ئایا خۆشەویستی لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراوە؟

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-01-14-02:40:00 - کۆدی بابەت: 7602
ئایا خۆشەویستی لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراوە؟

ناوه‌ڕۆك

خۆشەویستی لە ئیسلامدا

خۆشەویستی کردەیەکی سروشتییە و مرۆڤەکان دەیچێنن و لەگەڵیاندا گەشەدەکات، ئیسلامیش بانگەشەی بۆ خۆشەویستی و خۆشویستن کردووە بە هەموو شێوەکانییەوە، هەروەها بنچینە و یاسا و ڕێکاری بۆ داڕشتووە، ڕێگەپێدراو و قەدەغە و ئەرکی لێ دروستکردووە، ئەوەش پەیوەستە بە ئەو ڕێگایانەی کە بەکاردێت بۆ بەکارهێنانی خۆشەویستی، کە ئەگەر ئەو ڕێگایانە شەرعی بێت ئەوا ڕێگەپێدراوە بەڵام ئەگەر پێچەوانە بێت ئەوا قەدەغەیە و تاوانە، عبد اللە بن عباس دەگێڕێتەوە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لم يُرَ للمُتحابّين مثل النّكاح)، بە ئەو مانایەی کە تاکە ڕێگای خۆشەویستی لە ئیسلامدا هاوسەرگیرییە، بەڵام جیاواز لە ئەمە، خۆشەویستی نێوان خانمان و پیاوان وردەکاریی دیکەی هەیە.

جۆرەکانی خۆشەویستی

- خۆشەویستی خودا و پێغەمبەرەکەی: خۆشویستنی خودا و پێغەمبەر ئەرکی هەموو موسوڵمانێکە، بەڵکو ئەو جۆرە لە خۆشەویستی یەکێکە لە مەرجەکانی باوەڕ، کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (لا يؤمن أحدكم حتّى أكون أحب إليه من والده وولده والنّاس أجمعين)، واتە هیچ کەسێکتان باوەڕ ناهێنێت هەتا من خۆشەویستر نەبم لە دایک و باوک و هەموو کەسەکانی، ئەم خۆشەویستییەش پێویستی بە گوێڕایەڵیکردنی خۆشویستراو هەیە، کە ئەوەی دڵدار بێت و کەسێکی خۆشبوێت ئەوەی پێدەدات و دەیکات کە خۆشەویستەکەی داوای دەکات، ئەگەر کەسێک سووربوو لەسەر ئەوەی کە کەسێکی خۆشدەوێت بەڵام گوێڕایەڵی نییە، ئەوا ئەو کەسە بەهانەی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی کە ڕاستگۆ نەبووە لە خۆشەویستییەکەی.

- خۆشویستنی باوەڕدار و چاکەکار و زاناکان: یەکێکە لە باشترین نزیکبوونەوە و پەرستشەکان، کە بەهۆیەوە نزیک دەبێتەوە لە پەروەردگار، هەروەها بەندەی باوەڕداری چاکەکار بێگومان دەبێت خۆشەویستی نەبێت بۆ هەرکەسێک کە نەیاری خودا و ئایینەکەی بن، کە ئەمەش یەکێکە لە پێویستییەکانی باوەڕهێنان.

- خۆشویستنی هاوژین و منداڵ: خۆشویستنی هاوژین کردەیەکی سروشتییە، کە هاوسەر خودکاری هەمووکات دەگەرێتەوە بۆلای هاوژینەکەی و ئاسوودەیی تێدا دەدۆزێتەوە، بەهەمان شێوەش خۆشویستنی منداڵ سروشتییە، هیچ کەسێک لۆمە ناکرێت کە ئەگەر یەکێک لە منداڵەکانی لە ئەوی دیکە زیاتر خۆشبوێت، یاخود یەکێک لە هاوژینەکانی زیاد لە ئەوی دیکە خۆشبوێت (ئەگەر دوو هاوژین یان زیاتری هەبێت)، بەڵام قەدەغە و ڕێگە پێنەدراوە کە ئەگەر لە بەخشیندا نادادپەروەری هەبێت لە ئەوەی کە هەیە و دەبەخشرێت.

- خۆشویستنی دایک و باوک و هەموو کەسە نزیکەکان: هەموو مرۆڤێک بە سروشتی هەستی خۆشەویستی هەیە بۆ دایک و باوکی، کە ئەوان هۆکاری هەبوونی ئەون، ئەمە جگە لە ماندوبوون و شەونوخونی و گرنگی پێدانی بەرژەوەندییەکان، هەروەها شایەنی باسە کە هەموو جۆرەکانی خۆشەویستی کە هەتا ئێستە باسکراون، هەموویان لە نێوان ئەرک و لێپرسینەوە و ڕێگەپێدراودان.

