موسعەبی کوڕی عومەیر

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-25-15:48:00 - کۆدی بابەت: 7701
موسعەبی کوڕی عومەیر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و موسڵمانبوونی

مەسعەبی کوڕی عومەر (بە عەرەبی: مصعب بن عمير) یەکەمین نێردراو و سەفیر لە ئیسلامدا، یەکێکە لەو هاوەڵانەی پێغەمبەر ﷺ کە لە سەرەتای بانگەوازی ئیسلامەوە لە مەککە موسڵمان بوو، ناوی تەواوی موسعەبی کوڕی عومەیری کوڕی هاشمی قوڕەیشییە، لەو گەنجانە بوو کە لە خێزانێکی خانەدان و دەوڵەمەندی شاری مەککە پەروەردە کرابوو، دایک و باوکی بایەخێکی زۆریان پێداوە، هەمیشە موسعەب باشترین و ڕێکپۆشترین گەنجی مەککە بووە، بە جۆرێک خانەدان بووە لە گێڕانەوەکان هاتووە کە لە هەر گەڕەکێکی شاری مەککەوە تێپەڕ ببوایە هەموو کەس بۆن و بەرامی تایبەتی ئەویان دەکرد، بە بۆنخۆشترین گەنجی شاری مەککە ناسراو بووە.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئیسلام بە نهێنی، پاشان کۆبوونەوەی موسڵمانان لە ماڵی "ئەرقەمی کوڕی ئەرقەم"، دوای بەشداریکردنی موسعەب لە یەکێک لە کۆبوونەوکان موسڵمان بووە و باوەڕی بە ئیسلام هێناوە، دوای باوەڕهێنانی باوکی لە هەموو سامانەکەی بێبەشی کرد و دژایەتییەکی زۆری کرد، بۆیە موسعەب دووچاری بارودۆخێکی سەخت و دژوار بووەوە کەوتە نێو هەژارییەکی سەختەوە، لە ڕێکپۆشترین گەنجی شاری مەککەوە بووە هەژارترین گەنجی شارەکە، هەموو شتێکی لە پێناو باوەڕەکەی کردە قوربانی.

ڕۆڵی موسعەب لە مێژووی ئیسلامیدا

موسعەب بەهۆی باوەڕهێنانی بە ئیسلام هەموو ئەو ماڵ و سامانەی کە هەیبوو بەجێهێشت و شوێن ڕێبازی ئیسلام کەوت، بۆیە هەموو ژیانی بۆ ئایین و باوەڕەکەی تەرخان کرد چەند ڕۆڵ و هەڵوێستێکی گرنگی هەبووە لە ئیسلامدا لەوانە: 
ـ پێغەمبەر ﷺ وەکوو یەکەمین نێردراوی ئیسلام بۆ شاری مەدینە هەڵیبژارد، پێش ئەوەی موسڵمانان کۆچی شاری مەدینە بکەن، موسعەب وەکوو نێردراوی پێغەمبەر ﷺ بۆ شاری مەدینە نێردرا، بانگەوازی دانیشتوانی شاری مەدینەی کرد بۆ باوەڕهێنان بە ئیسلام، موسعەب بەهۆی لێهاتوویی، بەتوانایی، ڕەوانبێژی و پشوودرێژی، توانی بە ڕێگەی تایبەتی خۆی بەشێکی زۆری دانیشتوانی شاری مەدینە قایل بکات و باوەڕیان بە ئیسلام هێنا، پاشان دوای کۆچکردنی موسڵمانان بۆ شاری مەدینە، موسعەب کۆمەڵەی ئەنساڕی فێری بنەماکانی ئایین و باوەڕ و قورئان کردووە و دانیشتوانی مەدینە ئایینی ئیسلامیان لە ڕێگەی موسعەبەوە وەرگرتووە.
ـ لە سەرەتا کە نێردرا بۆ مەدینە، "سەعدی کوڕی مەعاز" و "ئوسەیدی کوڕی خزەیر" کە هێشتا موسڵمان نەببوو ڕێگریان لێی کرد و ئوسەید ویستی موسعەب بکوژێت، بەڵام موسعەب بە لێهاتوویی و دانایی خۆی گفتوگۆی لەگەڵ ئەنجامدا و چەند ئایەتێکی قورئانی بۆ خوێندەوە توانی بڕوا بە ئوسەید بهێنێت، ئوسەید لەسەر دەستی موسڵمان بوو.
ـ بەهۆی بوێریی و ئازایەتییەوە لە ڕیزەکانی پێشەوەی جەنگی بەدر بووە، لەو جەنگە هەڵگری ئاڵای موسڵمانان بووە.
ـ لە پاش جەنگی بەدر، برایەکی بێباوەڕی وەکوو دیلی بێباوەڕەکان کەوتە دەستی ئەنساڕەکانی شاری مەدینە، کاتێک براکەی بینی بە ئەنساڕییەکەی وت "تونتر دەستەکانی ببەستەوە بەڵکوو ماڵ و سامانەکەی باوکی ببێتە فریادڕەسی"، براکەشی پێی وت: "چۆن وا بە برای خۆت دەڵێیت"، ئەویش فەرمووی "ئەنساڕییەکان لەتۆ زیاتر برایەتیان بۆ کردووم".
ـ لە سەرەتای موسڵمانبوونی دایکی زۆر ئازار و ئەشکەنجەی داوە و بەندی کردووە بۆ ئەوەی لە باوەڕەکەی پاشگەز بێتەوە، بەڵام موسعەب زیاتر لەسەر بیروباوەڕەکەی جێگیر بووە و پاشگەز نەبووەتەوە. 

