پێغەمبەر عیسا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-12-24-22:36:00 - کۆدی بابەت: 7374
پێغەمبەر عیسا

ناوه‌ڕۆك

مەسیح

عیسای مەسیح کوڕی مەریەم (بە ئینگلیزی: Jesus، بە عەرەبی: عيسى بن مريم)، لە زمانی عیبریدا بە یەشووع ناسراوە و لە پەیمانی نوێدا بە "یەسووع" هاتووە، یەکێکە لە پێغەمبەرانی خوا و یەکێکیشە لە پێنج پێغەمبەرانی "اولوالعزم" لە ئایینی ئیسلامدا، خوا ناردی بۆ نەوەی ئیسرائیل و بانگی کردن بۆ یەکتاپەرستی و پەرستشی الله و بگەڕێنەوە بۆ ڕێگای ڕاست، چەندین پەرجووی پێ بەخشیووە و کتێبێکی بەناوی "ئینجیل" پێ بەخشیووە، موسوڵمانان لەدوای ناوەکەی دەستەواژەی "عليه السلام" بەکاردێنن وەک هەر پێغەمبەرێکی دیکە، ئەمەش بۆ ڕێزگرتن لێیان، باوەڕهێنان بە بوونی عیسا و هەموو پێغەمبەرانی دیکە یەکێکە لە ڕوکنەکانی ئیسلام، لە قورئاندا ٢٥ جار ناوی عیسا هاتووە.

لەدوای پێغەمبەر ئادەم و حەوای هاوژینی کە بەبێ دایک و باوک لەدایکبوون، پێغەمبەر عیسا دووەمین کەسە کە بەبێ باوک لەدایکبووە. ڕۆژژمێری زایینی لە ساڵی لەدایکبوونی ئەوەوە دانراوە و واتە ئێستا دووهەزار ساڵ زیاتر بەسەر لەدایکبوونیدا تێپەڕیووە.

لەدایکبوون

دایکی عیسا، مەریەمی کچی عیمرانی نەوەی ئیسرائیلە، مەریەم کچێکی پاکیزەی نێو پەرستگا بووە و هەموو ژیانی گەنجی و منداڵی لە خواپەرستی و خزمەتی پەرستگا بەسەر بردووە و لە ماڵی پێغەمبەر زەکەریادا گەورەبووە، ڕۆژێک لە ڕۆژان کە مەریەم لە گەشتی ناوچەی بەیت لەحم دەبێت، تووشی ئازارێکی سەخت دەبێت، لەوکاتەدا لەژێر درەختێک دادەنیشێت و خوای گەورە لە نزیکییەوە ئاوێکی لەژێر زەوییەوە بۆ دەردەهێنێت بۆ ئەوەی بیخواتەوە، دواتر دەنگێک لە ژێرەوە داوای لێ دەکات کە دەست لەو درەختە خورمایە بدات کە لە پشتیەوەیەتی، ئەویش کە دەستی لێ دەدات چەند دەنکە خورمایەک دەکەونە خوارەوە و دەیخوات، لە قورئاندا هاتووە: "فَنَادَاهَا مِن تَحْتِهَا أَلاَّ تَحْزَنِي قَدْ جَعَلَ رَبُّكِ تَحْتَكِ سَرِيًّا وَهُزِّي إِلَيْكِ بِجِذْعِ النَّخْلَةِ تُسَاقِطْ عَلَيْكِ رُطَبًا جَنِيًّا فَكُلِي وَاشْرَبِي وَقَرِّي عَيْنًا"، واتە: "له‌ ژێرێوه‌ له‌ژێر داره‌كه‌وه‌ جوبرەئیل، یاخود عیسا بانگی لێ كرد: خه‌فه‌ت نه‌خۆی، ئه‌وه‌ په‌روه‌ردگارت كانیاو و جۆگه‌له‌ ئاوێكی له‌ ژێرته‌وه‌ ده‌ركردووه‌ و تێ ئه‌په‌ڕێ، له‌و ئاوه‌ بخۆره‌وه‌، وه‌ ئه‌و قه‌دی دار خورمایه‌ ڕابوه‌شێنه‌ خورمای ته‌ڕت بۆ دێته‌ خواره‌وه‌، له‌ خورما ته‌ڕه‌كه‌ بخۆ و له‌ ئاوه‌كه‌ بخۆره‌وه‌، وه‌ چاوڕۆشنابه‌ پێی و خۆت له‌ خه‌فه‌ت دوورخه‌ره‌وه‌، وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر مرۆڤێكت بینی ئه‌وه‌ به‌ ئاماژه‌ پێیان بڵێ: من نه‌زرم كردووه‌ بۆ په‌روه‌ردگارم كه‌ خۆم بگرمه‌وه‌ له‌ قسه‌ كردن و ئه‌مڕۆ قسه‌ له‌گه‌ڵ هیچ مرۆڤێكدا ناكه‌م (وتراوه‌ له‌ به‌ڕۆژووبوونى ئه‌واندا خواردن و قسه‌ كردنیش حه‌رام بووه‌)."، سورەتی مریەم: ئایەتی ٢٤ بۆ ٢٦.

