پاکوخاوێنی خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-08-17:20:00 - کۆدی بابەت: 8558
پاکوخاوێنی خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سوڕی مانگانە سوڕێکی ئاسایی ژیانی هەموو خانمێکە کە تێیدا مانگانە ناوپۆشی ناوەوەی منداڵدان بەشێوەی خوێن دێتە خوارەوە، خوێن لەخۆیدا پیسە و پێویستی بە پاککردنەوە هەیە، بەدرێژایی کەوتنە سەر خوێن خانمەکە ڕۆژانە بە بەردەوامی خوێنی هەیە.
ئەگەر بە چەند ڕێگایەک خۆی پاک نەکاتەوە و پاکوخاوێن نەبێت تەواوی جەستەی بۆن دەگرێت و حاڵەتێکی قێزەون دروست دەبێت.

ڕێگاکانی پاکوخاوێنی

گۆڕینی سانتی

سانتی یاخود تامپۆن هەرکامێکیان بەکاردەهێنێت لەماوەی سوڕی مانگانەدا دەبێت چوار بۆ شەش کاتژمێر جارێک بیگۆڕیت و هی نوێ دابنێیتەوە، مانەوەی ئەو خوێنە دەبێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی زێ و میزەڵدان و هەستیاری ناوچەی زێ، بەڵام گۆڕینی بەردەوامی سانتی لە کاتی خۆیدا یارمەتیدەرە تاکوو ئەمە ڕوونەدات.

پاککردنەوەی ناوچەی زاوزێ

شۆردنی زێ لە کاتی سوڕی مانگانەدا زۆر گرنگە، چونکە دوای ئەوەی سانتییەکە دەگۆڕیت هەموو پیسی و خوێنەکانیش لکاون بە زێدا و دەبێت ئەوێش بە ئاو بشۆیت، لە پێشەوە بۆ دواوە خۆت پاکبکەرەوە چونکە پاککردنەوە لە دواوە بۆ پێشەوە بەکتریای ناوچەی کۆم دەگوازێتەوە بۆ زێ و دەبێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی میزەڵدان و زێ.

بەکارنەهێنانی ماددە پاککەرەوەکان

پاککردنەوەی خود لە کاتی سوڕی مانگانەدا تەنها دەبێت بە ئاو بێت و نابێت هیچ ماددەیەکی پاککەرەوەی کیمیایی بەکاربهێنرێت بەتایبەت سابوون و شامپۆ، زێ تەنها پێویستی بە پاککردنەوەیە بە ئاو چونکە خۆی میکانیزمێکی تایبەت بە پاککردنەوە ئەنجام دەدات، بەکارهێنانی ئەم جۆرە دەرمانانە میکانیزمە سروشتییەکە دەشێوێنن و دەبنە هۆی تووشبوونی میکرۆبی و کۆبوونەوەی بەکتریا لەو جێیەدا.

دوورخستنەوەی سانتییە پیسەکە

یەکێکی تر لە ڕێگاکانی پاکوخاوێنی فڕێدانی سانتی و تامپۆنەکەیە بە دروستی، کاتێک سانتییە پیسەکە لادەبەیت دەبێت بیپێچیت لە کاغەزەکەی و دواتر بیکەیتە عەلاگەیەکەوە و ئینجا بیخەیتە سەتڵی خۆڵەوە تاکوو دوور بێت لە بەکتریا، نابێت سانتی بخرێتە ناو کونجی تەوالێتەوە چونکە دەبێتە هۆی گیرانی کونجەکە.

تەنها یەک سانتی بەکاربهێنە

هەندێک لە خانمان بە چەند هۆکارێکی جیاواز خوێنبەربوونیان زۆرە و ناچارن دوو سانتی دابنێن یاخود سانتییەک و تامپۆنێک ئەمە وادەکات گەشەی بەکتریاکان لەو ناوچەدا زیاتر ببێت، بۆیە ئەگەریش خوێنبەربوونەکەت زۆرە تەنها یەک سانتی بەکاربهێنە، لەم کاتەدا دەتوانیت سانتی قەبارە گەورە بەکاربهێنیت و هەموو کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر جارێک بیگۆڕیت.

خۆشۆردنی بەردەوام

بە پێچەوانەی بۆچوونە کۆنەکانەوە کە دەوترا خانمان نابێت خۆیان بشۆن لەماوەی سوڕی مانگانەدا، خۆشۆردن لە کاتی سوڕی مانگانەدا هۆکارێکە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی جەستە، واباشترە هەر ڕۆژێک زۆر ئارەقت کردەوە و جەستەت پیسبوو بە خوێن ڕاستەوخۆ بە ئاوی گەرم خۆت بشۆیت.
باشترە بە پێوە خۆت بشۆیت نەک دانیشیت، چونکە کاتی دانیشتن زێ و ملی منداڵدان کراونەتەوە و ئەگەری چوونە ناوەوەی بەکتریا زیاترە.

جلی گونجاو بۆ ژێرەوە

خانمان دەبێت جلەکانی ژێرەوەیان گونجاو بێت لە ڕووی قوماش و قیاسەوە، واباشترە قوماشی جلەکە لۆکە بێت کە دوورتدەخاتەوە لە تووشبوونی میکرۆبی و هەستیاری ناوچەی زێ، هەروەها لەبەرکردنی جلی زۆر تەسک هۆکارێکی ترە بۆ ئەم تووشبوونە و ئەمەش وادەکات ناوچەی زاوزێ پاکاوخاوێنی خۆی لەدەست بدات.


سەرچاوەکان



504 بینین