شەهیدکردنی

لە جەنگی ئوحد موسعەب هەڵگری ئاڵای موسڵمانان بوو، لە سەرەتای جەنگەکە موسڵمانان پێشەنگ بوون، بەڵام تیرهاویژەکان سەرپێچی فەرمانی پێغەمبەریان ﷺ کرد، کاتێک بینیان بێباوەڕان بە دۆڕاوی بەرەو دواوە دەکشێنەوە بۆیە شوینەکانی خۆیان لەسەر بەرزایی کێوەکە بەجێهیشت، بەڵام زۆری نەبرد کە ئەو کارەی ئەوان سەرکەوتنی موسڵمانانی گۆڕی بۆ شکست، ئەوان پێیان وابوو جەنگ کۆتایی پێهاتووە و لەسەر کێوی ئوحد دابەزین بۆ کۆکردنەوەی دەسکەوتەکانی جەنگ، "خالیدی کوڕی وەلید" لە پشتەوە هێرشی کردە سەر موسڵمانان و ئەنجامی جەنگەکە گۆڕدرا و موسڵمانان شکستیان هێنا، بێباوەڕەکان هێرشیان هێنا کە پێغەمبەر ﷺ بکوژن، موسعەبی کوڕی عومەیر هەستی بەو مەترسییە زۆرە کرد و ئاڵاکەی بەرز کردەوە، هەموو هەوڵێکی ئەوە بوو کە سەرنجی دژمنان ڕابکێشێت و لە پێغەمبەر ﷺ دووریانبخاتەوە و بە خۆیەوە سەرقالیان بکات، بۆیە سوپایەکی تەواوی لە خۆی پیکهێنا، لەلایەن بێباوەڕانەوە بە سەختترین شێوە شەهید کرا، لە دوای شەهیدکردنی موسعەب هیچ سامانێکی دونیای لە پاش خۆی جێنەهێشت، تەنانەت هیچ شتێکی نەبوو بۆی بکەن بە کفن، تەنها جاجمێک (پارچە قوماشێکی دووراوی تەنک و زبر و کورتە لە دەزووی خوری دروست کراوە) کاتێک سەرییان پێ دادەپۆشی قاچەکانی دەردەکەوتن، کە قاچەکانیان دادەپۆشی سەری دەردەکەوت، کاتێک پێغەمبەر ﷺ لەلای موسعەب وەستا بە غەمبارییەوە سەرنجێکی ئەو جاجمەی دا کە کرابوو بە کفنی و فەرموی: ("ئەی موسعەب لە مەککە کەس نەبوو وەکو تۆ ڕێکپۆش بێت، کەس نەبوو لە تۆ چاکتر و جوانتر بپۆشێت، ئێستاش تۆ بە قژ ئاڵۆسکاوی لەناو ئەو جاجمە دایت"، بە هاوەڵەکانی فەرموو هەر کەس هاتە سەر گۆڕیان سڵاویان لێبکەن و تا ڕۆژی دوایی ئەوان سەلامی ئێوەیان پێدەگات و وەڵامی دەدەنەوە)، موسعەبی کوڕی عومەیر لەو کەسانە بوو کە ئەم ئایەتەی قورئانیان بەسەر دابەزی لە سوڕەتی الاحزاب ئایەتی 23، خودای گەورە دەفەرموێت: (مِنَ الْمُؤْمِنِينَ رِجَالٌ صَدَقُوا مَا عَاهَدُوا اللَّهَ عَلَيْهِ ۖ فَمِنْهُمْ مَنْ قَضَىٰ نَحْبَهُ وَمِنْهُمْ مَنْ يَنْتَظِرُ ۖ وَمَا بَدَّلُوا تَبْدِيلًا) واتا: مه‌ردانێکی زۆر هه‌ن له‌ ئیمانداران، ئه‌و په‌یمانه‌ی داویانه ‌به‌ خودا، له‌سه‌ری ژیان و پابه‌ند بوون پێوه‌ی، هه‌یانه ‌په‌یمانه‌که‌ی جێبه‌جێ کرد و لەسەری شەهید بوو، هه‌شیانه‌ چاوه‌ڕوانه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گۆڕان و لاری ڕووی تێ نه‌کردوون.


سەرچاوەکان



1371 بینین