ئازاری زێ لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-11-22:30:00 - کۆدی بابەت: 8607
ئازاری زێ لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەموو خانمێکی دووگیان لەماوەی دووگیانیەکەیدا ڕووبەڕووی گۆڕانکاری زۆر دەبێتەوە‌، منداڵدان دەکشێت تاکوو جێیەکی باش بۆ کۆرپەکە فەراهەم بکات، ئەمەش وادەکات کۆمەڵێک لە خانەکانی جەستەی دایکەکە تووشی ئازار ببێت.
یەکێک لە کێشە باوەکانی خانمانی دووگیان ئازاری زێیە لەو ماوەیەدا.

ئازاری زێ لەماوەی دووگیانیدا

ئازاری زێ لەماوەی دووگیانیدا (بە ئینگلیزی: Vagainal pain during prignancy) حاڵەتێکە کە لە خانمانی دووگیاندا ڕوودەدات. خانمی دووگیان لە هەموو شوێنە جیاوازەکانی جەستەیدا هەست بە ئازار دەکات، سک، پشت، مەمک، گەدە، ناوچەی حەوز، زێ، ئازاری زێ بەگشتی لە سێ مانگی دووەمەوە دەست پێ دەکات تاکوو کۆتایی هاتنی ماوەی دووگیانییەکە.

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا ئەو گۆڕانکاری و زیادبوونی کێشە بۆ خانمان لەناکاوە و بۆیە ئاساییە کە ئازاری زێ دروست بێت، بەڵام هۆڕمۆنی ڕیلاکسین دەردەدرێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئەم ئازاره، ئەم هۆڕمۆنە بەرزترین ڕێژەی هەیە لە سەرەتاکانی دووگیانیدا، ئەم بەرزییەش یارمەتی هێلکەی پیتێنراو دەدات تاکوو جێگای خۆی بکاتەوە لە منداڵداندا و منداڵدانیش بە کشانی خۆی یارمەتی دەدات.

لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا 

لە سێ مانگی دووەم و سێیەمدا بەهۆی گەورەبوونی قەبارەی منداڵەکەوە، منداڵدانیش گەورەتر بووە و زیاتر کێشی هاتووە و دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازار لە زێدا.
تاکوو کۆرپەکە گەورەتر ببێت ئازاری زێ زیاتر دەکات.

جۆرەکانی

ئازاری زێ لەماوەی دووگیانیدا دەکرێت بە سێ بەشەوە:

ئازاری توند (کێشهاتن)

کێشەیەکی باوە لە نێوان خانمانی دووگیاندا، کە تێیدا جگە لە ئازارەکە کەسەکە هەست بە ئازارێک دەکات وەک بڵێی دەرزی دەکەن بەو شوێنەدا، بەگشتی ئەم جۆرە ئازارە لە هەفتەی پێنجەم بۆ هەشتەمی دووگیانیدا ڕوودەدات، ئەویش بەهۆی کێشهاتنی ماسولکەکانی منداڵدان.
هەروەها هەبوونی بای سک یەکێکی ترە لە هۆکارەکان بۆ دروستبوونی ئەم ئازارە، ئەگەر ئازارەکە لە دەوروبەری هەفتەی ٣٧ـدا دەستی پێکرد بەهۆی منداڵبوونەوەیە و نیشانەیەکە بۆ ئەوە.

ئازاری بەردەوام

ئازاری بەردەوام کێشەیەکی باوە لە ناو خانماندا تەنها پەیوەندی بە ماوەی دووگیانییەوە نییە، ئەم ئازارە بەهۆی هەوکردن لە لوولەکانی منداڵداندا یاخود ملی منداڵدان ڕوودەدات، ئەگەر ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی چارەسەر ئازارەکە نەما ئەوە ئاساییە و جێگای نیگەرانی نییە، بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەی بوو دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت.

