کیلیان ئێمباپێ

له‌لایه‌ن: - دەرو کەمال - به‌روار: 2022-01-04-00:04:00 - کۆدی بابەت: 7489
کیلیان ئێمباپێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

کیلیان ئێمباپێ لۆتین (بە ئینگلیزی: Kylian Mbappé Lottin) یاریزانی پیشەگەری فەڕەنسی و هێرشبەری یانەی (پاریس ساینت جێرمان) لە ٢٠ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨ لە شاری پاریس لە فەڕەنسا هاتووەتە دنیاوە، باوکی (وێڵفرێد لاماری) کامیرۆنییە و دایکی (فەیزە لاماری) نەیجیریە و یاریزانی تۆپی بالە بووە، هەر لە تەمەنی شەش ساڵییەوە باوکی دەست دەکات بە ڕاهێنانکردن بە کوڕەکەی و ئێمباپێ پەیوەندی دەکات بەیانەی (بۆندی) فەڕەنسی و ماوەیەك لەو یانەیە تواناکانی بەرەو پێش بردووە، دواتر پەیوەندی کردووە بەیانەی (کڵێر فۆنتەین) کە یانەیەکە تایبەتە بە ڕاهێنان پێکردنی منداڵ و گەنجەکان، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەو یانەیە، ئێمباپێ بووەتە جێی تێڕامانی یانە گەورەکان، وەک یانەکانی (ڕیاڵ مەدرید) و (مانچستەر سیتی) و (بایەرن میونخ) و (لیڤەرپوڵ). دواتر پەیوەندی کردووە بە یانەی (مۆناکۆ) کە لە خولی نایابی فەڕەنسی بووە، ئێستاش بۆ یانەی (پاریس ساینت جێرمان) یاری دەکات کە یەکێکە لە باشترین یانەکانی جیهان و ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و خاوەنی چەندەها گۆڵ و گۆڵ دروستکردن و ڕیکۆردە. بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشی کردووە، میدیاکانی جیهان ئێمباپێ بە هەریەك لە (تێری هێنری( و (پیلێ) دەچوێنن کە دوو یاریزانی تۆپی پێی ناودار بوون.

خەڵاتە تاکە کەسییەکان

  1. باشترین یاریزانی لاوی ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ و ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ لە خولی فەڕەنسی.
  2. خەڵاتی (کوڕی ئاڵتوونی) لەلایەن ڕۆژنامەوانانی تۆپی پێ.
  3. خەڵاتی (کۆپا) بۆ باشترین یاریزانی خوار ٢١ ساڵ.

گۆڵ و ئەنجامەکان تاکوو ساڵی ٢٠٢١

ژمارەی گۆڵکردن ژمارەی گۆڵ دروستکردن یانە
٣١ گۆڵ ١٨ گۆڵ مۆناکۆ 
١٤٧ گۆڵ ٧٦ گۆڵ پاریس ساینت جێرمان
٢٤ گۆڵ ٤ گۆڵ فەڕەنسا
کۆی گشتی = ٢٠٢ کۆی گشتی = ٩٨  

باری خێزانی

ئێمباپێ ژیانی هاوسەرگیری پێک نەهێناوە، برایەکی هەیە لە خۆی گەورەتر بەناوی (ئیکۆکۆ) کە ئەویش یاریزانێکی پیشەگەری تۆپی پێیە، لەلایەن باوکییەوە بە منداڵی هەڵگیراوەتەوە، و برایەکی بچووکتریشی لە خۆی هەیە بەناوی (ئیسن)، لە تیمی ١٢ ساڵانی یانەی (پاریس ساینت جێرمان) یاری دەکات، شێوازی ئاهەنگێڕانی ئێمباپێ لەلایەن ئیسنی برایەوە دۆزراوەتەوە.


سەرچاوەکان



733 بینین