دێوی تاسمانی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-12-18:27:00 - کۆدی بابەت: 7575
دێوی تاسمانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دێوی تاسمانی یان شەیتانی تاسمانی (بە ئینگلیزی: Tasmanian devil)، دێوی تاسمانی تەنها خەیاڵیک نییە کە لە ئەنیمی و فیلمەکانەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵکو یەکێکە لە جیاوازترن گیانەوەرەکانی پۆلێنی شیردەرەکان، لە هەمان کاتدا تورەگەداریشە کە پەیوەندی و پەیوەستی هەیە لەگەڵ کەنگەر و کوالاکان، نشینگەکەی سنووردارە و تەنها لە دوورگەی تاسمانیا دەژی، کە ناوچەیەکی سەر بە کیشوەری ئوستوڕالیایە، دەکرێت لە دارستانەکانی و لەوەڕگاکانی تەنانەت ناوچە بەردەڵانەکانیدا بژی، سەرەڕای ئەوەی ئەم گیانەوەرە قەبارەیکی بچووکی هێندەی سەگێکی هەیە، بەڵام ناوێکی بە تینی هەیە، چونکە دەوترێت کۆمەڵەی ئەم گیانەوەرانە نەریتی توند و تیژیان هەیە، لەکاتی جووڵەکردندا هێواش و لەسەرخۆیە، لە کاتەکانی ڕۆژدا لە ژێر دار و بەردەکاندا خۆی حەشاردەدات و دەمێنێتەوە، جووتیارەکان دێوی تاسمانی بە بەڵاو نەخۆشی دەزانن و باوەڕیان وایە کە ژمارەیکی زۆریان هەیە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنها لە هاویندا ژمارەی ئەم گیانەوەرانە بەرز دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی کە دایکەکان بێچووەکانیان جێدەهێڵن بۆ ئەوەی پشتبەخۆیان ببەستن، بەڵام تەنها ٤٠%ـی ڕێژەکەیان بە زیندوویی دەمێننەوە بەهۆی پێشبڕکێکردنی نێوانیان لەسەر خۆراک و نشینگە، جگە لە ئەمانەش لەدەستدانی نشینگە، تووشبوونیان بە ڕووداوی هاتوچۆ، هێرشی سەگە ماڵییەکان، هێرشی ڕێوییەکان و نەخۆشی هۆکاری دیکەی لەناوچوونی دێوە تاسمانییەکانن.  

شێوەی دەرەوەی

بە گشتی قەبارەی بچووکە و هێندەی سەگێک دەبێت، بەڵام سەر و مل و شەویلگەکانی گەورەن، کە بە جۆرێکی زۆر گونجاو دروستکراون بۆ هاڕینی ئێسکەکان و بەهێزن، هەستەکانی بۆنکردن و بیستنی زۆر پەرەسەندووە و بەکاریاندەهێنێت بۆ دۆزینەوەی خۆراک، درێژییەکی لە نێوان ٥٧-٦٥ سانتیمەتر دەبێت، درێژی کلکیشی بە جیا لە نێوان ٢٤-٢٦ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها کێشی ئەم گیانەوەرانە لە نێوان ٥-١٤ کیلۆگرام دەبێت.

خۆراک

بە گشتی دێوی تاسمانی بە ڕۆژدا کەمتر چالاکە بە بەراورد بە چالاکیەکەی لە شەودا، بە یەکێک لە باشترین گیانەورە گۆشتخۆرەکانی تاسمانیا دادەنرێت، کاتێک لە شەودا دێوە تاسمانییەکان بە شوێن ژەمە خۆراکییەکانیاندا دەگەڕێن ئەوا دەنگی ترسناک دەردەکەن، کاتێکیش کۆمەڵەیەکیان پێکەوە لاکێک (گیانەوەرێکی مردوو) دەخۆن ئەوا دەنگی قیژەی بەرزیان هەیە، بڕ و هیزی وزەی دێوی تاسمانی بە گوێرەی خۆراکەکەی دەگۆڕێت، دەتوانێت شەوانە مەودای ١٦ کیلۆمەتر ببڕن بە گەڕان بەدوای نێچیرەکانیاندا، لەگەڵ ئەوەی بە تورەگەداری گۆشتخۆر پۆلێنکراون، بەڵام لە بنەڕەتدا دێوی تاسمانی گیانەوەرێکە کە زیاتر لاک دەخوات، هەر دانەیەک لە ناوچەکەیدا هەبێت دەیدۆزێتەوە بەهۆی هەستەوەرەکانییەوە، لە هەمان کاتدا دەتوانن مەمکدار و باڵندەی بچووک ڕاوبکەن و تەنانەت ئێسکەکانیشیان دەخۆن،  جگە لە ئەمانەش دەتوانن هەریەک لە کەروێشک، مشک، جرج، ماسی و تەنانەت ئێسکی مانگاش بخۆن، سەرەکیترین دژمنیشیان لە سروشتدا بریتییە لە هەڵۆی تاسمانی کە ڕکابەرییان دەکات لە خۆراکەکانیاندا.  