دواتر جوبرەئیل لەلایەن خواوە موژدەی منداڵێکی پێ دەبەخشێت، ئەویش دەترسێت و دەڵێت چۆن منداڵم دەبێت کە نە هاوسەرگیریم کردووە و ناشتوانم بیکەم، کەسێکی سەرپێچیکاریش نیم، جوبرەئیلیش پێی دەڵێت کە خوا توانای هەمووشتێکی هەیە.

لەو ڕۆژەدا و لە بیاباندا مەریەمی گەنج و پاکیزە منداڵێکی دەبێت و بە فرمانی خوا ناوی دەنێت عیسا، دوای چەندین ڕۆژ مەریەم دەگەڕێتەوە نێو خەڵکی، خوای گەورە فرمانی پێ دەکات کە ڕۆژووی قسەکردن بگرێت و لەگەڵ هیچکەس قسە نەکات و هەرکەس لێی پرسی ئەم منداڵەی لەکوێ بوو تەنیا ئاماژە بۆ منداڵەکەی بکات، لەگەڵ گەڕانەوەیدا زۆرینەی ڕەبەنەکانی پەرستگا کە پێشووتریش ڕقیان لێی دەبوویەوە، تۆمەتی داوێن پیسییان دایە پاڵ و تەنیا پێغەمبەر زەکەریا متمانەی پێ کرد، لەوکاتەدا مەریەم بە سەر ئاماژەی کرد کە لەگەڵ منداڵەکە قسە بکەن، ئەوانیش وتیان چۆن قسه‌ له‌گه‌ڵ منداڵێكدا بكه‌ین كه‌ منداڵه‌و تازه‌ له‌ دایك بووه‌ و له‌ناو بێشكه‌دایه‌ [ قَالَ إِنِّي عَبْدُ اللَّهِ ] به‌ ئیزنی خوای گه‌وره‌ عیسا - علیه السلام - هاته‌ قسه‌و یه‌كه‌م قسه‌ كه‌ كردى وتی: من عه‌بدو به‌نده‌ی خوای گه‌وره‌م، [ آتَانِيَ الْكِتَابَ ] له‌ داهاتوودا خوای گه‌وره‌ ئینجیلم پێ ئه‌به‌خشێ [ وَجَعَلَنِي نَبِيًّا (٣٠) ] و ده‌مكات به‌ پێغه‌مبه‌ر. [ وَجَعَلَنِي مُبَارَكًا أَيْنَ مَا كُنْتُ ] من كه‌سێكی موباره‌ك و پیرۆزو پڕ خێر و مامۆستاى چاكه ‌و به‌سوود ئه‌بم بۆ به‌نده‌كان له‌ هه‌ر شوێنێكدا بم [ وَأَوْصَانِي بِالصَّلَاةِ وَالزَّكَاةِ مَا دُمْتُ حَيًّا (٣١) ] خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی پێ كردووم و ئامۆژگاری كردووم به‌ نوێژ كردن و به‌ زه‌كات دان تا له‌ ژیاندا بم و زیندوو بم. [ وَبَرًّا بِوَالِدَتِي ] وه‌ فه‌رمانم پێ كراوه‌ به‌ چاكه‌كردن له‌گه‌ڵ دایكمدا [ وَلَمْ يَجْعَلْنِي جَبَّارًا شَقِيًّا (٣٢) ] خوای گه‌وره‌ منی وا لێ نه‌كردووه‌ كه‌سێكی لووتبه‌رزو خۆبه‌گه‌وره‌زان بم وه‌ سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ یان دایكم بكه‌م یان ئازاری دایكم بده‌م. [ وَالسَّلَامُ عَلَيَّ ] سه‌لامی خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر منه‌و پارێزراوم [ يَوْمَ وُلِدْتُ وَيَوْمَ أَمُوتُ وَيَوْمَ أُبْعَثُ حَيًّا (٣٣) ] له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ له‌ دایك بووم وه‌ له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ ئه‌مرم وه‌ له‌و ڕۆژه‌ی كه‌ زیندوو ئه‌بمه‌وه‌. :سورەتی مریەم.

