خۆشەویستی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-07-23:43:00 - کۆدی بابەت: 7776
خۆشەویستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خۆشەویستی (بە ئینگلیزی: Love)، (بە عەرەبی: حب) مەودایەکی فراوان لە هەستی سۆزداری و دۆخی دەروونی ئەرێنی دەگرێتەوە، کە زۆربەی ئەم هەستە دەروونییە چاکەکاری زۆر و ئاواتی باش و قووڵترین ئارەزووی کەسی و سادەترین خۆشی دەگرێتەوە، نموونە بۆ ئەم مەودا زۆرەی خۆشەویستی ئەوەیە کە خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکەی جیاوازە لە خۆشەویستی نێوان دوو هاوسەر کە ئەم خۆشەویستییەش جیاوازە لە خۆشەویستی بۆ جۆرێکی خواردن، باوترین جۆری خۆشەویستیش دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە کێشکردنێکی بەهێز و پەیوەستییەکی سۆزداریی بەهێز، خۆشەویستی دەکرێت ئەرێنی یان نەرێنی بێت. لایەنە باشەکەی خۆشەویستی کە میهرەبانی و بەزەیی و هۆگری مرۆڤ دەردەخات، هەروەها دڵسۆزی خۆنەویستانە و حەزی چاکەکاری لەپێناو باشەی ئەوانی تردا دەخاتەڕوو، دەکرێت پێناسەی دڵسۆزی و بەسۆزی مرۆڤەکان بکات بەرامبەر بە یەکتر و مرۆڤ خۆی و ئاژەڵ و زیندەوەرانی تر.
لایەنە نەرێنییەکەی خۆشەویستی دەبێتە هۆی ناڕێکی ڕەوشت، لەخۆبایی بوون، خۆپەرستی، خۆسەپێنی و خۆخوازی، کە ئەمانەش دەکرێت ببنە هۆی توشبوون بە جۆرێکی مانیا.

لە جۆرە جیاوازەکانیدا، خۆشەویستی بەهۆی گرنگییە دەروونییە ناوەندییەکەیەوە وەک ئاسانکەری سەرەکی ڕۆڵ دەبینێت لە دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا، هەروەها یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی داهێنانی هونەری و وەک ئامانجێک دانراوە کە هەموو مرۆڤایەتی بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

خۆشەویستیی بۆ شتێک

دەکرێت مرۆڤ جگە لە مرۆڤێکی تر، ئەو شتە یان بنەمایە یان ئامانجەی خۆشبوێت کە بە قووڵی پێیەوە بەندە و بەنرخە لەلای، بۆ نموونە: یارمەتیدانی هەژارێک یان کارێکی خۆبەخشی بەهۆی خۆشەویستی کەسەکانەوەیە بۆ ئەو هۆکارە، ئەم خۆشەویستییە هاندەرە بۆ کردنی ئەو کارەیان بەشێوەیەکی خۆنەویستانە، هەروەها دەکرێت مرۆڤ شتێکی ماددی یان ئاژەڵ یان چالاکییەکی خۆش بوێت ئەگەر لە ڕێگایەوە سەرمایەیەکی دەست بکەوێت.

خۆشەویستیی نێوان مرۆڤەکان

خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان هەستێکی زۆر بەهێزترە لە بەدڵبوونێکی ئاسایی. خۆشەویستی یەکلایەنە بەو جۆرە خۆشەویستییە دەوترێت کە لەلایەن یەک مرۆڤەوەیە و مرۆڤەکەی تر بێئاگایە یان هەمان هەستی نییە، بەڵام خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان زیاتر پەیوەستکراوە بە پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانەوە، وەک ئەو خۆشەویستییەی لەنێوان ئەندامانی خێزان و هاوڕێ و ژن و مێرددا هەیە، جگە لەوە چەندین نەخۆشی دەروونی هەیە کە پەیوەستکراوە بە خۆشەویستییەوە.

بنچینەی زیندەزانی 

مۆدێلی زیندەزانی سێکس هۆکارە بۆ ئەوەی کە خۆشەویستی وەک برسێتی و تینوێتی کۆنترۆڵی زیندەوەرە مەمکدارەکان بکات، ئەزموونکردنی خۆشەویستی بەسەر سێ قۆناغی بەیەکداچوودا دابەشکراوە کە بریتیین لە ئارەزوو و دڵبەستەیی و هۆگری،

