وەستاندنی گریان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-12-23:11:00 - کۆدی بابەت: 7581
وەستاندنی گریان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

هەندێک جار خەڵکی لە ماتەمینی و لە کاتی بینینی فیلمی خەمبار یان گوێگرتن لە گۆرانی خەمباردا دەگرین، بەڵام هەندێک کەسی دیکە لە کاتی بوونی گفتوگۆیەکی گەرم لەگەڵ کەسانی دیکەدا یان ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو شتەی کە تووڕەی دەکات یان قسەکردن دەربارەی شتێکی گرنگدا دەگری، ئەم جۆرەی گریان دەکرێت ببێتە هۆی هەستی شپرزەبوون و شڵەژان.
مەرج نییە هەموو کات گریان مایەی شڵەژان بێت، دەبێت لە خۆت بپرسیت کە ئایا گریانەکەت بەڕاستی مایەی کێشەیە، هەندێک جار لە ڕێگەی فرمێسکەوە هەستەکان دەردەبڕدرێن، زۆرجار گریان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی هەستی باشبوون ببەخشێت.

چۆنیەتی وەستاندنی گریان

ئەگەر کەسێکیت کە زۆر دەگریت دەکرێت هەست بە شڵەژان و ناڕەحەتی بکەیت، لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی گرنگی بە گریانەکەت نەدەن، یان هەست بە لاوازی بکەیت.
بەڵام لەڕاستیدا ئەو کەسەی زۆر دەگری مانای ئەوەیە کە بە قورسی مامەڵە لەگەڵ پەستانی دەروونی دەکات، یان لەوانەیە هەست بە لاوازی بکات کاتێک گفتوگۆ لەگەڵ کەسێک دەکات یان دەکەوێتە دۆخێکی تایبەتەوە، یان کێشەی هەبێت لە تێگەیشتن لە دەربڕینی ڕووکارانەی خەڵکی.
فێربوونی چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی پەستانی دەروونی یارمەتیدەرە بۆ باشتر کۆنترۆڵکردنی فرمێسک

ئەم ڕیزبەندییەی خوارەوە چەند تێبینییەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی گریان:

  • سەرت بەرز و ڕێک بگرە تاکوو ڕێگری بکەیت لە هاتنە خوارەوەی فرمێسک، بەم شێوەیە فرمێسکەکان لە بەشی خوارەوەی پێڵووی چاودا کۆ دەبنەوە و بە ڕووخساردا نایەنە خوارەوە، ئەمە دەبێتە هۆی وەستاندنی ڕشتنی فرمێسک. 
  • بە توندی پێستی نێوان پەنجە گەورە و پەنجەی دۆشاومژە بگرە، ئەمە دەبێتە ھۆی هەستکردن بە ئازار و لەبیر بردنەوەی گریان.
  • ماسولکەکانت توند و ڕەق بکە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی مێشک و لەش هەست بە دڵنیایی و کۆنترۆڵ بکەن.
  • ڕووخسارت گرژ مەکە و ئاسایی دەربکەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی بەرامبەر ئارام ببێتەوە، هەروەها وای لێدەکات کەمتر هەست بکات کە ئەو تۆی خستۆتە دۆخێکەوە کە دڵت پڕ ببێت و بگریت.
  • ڕووخساری ئاسایی کەمتر هانی چالاکی مێشک دەدات بە بەراوردو بەو کاتانەی کە دەربڕینێک لەسەر ڕووخسار هەبێت کە مانای هەست و سۆزێکی تایبەت بێت.
  • بە شێوەیەکی فیزیایی دووربە لە بارودۆخی پڕ لە پەستانی دەروونی، وەک گفتوگۆی گەرم و دەمەقاڵێ.
  • سەرنجت لەسەر کۆنترۆڵکردنی هەناسەت بێت، بە هێواشی هەوڵ بدە هەناسەی قووڵ و هێواش هەڵمژیت، ئەمە یارمەتیت دەدات تاکوو ئارام ببیتەوە و بە شێوەیەکی گشتی هەستکردن بە پەستان کەم دەکاتەوە، هەروەها هەلی دەستکردن بە گریان یان بەردەوام بوون لە گریان کەم دەکاتەوە.
  • کە دەستت کرد بە گریان بە خێرایی چاوت بتروکێنە کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاک کردنەوەی فرمێسکەکان و نەهاتنە خوارەوەیان بە چاودا.
  • بیرکردنەوە و سەرنجی مێشکت بگۆڕە، ئەگەر هەستت بە پەستان کرد و زانیت کە دەتەوێت بگریت، سەرنجت لەسەر نیگەرانی و فرمێسکەکات بگۆڕە، لەبری ئەوە بیر لە شتێکی دیکە بکەوە، بیر لە ساتێکی خۆشی بەخش، دیمەنێکی خەندەئامێزی فیلمێک، یان شتێک کە شانازی پێوە بکەیت.

