قوڕقوشم

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-19-15:48:00 - کۆدی بابەت: 7638
قوڕقوشم

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قوڕقوشم (بە ئینگلیزی: Lead) توخمێکی کیمیاییە کە هێماکەی بریتییە لە Pb و گەردیلە ژمارەکەی بریتییە لە ٨٢، کانزایەکی قورسە کە لە زۆربەی ماددە باوەکانی تر چڕترە، نەرم و کوتۆکە، پلەی گەرمی توانەوەی نزمە، کاتێک بە تازەیی لەت دەکرێت ڕەنگێکی زیوی کەمێک شینی هەیە، کاتێک بەر هەوا دەکەوێت ڕەنگی دەگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشیی لێڵ.
قوڕقوشم گەردیلە ژمارەکەی لە هەموو توخمە جێگیرەکانی تر بەرزترە.
قوڕقوشم تا ڕادەیەک کانزایەکی ناچالاکی لاوازە، قوڕقوشم و ئۆکسیدی قوڕقوشم کارلێک لەگەڵ ترش و تفتەکاندا دەکەن، هەروەها دەتوانێت بەندی هاوهێزی پێک بهێنێت، ئاوێتەکانی قوڕقوشم ئاساییانە ئۆکسانە ژمارەیان بریتییە لە ٢+ و ٤+.

مێژوو

کانزای قوڕقوشم مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦٥٠٠-٧٠٠٠ پێش زایین، لەو سەردەمەدا لەبەر نەرمی و دەرکەوتە لێڵەکەی بەکارهێنانی زۆر کەمی هەبوو، هۆکاری سەرەکی بڵاوبووەنەوەی بەکارهێنانی قوڕقوشم دەگەڕێتەوە بۆ توانای تێکەڵبوونی لەگەڵ زیودا، میسڕییە کۆنەکان یەکەم کەس بوون کە کانزای قوڕقوشمیان لە خشڵدا بەکارهێناوە، شارستانییەتە جۆراوجۆرەکان وەک کەرەستەی نووسین و دراو بەکاریان هێناوە.

تایبەتمەندی

گشتی

دەرکەوتە خۆڵەمێشیی کانزایی
کۆمەڵە (خشتەی خولی)  کۆمەڵەی١٤ (کۆمەڵەی کاربۆن)
خول (خشتەی خولی) خولی ٦
ڕیزبوونی ئەلیکرۆنی [Xe] 4f14 5d10 6s2 6p2

تایبەتمەندیی فیزیایی

دۆخی ستاندار ڕەق
پلەی گەرمیی توانەوە

٣٢٧,٤٦ پلەی سیلیزی، ٦٢١,٤٣ پلەی فەهرەنایت

پلەی گەرمیی کوڵان

١٧٤٩ پلەی سیلیزی، ٣١٨٠ پلەی فەهرەنایت

گەردیلەی قوڕقوشم ٨٢ ئەلیکترۆنی هەیە کە ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی بەم شێوەیە ([Xe]4f145d106s26p2)، کۆکراوەی وزەی ئایۆناندنی یەکەم و دووەمی قوڕقوشم نزیکە لە هی تەنەکەوە، ئەمە شتێکی نائاساییە، وزەی ئایۆناندن تاکوو بەرەو خوارەوەی کۆمەڵە بڕۆیت کەمتر دەکات، چونکە ئەلیکترۆنییەکانی بەرگی دەرەوەی توخمەکان زیاتر لە ناوک دوور دەکەونەوە.
قوڕقوشمی خاوێن دەرکەوتەیەکی ڕەونەقداری زیوی هەیە لەگەڵ کەمێک شینی، لەگەڵ بەرکەوتنی شێی هەوا دەرکەوتەیەکی لێڵی دەبێت، تایبەتمەندییەکانی بریتیین لە چڕی زۆر و کوتۆک و شکۆک، هەروەها بەرگری زۆری بۆ ژەنگکردن.
قوڕقوشمی سروشتی چوار زڕتوخمی (بە ئینگلیزی: Isotope) جێگیری هەیە، زڕتوخم بریتییە لە دوو جۆر یان زیاتری گەردیلە کە هەمان گەردیلە ژمارەیان هەبێت (گەردیلە ژمارە = ژمارەی پڕۆتۆن لە ناوکدا) و هەمان شوێنیان هەبێت لە خشتەی خولیدا، بارستە ژمارەی زڕتوخمەکانی قوڕقوشم بریتیین لە ٢٠٤، ٢٠٦، ٢٠٧ و ٢٠٨، قوڕقوشم ژمارەی پرۆتۆنەکانی دەرئاسایە کە بریتییە لە ٨٢ پڕۆتۆن و ئەمەش دەرخەری بوونی ناوکێکی تایبەتی جێگیرە، هەروەها قوڕقوشمی ٢٠٨ ژمارەی نیوترۆنەکانی بریتییە لە ١٢٦ کە ئەمەش دووبارە ژمارەیەکی دەرئاسایە و دەرخەری هۆکاری جێگیری نائاسایی قوڕقوشمە.

