خواردنی ترشی لەماوەی دووگیانیدا 

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-09-20:44:00 - کۆدی بابەت: 8578
خواردنی ترشی لەماوەی دووگیانیدا 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لەماوەی دووگیانیدا خانمان لە جاران زیاتر خواردن دەخۆن و حەزییان بۆ خواردنێکی جیاواز دەبێت، بەهۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان گۆڕانکای زۆریش بەسەر جەستە و دەروونی دایکەکەدا دێت.
لەوانەیە ئەو خانمانەی کە ڕۆژانێک جۆرە خواردنێکی تایبەتییان خواردووە لەماوەی دووگیانیدا حەزەکەیان بگۆڕێت و ئیتر حەز بەوە نەکەنەوە و جۆری تر داوا بکەن، هەموو ئەمانە ئاسایین چونکە ماوەی دووگیانی ماوەی گۆڕانکارییە، خواردنی شیرینی و ترشی لەم ماوەیەدا زۆر باوە و بەگشتی هەموو خانمێک ئارەزووی ئەو جۆره خواردنانە دەکات.

پێکهاتەی خواردنی ترش

بەگشتی پێکهاتەکانی خواردنی ترش کەمن، خواردنە ترشەکان کۆلیستڕۆڵ و پڕۆتین و چەوری زۆر کەمیان تێدایە، بەڵام سەرچاوەیەکی باشن بۆ ئاسن و سۆدیۆم، هەروەها کالسیۆم، ڕیشاڵ، ڤیتامین C‌ و بڕێکی کەمیش لە پۆتاسیۆمیان تێدایە.

هۆکارەکان

چەند هۆکارێک هەیە وابکات دایکەکە لەماوەی دووگیانیدا حەزی لە خواردنی ترش بێت کە ئەمانەن:

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان 

یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکان گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکانە دەبێتە هۆی بێزووکردن لەماوەی دووگیانیدا و باوترین جۆری بێزووکردنیش بێزووکردنە بە ترشییەوە.

کەمبوونەوەی ڤیتامینەکانی جەستە

کەمبوونەوەی ڤیتامین و ماددە گرنگەکانی جەستە هۆکارێکی ترە تاکوو دایکەکە حەزی لە خواردنی ترش بێت، وەک کەمبوونەوەی سۆدیۆم کە ئەمەش حەزێکی زۆر زیاد دەکات بۆ خواردنی ترش چونکە خواردنی ترش بڕێکی باشی سۆدیۆمی تێدایە.

ئایا خواردنی ترشی لەماوەی دووگیانیدا مەترسیدارە؟

خواردنی ترشی لەم ماوەیەدا زیانی نییە و ئاساییە، بەڵام بەو مەرجەی کە زیادەڕەوی تێدا نەکرێت چونکە زیادەڕەوی کردن تێیدا زیان دەدات لە خۆت و کۆرپەکەشت.

سوودەکانی

یارمەتی هاوسەنگی ئەلیکترۆلایتەکانی جەستە

ماددەکانی وەک سۆدیۆم و پۆتاسیۆم دوو ئەلیکترۆلایتی گرنگی جەستەن و ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەمارە گوێزەرەوەکاندا، لەماوەی دووگیانیدا جەستە پێویستی بە ئەلیکترۆلایتی زۆرە تاکوو پێداویستییەکانی کۆرپەلە دابین بکات.

نەبوونی کۆلیستڕۆڵ و کەمی چەوری

ترشییە خۆماڵییەکان کۆلیستڕۆڵ و چەورییان تێدا نییە، هەر بۆیە خواردنی زۆر گرنگە لە کاتی ژەمەکاندا تاکوو چەورییە زیادەکان لەناوببات و کێشت زیاد نەکات.

