ترشی سالیسایلیک و پێست

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-22-00:13:00 - کۆدی بابەت: 7662
ترشی سالیسایلیک و پێست

ناوه‌ڕۆك

ترشی سالیسایلیک

ترشی سالیسایلیک (بە ئینگلیزی: Salicylic acid) ترشێکی بێتاهایدرۆکسییە، بەناوبانگە بە کاریگەرییەکەی لە کەمکردنەوەی زیپکە و لابردنی پێستی مردوو ڕووخسار و بەخاوێنی هێشتنەوە کونیلەکانی پێست.
ئەم ترشە لە چەندین جۆری جیاوازی ئەو دەرمانانەدا بوونی هەیە کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە بۆ بەکارھێنان، زۆر بەباشی کار لەسەر چارەسەرکردنی زیپکەی مامناوەندی پێست دەکات، هەروەها ڕێگری دەکات لە تێکچوونی پێست.

چۆن کار لەسەر زیپکە دەکات؟

کاتێک کونیلەکانی پێست بە پێستی مردوو و چەوری دەگیرێن، زۆرجار پێست تووشی زیپکەی سەرڕەش و سەرسپی دەبێت.
ترشی سالیسایلیک دەچێتە قووڵایی پێستەوە و کار لەسەر نواندنەوەی ئەو خانە مردووانەی پێست دەکات کە دەبنە ھۆی گیرانی کونیلەکان.
دەرکەوتنی ئەم کاریگەرییەی ترشی سالیسایلیک پێویستی بە چەند هەفتەیەک هەیە، ئەگەر دوای ٦ هەفتە لە بەکارهێنان هەستت بە جیاوازی نەکرد لە پێستتدا، ئەوا سەردانی پزیشکی بواری پێست بکە.

جۆر و بڕی گونجاو بۆ بەکارهێنان

پزیشک یان پزیشکی تایبەتی بواری پێست بەپێی کێشەی پێستت و جۆری پێستەکەت پێشنیازی بڕ و جۆری تایبەتی ئەم ترشە دەکات، هەروەها دەکرێت پێشنیازی ئەوە بکەن کە بۆ ماوەی ٢ یان ٣ ڕۆژ بڕێکی کەم لە شوێنێکی دیاریکراوی پێستت بدەیت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا پێستت هیچ کاردانەوەیەکی نەرێنی دەبێت بۆ ترشەکە، یان گونجاوە بۆ بەکارهێنان لەسەر تەواوی پێستی ڕووخسارت.
بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی تاقیگەی پزیشکی ئەمریکی مایۆ، کەسانی پێگەیشتوو دەبێت بەپێی بەرهەمەکانی ترشی سالیسایلیک، بەکارهێنانەکانیان بەم شێوەیە بێت:

جۆر ڕێژەی سەدی ترشی سالیسیلک چۆنیەتی بەکار‌هێنان
جێڵ ٠,٥- ٥٪ یەک جار لە ڕۆژێکدا
لەوشن ١-٢٪ یەک بۆ سێ جار لە ڕۆژێکدا
مەڵهەم ٣-٦٪ ئەوەندەی پێویست بێت
سابوون ٠,٥-٥٪ ئەوەندەی پێویست بێت
گیراوە ٠,٥-٢٪ یەک بۆ سێ جار لە ڕۆژێکدا

هەروەها ترشی سالیسایلیک بە خەستییەکی زۆر بەکاردێت وەک پاککەری پزیشکیی پێست بۆ چارەسەرەکانی:

  • زیپکە
  • جێگای زیپکە
  • پەڵەی تەمەن
  • مێلازما - melasma

کاریگەریی لاوەکی

بەشێوەیەکی گشتی ترشی سالیسایلیک بە سەلامەت ئەژمار دەکرێت، بەڵام لە سەرەتای بەکارهێناندا دەکرێت ببێتە هۆی کزانەوەی پێست، هەروەها لەوانەیە چەوری پێست زۆر لاببات و ببێتە هۆی وشکبوونەوە و کزانەوەی پێست.
کاریگەرییە لاوەکییە چاوەڕوانکراوەکانی تر بریتیین لە:

  • خوران
  • ئاڵۆش و زبری پێست
  • لیروو

بۆ ئەوەی دووربیت لەم کاریگەرییە لاوەکییانە باشترە پێش بەکارهێنان لەسەر بەشێکی بچووکی پێستت تاقی بکەیتەوە.