ژیان

عیسای پێغەمبەر لە ٢٥ـی کانوونی یەکەم لەدایکبووە، ژیانی منداڵی لە شاری بەیتولەحمی فەڵەستین بەسەربردووە، کەسێکی زیرەک بووە و هەر لە منداڵییەوە سەرنجی پیاوانی پەرستگای بۆ خۆی ڕاکێشاوە و لە خۆی و ڕەفتارەکانی ترساون، دایکی هەمیشە پاراستوویەتی و ئاگاداری بووە، هەرکاتێکیش لە شار بڕۆشتبایە دەرەوە لەگەڵ خۆی دەیبرد بۆ ئەوەی بە تەنیا نەبێت، هەر لە گەنجیدا زیرەکی و داناییەکانی دەرکەوتن.

لە تەمەنی ٣٠ ساڵی خوای گەورە کتێبی ئینجیلی پێ بەخشی و ئەویش دەستی کرد بە بانگهێشتکردنی خەڵکی ناوچەکە بۆ یەکتاپەرستی و پەرستش و گوێڕایەڵیی، لەگەڵیشیدا خوای گەورە چەندین پەرجووی پێ بەخشیبوو بۆ ئەوەی گەلەکەی باوەڕی پێ بهێنن، وەک ئەوەی لە قوڕ باڵندەی دروست دەکرد و فووی پێدا دەکرد و دەبووە باڵندەی ڕاستەقینە، دەستی بەسەر چاوی نابینادا دەهێنا و بینایی بۆ دەگەڕایەوە، کەسی گەڕی چاکدەکردەوە، دەیزانی خەڵکی لە ماڵەوە چییان هەیە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەش کەسانێکی کەم باوەڕیان پێ دەهێنا، لەو کەسانەی ئەوێ تەنیا ١٢ کەس هاتن بەدەم بانگەوازەکەیەوە و ناویان لێ نرا "حەوارییەکان"، دوای باوەڕهێنانیشیان داوایان لە عیسا کرد و وتیان: ئایا خوای تۆ دەتوانێت سفرەیەکمان لە ئاسمانەوە بۆ دابەزێنێت و هەموو خۆراکێکی لەسەر بێت؟، عیساش پێیان دەفەرموێت نابێت بەم کارانە گومان لە هێزی خوای گەورە بکەن و ئاگاداریان دەکاتەوە، دوای نزا و داواکردنی عیسا لە خوای گەورە، سفرەیەکی ڕازاوەیان لە بەهەشتەوە بۆ دەنێرێت و دەفەرموێت کە هەرکەس لەدوای ئەمەوە باوەڕ نەهێنێت خوا سزایەکی دەدات کە هەرگیز کەس ئەو سزایەی نەچەشتبێت.

کۆچی دوایی

لەلای موسوڵمانان و مەسیحییەکان و جولەکەکان چەندین گێڕانەوە هەیە بۆ کۆچی دوایی پێغەمبەر عیسا، موسوڵمانان هەندێکیان دەڵێن، دوای ئەوەی جولەکەکان ویستوویانە پێغەمبەر عیسا بکوژن، لەلایەن خواوە بەرزکراوەتەوە بۆلای خۆی و کەسێکی جولەکە لە خۆیان خراوەتە سەر شێوەی عیسا و ئەو کوژراوە، لە ڕۆژی دواییشدا پێغەمبەر عیسا دەگەڕێتەوە.

