کۆتر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-12-22-22:10:00 - کۆدی بابەت: 7353
کۆتر

ناوه‌ڕۆك

کۆترەکان

کۆتر (بەئینگلیزی: pigeon)، لە کۆمەڵەی باڵندە کۆترییەکاندا پۆلێندەکرێت، دابەشکراوە بۆ ٥ تیرەی جیاواز و ٤٢ نەوە، بە نزیکەیی ژمارەی جۆرەکانی دەگاتە ٣٠٨ جۆر، ئەم باڵندەیە بە زۆرینەی ناوچەکانی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، واتە نشینگەکەی مەودایەکی فراوان دەگرێتەوە، جگە لە ناوچە ساردەکان، ژمارەی کۆترەکان لە جیهاندا دەگاتە زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن کۆتر، کە زۆرینەیان لە ناوچە شارستانی و شارەکاندا دەژین، شێوازی ژیانکردنیان بە کۆمەڵە و پێکەوە دەژین، بەڵام دەکرێت لە هەندێکجاردا کۆتر هەبێت کە بە تەنها و دوور لە کۆمەڵە بێت، هەروەها بە درێژایی مێژوو و بە گوێرەی ئایین و باوەڕە جیاوازەکان کۆترەکان هێمابوون بۆ بابەتی جیاواز، وەک هێمای ئاشتی و ڕۆحی پیرۆز.

سوودەکانی

لە ڕابردوودا چەندین سوودی جیاوازی هەبووە، دیارترینیان بەکارهێنانی بووە بۆ نامە گواستنەوە بەتایبەتی لە کاتی جەنگەکاندا، لە ئێستاشدا گۆشتەکەی بۆ خواردن بەکاردێت، هەروەها لە تاقیکردنەوە تاقیگەییەکاندا بەکاردێت، کە سوودی لێبینراوە لە بوارەکانی بۆماوەزانی و لێکۆڵینەوەی ڕژێنەکان، جگە لە ئەمانەش هەندێک کەس کۆترەکان لەماڵەوە ڕاگیردەکەن وەک ئاژەڵی ماڵی گرنگییان پێدەدەن و پەروەردەیان دەکەن.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی کۆترەکان شێوەیەکی پڕ و پتەوی هەیە، قەبارەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت، بە شێوەیەکی گشتی کێشی لە نێوان ٣٠-٢٠٠٠ گم دەبێت و درێژیشی لە نێوان ١٥-٧٥ سم دەبێت، باڵەکانی درێژن و نزیکەی ٤٤% ی ئێسکەکانی لە باڵەکانیدا کۆبووونەتەوە، بەهۆیەوە بە کارامەیی دەتوانێت بفڕێت، ڕەنگەکەشی بە گوێرەی پەڕەکانی دیاریدەکرێت، زۆرینەیان پەڕی ڕەنگدار و جوانیان هەیە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی سنگ و ڕووخسار و پشت و باڵەکانیدا، هەندێکی دیکەشیان ڕەنگیان قاوەیی یاخود ڕەساسییە، قەبارەی سەری کۆترەکان بچووکە و دەنووکی هەیە هەروەها لە دەوروبەری چاوەکانیدا بازنەیەک هەیە کە دەکرێت شین یان سوور یان زەرد یاخود سپی بێت.

خۆراک

سەرچاوە خۆراکییەکانی کۆترەکان دەگۆڕێت بەڵام بە گشتی هەموو شتێک دەخوات، دەتوانێت ژەمەکانی لە پاشماوە خۆراکییەکانەوە بەدەستبهێنێت، ئەمەش هاوکاریەتی بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو بارودۆخ و نشینگەیەکدا بگونجێت، هەروەها بە گوێرەی خۆراک کۆترەکان دابەشدەبن بۆ دوو جۆری سەرەکی، بەم شێوەیە:

  • کۆتری ڕووەکخۆر: ئەم جۆرانە میوە یاخود تۆو یاخود گوڵەبەڕۆژە دەخۆن کە لەسەر زەوی دەیدۆزنەوە یان بە سوود وەرگرتن لە دەنووکەکەی لە درەختەکانی دەکاتەوە یانیش چاڵی بۆ هەڵدەکەنێت و بە شوێنیدا دەگەڕێت، ئەگەر ئەمانەشی دەستنەکەوێت ئەوا دەکرێت گەڵا و خونچە بخوات.
  • کۆتری گۆشتخۆر: تەنها ژمارەیەکی کەم و دیاریکراویان گۆشتی گیانەوەرەکانی دیکە دەخۆن، وەک مێرووەکان و بڕبڕەداری بچووک و مارمێلکە و بێ بڕبڕەدارەکان.

