ئێرلینگ هاڵاند

له‌لایه‌ن: - دەرو کەمال - به‌روار: 2022-01-21-11:58:00 - کۆدی بابەت: 7651
ئێرلینگ هاڵاند

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ئێرلینگ براوت هاڵاند (بە ئینگلیزی: Erling Braut Haaland) یاریزانی پیشەگەر و هێرشبەری هەڵبژاردەی نەرویج و یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند لە ٢١ی تەمووزی ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری لییدزی وڵاتی بەریتانیا هاتووەتە دنیاوە. باوکی (ئاڵفینگ هاڵاند) یاریزانی تۆپی پێ بووە، دایکیشی ناوی (گرای ماریسا)یە، باوکی لە ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ٢٠٠١ وەك هێرشبەر و بەرگریکار یاری بۆ هەڵبژاردەی نەرویج کردووە، هەروەها یاری بۆ چەندەها یانەی جیاوازیش کردووە، کە گرنگترینیان یانەی مانچێستەر سیتیە. هاڵاند کوڕی دووەمی خێزانەکەیە، برایەکی گەورەتری لەخۆی هەیە بەناوی (ئەستەر هاڵاند) و خوشکێکی بچووکتر بەناوی (گابڕێڵ هاڵاند)، لە تەمەنی منداڵیدا لە منداڵەکانی تر زۆر چالاکتر بووە، چەندەها یاری جیاوازی کردووە وەك یاری گۆڵف و تۆپی دەست، هەر لە منداڵییەوە شەیدای تۆپی پێ بووە و ویستویەتی شوێن پێی باوکی بکەوێت، و باوکیشی یارمەتی زۆری داوە تاکوو خەونەکەی بهێنێتە دی، و بێگومان دایکیشی دەستێکی باڵای هەبووە لە هاندانی کوڕەکەی.

ئەزموونی ژیانی وەرزشی

ژیانی پیشەگەری هاڵاند لە ساڵی ٢٠١٦ لە یانەی شارۆچکەکەی خۆی دەستی پێکردووە بەناوی (براین)، لە هەمان ساڵدا پەیوەندی کردووە بە یانەی (مۆڵد) کە یانەیەکی بەناوبانگی نەرویجییە، دوو وەرزی لەو یانەیە بەسەربردووە و پاشان لە ساڵی ٢٠١٩ پەیوەندی کردووە بە یانەی (ڕێدبۆڵ ساڵزبۆرگ)ی نەمسایی، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەو یانەیە، هاڵاند سەرنجی میدیاکانی جیهانی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و توانیویەتی ببێت بە خاوەنی دوو جامی خولی نەمسایی لەگەڵ ئەو یانەیە، و لەگەڵ هەمان یانە بۆ یەکەمجار بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای کردووە و بووە بە یەکەم یاریزان ٥ گۆڵ لە پێنج یاری لەسەر یەك تۆمار بکات، هەر لە هەمان ساڵدا ڕیکۆردێکی جیهانی تۆمارکردووە لەگەڵ هەڵبژاردەی نەرویج، ئەویش بە تۆمارکردنی ٩ گۆڵ لەیەك یاریدا لە جامی جیهانی لاوان، لە کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ بە بڕی ٢٠ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی کردووە بە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند، لە ساڵی ٢٠٢٠ بووە بە خاوەنی خەڵاتی کوڕی ئاڵتوونی ساڵ، لە ساڵی ٢٠٢١ بە باشترین یاریزانی خولی بۆندسلیگای ئەڵمانی هەڵبژێردراوە، و بووە بە گۆڵکاری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەو وەرزەدا.

خەڵاتە تاکە کەسییەکان

  • گۆڵکاری جامی جیهانی لاوان  ٢٠١٩
  • باشترین یاریزانی نەرویج ٢٠١٩
  • کوڕی ئاڵتونی ٢٠٢٠
  • گۆڵکاری خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا وەرزی ٢٠٢٠-٢٠٢١
  • باشترین هێرشبەری ساڵ لەلایەن ویفا ٢٠٢١

گۆڵ و ئەنجامەکان تاکوو ساڵی ٢٠٢٢

یانە و هەڵبژاردە گۆڵکردن گۆڵ دروستکردن
مۆڵد ٢٠ گۆڵ ٦ گۆڵ 
براین ١٨ گۆڵ سفر گۆڵ
ڕێدبۆڵ ساڵزبۆرگ ٢٩ گۆڵ ٧ گۆڵ
بڕووسیا دۆرتمۆند ٧٩ گۆڵ ٢١ گۆڵ
هەڵبژاردەی نەرویج ١٢ گۆڵ ١ گۆڵ
  تێکڕای گۆڵ=١٥٨ تێکڕای گۆڵ دروستکردن=٣٥

باری خێزانی

هاڵاند ژیانی هاوسەری پێك نەهێناوە و دەستگیرانیشی نیە، وەک خۆی دەڵێت: "دەمەوێت لە ئێستادا سەرنجم لەسەر تۆپی پێ بێت و بەرەو پێشتر بڕۆم"، هیچ بەڵگەیە نییە لەسەر ئەوەی هاڵاند شوێنکەوتووی چی ڕێباز و ئایینێکە، هەندێك دەنگۆ دەڵێن مەسیحی کاسۆلیکە، هەندێکیش دەڵێن موسوڵمانە بە بەڵگەی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وشەی (الحمدللە) زۆر بەکار دەهێنێت، بەڵام هەتا ئێستا نەسەلمێنراوە و دیار نییە.

 

 

 

 

 

 


سەرچاوەکان



746 بینین