ئاکرێ

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-04-14:44:00 - کۆدی بابەت: 7745
ئاکرێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شارۆچکەی ئاکرێ (بە عەرەبی: عقرة، بە ئینگلیزی: Akreناوچەیەکی کوردستانە و سەر بە پارێزگای دهۆکە، پێشتر ئەم شارۆچکەیە سەر بە پارێزگای مووسڵ بووە، لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991 لەڕووی کارگێڕییەوە کرایە سەر پارێزگای دهۆک، یەکێکە لە دێرینترین شارۆچکەکانی کوردستانە، کەشوهەوای ئاکرێ لەبار و گونجاوە بۆ چاندنی چەند جۆرە بەروبوومێکی کشتوکاڵی، بۆیە ئاکرێ بە بێستان و ڕەز و باخی ترێ، زەیتوون، هەنار و هەنجیر ناودارە، هەروەها ناوچەیەکی لەبارە بۆ چاندن و بەرهەمهێنانی برنج، برنجی کوردی ئاکرێ لە هەموو کوردستان ناودارە و لە باشترین جۆرەکانی برنجە.

شوێنی جوگرافی 

ئاکرێ دەکەوێتە بەشی باکووری عێراقەوە، لە سێ لاوە شاخ و کێوی بەرز دەوریداوە، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئامێدی هاوسنوورە، پارێزگای مووسڵ لە باشوورەوه لێوەی نزیکە، ڕووبەری ناوچەکە 6,418 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. 

دانیشتوان 

زۆرینەی دانیشتوانی ئاکرێ کوردن، بەپێی خەمڵاندنەکانی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2010 لە عێراق، ژمارەیان 23 هەزار کەسە، دانیشتوانی ئاکرێ موسڵمانی سەر بە ڕێبازی سوننەن.

مێژووی ئاکرێ

ـ مێژووی ئاکرێ دەگەڕێتەوە بۆ 700 ساڵ پێش زایین.
ـ شوێنەوارناسان و پسپۆڕان پێیان وایە کە بنیاتنەری ناوچەکە "پادشا زید" بووە، کە پادشایەکی زەردەشتی بووە.
ـ ئەو پادشایە ناوی"ئاکرێ"ـی لە شارەکە ناوە لە وشەی "ئاگر" ناوەکە وەرگیراوە، چونکە لەو سەردەمە زەردەشتییەکان لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوونە.
ـ مزگەوتی گەورە یەکێکە لە کۆنترین و دێرینترین مزگەوتەکانی کوردستان، لە ساڵی 21ـی کۆچی لە دوای فەتحی ئیسلامی بۆ ناوچەکە، لە سەردەمی دەسەڵاتی عومەری کوڕی خەتتاب بنیاتنراوە.
ـ لە چەند کتێب و ئەتڵەسی وڵاتان ناوی ئاکرێ هێنراوە، نموونەی کتێبە ناودارەکەی "حەمەوی" کە نووسەرێکی ناوداری عەرەبییە کتێبەکەی بە ناوی "معجم البلدان" لە ساڵی 1220 بۆ 1224 بڵاوکردووەتەوە، لەو کتێبەدا ناوی ئاکرێ هێنراوە و لە بارەیەوە نووسییەتی "ئاکرێ قەڵایەکی بەهێزە و لەنێو شاخەکانی باکووری عێراقە، سەر بە ویلایەتی نەینەوایە و سەرجەم دانیشتوانەکەی کوردن".
ـ لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکان ئاکرێ سەر بە میرنشینی بادینان بووە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ساڵی 1877  ئاکرێ بە فەرمی کراوە بە شارۆچکە، لەو سەردەمە شارۆچکەیەکی گەورە بووە و بایەخێکی زۆری هەبووە.
ـ لە ڕووی کارگێڕییەوە ئاکرێ سەر بە پارێزگای مووسڵ بووە، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان، بە فەرمی ئاکرێ لە 15ـەی تەمموزی ساڵی 1992 کرایە سەر پارێزگای دهۆک.

گەشتیاری و شوێنەواری ئاکرێ

بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و کەشوهەواکەی، ناوچەکە بووەتە شوێنێکی گەشتیاری ناودار و گرنگ بۆ کوردستان، بە تایبەتی لە بەهار و نەورۆزدا، ساڵانە یادی ئاهەنگی نەورۆز لەسەر چیای "کەلێی کۆن"ـی ئاکرێ دەکرێتەوە، بە هەزاران مەشخەڵ هەڵدەکەن و بە ئاڵای کوردستان شاخەکە دەڕازێننەوە، چەندان ناوچەی گەشتوگوزار و شوێنەواری دێرینی لێیە، نموونەی:
ـ تاڤگەی سیبە کە بەرزییەکەی 18 مەترە و پلەی گەرمی تێیدا مامناوەندە، دیمەن و کەشێکی دڵگیری هەیە و بووەتە شوێنێکی گەشتیاری.
ـ قەڵای ئاکرێ دەکەوێتە بەشی باکووری ئاکرێوە، بە دیاریکراوی لەسەر شاخێکی بەرز دروستکراوە، بە دووریی 450 مەتر لەسەر ڕووی زەوییەوە بەرزە، 580 ساڵ پێش زایین بنیاتنراوە، شێوازی قەڵاکە لە چەند نهۆمێک پێکهاتووە و چوار ستوونی تێدایە هەر یەکێکی بەرزییەکەی 110 مەترە لە ناوەڕاستی قەڵاکە بەردێکی پانی گەورە بوونی هەیە، لە ڕابردوودا ئەو قەڵایە بووەتە شوێنی پادشا و میرەکانی سەردەمە جیاوازەکان. 


سەرچاوەکان



4903 بینین