تۆختربوونی ڕەنگی گۆی مەمک لەماوەی دووگیانیدا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-25-22:15:00 - کۆدی بابەت: 8043
تۆختربوونی ڕەنگی گۆی مەمک لەماوەی دووگیانیدا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دووگیانبوون تەنها گەورەبوونی سک و بوونی منداڵێک نییە تێیدا، بەڵکوو گۆڕانکارییە لە هەموو بەشەکانی جەستەی خانمەکەدا، گۆڕانکاری گۆی مەمک لەماوەی دووگیانیدا گۆڕانێکە کە هەر خانمێک ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە هەفتە جیاوازەکانی دووگیانیدا، چەندان گۆڕانکاری دێت بەسەر گۆی مەمکدا، وەک:

  • تۆختربوونی ڕەنگی گۆی مەمک و دەورووبەری
  • وشکبوونەوەی گۆی مەمک 
  • خورانی مەمک
  • سووتانەوەی گۆی مەمک
  • دەرکەوتنی لولەی خوێن لەسەر گۆی مەمک 
  • ڕەقبوونی گۆی مەمک 
  • دەردراوی گۆی مەمک 
  • ئەگزیمای مەمک 
  • ڕژێنی چەوری لەسەر گۆی مەمک لەماوەی دووگیانیدا

تۆختربوونی ڕەنگەکەی 

گۆڕانکاری گۆی مەمک بەجۆرێکە کە گۆی مەمک و دەووربەری ڕەنگی تۆختر دەبێت، حاڵەتێکی زۆر باوە و ئاساییە هەندێک خانم بە نیشانەی سەرەتایی دووگیانیشی دادەنێن، جگە لە تۆختربوونی ڕەنگی گۆی مەمک ئازار و گەورەبوونی قەبارەی مەمک و زیاتر گەورەبوون و هاتنە دەرەوەی گۆی مەمکیش نیشانەی دیکەن، هەندێک جاریش کۆمەڵێک دەرهاتووی بچووک لەسەر گۆی مەمک دەردەکەون کە وردە چەورین، کە ڕژێنی چەورین و دەبنە هۆی زیاتر چەوربوونی گۆی مەمک و ئاسانکاری بۆ شیردان و پاراستنی منداڵەکە لە میکرۆب.

هۆکارەکان

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان سەرەکیترین هۆکارە بۆ تۆختربوونی ڕەنگی گۆی مەمک، میلانین هۆڕمۆنێکە کە بەرپرسیاری گۆڕانی ڕەنگی پێستە، کە گۆی مەمک و دەوورووبەری بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی میلانینەوە تۆختر دەبنەوە.

بیروباوەڕی هەڵە

کۆمەڵێک بیروباوەڕی هەڵە هەبووە لە کۆندا لەسەر گۆڕانی ڕەنگی گۆی مەمک و پێیان وابووە تۆختربوونی گۆی مەمک پەیوەندی هەیە بە ڕەگەزی منداڵەکەوە و کاریگەری دەبێت بەڵام ئەمە بیروباوەڕێکی بێ بنەمایە.

ئایا هەمیشەییە؟

لە زۆرینەی کاتدا چەند مانگێک دوای منداڵبوون ڕەنگی گۆی مەمک ئاسایی دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە باری پێشووی و لە هەندێک لە خانمانیشدا لەوانەیە ببێتە هەمیشەیی و بەوشێوەیە بمێنێتەوە، ئەگەریش شیر بدەیت گۆڕانکارییەکانی گۆی مەمک زیاتر دەبن و بەردەوامییان دەبێت تاکوو شیردانت تەواو دەبێت.

چەند ڕێنوێنییەک 

تۆخبوونی ڕەنگی پێست لە هەر شوێنێکی جەستەدا واتە ئەو شوێنە ڕێژەی هۆڕمۆنی میلانین زۆرە تێیدا بۆیە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و چارەسەری دەبێت چەند هەنگاوێک جێبەجێ بکەیت کە ئەمانەن:

  • پارێزگاری لە گۆی مەمک بەجۆرێک کە نەهێڵیت تیشکی خۆری بەربکەوێت و دەبێت کاتی چوونە دەرەوە کرێمی دژەخۆری لێ بدەیت.
  • بەکارهێنانی کرێمی تایبەت بە سپیکردنەوە و لابردنی ئەو ڕەنگە تۆخە، بەڵام دەبێت پێش ئەوە پرس بە پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و ئاگاداری بکەیتەوە، بەتایبەت ئەگەر شیر بدەیت.
  • نابێت گۆی مەمک زۆر گەرمای ببێت و ئەگەر ئارەقی کردەوە دەبێت بە ئاوی سارد بشۆردرێت و فێنک بکرێتەوه.
  • دوورکەوتنەوە لە پەستانی دەروونی و خواردنی خۆراکی تەندروست و وەرزشکردنیش هۆکارێکن تاکوو ئەم ڕەنگە تۆخە زووتر کاڵ ببێتەوە.


سەرچاوەکان



19203 بینین