بۆچی لە گەرماودا گۆرانی دەڵێین؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-04-14:29:00 - کۆدی بابەت: 7494
بۆچی لە گەرماودا گۆرانی دەڵێین؟

ناوه‌ڕۆك

گەرماوکردن

گەرماو شوێنێکی تایبەتە بۆ پاککردنەوەی جەستە و شۆردنی، لەگەڵ هەندێک تایبەتمەندی تر کە بۆ شۆردنی هەندێک کەرەستەی تریش بەکاردێت، بەڵام لەگەڵ هەموو سوودە ماددییەکانیدا، گەرماو شوێنێکە کە زۆرێک لە خەڵکانی جیهان تێیدا گۆرانی دەڵێن، کە زۆرینەی کات لای خۆیشیان جێگەی پرسیارە بۆچی تەنیا لە گەرماودا گۆرانی دەڵێن؟

هۆکاری گۆرانی وتن لە گەرماو

بەپێی توێژینەوەیەک، نهێنییەکە ئەوەیە کە لە گەرماودا زۆر حاڵەتی پشوودان بۆ مرۆڤ ڕەخساوە، وەک شوێنێکی داخراو و گەرم و بێدەنگ، هەروەها گەرماو یەکێکە لەو کاتانەی کە مرۆڤ بە تەنیایە و لەگەڵ خۆیدا دەمێنێتەوە و دوورە لە هەموو بێزارکردنێکی دەرەکی، بەدڵنیاییشەوە گۆرانی وتن وەک کاردانەوەیەکە بۆ ئەو حاڵەی کە مرۆڤ تێیدایە، بەڵام زۆرینەی خەڵکی بەهۆی نەبوونی دەنگێکی خۆشەوە لە کاتەکانی تردا گۆرانی ناڵێن و تەنیا لە کاتی خۆشۆردندا دەست دەکەن بە گۆرانی وتن.

ئەو هەستە ئاسوودەییەی لە گەرماو دروست دەبێت دەردانی دۆپامین زیاد دەکات، کە یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنەرانە بە شێوەیەک کە هانی گۆرانی وتن بدات. ئەگەر گەرماوکردنەکەت بەدڵ بێت ئەم دەردانە زیاتر دەبێت و زیاتر پاڵنەرە بۆ گۆرانی وتن و ئەوەش زیاتر دۆخەکە خۆش دەکات، چونکە گۆرانی وتنەکە دەبێتە هۆی هەناسەدانی باشتر، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتربوونی جووڵەی ئۆکسجین بۆ خوێن و باشتربوونی سوڕی خوێن کە میزاج و دەروون و تەندروستی مرۆڤ باشتر دەکات و وزەی پێ دەبەخشێت، گۆرانی وتن لە گەرماودا هانی خەڵک دەدات بۆ هەناسەدانی زیاتر لە ژێر ئاودا و دەکرێت بە جۆرێک لە تێڕامانی قووڵیش دابنرێت، بە تایبەتی کە لەم حاڵەتەدا مرۆڤ دوورە لە دڵەڕاوکێ و نزیکترین شوێنە بۆ لەبیرچوونەوەی کێشەکانی و زیاتر بیر لە خۆشۆردنەکەی دەکاتەوە.

کاریگەری دەنگی یەکێکی ترە لە هاندەرەکان بۆ گۆرانی وتن، چونکە بچووکی گەرماو و داخراوییەکەی دەبێتە هۆی ڕاگیرکردنی دەنگ و دیوارەکان شەپۆلەکانی دەنگ هەڵنامژن، بەوەش دەنگ لە ساتی ئاسایی خۆی خۆشتر دەردەکەوێت. بە کورتی مرۆڤ بۆیە لە گەرماودا گۆرانی دەڵێت چونکە لەوێ کەسێکی تەنیایە و کەس ناتوانێت بڵێت ئاستت لاوازە، دەنگی خۆشترە و چێژ لە تەنیاییەکەی دەبینێت و خزمەتی خۆی دەکات، گۆرانیش دڵەڕاوکێ و بێزارییەکانی لێ دووردەخاتەوە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. 


سەرچاوەکان



874 بینین