دەروونشیکاری

له‌لایه‌ن: - کاوان کامەران - به‌روار: 2022-01-11-14:24:00 - کۆدی بابەت: 7562
دەروونشیکاری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دەروون شیکاری یاخود سایکۆئەنالێسس (psychoanalysis) لە دوو بڕگە پێکهاتووە سایکۆی یۆنانی بە واتای دەروون و ئەنالێسس بە واتای شیکاری، دەروون شیکاری چاوی لەسەر ڕوانینەکانی ناخی مرۆڤ و لێکدانەوەی دەروون و خوێندنەوەی ڕەفتار و گوفتارەکانی مرۆڤە، وەک هەوڵێک بۆ دۆزینەوە و تێگەشتن و چارەسەرکردنی ئەو گرێ دەروونیانەی مرۆڤ بەدەستییەوە دەناڵێنێت و ڕێگرن لە بەردەمیدا بۆ بەرەوپێش چوون و گەشە کردن، یاخود بوونەتە مڵۆزمێک بەسەر سەرییەوە و نایەڵن شەو خەو بچێتە چاوی و ڕۆژ پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەری ببەستێت، هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی ئەو زامانەی دەروون کە تاک خۆی توانای درک کردنییانی نییە، لە ئەمڕۆدا زیاد لە 76 ڕێکخراوی و قوتاخانەی دەروون شیکاری لە جیهاندا بوونیان هەیە.

مێژووی دەروون شیکاری

لە سەرەتای سەدەی بیست لەلایەن سیگمۆند فرۆیدی نەمساوی بەڕەچەڵەك جوولەکە و خوێندکارەکانییەوە دامەزرێنرا، یەکەم ڕێکخراوی دەروون شیکاریان لەساڵی ١٩٠٢ دامەزراند بە ناوی کۆمەڵەی دەروون شیکاری، دواتر ناوی گۆڕدرا بۆ کۆمەڵەی دەروون شیکارانی ڤییەننا، یەکەمین کۆنگرەی نێودەوڵەتی دەروون شیکاری لە ساڵی ١٩٠٨ لە سازلبۆرگ ئەنجامدرا، دواتر لە ساڵکانی ١٩١١ و ١٩١٣ کەرتبوونێک لە ناو کۆمەڵەکەدا دروست بوو کاتێک هەریەک لە کارڵ گۆستاڤ یۆنگ و ئالفرێد ئادلەر ناڕازی بوون بە زیادەڕەوییەکانی فرۆید دەربارەی سەنتەری بوونی سێکس و لێکدانەوەی هەموو جوڵەیەکی منداڵ وەک حەزێکی سێکسی و لە بەرامبەردا بایەخدان بە ئیگۆ (من) و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەستی کۆمەڵگە.

هەرچەندە فرۆید دامەزرێنەر و گەورە بیریاری ئەم بوارەیە، ئێستا و دوای زیاد لە هەشتا ساڵ لە مردنی، زۆر لە ڕاکانی پشتی پێ دەبەسترێت بۆ چارەسەری دەروونی بەڵام قوتابی و شارەزایانی ئەم بوارە دوای خۆی گۆڕانکاری گەورە و پەرەپێدانی گەورەیان هێناوە بەسەر بوارەکەدا، کۆمەڵێک لە ڕاکانی ڕەتکراوەتەوە یان لێکدانەوەی نوێیان بۆ کراوە چ بەهۆی ئەوەوە بێت بۆ هەموو سەردەمێک ناگونجێت یاخود ڕەنگدانەوەی گرێ دەروونییەکانی خۆی بووبێت.

ڕاوبۆچوونی جیاواز دەربارەی دەروون شیکاری

لە دوای فرۆید قوتابی و هاوڕێکانی ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەبوو دەربارەی مرۆڤ و دەروون، ئەمانەی لای خوارەوە گرنگترینیانن:

  • دەروون شیکاری تاک – ئالفرێد ئادلەر (1870-1938)
  • دەروون شیکاری شیکاری – کارڵ گۆستاف یۆنگ (1875-1961)
  • شۆکی سیاسی – ئاتۆ رانک (1884-1939)
  • یەکانگیربينی تاک و کۆمەڵگا – ئیریک فرۆم (1900-1980)
  • ئاسایشی دەروونی – کارین هۆرنی (1885-1952)
  • پەیوەندی نێوان تاکەکان – هاری ستاک سۆلڤان (1892-1945)
  • بەربەرێکانێی دایک و منداڵ – میلینی کڵاین (1882-1960)
  • ئیگۆ و بەرگری کردنی لە پێویستییە سەرەتاییەکان – ئاننا سیگمۆند فرۆید (1895-1982)

هەرچەندە ڕاجیاییەکی زۆر هەیە لە زانستی بوونی دەروون شیکاری، زۆرێک لە زانایانی دەروونناسی ڕایان وایە زانست نییە بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر ناوەندە زانستییەکاندا بەتایبەت بەسەر زانستی دەروونناسییەوە هەیە، هەندێک جار دێتە دەرەوە لە ژووری چارەسەر و سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ ڕەخنەی ئەدەبی، شیکردنەوەی فیلم، ئەفسانە و بیروڕا فەلسەفییەکان وەک تیۆریای مارکسیزم و داروینیزم و فرۆیدیزم.

بوارەکانی دەروون شیکاری

دەروون شیکاری بە هەموو قوتابخانە جیاوازەکانییەوە لە سێ بواردا کار دەکرێت:

  • ڕێگەیەکە بۆ دەرۆزەکردن بە ناو مێشکدا.
  • ڕێگەیەکی ڕێسا دانراوە بۆ تێگەشتن لە دەروون.
  • بۆ چارەسەرکردنی ئاریشەکانی دەروون.

مەرج و ڕێگاکانی دەروون شیکاری

دەروون شیکاری کۆمەڵیک ڕێگە بەکار دەهینێت بۆ شیکردنەوە و تێگەشتن لە دەروون:

  • کەوتنەخوارەوەی ئازاد (free fall)
  • باسکردن
  • بەرەنگاری کردن
  • لێکدانەوەی خەونەکان
  • ڕاڤەکردن

ئەو کاتەی دەروون شیکاری بۆ چارەکردنی گرێ دەروونییەکان بەکارهات دەبێت ئەم مەرجانەی خوارەوە لەبەرچاو بگیرێت:

  • پزیشک یاخود شیکارکەر شارەزاییەکی باشی لە دەروون شیکاریدا هەبێت.
  • پێش ئەوەی شیکردنەوەی دەروون بۆ هیچ کەس بکات، دەبێ شیکارکەر خۆی خرابێتە ژێر شیکردنەوەی دەروونەوە بۆ ئەوەی ئاگاداری پێکهاتەکانی نەستی خۆی بێت.
  • هەموو حاڵەتێک پێویستی بە چارەکردن لە ڕێگەی دەروون شیکارییەوە نییە.
  • نەخۆش مافی خۆیەتی کۆمەڵێک زانیاری دەربارەی پڕۆسەی چارەسەرکردن بزانێت.
  • دەبێت نەخۆش لە حاڵەتێکی حەوانەوەی تەواودا بێت.
  • دەبێ شیکەرەوە و چارەکەر بە تەواوی تەرکیزی بخاتەسەر هەڵچوونە ڕەفتاریی و گوفتارییەکانی نەخۆش.


سەرچاوەکان

1270 بینین