ئەوەی دەبێت ئاگاداری بیت

هەرچەند ترشی سالیسایلیک پێویستی بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە بۆ بەکارھێنان بەڵام باشترە پێش بەکارهێنان قسە لەگەڵ پزیشکی تایبەتی پێست بکەیت دەبارەی:

  • هەستیاری: ئەگەر پێشتر دوای بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک یان دەرمانەکانی هاوشێوەی تووشی هەستیاری بوویت، ئەوا پزیشکەکەتی لێ ئاگادار بکەوە.
  • بەکارهێنان بۆ منداڵ: منداڵان مەترسی تووشبوونیان بە کزانەوەی پێست زیاترە چونکە پێستیان بە ڕێژەیەکی بەرزتر لە پێگەیشتووان ترشی سالیسایلیک هەڵدەمژێت، ئەم ترشە نابێت بۆ منداڵانی خوار تەمەن دوو ساڵ بەکاربێت.
  • کارلێک لەگەڵ دەرمانی تردا: دەرمانە باوەکان کارلێک لەگەڵ ترشی سالیسایلیکدا ناکەن، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە کاتی سەردانکردنی پزیشکەکەتدا ئاگاداری بکەوە لە جۆری ئەو دەرمانانەی بەکاری دەهێنیت.

هەروەها ئەگەر تۆ تووشبووی یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوەیت دەبێت پزیشکەکەت ئاگادار بکەیتەوە، چونکە ئەم حاڵەتانە کاردەکەنە سەر بڕیاری پزیشک بۆ پێشنیازی ترشی سالیسایلیک:

توانای ژەهراویکردنی ترشی سالیسایلیک

توانای ژەهراویکردنی ترشی سالیسایلیک دەگمەنە، بەڵام دەکرێت لەسەرەتای بەکارهێنانی لەسەر پێست ڕووبدات، بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە ئەم ڕێنوێنییانە جێبەجێ بکە:

  • بۆ ناوچەیەکی زۆری لەشت بەرهەمەکانی ترشی سالیسایلیک بەکارمەهێنە
  • بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاری مەهێنە
  • کاتێک کە جلێکی تەسک و ڕێگریکەری دەرچوونی هەوا لەبەر دەکەیت بەکاری مەهێنە بۆ پێستی ئەو شوێنەی کە جلەکە دایپۆشیوە

دوای بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک ئەگەر ئەم نیشانانەت لێدەرکەوت واز لە بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک بهێنە و سەردانی پزیشکەکەت بکە:

  • بێهێزی
  • سەرئێشە
  • گێژبوون
  • خەواڵووی
  • زرنگانەوەی گوێ
  • لەدەستدانی بیستن
  • دڵتێکچوون
  • ڕشانەوە
  • سکچوون
  • زیادبوونی قووڵی هەناسەدان

بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک لەلایەن خانمانی دووگیان و شیردەر

چەندین توێژینەوە ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە کە بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک لەماوەی دووگیانیدا سەلامەتە، بەڵام هەرچۆنێک بێت پێویستە قسە لەگەڵ پزیشکەکەتدا بکەیت کاتێک بڕیار دەدەیت ترشی سالیسایلیک بەکاربهێنیت لەماوەی دووگیانیدا یان لەماوەی شیرداندا، تاکوو بتوانیت ڕێنوێنی تایبەت وەربگریت دەربارەی بەکارهێنان، بەتایبەت دەربارەی ئەو دەرمانانەی کە لەو ماوەیەدا بەکاری دەهێنیت یان ئەو حاڵەتە تەندروستییە تایبەتانەی تووشی بوویت.

توێژینەوەیەکی باوەڕپێکراوی ساڵی ٢٠١٨ باسی لەوە کردووە بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک لە کاتی شیرداندا نابێتە هۆی تێکەڵ بوونی ترشی سالیسایلیک لەگەڵ شیری دایکدا، بەڵام نابێت بدرێت لەو ناوچانەی لەش کە ئەگەری ئەوەی هەیە بەرکەوتنیان لەگەڵ پێستی کۆرپە یان دەمیدا هەبێت.

پوختە

هیچ چارەسەرێکی تەواو بوونی نییە بۆ زیپکە، بەڵام ترشی سالیسایلیک دەکرێت لە زۆربەی خەڵکدا هۆکارەکانی زیپکە پاک بکاتەوە.
قسە لەگەڵ پزیشکەکەت یان پزیشکی تایبەتی بواری پێستدا بکە بۆ ئەوەی بزانیت بەکارهێنانی ترشی سالیسایلیک گونجاوە بۆ پێستی تۆ و کێشەکانی پێستت.


سەرچاوەکان



1339 بینین