کارەساتی شوجاعیە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-01-13-12:46:00 - کۆدی بابەت: 7583
کارەساتی شوجاعیە

ناوه‌ڕۆك

کۆکوژی شوجاعیە

ڕەشەکوژی شوجاعیە یان کۆمەڵکوژی شوجاعیە (بە عەرەبی: مجزرة الشجاعية، بە ئینگلیزی: Battle of Shuja'iyya)، کۆمەڵکوژییەکی سەردەمی جەنگی غەززە بوو لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن تۆپهاوێژەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر گەڕەکی شوجاعیەی غەززە و زیاتر لە ٧٠ کوژراوی لێ کەوتەوە.

ڕووداوەکە

لە بەرەبەیانی یەکشەممەی ٢٠١٤/٧/٢٠ لە ماوەی جەنگی غەززە-ئیسرائیل، تۆپهاوێژەکانی ئیسرائیل ئامانجیان خستە سەر گەڕەکی شوجاعیە بەهۆیەوە زیاتر لە ٧٤ کەس کوژران. چەند ساڵێک بوو کە هێرشی لەوشێوە مەترسیدار نەکرابوو. لەنێو قوربانییەکان ١٧ منداڵ و ١٤ ژن و ٤ کەسی بەساڵاچوو هەبوون.

لەگەڵ سەدان بریندار و کەمئەندامی دیکە. بەپێی قسەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل (موشی یەعلوون) هۆکاری چڕی بۆردمانەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ویستوویانە چەند سەربازێکی برینداری ئیسرائیلی ڕزگار بکەن.

لەنێوان کوژراوەکان ئوسامە حەییەی کوڕی سەرکردەی حەماس (خەلیل حەییە) و ژنەکەی و دوو منداڵی هەبوون. هەروەها تەندروستکاران و ڕۆژنامەنووسەکان بێ بەش نەبوون لەم هێرشە، هەریەک لە فوئاد جابری تەندروستکار و خالید حامیدی ڕۆژنامەنووس لەناو کوژراوەکان بوون.
ڤیدیۆی دوای بۆردمانەکان لەلایەن هاوڵاتییەکی گەڕەکی شوجاعییە بڵاوبوویەوە کە تێیدا ١٢ جەستە کەوتوون و پێکەوە گرێ دراون سێ دانەیان منداڵن و فڕێ دراونەتە دەرەوەی ماڵەوە.

پێش ٤ ڕۆژ لە ڕووداوەکە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کاغەزی ئاگادارکردنەوەیان بەسەر خەڵکی گەڕەکەکانی شوجاعییە و زەیتوون و بەیت لاهیا بڵاوکردبوویەوە کە ژمارەیان ١٠٠,٠٠٠ کەس دەبێت. لە کاغەزەکاندا ئاگادارکرابوونەوە کە مانەوە لە ماڵەکانیاندا دەبێتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانیان و با لە ناوەڕاستی شاری غەززە بمێننەوە تاوەکوو دۆخەکە هێوردەبێتەوە.

ئاگربەستی مرۆڤایەتی

ڕێکخراوی خاچی سوور داوای ئاگربەستێکی مرۆڤانەی کرد بۆ ماوەی دوو کاتژمێر تا جەستەی قوربانییەکان لە گەڕەکی شوجاعیە دووربخرێنەوە، هەریەک لە ئیسرائیل و حەماسیش ڕێککەوتن و لە کاتژمێر 1:30 پاش نیوەڕۆ بەکاتی ناوخۆی فەڵەستین دەستکرا بە لابردنی جەستەکان. دوای کەمتر لە کاتژمێرێک لە ئاگربەستەکە هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بە بۆردمانی شوێنەکە کرد بە بیانووی ئەوەی سەربازەکانیان هێرشیان کراوەتە سەر.

کۆڕەو

دوای دەست کردنەوە بە بۆردمانەکانی ئیسرائیل، هەزاران خێزانی فەڵەستینی بە کۆمەڵ بە پێی پەتی و بە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکانیان لە گەڕەکەکە دوورکەوتنەوە، هاوڵاتییەکان چوونە ناو نەخۆشخانەی شیفای غەززە و لەوێ مانەوە. زۆرینەی قوتابخانەکانیش پڕبوون لە خێزانە ئاوارەکان.

کاردانەوە

بزووتنەوەی حەماس هێرشەکەی بە کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ ناساند. دەسەڵاتی فەڵەستینیش ناوی نا کۆکوژی. لە شارەکانی ڕامەڵڵا و جنین گردبوونەوە و دژی کۆکوژی و هێرشەکانی ئیسرائیل ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بنیامین ناتانیاهۆی سەروەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا وتی: "هێزەکانی ئیسرائیل تەنیا ناوچەی سەربازی دەکەنە ئامانج، بەڵام بەدڵنیاییەوە قوربانیی مەدەنیش هەن و ئێمە پێمان ناخۆشە بەوشێوەیە و نامانەوێت لێیان بدەین".


سەرچاوەکان



575 بینین