پێنج گرنگترین دراوەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - ماریا عەبدولڕەحمان - به‌روار: 2022-01-02-21:54:00 - کۆدی بابەت: 7475
پێنج گرنگترین دراوەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

دراوە گرنگەکانی جیهان

دۆلاری ئەمریکی

دۆلاری ئەمریکی بە یەکێک لە دراوە گرنگەکانی جیهان دادەنرێت، ئەم دراوە کۆدی (USD) پێدراوە و هێمای ($) هەیە، لە ڕیزبەندی ئەو دراوانە هەژماردەکرێت کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت بەشێوەیەک دەتوانرێت لەگەڵ سەرجەم دراوە سەرەکییەکانی تر بە ئاسانی ئاڵوگۆڕی پێوەبکرێت، پێویستە هەموو وڵاتێک لە بانکی ناوەندی خاوەنی یەدەگی دراو بێت، دۆلاری ئەمریکی بە دراوێکی جیهانی یەدەگی نافەرمی دادەنرێت لە وڵاتان، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان لەبری دراوی ناوخۆیی پشت بە دۆلاری ئەمریکی دەبەستن، هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دۆلاری ئەمریکی دراوێکی پەسەند کراوە لە جیهاندا، سەرەڕای ئەمەش هەندێک لە وڵاتان لەبری دراوی فەرمی وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی نا فەرمی پشت بەم دراوە دەبەستن ئەمەش هۆکارێکە بۆ پارێزگاری کردن لە دراوە فەرمییەکەی وڵات.

یۆرۆی ئەوروپی

لە دوای دۆلاری ئەمریکی یۆرۆی ئەوروپی زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت، لە هەمان کاتدا دووەمین گەورەترین یەدەگی دراوە لە جیهاندا، لە ساڵی ١٩٩١ یۆرۆ چووەتە ناو بازاڕی جیهانەوە ئەم دراوە کۆدی (EUR) پێدراوە وهێمای () هەیە، یۆرۆ بە دراوی فەرمی وڵاتانی ئەوروپا دادەنرێت و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقا دراوەکەیان بە یۆرۆ وە پەیوەست کردووە ئەمەش بۆ جێگیری نرخی ئاڵوگۆڕکراوی یۆرۆ دەگەڕێتەوە.

یەنی یابانی

یەنی یابانی دراوی فەرمی وڵاتی یابانە سێیەم دراوە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت لە جیهاندا، ئەم دراوە کۆدی (JPY) پێدراوە و هێمای (¥) هەیە و سێیەم گەورەترین یەدەگی دراوە لە جیهاندا، بە جۆرێک لە ٪٤.٩ ی یەدەگی دراوە جیهانییەکان بریتییە لە یەن، ئەم دراوە پشت بە هێزی ئابووری یابان دەبەستێت بە تایبەت پیشەسازییە گۆڕاوەکان کە بەشێوەیەکی سەرەکی هەناردە دەکرێن ئەوانیش وەک: ئۆتۆمبێل و پارچەکانی ئۆتۆمبێل، کوتاڵ، کەشتییەکان، ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان.

پاوەند

پاوەند بە دراوی فەرمی و ئاڵوگۆڕکراوی شانشینە یەکگرتووەکان و چەند ناوچەیەکی دیکەی سەر بە شانشینەکە دادەنرێت وەک: (ناوچەکانی بەریتانیا و جۆرجیای باشوور)، ئەم دراوە کۆدی (GBP) پێدراوە و هێمای (£) هەیە، مێژوویەکی کۆنی هەیە و تاکوو ئێستاش بە کۆنترین دراوی جیهان دادەنرێت، لە ڕیزبەندی چوارەمی ئەو دراوانەیە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت، لە ٪١٣ـی قەبارەی ئاڵوگۆڕی ڕۆژانە پێکدەهێنێت هەروەها چوارەم گەورەترین یەدەگی دراوی جیهان پێکدەهێنێت کە دەکاتە ٪٤.٥ یەدەگی جیهان.

فڕانکی سویسری

کۆدی (CHF) پێدراوە و دراوی فەرمی وڵاتی سویسرایە، ئەم دراوە بەوە جیا دەکرێتەوە کەدراوێکی قورس و متمانە پێکراوە بە پێچەوانەی هەندێک دراوی تر، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەشێوەیەکی فراوان ئاڵوگۆڕی پێوەبکرێت، فڕانکی سویسری یەکێکە لەو دراوانەی بە شێوەیەکی یاسای دەتوانرێت وەک یەدەگ پارێزگاری لێبکرێت لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، پێنجەم دراوە کە زۆرترین ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت بە جۆرێک لە جیهاندا یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە ٠.٩٥١ فڕانکی سویسری مامەڵەی پێوەدەکرێت.


سەرچاوەکان



1808 بینین