیانانەی کە بەهۆی تیشکی زیانبەخشی خۆرەوە تووشی پێست دەبن.
ئەگەر تۆ پێستێکی هەستیارت هەیە ئەوە دەبێت لە خەستییەکی کەمەوە دەست پێ بکەیت، کە لە ٢٪ زیاتر نەبێت بۆ چارەسەری نیشانەکانی ئەگزیما و کێشەکانی هاوشێوەی، نایاسینەماید هەندێک جار لەسەر بەرهەمەکان بە نیاسین یاخود نیکۆتینەماید ئاماژەی پێدەدرێت.

ئەو بەرهەمانەی کاریگەری نایاسینەماید زیاتر دەکەن

دەتوانیت نایاسینەماید لەگەڵ بەرهەمی دیکەی گرنگیدان بە پێستدا بەکاربهێنیت کە پێکهاتەی چالاکی تێدابێت و ئەنجامێکی زۆر باشت پێ ببخەشێت، بۆ نموونەی هەندێک توێژینەوە باسیان لەوە کردووە کە تەواوکەری خۆراکیی نایاسینەماید دەکرێت لەگەڵ تەواوکەری خۆراکیی دیکەی وەک مس و فۆلیک ئەسید و زینک باشتر چارەسەری زیپکە بکات.
ئەگەر وەک سیڕەمیش بەکاربێت دەکرێت لەگەڵ ترشی هایالورۆنیکدا (بە ئینگلیزی: hyaluronic acid) سوودەکەی زیاتربێت، چونکە مژینی نایاسینەماید لەلایەن پێستەوە زیاتر دەکات.

زیانی لاوەکی

بەشێوەیەکی گشتی نایاسینەماید بە سەلامەت و بێ زیان دانراوە بۆ بەکارهێنان، ئەو کەسانەی کە زۆر هەستیارن دەکرێت تووشی هەستیاری ببن بەم پێکهاتەیە، چونکە نایاسینەماید دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی لەش هستامین (بە ئینگلیزی: Histamine) دەربدات، هستامین هۆرمۆنێکە کە لە لەشدا دروست دەبێت و لە ڕێگای خڕۆکە سپییەکانی خوێنەوە دەردەرێت بۆ ناو ڕێڕەوی خوێن کاتێک سیستمی بەرگری بەرگری دەکات دژی هۆکارێکی هەستیاری.
بە تاقیکردنەوەی توانای هەستیاری هەر بەرهەمێک دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە بەرفراوانی کاردانەوەی لەشت، بەم شێوەیە دەتوانیت بزانیت کە ئایا هەستیاریت هەیە بۆ هەر بەرهەمێکی تایبەت بە پێست یان نا:

  • بڕێکی کەم لە بەرهەمەکە بدە لە قۆڵت.
  • بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر چاوەڕێ بکە.
  • ئەگەر دوای ٢٤ کاتژمێر هەستت بە سووربوونەوە، خوران یان ئاوسان کرد، شوێنەکەی بشۆ و بوەستە لە بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە.
  • ئەگەر هەستت بە هیچ کامێک لەو کاریگەرییە لاوەکییانە نەکرد، ئەوا دەکرێت ئەو بەرهەمە سەلامەت بێت بۆ بەکارهێنان لەسەر هەر بەشێکی تری پێستی لەش.

ئەو ئەنجامەی دەبێت چاوەڕێی بکەیت

لەگەڵ بەرکارهێنانی هەر بەرهەمێکی نوێ بۆ پێستت، دەبێت چەند هەفتەیەک چاوەڕێ بکەیت تاکوو ئەنجامەکەی ببینیت و کاریگەرییەکەی لەسەر پێستت دەربکەوێت، زۆربەی توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە گۆڕانکاری تێبینی کراو لەدوای ٤ هەفتە لە بەکارهێنانی نایاسینەماید دەردەکەوێت، بەڵام ئەم کاتە بەتەواوی دیاری نەکراوە و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت، هەروەها دەکرێت دوای ٨ هەفتە هەست بە گۆرانکاری زیاتر بکەیت لە پێستدا وەک سافتر بوون و ڕوونتر بوون و شێدارتر بوونەوەی پێستت.
ئەگەر دوای چەندین مانگ لە بەکارهێنان هەستت بە هیچ گۆرانکارییەک نەکرد لە پێستدا، ئەوا دەبێت قسە لەگەڵ پزیشکدا بکەیت، پزیشک دەتوانێت ڕۆتینی گرنگیدان بە پێستەکەت بۆ ڕێکبخات و پێت بڵێت کە چ بەرهەمێک لەگەڵ پێستدا گونجاوە.

پوختە

ئەگەر هەموو ڕۆژێک نایاسینەماید لە پێستت بدەیت کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی گشتی پێستت، ئەم پێکهاتەیە دەتوانێت هەوکردن و پەڵەی قاوەیی پێست کەم بکاتەوە، دەرکەوتەی گشتی پێست ساف بکات و پێست ڕوون و بریقەدار بکات.
چەند هەفتەیەک دەخایەنێت بۆ بینینی نیشانە تێبینی کراوەکان، بۆیە گرنگە کە ئارام بگریت و بەردەوام بیت لە بەکارهێنانی ڕۆتینەکەت، نابێت تەواوکەری خۆراکیی نایاسینەماید بەبێ چاودێری پزیشک یان شارەزای دیکەی بواری تەندروستی پێست بەکاربێت.


سەرچاوەکان



1139 بینین