هەندێکی دیکەش دەڵێن مەبەستی خوا لە بەکارهێنانی ڕستەی "اني قابضك من الارض فرافعك الي" ئەوەیە کە گیانی لێ سەندووەتەوە و وەک هەر مرۆڤێکی دیکە مردووە و لە ڕۆژی دوایی دووبارە زیندوو دەکرێتەوە.

مێژوونووس و زانا و جولەکە مەسیحییەکانیش پێیان وایە عیسا لە خاچ دراوە و کوژراوە، هەندێک زانای موسوڵمانیش هەن کە باوەڕیان وایە لە خاچ دراوە، بۆ نموونە شەبیر عەلی دەڵێت: "عیسا لە خاچ دراوە، بەڵام نەمردووە، چونکە لەخاچدان ئەندامێکی سەرەکیی جەستەی تێدا ناکوترێت و دوای ئەوەی عیسا هێنراوەتە خوارەوە خوای گەورە بۆلای خۆی بەرزی کردووەتەوە و نەمردووە."

ئاماژە بۆ کۆتا پێغەمبەر

موسڵمانان پێیان وایە عیسا ئاماژەی بە محەمەد (دروودی خوای لەسەربێت) کردووە و ڕایگەیاندووە کە پەیامنێرێک لەدوای ئەو دێت و ئەمەشیان لەسەر  ئەو ئایەتە قورئانییە داڕشتووە کە دەفەرموێت: کە عیسا باسی پەیامبەرێک دەکات بە ناوی ئەحمەدەوە "يأتي من بعده اسمه أحمد".

ئیسلام ناوی ئەحمەدی بە محەمەدەوە بەستوەتەوە و هەردوو ناوەکەش لە ڕەگی (ح،م،د)ـەوە هاتوون کە واتای سوپاس و ستایش دەگەیەنن. موسڵمانان سوورن لەسەر ئەوەی کە لێدوانەکەی عیسا لە پەیمانی نوێدا هەیە، ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ڕاستیدا وشەی parakletos خۆی periklutos  و بە واتای درەوشاوە و شایەن و شایستە دێت و مەسیحییەکان هەستاون بە گۆڕینی بۆ parakletos.

عیسا لەلای مەسیحییەکان

لە ئایینی مەسیحیدا بەپێی پەیمانی نوێ، یەسووع ئەو مەسیحەیە کە جولەکەکان لە پەیمانەکانی پێشووتردا چاوەڕێیان دەکرد، چەندین ناسناوی دیکەشی هەیە و کەسێکی مەعسووم و کامڵە و هەرگیز هەڵە ناکات، لەلای مەسیحییەکان بەشێوەیەکی پەرجووئاسا لە پاکیزەیەک لەدایکبووە و چەندین کاری چاکە و پەرجووی هەبووە و ئامۆژگاری خەڵکی لەسەر کاری چاک کردووە، کڵێسای دروست کردووە بۆ پەرستش و دواتریش لە خاچ دراوە بۆ ئەوەی گوناهی جیهانیان بپۆشێت. دواتریش لە گۆڕ و لەنێو مردووان هەستاوەتەوە و بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان و لە ڕۆژی دوایی دەگەڕێتەوە بۆلای باوەڕداران و دەبێتە کۆتا پەیامی ئاسمانی و پەیمانێکی نوێ دروست دەکاتەوە.

باوەڕدارانی مەسیحی پێیان وایە مەسیح هێز و کوڕی خوایە لە جەستەی مرۆڤدا کە لە جەستەی مەریەمەوە وەریگرتووە و لەبەرئەوەش شایەنی پەرستنە.

هەندێک بەڵگە لەسەر ئەوەی مەسیح لە ٢٥ـی کانوونی یەکەم لەدایک نەبووە

سەرەڕای ئەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەر عیسا لە ٢٥ـی ١٢ـی هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، بەڵام چەندین گێڕانەوەش هەن کە دەوترێت ئەو ڕێکەوتە هەڵەیە و تەنیا وەک ئاماژەیەک دانراوە و لەگەڵ مێژووی کۆندا یەکناگرێتەوە:

۱.ئینجیلی مەتتا بەشی ۲ دێڕی ۱ بۆ ۲۰.. دەڵێت کە عیسا پێش مردنی هیرۆدی گەورە لەدایکبووە، بەڵام هیرۆدی گەورە چوارساڵ پێش دانانی تاریخی مەسیحی مردووە.

