ئوستوڕالیا

له‌لایه‌ن: - ئالاء موزەففەڕ ئالاء موزەففەڕ - به‌روار: 2022-04-07-18:16:00 - کۆدی بابەت: 8160
ئوستوڕالیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

ئوستوڕالیا (بە ئینگلیزی: Australia، بە عەرەبی: استرالیا)، بچووکترین کیشوەرە و یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی سەر زەوی، کە دەکەوێتە نێوان زەریای هێمن و هیندی لە باشووری نیوە گۆی زەوی. پایتەختی وڵاتەکە شاری کانبرایە و دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری سیدنی و مێلبۆرن کە گرینگترین ناوەندی کلتووری و ئابووریین.

خاکی سەرەکی ئوستوڕالیا لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات بۆ نزیکەی ٢٥٠٠میل (٤٠٠٠کم) درێژ دەبێتەوە. لە باکووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ نیمچەدوورگەی کەیپ یۆرکو و لە باشووری ڕۆژهەڵات لەگەڵ ویڵسۆنس پڕامنتۆری هاوسنوورە. لە باشوور لەگەڵ دوورگەی تاسمانیا، و لە باکوور لەگەڵ کەنارەکانی پاپۆ گینێی نۆێ هاوسنوورە. لە باکووری ڕۆژئاوا دەریاکانی تیمۆر و ئارافۆرا ئوستوڕالیا لە ئەندنووسیا جیادەکاتەوە، لە پاپۆ گینێی نوێ بۆ باکووری ڕۆژهەڵات دەریای کۆڕاڵ و دەربەندی تۆرێسەوە، لە ناوچە دوورگەیەکانی دەریای کۆڕاڵ بەهۆی بەربەستی گەورەی ڕیف جیادەبێتەوە، لە نیووزیلاندەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵات بەهۆی دەریای تاسمانی جیادەبێتەوە، و لە باشوور کە ئەنتارکتیکایە بەهۆی زەریای هیندیەوە جیادەبێتەوە.

ئوستوڕالیا بە کۆنترین کیشوەر، کۆتا خاک، و کۆتا سنوور ناونراوە. ئەو وەسفانە سەرنجڕاکێشیی جیهان بۆ ئوستوڕالیا پشاندەدات، بەڵام تاڕادەیەک پەسەندکراو نییە. بەدڵنیایەوە تەمەنی زۆری کیشوەرەکە مایەی سەرنجڕاکێشانە و زۆری بەردەکانی دەریدەخەن کە خاکی ئوستوڕالیا بۆ ماوەی نێوانی سەدەی کۆن و سەرەتای کامبراین کە نزیکەی ٢٥٢ ملیۆن ساڵ لەمەوپێشە، و بەبەراورد لەگەڵ تەمەنی کیشوەرەکانی تر هیچ جیاوازیەکی نییە و بەهەمان شێوەن.

دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەو وڵاتە فراوانە، گۆشەگیری جیهانی و ڕووی زەوی نزم و بوونی ڕووبەرێکی زۆری خاکی وشکانییە.

گرووپە ڕەگەزییەکان

دانیشتوانی ئوستوڕالیا زیاتر لە ٢٦ ملیۆن کەسە و لە زیاتر لە ٢٧٠ گرووپی ڕەگەزیی پێکهاتووە. تاوەکوو ناوەڕاستی سەدەی بیست، کۆمەڵگای ئوستوڕالی بە شێوەیەکی فراوان لە جیهان بە بەریتانی یاخود تاڕادەیەک ئیرلەندی دادەنران. هەبوونی خەڵکی بەریتانیا و ئیرلەندا کاریگەرییەکی کەمی هەبووە بەهۆی کۆچکردنی زۆر لە وڵاتانی ترەوە بۆ ئوستوڕالیا. لەگەڵ ئەوەشدا نەوەت لە سەدای خەڵکی ئوستوڕالیا بە بنەچە ئەورووپین، و زیاتر لە بیست لە سەدای لەدایکبووی بیانیین و ڕێژەیەکی کەم بەڵام گرینگی خەڵکی ڕەسەنی ئوستوڕالین. خەڵکانێکی زۆر لە وڵاتانی ئەورووپی وەکوو نیوز لەندا و تەنانەت خەڵکی چینیش کۆچ بەرەو ئوستوڕالیا دەکەن و ڕێژەی کۆچکردن بەردەوامە لە گەشەکردن.

زمان

هەرچەندە ئینگلیزی زمانی فەرمی ئوستوڕالیا نییە، بەڵام زمانی بەکارهاتووی نیشتیمانیە و لەگەڵ ئەوەشدا زمانێکی بەکارهاتووی جیهانیە. سەڕەڕای ئەوە، لە کۆندا بەسەدان زمانی ڕەسەنی ئوستوڕالی هەبووە، بەڵام لە پەنجاکانی سەدەی پێشوو زۆربەیان لەناوچوون و ئەوانەشی کە تا ئێستا ماون و ڕزگاریان بووە ڕێژەیەکی کەمی بەکارهێنەری هەیە.

مابوویاگ، کە لەلایەن خەڵکی دوورگەکانی گەرووی تۆرێس لە ڕۆژئاوا بەکاردەهێنرێت، و زمانی بیابانی ڕۆژئاوا نزیکەی ٤٠٠٠-٨٠٠٠ قسەکەری هەیە، و بە نزیکەی ٥٠٠٠٠٠ خەڵکی ڕەسەنی ئوستوڕالی زانیاری دەربارەی زمانی ڕەسەنی خۆیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا زمانی پەنابەر و کۆچبەرەکانیش بەکاردەهێنرێت وەکو چینی و ئیتاڵی و یۆنانی.

ئایین

لە هەموو سەرژمێرییەکاندا هەر لەسەردەمی کۆلۆنیالیزمەوە، زۆربەی ئوستوڕالیەکان مەسیحین، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەنگلیکان و کاسۆلیکی ڕۆمانین، بەڵام ماتریالیزمی سادە هاتەکایەوە و کاریگەری زیاتری هەبوو وەک لە مەسیحیەت. لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٨٠ بۆ یەکەم جار ژمارەی کاسۆلیکیە ڕۆمانیەکان ژمارەی ئەنگلیکانی تێپەڕاند. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەک زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئوستوڕالیا خۆیان وەکو مەسیحی ناساند؛ بیست و پێنج لە سەدا کاسۆلیکی ڕۆمانین و بیست لە سەدا ئەنگلیکانین. ڕێژەکەمەکەشی پێکهاتووە لە پرۆتستانیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا گرووپی بچووکی جوولەکە و هندۆس و موسڵمان و ئۆرسۆدۆکسی مەسیحی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست بەدەرکەوتن. و بەنزیکەی بیست و پێنج لە سەدای خەڵکی ئوستوڕالیا بێ ئایینن. بەپێچەوانەی وڵاتانی ئەورووپی کە باوەڕیان وایە کە ئایین مانە دەبەخشێت بە ژیان.


سەرچاوەکان



957 بینین