خواردنەوەی قاوە لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-08-23:22:00 - کۆدی بابەت: 7783
خواردنەوەی قاوە لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کافایین ماددەیەکی هاندەرە و خەڵکانێکی زۆر ئارەزووی لێ دەکەن، خواردنەوەی دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ و بەرزی پەستانی خوێن و دەبێتە هۆی زۆر میزکردن کە جەستە لەم حاڵەتەدا بەرەو وشکبوونەوە دەچێت، هەروەها کافایین لە هەندێک لە خانماندا لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە دڵەکزە، بۆیە خانمان دەبێت زۆر وریای بەکارهێنانی هەر خواردنەوەیەک کە ماددەی کافایینی تێدابێت لەماوەی دووگیانیدا، قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی کە کافایین لە پێکهاتەکەیدا بوونی هەیە.
ڕۆژانە خەڵکی بەگشتی قاوە دەخۆنەوە کە توانای وشیاربوونەوەیان پێ دەدات و هۆکارێکە بۆ خەوزڕاندن، هەندێک کەس بەهۆی پیشەکەیەوە ناچارە ڕۆژانە ماوەیەکی زۆر بەخەبەربێت کە ئەمەش وادەکات ڕۆژانە بڕێکی زۆر لە قاوە بخواتەوە.

خواردنەوەی قاوە لەماوەی دووگیانیدا

خانمانی دووگیانیش وەک هەر کەسانێکی دیکە حەزییان هەیە بۆ خواردن و خواردنەوەی دیاریکراو، بەڵام لەماوەی دووگیانیدا خانمان زۆر هەستیارن و دەبێت بە وریایەوە ماددە خۆراکییەکان بەکاربهێنن، لەوانەیە کەسێکی ئاسایی توانیبێتی ڕۆژانە دوو بۆ سێ کوپ قاوە بخواتەوه بەڵام کاتێک دووگیان دەبێت ئەم بڕە جیاوازی هەیە و دەبێت بزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ قاوە خواردنەوەدا دەکات.

ئایا بڕی چەند خواردنەوەی قاوە ئاساییە بۆ خانمانی دووگیان؟

لەماوەی دووگیانیدا دەبێت سنوورێک دیاری بکرێت بۆ خواردنەوەی ئەو خۆراکە ماددانەی کە کافایینیان تێدایە، ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە دەربارەی خواردنەوەی قاوە لەماوەی دووگیانیدا کۆلێژی ئەمریکی ژنان و منداڵبوون (ACOG) پێشنیار دەکات کە خانمانی دووگیان ڕۆژانە لە ٢٠٠ میلیگرام کافایین نەخۆنەوە، کە کوپێک قاوە ١٠٠ میلیگرام کافایینی تێدایە واتە لە ڕۆژێکدا نابێت لە دوو کوپ زیاتر قاوە بخۆنەوە، هەڵبەتە دەبێت وریابن بەپێی جۆری قاوەکە دەکرێت ڕێژەی کافایینەکەش گۆڕانکاری بەسەردا بێت و کەم و زیاد بکات، بە خواردنەوەی قاوە لەماوەی دووگیانیدا ماددەی کافایین له وێڵاش و شلەی سەراو و خوێنەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە، کاتێک کە جەستەی دایک خەریکی هەرسکردن و هەڵمژینی کافایینە و جەستەی کۆرپەلەکە کە هێشتا لە گەشەکردندایە کاتێکی زیاتری پێویستە بۆ قبووڵکردنی کافایین، هەربۆیە منداڵەکە زۆر زیاتر زیانی پێ دەگات بە کافایینەکە بە بەراورد بە دایکی، هەڵبەتە زیانەکانی قاوە لەو خانمانەی کە ڕۆژانە کەمتر لە ٢٠٠ میلیگرام کافایینیان خواردووەتەوە دەرنەکەوتووە.

سێ مانگی دوووەم و سێیەمی دووگیانی 

لە سێ مانگی دووەم و سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا کاریگەرییە خراپەکانی کافایین زیاتر دەبێت چونکە جەستە توانای کەمتر دەبێتەوە بۆ هەڵمژین و هەرسکردنی کافایین و بڕێکی زیاتر لە کافایین لە جەستەدا دەمێنێتەوە، لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا هەرسکردنی کافایین بەنزیکەیی دوو بەرامبەرە بە سێ مانگی یەکەم و لە سێ مانگی سێیەمدا دەبێتە سێ بەرامبەر، کە هەموو ئەمانەش دەرخەری ئەوەن کافایینێکی زیاتر لە وێڵاشەوە دەگات بە کۆرپەلەکە.
هەروەها لە کۆتایی سێ مانگی سێیەمدا کە کۆرپەلە گەورەترە و وردە وردە خۆی ئامادە دەکات بۆ هاتنە دونیاوە، خواردنەوەی قاوە تووشی خەوزڕانی دەکات و بەمەش بەهۆی وریایی و کەمخەوییەوە لە کاتی لەدایکبوونیدا کێشی کەمە.

زیانەکانی خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە کافایین

  • زیادبوونی لێدانی دڵی دایکەکە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن
  • لەرزینی جەستە و خەوزڕان
  • زیادبوونی ترشێتی گەدە و تووشبوون بە دڵەکزە لە ماوەی دووگیانیدا
  • منداڵبوونی پێش وەختە
  • کەمیی کێشی منداڵ لە کاتی لەدایکبوونیدا کە بەم هۆیەوە لە کاتی گەورەبوونیاندا زیاتر مەترسی کێشەی تەندروستییان هەیە.
  • زیادکردنی مەترسی لەبارچوونی منداڵ

لێکۆڵەرانی زانکۆی ڕۆچێستەر (Rochester) لێکۆڵینەوەیەکیان کردووە لەسەر مێشکی نۆ هەزار منداڵی نۆ بۆ دە ساڵ, دەرکەوتووە کە ئەو منداڵانەی لە منداڵدانی دایکیاندا کافایینی زۆریان وەرگرتووە لە ساڵانی داهاتوویاندا تووشی کێشەی ڕەفتاری دەبنەوە.

خواردنەوەی قاوە لەماوەی شیرداندا

بەهەمان شێوەی ماوەی دووگیانی دایکان دوای منداڵبوون دەبێت ماوەیەک دوورکەونەوە لە زۆر خواردنەوەی ئەو ماددانەی کە کافایینیان تێدایە و بە بڕێکی دیاریکراو واتە کەمتر لە ٢٠٠ میلیگرام لە ڕۆژێکدا بخۆنەوە، چونکە لەماوەی شیردانیشدا بڕی کافایینەکە لە شیری دایکەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکە.


سەرچاوەکان



2476 بینین