ڕۆژی ڤالانتاین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-02-14-00:20:00 - کۆدی بابەت: 7825
ڕۆژی ڤالانتاین

ناوه‌ڕۆك

ڤالانتاین

ڕۆژی خۆشەویستی، جەژنی خۆشەویستی یان جەژنی عاشقان (بە ئینگلیزی: Valentine's Day، بە عەرەبی: يوم الحب) ئاهەنگێکی مەسیحییە و لە سەرتاسەری جیهان یاد دەکرێتەوە و ڕۆژەکەی دەکەوێتە ١٤ـی شوباتی هەموو ساڵێک بە ڕۆژژمێری زایینی. لەم ڕۆژەدا خەڵکانی جیهانی یادی سەینت ڤالنتەین دەکەنەوە و یادی خۆشەویستی و سۆز بەرز ڕادەگرن و عاشقان خۆشەویستی خۆیان بۆ یەکتری دەردەبڕن. ئەم دەربڕینەش بە چەندین شێوازی تایبەت هەیە وەک پێشکەشکردنی گوڵ و دیاری گرانبەها و دووپاتکردنەوەی وتنی وشەی "خۆشم دەوێیت".

لەم بۆنەیەدا عاشقەکان پێکەوە دەڕۆنە دەرەوە و یەکتری بانگهێشت دەکەن و شیرینی و موژدە دەبەخشنەوە بە یەکتری. زۆرینەی ساڵان زیاتر لە ١٥٠ ملیۆن کارت و نامە لە نێوان خەڵکی ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت بۆ ئەم مەبەستە و دووەمین زۆرترین کارتی نێردراوە لەنێو مرۆڤەکان لەدوای کارتی بۆنەی لەدایکبوون.

مێژووی یادەکە

چواردەی دوو تاوەکوو سەدەی ١٤ـەیەمی زایینی یادی خۆشەویستی نەبوو. لەو سەدەیەدا لەلایەن شاعیر و ئەدیبی ئینگلیز جێفری چوسەر ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی خۆشەویستی دانرا. پێش ئەوەی ڕۆژەکە بکرێت بە ڕۆژی خۆشەویستی، مەسیحییەکان هەموو چواردەیەکی شوبات ڕۆژوویان دەگرت. ناوی ڤالانتاین یان ڤالێنتاینیش لە کەسێکی پیرۆزەوە دێت کە لەلای مەسیحییەکان بە شەهید ناودەبرێت. کە لە ساڵی ٢٦٩ لە ڕۆما لەژێر فەرمانڕەوایی کلۆدیۆسی دووەمی ڕۆمانی ژیاوە، لەو سەردەمەشدا زۆرکەس ناوی لەوشێوەیان هەبووە، واتە ناوی "ڤالێنتینۆس". ئەو سەردەمە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی تووشی جەنگ بووبوویەوە، بۆیە ئیمپڕاتۆر فرمانی کرد کە ئەو سەربازانەی سەڵتن هاوسەرگیری نەکەن بۆ ئەوەی بەبێ بیرکردنەوە و دڵنەوایی بجەنگن. بەڵام قەشەیەکی مەسیحی سوور دەبێت لەسەر بەیەکگەیاندنی ئەو کەسانەی یەکترییان خۆشدەوێت و ڕێکخستنی هاوسەرگیری بۆیان، هەر بەو هۆیە دەستگیر دەکرێت و دەکوژرێت. لە زیندان کچێکی گەنج دەناسێت بەناوی جولیا و پەیوەندییەکی تۆکمە بەیەکترییان دەبەستێتەوە، لە کۆتا ڕۆژی ژیانی قەشەکە کە ڕێکەوتی چواردەی شوباتە، نامەیەک بۆ جولیا دەنووسێت و لە کۆتایی نامەکە دەنووسێت "لە ڤالێنتاینەوە".

لە ساڵی ٤٩٦ـی زایینی، پاپا گلاسیۆس ڕێکەوتی چواردەی دووی کردە ڕۆژی بەرزڕاگرتنی یادی قەشە ڤالێنتاین.

هەندێک ڕاستی دەربارەی ڕۆژەکە

  • لە سەدەی چواردەیەم ڕێکەوتی ١٤ـی دوو وەک ڕۆژی خۆشەویستی دانرا و بووە پشوویەکی فەرمی لەلای مەسیحییەکان لە هەموو جیهان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی خۆشەویستی و قەشە ڤالێنتاین.
  • قەشە ڤالێنتاین تاکە کەس نەبوو لە ڕووداوی لەسێدارەدانەکەیدا، بەڵکوو بەپێی گێڕانەوە مێژووییەکان لە هەمان ڕێکەوت سێ کەس لەسێدارەدراون بە هەمان مەبەست.
  • سەرەتا ئەم ڕۆژە بە ڕۆژێکی ڕەش دادەنرا بەهۆی کوشتنی قەشەکەوە، بەڵام بەپێی تێپەڕینی کات ڕەنگی سووری بەبەردا کرا و وەک بۆنەیەکی شادی سەیر دەکرێت.
  • ڕەنگی سوور، گوڵی سوور، دیاریی ورچی بچووک و گەورە لە نیشانە و خەڵاتە دیارەکانی ئەم بۆنەیەن.


سەرچاوەکان



983 بینین