تەقینەوەی یەکی شوبات

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2022-01-23-16:22:00 - کۆدی بابەت: 7679
تەقینەوەی یەکی شوبات

ناوه‌ڕۆك

کارەساتی یەکی شوبات

لە یەکی شوباتی ساڵی ٢٠٠٤ کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر دوو تەقینەوەی خۆکوژی ڕوویاندا، کە بەهۆیانەوە ١٠٣ کەس لە هەردوو بارەگا شەهیدبوون و ٢٤٦ کەسی تریش برینداربوون.

ڕووداوەکە

لە ٢٠٠٤/٢/١ کە یەکەمین ڕۆژی جەژنی قوربان بوو. لە شاری هەولێر هەریەک لە مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرقاڵی ئاهەنگ و بەخێرهاتنی میوان بوون لە هۆڵەکانیاندا. لەو ڕۆژەدا جیاواز لە ڕۆژانی ئاسایی پشکنین بۆ خەڵکی نەکرا و هاتنەژوورەوە بۆ هەمووان ڕێگەپێدراو بوو. سەرکردە باڵاکانی حیزبیش لەگەڵ خەڵکی تێکەڵ بوون و پێکەوە بە یەک ڕیز وەستابوون. لە ساتی تەوقەکردن و بەخشینەوەی جەژنانە و پیرۆزبایی، چەند خۆکوژ و تیرۆرستێک خۆیان دەخەنە ناو خەڵکی ئامادەبوو و کادیرانی هەردوو پارتەکە و بەشداری بۆنەکە دەکەن. کاتژمێر ١٠:٤٨ خولەکی پێش نیوەڕۆ لە هەردوو مەڵبەند بە پشتوێنی بۆمبڕێژکراوەوە خۆیان دەتەقێننەوە و پێکەوە دەبنە هۆی مردنی ١٠٣ کەس و برینداربوونی سەدان کەسی پێشمەرگە و منداڵ و پیری مەدەنی.

پێش ڕووداوەکە

بەپێی گێڕانەوەکان بەر لە یەکی شوبات بە چەند ڕۆژێک، مەکتەبی سیاسی پارتی لە کۆبوونەوەیەکی ئاساییدا، بڕیاری دابوو کە بۆ ڕۆژی جەژن پێشوازی لە میوانان بکرێت. یەکێتیی نیشتمانییش کە تازە گەڕابوونەوە هەولێر لەدوای ململانێی چەند ساڵەیان لەگەڵ پارتی هەمان بڕیاریان دا.

سەرلەبەیانی لە لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەند پاسەوانێک سەرقاڵی پشکنینی میوانان دەبن و ئەو کەسانەیان دەپشکنی کە نەناسراون و کادیری ناسراوی حیزبی نین. بەڵام ئەمە بووە هۆی دروستبوونی گلەیی بەشێک لە میوانان و هەندێکیش وتبوویان کە چۆن دەبێت ئێمە بپشکنن. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشە بۆ ڕێکخەری میواندارییەکە و بڕیاری هەڵگرتنی پشکنین دەدرێت.

هێرشەکە لەلایەن چەند کەسێکی عەرەب و کوردەوە ئەنجام درا. کە گرووپێکی هاوبەش بوون و زۆرێک پێیان وایە سەر بە ڕێکخراوی تیرۆرستی ئەنسارولسوننەی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدە بووبن. کە ئەوکات چەندین چالاکییان لە عێراق و چەند چالاکییەکیشیان لە کوردستان ئەنجام دابوو. تیرۆرستان لەلایەن کەسێکی کوردەوە بەناوی هێمن سەرپەرشتی کرابوون.

سەرەتا کەسی سەرپەرشت دەڕواتە ژوورەوە و چاوێک بە هۆڵەکەدا دەخشێنێت و هەموو زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و دواتر لەگەڵ چوونەدەرەوەیدا بە تیرۆرستەکانی دەڵێت، ئەوانیش دەڕۆنە ژوورەوە و کارەکەیان جێبەجێ دەکەن.

وێنە و ڤیدیۆیەکان

تیرۆرستەکەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان کەسێکی گەنجی دەموچاو پانی عەرەبە. قەمسەڵەیەکی ڕەش و پانتۆڵێکی سپی لەبەرە. بەپێی قسەی شایەتحاڵەکان ئەو قسەی لەگەڵ کەس نەکردووە و تەنیا چەند تەوقەیەکی کەمی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی دەرنەکەوێت کە کورد نییە و گومانی لێ بکەن. هەروەها ئەوەندە ماددەی TNT پێ بووە نەیتوانیووە بە شێوەیەکی باش بجووڵێتەوە. لە ڤیدیۆیەکاندا دەردەکەوێت کاتێک تیرۆرست دەگاتە بەشی ناوەڕاستی سەرەوەی هۆڵەکە سەیرێکی دەوروبەری خۆی دەکات و خۆی دەتەقێنێتەوە.

تیرۆرستەکەی مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەسێکە تەمەنی لە چل ساڵان دەچێت و کەمێک لە بەشی پێشەوەی قژی ڕووتاوەتەوە. لە کۆتا ساتی دەرکەوتنی بەژێر کامێرای هۆڵەکەدا دەڕوات و سەیرێکی کامێراکە دەکات. دوای ئەوەی زۆرینەی جەستەی لەژێر کامێراکەوە تێدەپەڕێت، خۆی دەتەقێنێتەوە.


سەرچاوەکان



1806 بینین