تایبەتمەندیی کیمیایی

قوڕقوشمی لە قاڵبدراو کاتێک بەر شێی هەوا دەکەوێت چینێکی پارێزەر دروست دەکات کە پێکهاتەی جیاوازی هەیە، تۆزی قوڕقوشم (پاودەری قوڕقوشم) وەک زۆربەی کانزاکانی دیکە گڕگرتووە و گڕێکی شین و سپی هەیە.
لە پلەی گەرمی ژووردا فلۆر کارلێک لەگەڵ قوڕقوشمدا دەکات بۆ دروستکردنی دووانە فلۆریدی قوڕقوشم، قوڕقوشمی شل کارلێک دەکات لەگەڵ توخمەکانی کۆمەڵەی ١٦ی خشتەی خولیدا بۆ پێکهێنانی دووانە قوڕقوشمی توخمەکانی کۆمەڵەی ١٦.
ترشە ئەندامییەکانی وەک ترشی ئەسیتیک بە بوونی ئۆکسجین قوڕقوشم دەتوێننەوە، تفتە خەستکراوەکان قوڕقوشم دەتوێننەوە.
قوڕقوشم دوو دۆخی ئۆکسانی هەیە کە بریتییە لە +4 و +2، دۆخی ئۆکسانی چوار زیاتر بۆ گروپی کاربۆن باوە و دۆخی ئۆکسانی دوو دەگمەنە بۆ کاربۆن و سیلیکۆن، مامناوەندە بۆ جەرمانیۆم، گرنگە بەڵام باو نییە بۆ تەنەکە، کە ئەمەش گرنگی دوو دۆخی ئۆکسانەکەی قوڕقوشم دەردەخات. 

بەکارهێنان

  • بە پێچەوانەی ڕای گشتییەوە پێنووسی داری قوڕقوشم هەرگیز لە قوڕقوشم دروست نەکراوە، کانزای قوڕقوشم چەندین تایبەتمەندی میکانیکی بەسوودی هەیە، وەک: چڕی بەرز، پلەی توانەوەی نزم و کوتۆکی، ژمارەیەکی زۆری کانزاکان دەوڵەمەندن بە هەندێک لەم تایبەتمەندییانە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کەمتر باون و دەرهێنانیان قورسترە، توانا ژەهراوییەکەی قوڕقوشم وای لێکردووە بەکارهێنانەکانی ڕوو لە کەم بوونەوە بکەن.
  • قوڕقوشم هەر لە سەرەتای داهێنانی گوللەدا یەکێک بووە لەو پێکهاتانەی بۆ دروستکردنی بەکارهاتووە، هەرزانییەکەی و نزمی پلەی شل بوونەوەکەی مانای ئەوەیە کە گوللەی چەکی ڕاو دەتوانرێت لەناو کەلوپەلی ئاساییدا هەڵبگیرێت، هەروەها لە کانزا باوەکانی تر چڕترە کە ڕێخۆشکەرە بۆ دەرپەڕینی باشتر، قوڕقوشم هەروەک ماددەی سەرەکی لە گوللەدا مایەوە و لەگەڵ کانزاکانی تردا داڕشتە دەکرێت بۆ بەهێزتر کردنی.
  • تایبەتمەندیی چڕی بەرز و بەرگری دژی ژەنگی قوڕقوشم وای لێکردووە چەندین بەکارهێنانی هەبێت، لە بواری بیناسازیدا بەکارهێنانی فراوانی هەیە، لە ڕابردوودا بەکاردەهات بۆ هاوسەنگکردنی تایەی ئۆتۆمبێل، لەبەر زیانە ژینگەییەکانی ئەم بەکارهێنانی کەمی کردووە و کانزای تر جێگەی قوڕقوشمی گرتووەتەوە.
  • چڕی و گەردیلە ژمارەی بەرزی و بوونی پێکهاتەیەک کە بە ئاسانی شێوە وەربگرێت بنچینەی بەکارهێنانی قوڕقوشمن وەک هەڵگرێکی دەنگ و لەرینەوە و تیشکدانەوە، قوڕقوشم هیچ لەرەلەرێکی دەنگ دانەوەی نییە بۆیە وەک چینی دەنگ کپکەر بەکاردێت لە دروستکردنی دیوار و بنمیچی ستۆدیۆکانی دەنگ.


سەرچاوەکان



2420 بینین