یەکگرتن و زۆربوون

سەرەتا بۆ دروستکردنی هێلانەکەیان، نێرەکە هەموو پێویستییەکان کە بریتین لە لق و چڵی درەختەکان کۆیدەکاتەوە و مێیەکەش هێلانەکە دروستدەکات، ئەم کارەش بە زۆری ٢-٤ ڕۆژ دەخایەنێت، وەرزی زۆربوونیشیان هەموو ساڵەکەیە واتە وەرز و کاتێکی دیاریکراویان نییە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەکرێت وەرزی زۆربوونیان دیاریکراوبێت و تەنها ماوەیەک بگرێتەوە، لە کۆمەڵەی کۆترەکاندا فرەژنی نییە و نێرینە و مێینە هاوبەشەکان بە درێژایی ژیانیان پێکەوە دەبن، لە ماوەی دڵداری کۆترەکاندا نێرینەکە کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی تایبەت ئەنجام دەدات بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکەی، وەک بەرزکردنەوەی کلکی و ئاواز خوێندن و سوڕانەوە و ڕووشاندنی زەوی بەهۆی قاچەکانییەوە یاخود چەپڵەلێدان بە باڵەکانی لەگەڵ پەلەپیتکە لێدان، نێرینە و مێینەکان دەتوانن لە ساڵێکدا ٥ جار زۆرببن، مێینەکە هەرجارێک ١-٢ هێلکە دادەنێت لە هێلانەکەدا، پاشان هەردوو نێرینە و مێینەکە لەسەری دەنیشن بۆ ماوەی ١١-٣٠ ڕۆژ، پاشان بێچووەکان هەڵدێن و دایکەکە بۆماوەی ٣٠-٤٠ ڕۆژ خۆراکیان پێدەدات.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

کۆترەکان بۆ پەیوەندیکردن لە نێو یەکتریدا کۆمەڵێک دەنگ و ئاواز دەردەکەن کە هاوکاریان دەکات بۆ دۆزینەوەی هاوبەش و ئاگادارکردنەوە لە هەبوونی مەترسی یاخود بۆ پارێزگاریکردن لە جێگەی مانەوە، کۆترەکان بە گشتی نیشتەجێن لە یەک جێگەدا و دەمێننەوە، بەڵام هەندێکیان دەکرێت کۆچ بکەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی خۆراکی باشتر یاخود بەهۆی گۆڕانی وەرزەکان، کۆتر دەتوانێت لە ڕۆژێکدا ٤٠ کم ببڕێت بەڵام سەرئەنجام و لە کۆتایی ڕۆژەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ هێلانەکەی و بۆ پاراستن و هێشتنەوەی پلەی گەرمی جەستەی بە جێگیری ئەوا سوود لە پەڕەکانی دەبینێت، لە ناوچە گەرمەکاندا بەرزی دەکاتەوە و دووری دەخاتەوە لە جەستەی.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • کۆتری نموونەیی: ئەم کۆترە نزیکەی ١٧٥ جۆر لەخۆ دەگرێت، کە بە زۆری لە ناوچە مامناوەند و کەمەرەییەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
  • کۆتری میوە: ئەمەیان ١١٥ جۆر لەخۆدەگرێت، لە وڵاتەکانی ئەفریقا و باشووری ئاسیا و ئوستڕالیا و دورگەکانی زەریای هێمندا دەژین، پەڕەکانیان ڕەنگدارن و بەتایبەتی سەوزن، پێیەکانیان کورتن، هەروەها تایبەتمەندن بەوەی کە دەنووکیان نەرمە.
  • کۆتری بازنەیی: لە ناوچەی غینیای نوێدا دەژی، دیارترین تایبەتمەندی ئەوەیە کە قەبارەکەی هێندەی مریشکێک دەبێت.
  • کۆتری پۆپنە دار: ئەم جۆرەش لە ناوچەی غینیای نوێدا دەژی و گەورەترین قەبارەی هەیە، کە قەبارەکەی دەگاتە قەبارەی کەڵەشێرێک، لە ڕێگەی ڕەنگی پەڕەکانییەوە دەناسرێتەوە کە شینێکی نزیک رەساسییە، لەگەڵ شێوەی سەری کە هاوشێوەی پەروانەیە.
  • کۆتری دەنووک ددان: دەنوکێکی تیژی هاوشێوەی ددانی هەیە و ژەمە خۆراکییەکانی بریتین لە میوە.


سەرچاوەکان

1191 بینین