تەڕەپیاز

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-02-22-23:52:00 - کۆدی بابەت: 7876
تەڕەپیاز

ناوه‌ڕۆك

تەڕەپیاز چییە؟

تەڕەپیاز (بە ئینگلیزی: Green Onion، بە عەرەبی: البصل الأخضر)، یەکیکە لە بەناوبانگترین سەوزەواتەکان لە جیهاندا، نیشتیمانی ڕەسەنی تەڕەپیاز کیشوەری ئاسیایە، ئەم سەوزەیە بەشی سەرەوەی بریتییە لە پیازی تازە پێگەیشتووی سەوز لە شێوەی گەڵای درێژ، باریک، شێوە بۆری و ناسک کە لە ماوەیەکی کورتدا لە دوای پێگەیشتنیان لێدەکرێنەوە، ئەو بەشەی ناو خاکەکەش بریتییە لە بنکەیەکی سپی، تام خۆش و ناسک، تەڕەپیاز دەتوانرێت دوای لێکردنەوەی پاک بکرێتەوە و بخورێت یان لە دروستکردنی چەندین خواردندا بەکاربێت، ئەوەی ئەم پیازە لە پیازی ئاسایی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە زۆر زوو هەڵدەکێشرێت و چاوەڕێی پێگەشتنی بەشی ژێرەوەی ناکرێت تا ببێت بە پیازێکی تەواو و پێگەیشتوو.

سوودەکانی

تەڕەپیاز چەندین سوودی تەندروستی هەیە لەوانەش:

  • کەم کردنەوەی کێشی زیادە: تەڕەپیاز بە بوونی کالۆری کەم ناسراوە لەگەڵ بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵ کە یارمەتی زووتر هەستکردن بە تێربوون دەدات و ئەمەش وادەکات کە تەڕەپیاز ببێتە هۆکاری دابەزاندنی کێشی زیادەی لەش.
  • ڕێگە دەگرێت لە گەشە کردنی خانە شێرپەنجەییەکان: یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی تەڕەپیاز بریتییە لە ڕێگە گرتنی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان بە تایبەت شێرپەنجەی گەدە و قۆڵۆن، هەروەها ڕێگری دەکات لە گەشە کردنی وەرەمە شێرپەنجەییەکان و توشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات لە پیاواندا.
  • یارمەتی خێرا کردنی مەیینی خوێن دەدات: تەڕەپیاز ڕێژەیەکی بەرز لە ڤیتامین K تێدایە، بە شێوەیەک کە نزیکەی دەسکێک لە تەڕەپیاز دەتوانێت ڕێژەی ڤیتامین K ڕۆژێک دابین بکات، ئەم ڤیتامینە یارمەتیدەرێکی زۆر باشی مەیاندنی خوێنە و ڕێگە دەگرێت لە توشبوون بە خوێنبەربوونی زۆر و توند، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین سوودی تەندروستی بۆ خوێن و خوێنبەرەکان هەیە .
  • تەندروستی کۆئەندامی هەرس دەپارێزێت: یەکێکی تر لە سوودەکانی تەڕەپیاز پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی هەرسە چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە ڕیشاڵی تێدایە و ڕێگری لە قەبزیی دەکات و کرداری هەرس ئاسان دەکات.
  • بەرگری لەش بەهێز دەکات: تەڕەپیاز دەوڵەمەندە بە دوو ماددەی خۆراکی گرنگ کە ئەوانیش بریتین لە فلاڤۆنۆیدەکان و ئەنتۆسیانین کە بەرەنگاری خانە شێرپەنجەییەکان دەبنەوە.
  • پارێزگاری لە تەندروستی چاو دەکات: لە تەڕەپیازدا چەند ماددەیەک هەن پێیان دەوترێت کارۆتینۆیدەکان کە بەرپرسن لە پاراستنی تەندروستی چاو وەک، زیازانسین، لوتین و ڤیتامین A، ئەمانە یارمەتی بینینی تەندروست دەدەن و ڕێگری دەکەن لە شێواوی بینین.
  • پاراستنی تەندروستی ئێسک: بەهۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆری ڤیتامین C و ڤیتامین K تەڕەپیاز دەتوانێت پارێزگاری لە تەندروستی ئێسکەکان بکات و ڕێگری بکات لە پووکانەوە و شکانیان و بە بەهێزی بیانهێڵێتەوە.
  • پارێزگاری لە تەندروستی دڵ دەکات: یەکێکی تر لە سوودەکانی تەڕەپیاز دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشی لەشە، هەروەها ڤیتامین A و ڤیتامین C تێدایە کە ڕەوشتی دژە ئۆکسانیان هەیە و ڕێگە دەگرن لە زیان گەیاندن بە خانەکانی لەش.


سەرچاوەکان



629 بینین