هەرسی خۆراک باشتر دەکات

ماددە ترشەکان دەبنە هۆی بەرزکردنەوەی بەرگری لەش، ماددە ترشەکان کۆمەڵێک بەکتریای سوودبەخشیان تێدایە کە ناهێڵن ماددە ترشەکە زوو خراپ ببێت، هەبوونی ئەم بەکتریایانە لە گەدەدا زۆر گرنکە و یارمەتی گەدە دەدات خواردنەکە باشتر هەرس بکات و کێشەکانی گەدە کەم دەکاتەوە.

دژەئۆکسانە

میوە و سەوزە ترشەکان بەگشتی دژەئۆکسانن کە ئەمەش جەستە دەپارێزێت لە بەرامبەر تەنۆلکە سەربەستەکانی جەستەدا.

سەرچاوەی ڤیتامین

ئەو خۆراکانەی کە ترشن سەرچاوەیەکی باشن بۆ ڤیتامینەکان و دەوڵەمەندن بە ڤیتامین K,C,A و کالسیۆم، پۆتاسیۆم، ئاسن جەستە بەهێز دەکەن و بەرگری جەستە بەرز دەکەنەوە و بەمەش مەترسی لەبارچوون کەم دەکات.

بیروباوەڕی هەڵە لەسەر خواردنی ترشی

خواردنی ترشی کۆرپەلە ناشرین دەکات

لە کۆنەوە لە گەورەکان و دایە گەورەکانەوە بیستراوە کە هەر ژنێک لەماوەی دووگیانیدا ترشی زۆر بخوات منداڵەکەی ناشرین دەردەچێت، بەڵام لەڕووی زانستییەوە هیچ بنەمایەکی نییە و ناشرینی و جوانی منداڵ بۆماوەییە و پەیوەندی بەو بۆهێڵانەوە هەیە کە لە دایک و باوکییەوە بۆی دەگوازرێتەوە.

خواردنی ترشی ڕەگەزی کۆرپەکە دیاری دەکات

لە کۆندا پێیان وابووە هەر ژنێک ترشی زۆر بخوات واتە دووگیانە بە منداڵێکی کوڕەوە، بەڵام ئەمەش هیچ بنەمایەکی زانستی نییە، چونکە زۆرن ئەو دایکانەی بێزوویان بە خواردنی ترشیشەوە کردووە و ڕەگەزی کۆرپەکەشیان کچ بووە.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

بەگشتی هەموو ماددە ترشەکان بڕێکی باش لە خوێیان تێدایە، خوێ دەکرێتە ناو ترشییەوە تاکوو تام و فەرمانی ترشییەکە ڕێکبخات وەک دژەمیکرۆبێک و یارمەتی ڕێکخستنی بەکتریاکانی ناو ترشییەکە دەبێت.
لەماوەی دووگیانیدا زیادەڕەویکرد لە خواردنی ترشیدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی دایکەکە و لە ئەنجامیشدا ئەگەری جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات. هەروەها هەبوونی ڕێژەیەکی بەرزی سۆدیۆم کاردەکاتە سەر گەشەی گورچیلەکانی کۆرپەلە. ئەو ترشییانەی کە بە ماددەی پارێزەر خراونەتە قووتووە و هەڵگیراون دەبێتە هۆی بای سک.

ڕێنوێنی

لە کاتی خواردنی ترشیدا ئەم چەند خاڵە ڕەچاو بکە:

  • خواردنی ترشی لەماوەی دووگیانیدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی جەستە، بۆیە واباشە ئەگەر ترشی دەخۆیت ئاوی زۆر و شلەمەنی زۆر بخۆیتەوە، تاکوو جەستەت تووشی وشکبوونەوە نەبێت.
  • ئەگەر دووچاری هەوکردنی گەدە بوویت واباشە لەماوەی دووگیانیدا دوورکەویتەوە لە خواردنی ترشی.
  • هەروەها ئەگەر دڵەکزەت هەیە، دوورکەوەرەوە لە خواردنی ترشی.


سەرچاوەکان



3393 بینین