ئازاری لەبارچوونی منداڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-03-31-22:18:00 - کۆدی بابەت: 8092
ئازاری لەبارچوونی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەبارچوون واتە تەمەنی کۆرپەی سکی خانمە دووگیانیەکە نەگەشتبێتە ٢٠ هەفتە و دووگیانیەکە کۆتایی هاتبێت، ٪١٠ـی خانمان دووگیانیەکەیان بە لەبارچوون کۆتایی دێت لەبارچوونیش چەند هۆکارێکی هەیە و لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی تر جیاوازی دەبێت، لەبارچوون ئازارێکی زۆری لەگەڵدایە بەجۆرێک هەندێک دەڵێن لە منداڵبوون قورسترە، ناسینەوەی ئازارەکانی لەبارچوون یارمەتیدەرە تاکوو بزانیت کە دووگیانیەکەت کۆتایی پێ هاتووە یاخود نا.

ئازارەکانی لەبارچوون

گرژبوونی سک

وەک کاتی سوڕی مانگانە لەکاتی لەبارچوونیشدا منداڵدان تووشی گرژبوون دەبێت، بەهۆی ئەوەی کە شانەکانی منداڵدان شانەی ماسولکەیین گرژبوونەکانیش هەمان گرژبوونی ماسولکەیین و ئازاریان دەبێت، ئەم گرژبوونانە لە دوو شوێنی سکدا دەبینرێن خوارەوەی سک و ناوچەی حەوز، گرژبوونەکە بەشێوەی شەپۆل دێت و دەڕوات.

گرفتەکانی زێ

بەدرێژای سوڕی ئاسایی مانگانە، منداڵدان دیواری ئەستوور دروست دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو منداڵەی بڕیارە بێتە منداڵدانەوە، بەڵام ئەگەر دووگیانی ڕوونەدات ئەم دیوارانە تێکدەشکێن و وەک و خوێن دێنە خوارەوە، لەبەرئەوەی دیوارەکانی منداڵدان ئەستوورتر بوون و پارێزگارییان لە کۆرپەکە کردووە کاتێک لەبارچوون ڕوودەدات خوێنبەربوونێکی توندتر ڕوودەدات لەم کاتەدا خانمان واباشە سانتی بەکاربهێنن نەک تامپۆن، چونکە تامپۆن خوێنێکی زیاتر هەڵدەمژێت و خوێنی لەبارچوونیش خوێنێکی زۆرە بەمەش خانمەکە ماوەیەکی زۆر بە شێداری دەمێنێتەوە و بێزار دەبێت، بۆئەوەی ناوچەی زێ ئازاری نەبێت و تووشی هەوکردن و شێداربوونەوە نەبێت، دەبێت بەباشی پاکی بکەیتەوە تەنها بە ئاو، نابێت سابوون بەکاربهێنیت، چونکە سابوون یارمەتی گەشەکردنی بەکتریا و کەڕووەکان دەدات و بەمەش ئەو ناوچەیە زیاتر بە شێداری دەمێنێتەوە و بۆنی ناخۆش دەبێت.

دڵتێکچوون، سکچوون، ڕشانەوە 

کۆئەندامی هەرسیش دووچاری گرفتی زۆر دەبێتەوە لە کاتی لەبارچووندا و هەروەها ئەگەری هەیە کۆئەندامی هەرس بەهۆی ئەو دەرمانانەی کە بۆ لەبارچوون بەکاردێن تێکبچێت و تووشی زیانی لاوەکی ببێتەوە، سکچوون ڕوودەدات بەهۆی لووس بوونی ماسولکەکانی منداڵدانەوە و ئەمەش بەهەمان شێوە لە کاتی سوڕی مانگانەشدا ڕوودەدات، هەوڵبدە دوای لەبارچوون ئاوی زۆر بخۆیتەوە و خۆراکی گونجاو بخۆیت تاکوو دووربیت لە کێشەکانی کۆئەندامی هەرس، وەک: برنج، مۆز، هێلکەوڕۆن، کەباب.

ئازاری پشت

بەهۆی گرژبوونی منداڵدانەوە ئازار لە بەشی خوارەوەی پشتیشدا دروست دەبێت و ئازارەکە دەکرێت کەم و مامناوەند و توند بێت.

لاوازی و ماندوویەتی

ئاساییە دوای لەبارچوونی منداڵ هەست بە لاوازی و ماندوویەتی بکەیت بەهۆی ئەو خوێنەی کە لێت ڕۆشتووە و لەوانەشە لەگەڵیشیدا سەرئێشە و سەرسوڕانیشت هەبێت، بەڵام ئەگەر هەستت کرد دەبوورێیتەوە و ناتوانیت هەستیتەوە ئەوە سەردانی پزیشک بکە.

ئازاری دەروونی

گرنگ نییە سکەکە چەند مانگ بووە کە لەدەستیداوە دایکەکە ئازارێکی زۆری دەروونی دەبێت و هەست بە بێتاقەتی و نائومێدی دەکات، هەروەها دەکرێت دوای لەبارچوون تووشی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی ببێت، گرنگە لەم کاتەدا دڵنەوایی بکرێت و بەتەنها جێنەهێڵدرێت.


سەرچاوەکان



6422 بینین