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی زۆربوونی دێوە تاسمانییەکان هاوشێوەی تورەگەدارەکانی دیکەیە، پاش ماوەی سکپڕی کە ٢١ ڕۆژ دەخایەنێت، مێینەکان بێچووی پێنەگەیشتوویان دەبێت کە ڕەنگیان پەمەییە و فەروویان نییە، پاشان بۆ ماوەی چوار مانگ لە نێو تورەگەی دایکیاندا دەمێننەوە، ژمارەی کۆرپەلەکان لە سکی دایکەکەدا دەکرێت بگاتە ٥٠ دانە، کە بێچووەکان پێویستە پێشبڕکێ بکەن لە کەناڵی لەدایکبوونی دایکەکە بۆ ئەوەی چواردانەیان بگەن بە ئەو چوار گۆمەمکەی کە لە تورەگەی دایکەکەدا هەیە، کاتێک ئەو قۆناغە تێدەپەڕێنن ئەوا بێچووەکان هاوشێوەی بێچووی کوالاکان بە سەر پشتی دایکیاندا سەردەکەون و خۆیانی لێ دەئاڵاێنن، بەڵام لە کاتی ڕاوکردن و ڕاکردنی دایکەکە دیسانەوە دەچنە نێو تورەگەکە، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ لە شیر دەبڕدرێنەوە و پاشان لە تەمەنی حەوت مانگیدا بێچووەکان جێگیر دەبن، دێوە تاسمانییە بچووک و گەنجەکان لە گەورەکان چالاکترن و بەسەر دارەکاندا سەردەکەون، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ئەم گیانەوەرانە لە سروشتدا دەگاتە ٧-٨ ساڵ.

تایبەتمەندییە گشتییەکانیان

بە سروشتی خۆیان دێوە تاسمانییەکان بە تاک و تەنها دەژین تەنها کاتێک کە نێچیرێک هەبێت پێکەوە لە دەوری کۆدەبنەوە، دێوە تاسمانییەکان لە کۆمەڵگەکانی خۆیاندا هەڵسوکەوتی تایبەتی خۆیان هەیە، کە دەکرێت بۆ مرۆڤەکان زۆر ترسناک بێت، بەڵام بە گوێرەی کۆمەڵگەی خۆیان مانای جیاوازی هەیە، کە دەکرێت بەم شێوەیە ڕوونبکرێتەوە:

  • دەمی زۆر بە فراوانی بکاتەوە: لە کاتێکدا کە هاوشێوەی باوێشکێکی گەورە و مەترسیدارە، کە دەکرێت مرۆڤەکان وا تێبگەن لە ژێر مەترسییان، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێت ئەو دەمکردنەوە گەورەیە مانای هەستکردنی دێوی تاسمانی بێت بە ترس و دۆخی نائاسایی، نەوەک دەربڕینی شەڕانگێزی.
  • بۆنی ناخۆش: لە کاتی هەستکردن بە ئاسوودەیی و ئارامی بۆنی ناخۆش دەرنادات، بەڵکو کاتێکە کە هەست بکات لە ژێر پەستان و فشاردایە.
  • قیژەی توند و هاواری بەرز: ئەمەیان لە کاتێکدا بەکاردەهێنێت کە خاوەندارێتی خۆی بۆ نێچیرێک دەرببڕێت.
  • پژمەی بەهێز: پژمین واتای ئەوە ناگەیەنێت کە دێوی تاسمانی سەرمای بووبێت و نەخۆشبێت، بەڵکو کاتێک دەپژمێت کە بیەوێت دەستبکات بە شەڕکردن.


سەرچاوەکان



371 بینین