چی بکرێت دەربارەی گریان؟

گریان کردارێکە هەموو کەسێک لە ژیانیدا ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەگەر کەسێک هەست بکات کە لە ئاسایی زیاتر دەگری، دەکرێت تووشی پەستانی دەروونی درێژخایەن یان خەمۆکی بووبێت، دەبێت سەرەتا دەست بکرێت بە سەرنج خستنەسەر کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی لە ژیانی کەسەکەدا بۆ کەمکردنەوەی گریان، دەتوانرێت بەم ڕێگایانەی خوارەوە پەستانی دەروونی دیاری بکرێت و کەم بکرێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت:

  • دیاریکردنی هۆکاری پەستانی دەروونی و گریان، ئایا ئەوە حاڵەتێکی کەسییە یان پەیوەندی بە ژینگە و کەسانی دەوروبەرەوە هەیە، یان هەر شتێکی دیکە.
  • کەمکردنەوەی ئەو کارانەی دەتەوێت لە ڕۆژێکدا ئەنجامی بدەیت.
  • خشتەی پڕکار هۆکارێکی سەرەکی پەستانی دەروونییە لە ژیانی زۆربەی خەڵکدا، سەیری خشتەی کارەکەت بکە و بزانە کام چالاکی و کارە ناچاری و کردارەت زۆر پێویست نییە و دەتوانیت لە خشتەکەت لای ببەیت تاکوو بە شێوەیەکی گشتی پەستانی دەروونیت کەم بکەیتەوە.
  • ئەو کارانەی زۆر پێویستن لە سەرەتای کارەکانت ئەنجامیان بدە، ئەنجامدانی کار لە چرکەی کۆتایی و کەمتەرخەمی دەیێتە هۆی زیادبوونی پەستانی دەروونی.
  • ڕێگری لە پەستانی دەروونی بکە بە پابەندبوون بە ئەنجامدانی کارەکانت لە کاتی خۆیدا و ئامانجە ڕاستەقینەکانت بە شێوەیەکی جدی دیاری بکە، بۆ ئەوەی هەست بە ئامادەباشی بکەیت و هەوڵبدەیت پڕۆژەکانت لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدەبت.
  • داوای یارمەتی بکە ئەگەر پێویستت بوو، بزانە کە چ کەسانێک لە ژیانت دەهێڵیتەوە وەک خێزان و هاوڕێ و هاوکار، دەتوانیت داوای هاوکارییان لێ بکەیت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی پەستانی دەروونی.
  • ئارەزوویەک بدۆزەوە، چالاکییەکی چێژبەخشی وەک وێنەکێشان، مۆسیقا یان کاری خۆبەخشی دەتوانێت بە شێوەیەکی گشتی پەستانی دەروونی کەم بکاتەوە، هەندێک چالاکی دیکەی وەک خوێندنەوە و ماسیگرتن و باخەوانی زۆرجار پەستانی دەروونی کەم دەکەنەوە.
  • تەکنیکەکانی ئارام بوونەوەی وەک هەناسەی قووڵ، کشان و هێنانە بەرچاوی دیمەنێکی ئارامبەخش دەتوانێت مێشک و لەش ئارام بکاتەوە لە کاتی هەستکردن بە پەستانی دەروونی.
  • دڵنیابە لەوەی بە تێرخەو دەبیت، کەمخەوی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر هەست بە باشی بکەیت کاتێک تووشی پەستانی دەروونی بوویت، کەسانی پێگەیشتوو پێویستیان بە ٧ بۆ ٩ کاتژمێر خەو هەیە لە شەوێکدا.

ئەگەر کەسێکیت کە کێشەت هەیە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی پەستانی دەروونی یان هەمیشە دەگریت، دەکرێت تووشی نەخۆشی دەروونی وەک خەمۆکی و دوو جەمسەری بووبیت، ئەم دوو نەخۆشییە نەخۆشی جدین و پێویستیان بە چارەسەری پزیشکییە، ئەگەر نیگەرانیت لەو بارەیەوە، سەردانی پزیشک بکە.


سەرچاوەکان



800 بینین