  • ئارەزوو: بریتییە لە هەستکردن بە خواستی سێکسی، ئەم ئارەزووە هۆکارە بۆ زیاتر دەردانی هۆڕمۆنە کیمیاییەکانی وەک تێستێستیرۆن و ئیسترۆجین، کاریگەریی ئەم ئارەزووە بەشێوەیەکی دەگمەن زیاتر لە چەند هەفتە یان مانگێک دەمێنێتەوە.
  • دڵبەستەیی: دڵبەستەیی ڕۆمانسی بە واتای ئەوە دێت کەسەکە چی شتێکی لەلا سەرنجڕاکێشە و کات و وزەی تێدا خەرج دەکات بۆ دۆزینەوەی، زانستی مێشک و دەمار ئەوەی دیاری کردووە کە کاتێک مرۆڤێک دەکەوێتە خۆشەویستیەوە مێشکی بەشێوەیەکی بەردەوام ماددە کیمیاییەکانی وەک هۆڕمۆنەکانی گوێزەرەوەی دەماری و دۆپامین و نۆرئیپینفرین و سیڕۆتۆنین دەردەدات، کە ئەمەش هانی ناوەندی دڵخۆشی مێشک دەدات و لێدانی دڵ خێرا دەکات و حەزی خواردن و خەو کەم دەکاتەوە، هەروەها هەستی قووڵی هەژان زیاد دەکات، توێژینەوەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەم کاریگەرییە بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک تاکوو سێ ساڵ دەمێنێتەوە.
  • هۆگری: دەکرێت ئەو دوو قۆناغەی سەرەتا ماوەکەیان کورت بێت، بەڵام قۆناغی سێیەم کە بریتییە لە هۆگری و پەیوەستی دەکرێت ماوەکەی زیاتر بێت، کە هاوبەشی پێکردنی ماڵێک و ژیان لەژێر یەک بنمیچدا و گرتنە ئەستۆی ئەرکی باوانی و بەرگری هاوبەش و هەستکردن بە سەلامەتی و پارێزراوی دەگرێتەوە، هۆگری ئەو بەندبوونەیە کە هۆکارە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بۆ چەندین ساڵ و چەندین دەیە بمێننەوە، ئەم قۆناغە لەسەر پەیوەستی وەک هاوسەرگیری و منداڵ بنچینەی گرتووە، یان هاوڕێیەتی هاوبەش کە بنچینەکەی هاوبەشی پێکردنی ئەو شتانەیە کە هەردوولا پێیان خۆشە، هۆگری پەیوەستکراوە بە ئاستە بەرزەکانی دەردراوە کیمیاییەکانی وەک ئۆکسیتۆسین و ڤازۆپرێسین کە لەماوەی کەوتنە خۆشەویستیدا ئاستیان بەرزە و دوای ساڵێک دەگەڕێنەوە ئاستی ئاسایی.

بنچینەی دەروونی

دەروونزانی خۆشەویستی بە دیاردەیەکی ناسراو و کۆمەڵایەتی دادەنێت، تیۆرییەکی سێگۆشەیی داناوە بۆ خۆشەویستی، ئەوەی خستووەتە ڕوو کە خۆشەویستی سێ پێکهێنەری جیاوازی هەیە کە بریتیین لە نزیک بوونەوە و بەرپرسیارێتی و بەسۆزی:

  • نزیک بوونەوە: جۆرێکە کە تیایدا دوو کەس متمانە و وردەکارییە جیاوازەکانی ژیانی کەسێتییان هاوبەشی پێدەکەن، کە ئەمەش بەشێوەیەکی ئاسایی لە هاوڕێیەتی و پەیوەندی خۆشەویستی ڕۆمانسیدا ڕەنگ دەداتەوە،
  • بەرپرسیارێتی: لە دۆخی بەرپرسیارێتیدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئایا پەیوەندییەکە کاتییە یان نا.
  • بەسۆزی: کۆتا دۆخی خۆشەویستی ڕاکێشانی سێکسی یان بەسۆزییە، خۆشەویستی سۆزدارانە لە شێتوشەیدابوون و خۆشەویستییەکی ڕۆمانسیدا خۆی دەبینێتەوە.

هەموو جۆرەکانی خۆشەویستی لەم سێ پێکهێنەرەدا دەرکەوتنی پەیوەستیی جیاوازیان هەیە، نەبوونی خۆشەویستی بەهۆی نەبوونی هیچ یەکێک لەم دۆخانەوەیە، بەدڵبوون تەنها نزیک بوونەوە دەگرێتەوە و ئەوینداری و شێتوشەیدا بوونیش تەنها بەسۆزی دەگرێتەوە، هەروەها خۆشەویستی بەتاڵ تەنها دۆخی بەرپرسیاریەتی دەگرێتەوە، خۆشەویستی ڕۆمانسی هەردوو دۆخی نزیکی و سۆزداری دەگرێتەوە، دۆستایەتی هەردوو دۆخی نزیکی و بەرپرسیارێتی دەگرێتەوە.


سەرچاوەکان



2839 بینین