- خۆشەویستی کوڕ و کچ: ئەم جۆرەیان بە وردی باسدەکرێت.

خۆشەویستی کوڕ و کچ

کاتێک ناوی خۆشەویستی دەهێنرێت ڕاستەوخۆ بیرمان بۆ ئەو جۆرە دەچێت کە لە نێوان کچ و کوڕە گەنجەکاندا هەیە، لە قوتابخانە، پەیمانگا، زانکۆ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جێگەی کاردا، هەروەها چەندین بارودۆخی تر کە چیرۆکی نێوان گەنجەکانی تێدا ڕوودەدات.

نیشانەکانی

  • ئالوودەبوون لە سەیرکردنی خۆشەویستەکەت و چاوتێبڕینی بەردەوام، کە چاو دەرگای دڵە و ئاشکراکەری ناخ و نهێنییەکانە، لەبەر ئەوە چاوی دڵدار ئەوە نیشاندەدات کە لە دڵدا هەیە، و بە شێوەیەکی خودکاری چاو و تێڕوانینەکان بە ئاڕاستە و جێگەی خۆشەویستەکەیەتی.
  • شڵەژانێک ڕوودەدات بە بیستنی لەناکاوی ناوی ئەو کەسەی کە خۆشی دەوێت یاخود بە بینینی کەسێک کە هاوشێوەیەتی.
  • گوێگرتن لە قسەکانی خۆشەویستەکەی و پێدانی گرنگی تەواو کاتێک کە قسە دەکات، بیستن و دڵی بە تەواوەتی بەتاڵ دەکات بۆ وشەکانی.
  • هەوڵدانی زۆر لە لایەن دڵدارەوە بۆ ڕازیکردنی خۆشەویستەکەی.
  • خۆشویستنی تەنهایی و بە بەزەیی لە ڕێگەی تەنهایی و دوورکەوتنەوە لە خەڵکی.

بڕیاری شەرعی دەربارەی خۆشەویستی

بە گوێرەی یاسا بنچینەییەکانی خۆشەویستی، دەکرێت بوترێت کە ئاساییە دڵی پیاوێک ئافرەتێکی بوێت کاتێک گوێبیستی ڕەوشت و ستایشەکانی دەبێت، بەهەمان شێوە دەکرێت ئافرەتێک پیاوێکی خۆشبوێت، کە دەربارەی بیستوویەتی یاخود بینیویەتی کە وای لێدەکات هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات، بەڵام بە هیچ جۆرێک نابێت کە پەیوەندی یاخود بەرکەوتن هەبێت لە نێوانیاندا، ئاخۆ بە پەیوەندیکردن بێت یان سەیکردن یان چپەکردن یاخود یەکتربینین یان هەر ڕێگەیەکی دیکە، هەموو پەیوەندییەکان قەدەغە و ڕێگەپێنەدراون، قەدەغەیی لە خۆشەویستییەکە نییە، بەڵکو لە ئەو کردەوانەیە کە لە ئەنجامی قسەکردن و کردەوەکانەوە دەبێت، بە سەیکردن بێت یاخود بە دڵداری یان هەر ڕێگەیەکی دیکە، بە پشتبەستن بە ئەمانە خۆشەویستی دابەشدەکرێت بۆ دوو بەش، بەم شێوەیە:

  • ئەوەی کە دڵ ناتوانێت ڕەتی بکاتەوە: مرۆڤەکە هیچ جڵەوێکی نییە، ئەم جۆرە لە خۆشەویستی نابێتە تاوان لەسەر مرۆڤی موسوڵمان چونکە لە توانای خۆیدا نییە، پێغەمبەر ﷺ داوای لە پەروەردگار دەکرد بیبەخشێت لەو ویستی دڵەی کە مرۆڤ توانای جڵەوکردنی نییە.
  • ئەوەی کە دڵ توانای هەڵبژاردنی هەیە: ئەمەیان هەموو پەیوەندی و دڵداری و نامەکانە کە قەدەغەکراون، هەندێک کاتیش تێکەڵبوون، کە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی ماڵ و کۆمەڵگاکان، و هۆکای دوژمنایەتی و کینەیە لە نێو خەڵکیدا، لەوانەیە ئەمە ئەو جۆرەیان بێت کە زۆرینەی گەنجەکان پرسیاریان هەیە دەربارەی، کە جۆرێکی قەغەکراوە و گوناهبار دەبن، ئاخۆ بە چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ بێت یاخود بە پەیوەندی تەلەفۆنی، یان هۆکارە سەردەمییەکان لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.


سەرچاوەکان



2756 بینین