ئازاری پچڕ پچڕ

ئەم جۆرە ئازارە ئاساییە ئەگەر زۆر توند نەبێت، نیشانەیەکە بۆ گەورەبوون و کێشهاتنی منداڵدان، لە قۆناغی سەرەتای دووگیانیدا دەکرێت نیشانە بێت بۆ هەوکردنی میزەڵدان، بەڵام ئەگەر لە قۆناغەکانی تری دووگیانیدا ئەم جۆرە ئازارەت هەبوو بەخێرایی سەردانی پزیشک بکە چونکە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ لێبوونەوەی وێڵاش.

هۆکارەکان

گەورەبوونی منداڵدان 

ئەمە یەکێکە لە هۆکارە باوەکان بۆ ئازاری زێ، منداڵدان بۆ ئەوەی بتوانێت جێگای کۆرپەکە لە خۆیدا بکاتەوە دەست دەکات بە کێشهاتن و گەورەبوون و پەستان دەخاتە سەر زێ و ماسولکەکانی دەوروبەری.

گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان

لەماوەی دووگیانیدا گۆڕانکاری زۆر بەسەر هۆڕمۆنەکاندا دێت، کە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەیەکی نائاسایی زێ، ئەم وشکبوونەوەیەش ئازار بۆ زێ دروست دەکات بەتایبەت لە کاتی جووتبووندا.

زیادبوونی وروژمی خوێن

زیادبوونی وروژمی خوێن بۆ زێ یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ ئازاری زێ، لەم کاتەدا خوێنێکی زیاتر دێتە ناو زێ و ئازاری زۆر دروست دەکات. لەماوەی دووگیانیدا وروژمی خوێن سێ بەرانبەر زیاد دەکات، ئەمەش لەوانەیە بێتە هۆی ئاوسانی زێ و شانەکانی دەوروبەری کە بە بچووکترین دەست لێدان ئازاری دەبێت، کێشە دروست دەکات لە کاتی جووتبووندا.

گەورەبوونی کۆرپە

بە گەورەبوونی قەبارەی کۆرپەکە لەناو منداڵداندا، بەستەرەکانی ناوچەی حەوزیش کێشیان دێت، بۆیە ئەمەش دەبێتە هۆی کێشهاتنێکی زۆری بەستەر و ماسولکەکانی دەوروبەری زێ و لە ئەنجامدا دروستبوونی ئازارێکی زۆر.
هەروەها کێشی کۆرپەکەش دەتوانێت پەستان بخاتە سەر ماسولکەکانی ناوچەی حەوز و ئازار بۆ زێ دروست بکات.

تووشبوونی میکرۆبی 

تووشبوونی میکرۆبی یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ هەبوونی ئازار لە ئەندامەکانی زاوزێدا، باوترین جۆری تووشبوونی میکرۆبی جۆرە تووشبوونێکی کەڕوییە ناودەبرێت بە (Candida albicans) کە بەهۆی کەمی بەرگری جەستەی دایکەکەوە لەماوەی دووگیانیدا دروست دەبێت.
بەهۆی بارودۆخی دایکەکەوە ناتوانرێت دەرمانی دژە کەڕوویی پێ بدرێت هەر بۆیە چارەسەری ئەم تووشبوونە ماوەیەکی زۆری پێ دەچێت.

کرانەوەی ملی منداڵدان 

کرانەوی ملی منداڵدان دەبێتە هۆی ئازارێکی توندی زێ، ئەم کرانەوەیە لە کۆتاییەکانی دووگیانیدا ڕوودەدات، واتە چەند هەفتەیەک پێش منداڵبوون و جێگای نیگەرانی نییە، بەڵام ئەگەر ئازارەکە بەشی خوارەوەی سکیش بگرێتەوە و ڕۆژ دوای ڕۆژ ئازاری زێ زیاتر بکات پێویستە نەخۆشەکە سەردانی پزیشک بکات.