۲. ئینجیلی لوقا، ساڵی پانزە لە حوکمی طەیبەریوس کە عیسا تەمەنی بوو بە سی ساڵ دەستی کرد بە دەعوا.. بەپێی ئەو مێژووە بێت ئەکاتە ساڵی ۷٤۹ ی تاریخی ڕۆمی لەدایک بووەو ساڵی ۷۷۹ی تاریخی ڕۆمی دەستی کردووە بە دەعوا.. کە ئەمەش چوار ساڵ پێش ئەو تاریخی زاینیە ئەکات کە ئێستا دانراوە، چونکە تاریخی زاینی لە ۷٥۳ ی تاریخی ڕۆمی دا دانراوە.

۳.لەناو ئینجیلی لۆقادا دەڵێ قەیسەر ئۆغستس فەرمانی کرد ناونوسی خەڵک بکرێت، وە ئەو ناونوس کردنەش لەکاتێکدا بووە کە “کیرنیۆس” پارێزگاری سوریا بووە، بەپێی کۆدەنگی موئەرریخە مەسیحیەکان دەڵێن ئەمە لەسەردەمی ساتۆرنیسا ڕووی یاوە کە ۷ ساڵ پێش میلاد بووە پێش دانانی تاریخی مەسیحیەت.. کە لەوکاتەدا بەپێی ئینجیل دەڵێت مەریەم و یوسف هاتنەوە بۆ ناوشار تا ناونوسی خۆیان بکەن لەو کاتەدا مەریەم سکی پڕ بوو بە عیساوە.

٤.لە ئینجیلدا دەڵێت دوو ئاگر پەرست ڕووناکیەک دەبینن لە ئاسمان کە ئەستێرەیەکی زۆر گەشی پڕشنگدار بووە وتویانە ئەمە ئاماژەیە بەلەدایک بوونی پێغەمبەرێکی مەزن، هەتا هاتوون بۆلای پاشا هیرۆدس، و مناڵە تازە لەدایک بووەکە کە عیسایە بینیویانە. فەلەکناسێکی گەورەی ناودار بەناوی “کیڵەر”ەوە دەڵێت هۆکاری ئەو ڕووناکیە بەهۆی کەوتنە سەر هێڵی هەردوو هەسارەی موشتەری و زوحەل لەسەر یەک هێڵ بۆیە بەیەکەوە وەکو یەک ڕووناکی پڕشنگدار دەرکەوتووە، وە دەڵێت ئەم ڕووداوە لە ساڵی ۷٤۷ ی ڕۆمانی ڕوویداوە واتە شەش بۆ حەوت ساڵ پێش دانانی تاریخی زاینی عیسا علیە سلام لەدایک بووە.

ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەڕیتانی لە ۲۰۰٨/۱۲/۱۰ دەڵێت: ئەو ڕێکەوتەی کە دانراوە بۆ لەدایکبوونی مەسیح دروست نییە و یەکناگرێتەوە لەگەڵ ڕووداوە فەلەکیەکان و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان، بەڵکو لەدایک بوونی مەسیح شەش ساڵ پێش ئەو مێژووە دانراوەیە و ئەمەش زانای ئوستوڕالی “دیڤڕینکی” پشتڕاستی دەکاتەوە کە زانایەکی گەردوونناسە کە دەڵێت:- “ئێمە هێندە ئامێری پێشکەوتومان لایە کە دەتوانین شێوە و بارودۆخی ئاسمان بگێڕینەوە بۆ ئەو شەوانەی کە عیسای تێدا لەدایکبووە و بزانین ئەو ئەستێرە ڕووناکەی کە دەرکەوتووە چی بووە.. هەروەها دەڵێت لە ١٧ـی حوزەیران لەدایکبووە".


سەرچاوەکان



14638 بینین