ئێکس بۆکس

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-02-19:10:00 - کۆدی بابەت: 7909
ئێکس بۆکس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

یاریی یان ئەتاریی ئێکس بۆکس (بە ئینگلیزی: Xbox)، سەر بە ئامێری یارییە ڤیدیۆییەکانە، لە ساڵی 2001 لەلایەن کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکییەوە بەرهەمهێنراوە، ڕکابەری هەریەک لە یارییەکانی پلەی ستەیشنی کۆمپانیای سۆنی (PlayStation) و سیگایە (Sega Dreamcast)، ئەم ئامێری یارییە یەکێکە لە پڕفرۆشترین ئامێرەکانی کۆمپانیای  مایکرۆسۆفت و هەوادارێکی زۆری لە هەموو تەمەنێک هەیە. 

مێژووی دروستبوون و واتای ناوەکەی

لە ساڵی 1998 چوار ئەندازیار لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە ڕێگەی کردنەوەی پارچەکانی کۆمپیوتەرێک بە مەبەستی ئامادەکردن و بنیاتنانی سیستمی یارییەکی نوێ لە مایکرۆسۆفتدا، سیستمی ئەم یارییەیان داهێنا، تاکوو ببێتە ڕکابەری کۆمپانیای سۆنی کە ئەو کاتە پلەی ستەیشن 2ـی خستبووە بازاڕەکانەوە، سیستمێکی جیاواز و تایبەتیان دانا و ناوی Direct Xboxـی بۆ پێشنیار کرا، لە سەرەتادا ناوەکەیان پەسەند نەکرد و پێیان وابوو بەکارهێنەران ئەو ناوەیان لەلا درێژە بۆیە چەند ناوێکی تر پێشنیار کران و وشەی Directـەکەیش لادران، بەڵام هەر بەو ناو مایەوە.
یەکەمین دیزاینی ئامێرەکە وێنەدانەوەی ناوەکەی بوو چونکە هاوشێوەی سندوقێک بوو بە پیتی ئێکسی ئینگلیزی نەخشێنرا بوو، تا ڕادەیەک لە دیزاینی پلەی ستەیشنەوە نزیک بوو، بەڵام دیزاینی ئێکس بۆکس کەمێک ئەستوورتر بوو.

گرنگترین وەشانەکانی یاریی ئێکس بۆکس

ـ لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2001 یەکەم سیستم داهێنرا و خرایە بازاڕەکانەوە.
ـ دواتر لە ساڵی 2005 سیستمی ئێکس بۆکس 360 (Xbox360) دەرچوو، کە دوو وەشانی تری لێ بەرهەمهێنرا، یەکەمیان لە ساڵی 2010 بوو بە ناوی Xbox360 S، دووەمیان بە ناوی Xbox 360 E لە ساڵی 2013 دروستکرا و شێوازی دیزاینەکەی گۆڕا.
ـ لە ساڵی 2013 ئێکس بۆکس وەن (Xbox one) دەرچوو.
ـ لە ساڵی 2020 ئێکس بۆکس سیریەس ئێکس (Xbox series X/ S) خرایە بازاڕەکانەوە، نرخەکەی 500 دۆلاری ئەمریکی بوو.
ـ پەبێی لێدوانەکانی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، ئێکس بۆکس وەن بەھێزترین سەکۆی یاریکردنە کە تا ئێستا لەلایەن کۆمپانیاکەوە دروست کرابێت. 

ڕێژەی فرۆشتن

دوای ئەوەی ئامێری یارییەکە خرایە بازاڕەکانەوە، ڕەواجێکی زۆری هەبوو بە تایبەت لە ئەمریکای باکوور و ئەورووپا، بەڵام لە وڵاتانی ئاسیا و ئوسترالیا کاتی پێویست بوو تا بڵاوبووەوە.
لە 15ـی تشرینی دووەمی ساڵی2001، بۆ یەکەم جار ئامێری یارییەکانی ئێکس بۆکس خرایە بازاڕەکانی ئەمریکای باکوورە و خەڵکی پێشوازییەکی زۆری بۆیان هەبوو، لە ماوەی سێ مانگدا بڕی 153 هەزار یەکەی لێفرۆشرا.
لە ساڵی 2006 لە هەموو جیهاندا نزیکەی 26 ملیۆن یەکەی لێفرۆشرا، بڕی 16 ملیۆن یەکەی لە ئەمریکای باکوور فرۆشرا، هەروەها شەش ملیۆن یەکەی لە ئەورووپا فرۆشرا، تەنها دوو ملیۆن یەکەی لە ئاسیا و ئوسترالیا فرۆشرا.
لە ئەمریکا ڕێژەی فرۆشییەکانی ئێکس بۆکس هەمیشە لە پاش ڕێژەی فرۆشییەکانی پلەی ستەیشن PS2ـی کۆمپانیای سۆنی بووە، هەمیشە ڕکابەرێکی سەرسەختی بووە.


سەرچاوەکان



963 بینین