هۆکار و چارەسەرەکانی کەمیی ماددە کانزاییەکان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-05-02-14:51:00 - کۆدی بابەت: 8474
هۆکار و چارەسەرەکانی کەمیی ماددە کانزاییەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کەمیی ماددە کانزاییەکان (بە ئینگلیزی: mineral deficiency) کاتێک ڕوودەدات کە لەش بڕی پێویست لە کانزایەک بەدەست نەهێنێت یان هەڵنەمژێت، کانزاکان جۆرێکی تایبەتن لە خۆراکە ماددە کە لەش پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بە باشی کار بکات، هەروەها جەستەی مرۆڤ پێویستی بە بڕی جیاوازی هەر کانزایەک هەیە بۆ ئەوەی بە تەندروستی بمێنێتەوە، بەڵام هەندێک جار کۆمەڵە هۆکارێک دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئەم ماددە کانزاییانە لە لەشدا و کاریگەری نەرێنی دروستدەکات.

هۆکارەکانی کەمیی ماددە کانزاییەکان

- یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی کەمبوونەوەی ماددە کانزاکان لە جەستەدا بریتییە لە بەدەست نەهێنانی کانزای پێویست لە خواردن یان تەواوکەرە خۆراکییەکان.

- یەکێکی تر لە هۆکارەکان بریتییە لە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی ناتەندروست، ڕێجیمێکی خراپ کە خواردنەکانی پێکهاتبێت لە خۆراکە کاربۆهایدراتەکان و خۆراکە پڕ شەکرەکان و بڕێکی کەم میوە و سەزە لە پێکهاتەکەیدا هەبێت هۆکارێکی تری کەمبوونەوەی کانزاکانە لە جەستەدا.

- ڕێجیمێک کە تێیدا بڕێکی کەم کالۆری بەرهەمبهێبرێت و جەستە بەشی پێیویست کالۆری وەرنەگرێت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کانزاکان، ئەم هۆکارە بەزۆری لەو کەسانەدا ڕەنگ دەداتەوە کە دەیانەوێت کێشی لەشیان داببەزێنن یاخود ئەو کەسانەی کە تووشی ناڕێکی خواردن بوونەتەوە یاخود کەسانی بەتەمەن کە ئارەزووی خواردنیان کەمبووتەوە، هەموو ئەم کەسانە ناتوانن بڕی پێویستی کالۆری یاخود خۆراکە ماددەکان بەدەست بهێنن و لە ئەنجامدا دووچاری کەمیی ماددە کانزاییەکان دەبنەوە.

- بەزەحمەت هەرسکردنی خواردن یاخود هەڵنەمژینی ماددە خۆراکییەکان لەلایەن جەستەوە دەبێتە هۆی کەمیی ماددە کانزاکان، هۆکارەکانی بەزەحمەت هەرسکردنی خواردن بریتین لە:

١- هەبوونی نەخۆشی لە جگەر، گورچیلە، پەنکریاس، ڕیخۆڵە و زراو.
٢- نەشتەرگەری ڕێڕەوی هەرس.
٣- ئالوودەبوون بە ماددە کحولییەکان بۆ ماوەیەکی زۆر.
٤- دەرمانەکانی وەک دەرمانی دژە بەکتریا، ڕەوانی و میزپێکەرەکان.

- هەروەها کەمیی ماددە کانزاییەکان دەکرێت لە ئەنجامی زیاد بەکارهێنانی یەک جۆر لە کانزایەکی دیاریکراو ڕووبدات.

نیشانەکانی کەمیی ماددە کانزاییەکان

١- لاوازی کۆئەندامی بەرگری
٢- ناڕێکی لێدانی دڵ
٣- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن
٤- خاوبوونەوەی گەشە لە منداڵاندا
٥- بێهێزی و لاوازبوون
٦- قەبزی، ئاوسان یان ئازاری سک
٧- سکچوون
٨- لاوازبوونی ئێسک و ماسولکەکان
٩- کەمبوونەوەی سەرنج
١٠- ڕشانەوە یان سەرگێژخواردن
١١- لەرزینی دەست و قاچەکان یاخود بوورانەوە

