هۆنگ کۆنگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-03-23:45:00 - کۆدی بابەت: 7919
هۆنگ کۆنگ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هۆنگ کۆنگ (بە ئینگلیزی: Hong Kong، بە چینی: 香港)، شارێک و ناوچەی کارگێڕی تایبەتی چینە لەسەر دێلتای ڕووباری پیرل لە باشووری چین، ژمارەی دانیشتوانی ئەم شارە زیاتر لە 7.5 ملیۆن کەسە لە نەتەوە جۆراوجۆرەکان و ڕووبەرێکی 1,104 کیلۆمەتر دووجادا، هۆنگ کۆنگ یەکێکە لە شوێنە ئاوەدانەکانی جیهان و هەروەها یەکێکە لە پێشکەوتووترین شارەکانی جیهان.

مێژووی شارەکە

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەردەستدان نزیکەی 20,000 ساڵ پێش ئێستا خەڵکی لە هۆنگ کۆنگ ژیاون، زۆر ئامرازی بەردین و شتومەک دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە ۆ ئەو کاتە، لە سەرەتادا هۆزە جیاوازەکان لە ناچەکەدا نیشتەجێ بوون کە پێیان دەگووترا گەلی یوەی، ئەم گەلانە لەژێر دەسەڵات و فەرمانڕەوایی هیچ ئیمپراتۆریەکی گەورەی هەرێمەکەدا نەبوون، بەڵام سوپای خێزانی دەسەڵاتداری قین لە ساڵی 221 پێش زایینی و کەمێک دوای دەستپێکردنی ئیمپراتۆریەتییەکە چوونە ناو هەرێمی گوانگدۆنگەوە، هەروەها لە ساڵی 1841دا ئاڵای بەریتانیا لە دوورگەی هۆنگ کۆنگ بەرزکرایەوە، ئەو کاتە ژمارەی دانیشتوانی دوورگەی هۆنگ کۆنگ نزیکەی 7450 کەس بوو، کە بەزۆری ماسیگر بوون و لە گوندە کەناراوەکان دەژیان.

دوای ساڵی 1949 سەدان هەزار کەس لە چینەوە ڕوویان لە هۆنگ کۆنگ کرد، زۆرێک لەو خەڵکانە ڕۆشنبیر و شارەزا بوون یان خاوەنی هەندێک سەرمایە بوون، گەشەی خێرای ئابووری و پیشەسازی هۆنگ کۆنگی کرد بە یەکێک لە چوار پڵنگەکەی ئاسیا، لە ئێستادا ئەم شارە لە پێش تۆکیۆ، لەندەن و نیویۆرکەوە بە ناوەندی سەرەکی دارایی دادەنرێت.

دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ

لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی دوایین داتای نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی دانیشتوانی ئێستای هۆنگ کۆنگ 7,585,799 کەسە. پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ تا ساڵی 2041 بگاتە 8.469 ملیۆن کەس، هەروەها پێشبینی دەکرێت تا 2041 زیاتر لە 30٪ی دانیشتوان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بن.

شاری هۆنگ کۆنگ یەکێکە لەو شارانەی جیهان کە کەمترین ڕێژەی لەدایکبوونی هەیە، بەهۆی زیادبوونی نرخی شتومەک و دابینکردنی ماڵ و ئاگاداربوونی منداڵ خەڵکی هۆنگ کۆنگ پێیان باشە منداڵیان نەبێت، ئەمەش لە ئەنجامدا کاریگەری لەسەر گەشەی دانیشتوان دەبێت، هەروەها حکومەتیش هەنگاو دەنێت بۆ هاندانی خەڵک بۆ هەبوونی خێزانێکی گەورەتر. مەزەندە دەکرێت تا ساڵی 2033، ڕێژەی %26.8ی دانیشتوان لەسەرووی 65 ساڵییەوە بن، تێکڕای تەمەنی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ تەمەنی 83 ساڵییە.

زمان

93.6٪ ی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ لە چینییەکان پێکهاتوون، هەروەها ئەو زمانانەی لە نێو دانیشتواندا بەکاردێن بریتین لە: کانتۆنی 88.9٪، ئینگلیزی 4.3٪، ماندارین 1.9٪، شێوەزارەکانی تری چینی 3.1٪ و زمانەکانی تر لە 1.9٪.

ئایین

زۆربەی خەڵکی هۆنگ کۆنگ هیچ ئایینێکیان نییە و خۆیان بە بێ ئایین دەدەن لە قەڵەم، هەرچەندە مەزەندە دەکرێت کە 80٪ی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگ هیچ ئایینێکیان نییە، تەنها 43٪ی دانیشتوان هەندێک ئایین پەیڕەو دەکەن، ئایینە سەرەکییەکانی شارەکە بریتین لە بودیزم، تاویزم و کۆنفۆسیانیزم، مەسیحییەکان 11٪ی دانیشتوان پێکدەهێنن و زۆربەیان پرۆتستانتن.

هۆنگ کۆنگ لەڕووی گەشتیارییەوە

شاری هۆنگ کۆنگ ناوەندێکی گرنگی گەشتیارییە لە ئاسیا، لە ساڵی 2019دا ژمارەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی بۆ شاری هۆنگ کۆنگ نزیکەی 56 ملیۆن گەشتیار بوو، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەرتی گەشتیاری هۆنگ کۆنگ زیانێکی گەورەی بەرکەوت و لە ساڵی 2020دا 3.57 ملیۆن گەشتیار تۆمارکرا، هەروەها لە ساڵی 2021دا ئەم ژمارەیە دابەزی و نزیکەی 91,400 گەشتیار ڕوویان لە شارەکە کرد.

کەشوهەوای هۆنگ کۆنگ

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری هۆنگ کۆنگ کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەکەوێتە باشووری خولگەی قرژانگەوە بەڵام تایبەتمەندی باشووری چینی هەیە، هاوینی ئەم شارە گەرم و شێدارە، لەگەڵ ئەوەشدا جاروبار باران دەبارێت و ڕەشەبای بروسکاوی و بای گەرم لە باشووری ڕۆژئاواوە هەڵدەکات، زۆرجار تایفوون یان تۆفانی توند هەڵدەکات و هەندێک جار دەبێته هۆی دروستبوونی لافاو و زەمینلەرزە، هەروەها زستانی ئەم شارە مامناوەندە و زۆرجار لە سەرەتای زستاندا خۆرەتاوە پاشان کە بەرەو مانگی شوبات دەڕۆین کەشەکە هەوراوی دەبێت و بەرەی هەوای سارد بایەکی بەهێز و سارد لە باکوورەوە دەهێنێت بۆ شارەکە، پاییزی هۆنگ کۆنگ خۆرەتاوترین وەرزی ساڵە، لە کاتێکدا بەهار هەوراوییە.


سەرچاوەکان



608 بینین