بیروباوەڕی هەڵە و دەرەمۆک لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسی (HIV) و ئایدز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-08-23:06:00 - کۆدی بابەت: 7533
بیروباوەڕی هەڵە و دەرەمۆک لەبارەی گواستنەوەی ڤایرۆسی (HIV) و ئایدز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

زۆربەی خەڵک پێیان وایە نەخۆشیی ئایدز لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە هەر قۆناغێکی تووشبوون بە ڤایرۆسیHIVـدا تەنیا ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە. ئەگەر کەسی تووشبوو بە ئایدز کەسێکی تر تووش بکات ئەوا کەسەکە تووشی ڤایرۆسی HIV دەبێت نەک ڕاستەوخۆ تووشی نەخۆشیی ئایدز ببێت.

ئەو ڕێگەیانەی کە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازێتەوە بریتین لە:

  • خوێن
  • تۆواو
  • شلەی پێش تۆواو
  • شلەی دەردراوی زێ
  • شلەی دەردراوی کۆم
  • شیری مەمک

بیروباوەڕە هەڵەکان (دەرەمۆک)

هەندێک بیروباوەڕی هەڵە و دەرەمۆک هەن لەبارەی ڕێگەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی HIV، کە ڕاستکردنەوەیان و تێگەیشتن لە هەڵە و دروستی ئەم بیروباوەڕانە، یارمەتیدەر دەبێت لەوەی کە چ کاتێک پێویست بە نیگەرانی و سەردانکردنی پزیشک دەکات. 

ئەم ڕێگەیانەی خوارەوە ناتوانن ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر بگوازنەوە:

  • تەوقەکردن
  • باوەش
  • ماچی ئاسایی
  • ماچی ناودەم
  • دەستدان لە پێست
  • پژمین
  • هاوبەشیپێکردنی توالێت لەگەڵ کەسێک کە تووشبووە
  • هاوبەشیپێکردنی خاولی
  • هاوبەشیپێکردنی کەلوپەلەکانی خواردن، وەکوو کەوچک و چەتاڵ و ...هتد
  • بووژاندنەوەی دەم بە دەم (هەناسەپێدان)
  • هەر بەرکەوتنێکی ئاسایی
  • دەستدان لە فرمێسک، لیک، میز، یان پیساییی کەسی تووشبوو
  • مێروو و مەگەزەکان ناتوانن ڤایرۆسەکە تووشی کەسێک بکەن، یان لە یەکێک بۆ یەکێکی تری بگوازنەوە
  • ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی ئاوی پیس و خواردنی پیسەوە تووشی کەس نابێت، چونکە ناتوانێت لەدەرەوەی جەستەدا بژیت

هەندێک بیروباوەڕی هەڵەی تر

یەکێک لە بیروباوەڕە هەڵەکان ئەوەیە کە ئەو جووتە و هاوسەرانەی کە هەردووکیان تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، پێویست ناکات خۆیان لە یەکتر بپارێزن، بەڵام ڕاستەییەکەی ئەوەیە کە پێویستە خۆیان لە یەکتر بپارێزن چونکە چەند جۆرێکی جیاوازی ڤایرۆسەکە بوونی هەیە و ئەگەر دوو کەسەکە بە جۆری جیاوازی ڤایرۆسەکە تووش بووبن ئەوا دەتوانن یەکتری تووش بکەنەوە، ئەم دووبارە تووشبوونەوەیەش (بە ئینگلیزی: Reinfection) چارەسەرکردن زۆر زەحمەت دەکات. بەڵام ئەگەر دوو تووشبووەکە لە حاڵەتی باری تێبینی نەکراوی ڤایرۆسیدا بن، واتە ژمارەی ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا زۆر کەم بێت و کۆنترۆڵکراو بێت، ئەوا ڕەنگە خۆپاراستن زۆر پێویست نەبێت. 

بیروباوەڕێکی هەڵەی تر ئەوەیە کە ڤایرۆسەکە بەهۆی سێکس لەڕێی دەمەوە ناگوازرێتەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە گواستنەوە بەم ڕێگەیە زۆر کەمە بەڵام هەر ئەگەری هەیە، بۆیە خۆپاراستن پێویستە.

بیروباوەڕێکی هەڵەی تر ئەوەیە کە خوێن گواستنەوە دەتوانێت ڤایرۆسەکە بگوازێتەوە، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر دەگمەنە چونکە کەسی بەخشەر پشکنینی تەواوی بۆ هەموو جۆرە میکرۆبێک بە ڤایرۆسی HIVـیشەوە بۆ دەکرێت.

پوختە 

نەخۆشیی ئایدز یان کۆتا قۆناغی تووشبوون بە HIV ناتوانرێت بگوازرێتەوە، بەڵام دەتوانێت ڤایرۆسی HIV بڵاوبکاتەوە. 

ڤایرۆسەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا ئەگەری گواستنەوەی زۆرە، چونکە بڕی ڤایرۆسەکە لە خوێندا زۆرە و لەوانەشە کەسە پێی نەزانێت کە تووشبووە. 

لەهەر قۆناغێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV و بە هەر ڕێگەیەکی لەباری گواستنەوە، دەکرێت ڕێگری لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە بکرێت ئەگەر کەسەکە بگاتە حاڵەتی باری تێبینی نەکراوی ڤایرۆسی (بە ئینگلیزی: Undetected viral load) کە لەم حاڵەتەدا تووشبوونەکە کۆنترۆڵکراوە و ڕێژەی ڤایرۆسەکە لە جەستەدا زۆر کەم دەبێت، ئەمەش تەنیا بە وەرگرتنی چارەسەری بەردەوام بەدەست دێت و لە حاڵەتی وەرنەگرتنی چارەسەردا دووبارە بڕی ڤایرۆسەکە زیاد دەبێتەوە.

پارێزگاریی پێش بەرکەوتن (بە ئینگلیزی: PrEP)ـیش دەتوانێت ڕێگری لە گواستنەوە و تووشبوونی ڤایرۆسەکە بکات.


سەرچاوەکان



1242 بینین