چۆن کەمیی ماددە کانزاییەکان دەستنیشان دەکرێت؟

دەکرێت لەم ڕێگایانەوە کەمیی ماددە کانزاییەکان دەستنیشان بکرێت:
١- پشکنینی جەستەیی
٢- پێداچوونەوە بە شێوازی خواردن و ڕێجیمەکانتدا
٣- پشکنینی خوێن

چارەسەری کەمیی ماددە کانزاییەکان لە جەستەدا

چارەسەری کەمیی ماددە کانزاییەکان پشتدەبەستێت بە جۆر و ڕێژەی ئەو ماددە کانزاییەی کە لە جەستەدا کەمبووتەوە، هەروەها دیاریکردنی بارودۆخەکەش هۆکارێکی تری چارەسەرەکەیە، دەکرێت پێش بڕیاردان لەسەر پلانی چارەسەرکردنی کەمیی ماددە کانزاییەکە، پزیشکەکەت پێشنیاری پشکنینی زیاتر بکات تاکوو بتوانێت بە شێوەیەکی تەندروست ڕێژەی کەمیی کانزاکە و زیانەکانی دیاری بکات.

گۆڕانکارییە خۆراکییەکان

ئەگەر تووشی کەمبوونەوەی ماددە کانزاییەکان بوویت، ئەوا گۆڕانکاری لە جۆری خواردنەکانتدا دەکرێت یارمەتیدەربن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بۆنموونە ئەو کەسانەی تووشی کەمبوونەوەی خوێن بوون بەهۆی کەمیی ماددەی ئاسن لە جەستەدا، پێویستە ئەو خواردنانە بخون کە ماددەی ئاسنی تێدایە نموونەی گۆشت، هێلکە، دانەوێڵە و چەند جۆرێکی سەوزە و میوە.

لە بارودۆخێکدا ئەگەر کەموکوڕییەکە زۆر بێت ئەوا پێشنیار دەکرێت سەردانی پزیشکی خۆراک بکەیت، چونکە ئەوان دەتوانن یارمەتیت بدەن لە گۆڕین و هەڵبژاردنی شێوازێکی تەندروستی خۆراک، شێوازە خۆراکەکەش پێکدێت لە ڕێجیمێکی هاوسەنگ کە دەڵەمەندە بە میوە و سەوزە و دانەوێڵەی پێویست. 

تەواوکەرە خۆراکییەکان

کەمیی ماددە کانزاییەکی دیاریکراو لە جەستەدا، تەنها بە گۆڕینی شێوازی خواردن چارەسەرناکرێت، بەڵکوو هەندێکجار پێویست دەکات تەواوکەرە خۆراکییەکان یاخود ڤیتامیناتەکان بەکاربهێنیت.

دەکرێت ئەم ماددانە بە تەنیا یاخود لەگەڵ تەواوکەرە خۆراکییەکانی تردا وەربگیرێت، کە یارمەتی جەستە دەدەن تاکوو باشتر کانزاکە هەڵمژێت یاخود بەکاریبهێنێت، بۆنموونە ڤیتامین D زۆربەی جار لەگەڵ کالسیۆم وەردەگیرێت.

هەروەها دەبێت پزیشکەکەت بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە چۆن و چەندێک تەواوکەرییە خۆراکییەکان بەکاردەهێنیت، گرنگە کە پەیڕەوی ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت بکەیت چونکە لە ڕادەبەدەر وەرگرتنی هەندێک تەواوکەری خۆراکی دەکرێت زیانبەخش بێت.

چارەسەری فریاگوزاری

لەوانەیە هەندێکجار بەهۆی بەرزی ڕێژەی کەمیی ماددە کانزاییەکەوە پێویست بکات بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بخەوێنرێیت، هەروەها لەم کاتەدا ماددە خۆراکییەکان لەڕێگەی دەمارەوە واتە بە دەرزی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشەکە.

چارەسەرەکە هەندێکجار پێویست دەکات چەند جارێک لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ئەنجامبدرێت، هەروەها ئەم جۆرە چارەسەرە هەندێک کاریگەری لاوەکی هەیە و دەکرێت ببێتە هۆی (تا، نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، ئاوسانی دەست و قاچەکان و گۆڕینی لێدانی دڵ).


سەرچاوەکان



481 بینین