هاتنەخوارەوەی ئەندامەکانی ناوچەی حەوز (POP

حاڵەتێک هەیە لە دووگیانیدا کە ئەندامەکانی ناوچەی حەوز یاخود نزیکی ئەوێ دێنە خوارەوە و دەنیشن، ئەگەر لە دەوروبەری زێدا هەست بە پەستان دەکەیت ئەوە نیشانەیەکە بۆ هاتنەخوارەوەی ئەندامەکانی حەوز.
ئەگەر پەستانێکی زۆر توندت لەسەرە یاخود ناتوانیت کۆنتڕۆڵی پیسایی کردنت بکەیت دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت.

قەبزی

زۆرێک لە خانمانی دووگیان تووشی قەبزی دەبن، ئەو خانمانەی کە قەبزن لە کاتی پیسایی کردندا پەستانێکی زۆر دەکەن بەتایبەت ئەگەر پیساییەکە زۆر ڕەق و گەورە بێت ئەمەش وادەکات پەستان بکەوێتە سەر زێ و ئازاری بۆ دروست ببێت.

تووشبوونی میکرۆبی میزەڵدان

ئەگەری دروستبوونی تووشبوونی میکرۆبی میزەڵدان لە ژنانی دووگیاندا زۆرە، بەمەش ئازاری زێ دروست دەبێت، ئەگەر هاتوو لەگەڵ ئازارەکەدا هەندێک نیشانە بوونی هەبوو پێویستە سەردانی پزشک بکەیت، نیشانەکان وەک:

  • لەرز و تا
  • هەبوونی ئازار لە کاتی میزکردندا.

دووگیانی لە دەرەوەی منداڵدان

هۆکارێکی تر دووگیانییە لە دەرەوەی منداڵدان، لەم حاڵەتەدا هێلکەی پیتێنراو لە جێیەکی تردا جێگیر دەبێت و نایەتە منداڵدانەوە، هێلکە پیتێنراوەکە دەچێتە ناو جۆگەی فالووپەوە، هەربۆیە هۆکارێکە تاکوو ئازاری زێ بوونی هەبێت، ئەم جۆرە دووگیانییە بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتوو نابێت و کۆتایی دێت.

ڕێنوێنی بۆ چارەسەری ئازاری زێ

  • بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن لەژێر چاودێری پزیشکی پسپۆڕدا.
  • پاڵکەوتن لەسەر لای چەپ سوڕی خوێن چالاک دەکات و ئازاری زێ کەم دەکاتەوە.
  • دانیشتن بە جۆرێک کە قاچەکان بەرزتربن لە جەستە، پەستان لەسەر زێ کەم دەکاتەوە و ئازارەکە ناهێڵێت.
  • خۆشۆردن و مانەوە لە گەرماوێکی گەرمدا.
  • شێلانی ناوچەی حەوز، واباشە ئەو ناوچەیە چەور بکرێت و بە هێواشی شێلانی بۆ بکرێت.
  • کاتێک پاڵدەکەویت هەوڵبدە خۆت ڕابکێشیت و وابکەیت جەستەت کێشی بێت.
  • ئەنجامدانی وەرزشی ئاسان وەک مەلەکردن و یۆگا، کۆمەڵێک وەرزشی تایبەت بە ناوچەی حەوز بەڵام لەژێر چاودێری پزیشکدا.
  • بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە ٣٠ خولەک بجووڵێ و وەرزش بکە، باشترین کاریش پیادەڕەوییە، ئەمە وادەکات ماسولکەکان بجووڵێن و ئازار کەمتر ببێتەوە.
  • جۆرە وەرزشێکی تایبەت بە ناوچەی حەوزت بکە، ماسولکەکانی ئەم ناوچەیە گرژ بکە بەشێوەیەک وەک بڵێیت میز دەکەیت و چەند چرکەیەک بەوشێوەیە بمێنەرەوە، دواتر خۆت ئازاد بکە و خاو ببەرەوە، ڕۆژانە دوو جار ئەم ڕاهێنانە ئەنجام بدە.
  • پێویستە ڕۆژانە ئاوی زۆر بخۆیتەوە بەتایبەت دوای ئەنجامدانی وەرزش یاخود لە کەشوهەوای گەرمدا.


سەرچاوەکان



5052 بینین