لیواندۆوسکی

له‌لایه‌ن: - دەرو کەمال - به‌روار: 2022-01-07-00:44:00 - کۆدی بابەت: 7520
لیواندۆوسکی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ڕۆبەرت لیواندۆوسکی (بەئینگلیزی: Robert Lewandowski) یاریزانی پیشەگەر و کاپتنی هەڵبژاردەی پۆڵەندی و هەروەها هێرشبەری یانەی بایەرن میونخ لە ٢١ی ئابی ساڵی ١٩٨٨ لە شاری وارشۆی وڵاتی پۆڵەندا هاتووەتە دنیاوە. باوکی (کریستۆڤ لیواندۆوسکی) پاڵەوانی نێودەوڵەتی یاری جودۆ بووە و هەروەها یاریزانی تۆپی پێش بووە، دایکیشی (لۆنا لیواندۆوسکی) یاریزانی یانەی وارشۆ بووە و جێگری سەرۆکی یانەی پارتیزانت لێزنۆ بووە.

ژیانی پیشەگەری لیواندۆوسکی لە یانەی ڤارسۆڤیا وارشۆ دەستی پێ کردووە، کە بۆ ماوەی ٧ ساڵ یاری بۆ ئەو یانەیە کردووە، دواتریش پەیوەندی کردووە بە یانەی دێلتا وارشۆ، لە دوای هەوڵدانێکی زۆر توانیویەتی سەربکەوێت بۆ تیمی یەکەمی یانەکە.

لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨ پەیوەندی کردووە بە یانەی زنیک پروزکۆ و بووە بە گۆڵکاری خولی پلەسێ بە ١٥ گۆڵ، لە ساڵی دواتریش توانیویەتی ببێ بە گۆڵکاری خولی پلە دوو بە ٢١ گۆڵ و سەرنجی میدیاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

لە ساڵی ٢٠١٠ بە ٤.٥ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی کردووە بە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند، یەکەم گۆڵیشی لەو یانەیە بەرامبەر یانەی شاڵکە تۆمارکردووە.

لە ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ سەرکەوتوو بووە لەوەی یانەکەی قایل بکات تاکوو بە سەرەکی یاری بکات، لە هەمان ساڵیشدا ٢٢ گۆڵی کردووە و ٦ گۆڵی دروست کردووە، بەڵام دەرکەوتن و بەناوبانگ بوونی لیواندۆوسکی لە ساڵی ٢٠١٣ بووە، کاتێك بووە بە یەکەم یاریزان کە لە نیوەی کۆتایی لە یەک یاریدا ٤ گۆڵ تۆماربکات، هەر چوار گۆڵەکەش بەرامبەر یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە، یانەکەشی سەرکەوتووە بۆ گەڕی کۆتایی خولەکە بەڵام بەرامبەر یانەی بایەرن میونخ جامەکەی لە دەستداوە، لە دوای ئەوەی ساڵێکی دیکەش بۆ ئەو یانەیە یاری کردووە، بۆ ماوەی ٥ ساڵ بۆندی مۆرکردووە لەگەڵ یانەی بایەرن میونخ، هەروەها لە یەکەم ساڵدا ٢٥ گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە، لە وەرزی ٢٠١٥-٢٠١٦ ڕیکۆردێکی مێژوویی تۆمار کردووە و ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە، ئەویش بە تۆمارکردنی ٥ گۆڵ لەماوەی ٩ خولەکدا، لە وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ لە کۆتاییدا سەرکەوتوو بووە لەوەی جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەگەڵ یانەکەی بەدەست بهێنێت، بە ١٥ گۆڵ، گۆڵکاری خولەکە بووە.

خەڵاتە تاکە کەسییەکان

  • باشترین یاریزانی پۆڵەندی لە ساڵەکانی ٢٠١١-٢٠١٢-٢٠١٣-٢٠١٤-٢٠١٥-٢٠١٦-٢٠١٧-٢٠١٩-٢٠٢٠.
  • باشترین وەرزشەوانی پۆڵەندی ٢٠١٥.
  • باشترین گۆڵکاری ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن ڕێکخراوی (IFFHS). 
  • باشترین یاریزانی بۆندسلیگا وەرزی ٢٠١٦-٢٠١٧.
  • گۆڵکاری پاڵاوتنەکانی جامی جیهانی ٢٠١٨ بە ١٦ گۆڵ.

گۆڵ و ئەنجامەکان تاکوو ساڵی ٢٠٢٢

یانە ژمارەی گۆڵکردن ژمارەی گۆڵ دروستکردن
زنیک پروزکۆ ٢١ گۆڵ ١ گۆڵ
لێک پۆزنان ٤١ گۆڵ ٢٠ گۆڵ
بڕووسیا دۆرتمۆند ١٠٣ گۆڵ ٤٢ گۆڵ
بایەرن میونخ ٣٢٤ گۆڵ ٦٨ گۆڵ
هەڵبژاردەی پۆڵەندا ٧٤ گۆڵ ٢٧ گۆڵ
  کۆی گشتی= ٥٦٣ گۆڵ کۆی گشتی= ١٥٨ گۆڵ

باری خێزانی

لیواندۆوسکی لە ساڵی ٢٠١٣ ژیانی هاوسەری لەگەڵ (ئاننا لیواندۆوسکی) پێك هێناوە، کە یاریزانی یاری کاراتییە و مەدالیای بڕۆنزی ساڵی ٢٠٠٩ لە جامی جیهانی بەدەست هێناوە، لە ساڵی ٢٠١٧ کچێکیان بووە بە ناوی (کلارا)، و لە ساڵی ٢٠٢٠ کچێکی دیکەشیان هاتووەتە دنیاوە بە ناوی (لاورا)، هەروەها تاقە خوشکێکی هەیە بە ناوی (میلێنا) کە یاریزانی یاری بالەیە.

لیواندۆوسکی پەیڕەو و شوێنکەوتووی ئاینی مەسیحی و ڕێبازی کاسۆلیکییە.

 


سەرچاوەکان



449 بینین