خواردنەوەی ئاو لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-05-12-21:23:00 - کۆدی بابەت: 8619
خواردنەوەی ئاو لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەگشتی ئاو خواردنەوە سوودێکی زۆری هەیە و هەموو کەسێک لە هەر تەمەنێکدا بێت پێویستە ڕۆژانە بڕێکی باش ئاو بخواتەوە، خانمانی دووگیان لەم ماوەیەدا بەرانبەر بە هەر شتێک هەستیارترن و پێویستیان بە چاودێری زیاترە.
خواردنەوەی ئاو لەماوەی دووگیانیدا زۆر گرنگە و کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی دایک و کۆرپەکەی، هەروەها جەستەی لەماوەی دووگیانیدا پێویستی بە ئاوی زیاترە.

لەماوەی دووگیانیدا چەند ئاو بخورێتەوە؟

بەشێوەیەکی بەردەوام دەبێت ڕۆژانە دوو لیتر ئاو بخۆیتەوە، واتە بە لایەنی کەمەوە دەبێت هەشت پەرداخ ئاو بخۆیتەوە، باشترین کار ئەوەیە خانمان ١٢ پەرداخ ئاو بخۆنەوە لە ڕۆژێکدا، هەروەها ئەگەر ڕۆژانە وەرزش دەکەیت دەبێت بڕی ئاو خواردنەوەت زیاتر بێت.
لە سێ مانگی دووەم و سێیەمی دووگیانیدا هەستکردنت بە تینووێتی زیاتر دەکات بۆیە واباشترە خواردنەوەی ئاو لەم شەش مانگەدا زیاتر بکەیت.

پلەی گەرمی ئاوەکە

خانمانی دووگیان دەبێت ئاوی زۆر سارد و گەرم نەخۆنەوە، بەتایبەت خواردنەوەی ئاوی گەرم لەم ماوەیەدا زیانێکی زۆری هەیە، ئاوی گەرم بڕێکی زیاتر لە خوێی تێدایە بەتایبەت ئەو ئاوەی لە بەلووعەوە دێتە خوارەوە، بەهۆی گەرمی ئاوەکەوە پیسی بۆرییەکەش لەگەڵیدا دێتە خوارەوە و دەچێتە جەستەی دایکەکە و زیان دەگەیەنێت بە دایک و کۆرپەکە، بۆیە دایکان تاکوو دەتوانن دەبێت ئاوی شلەتێن بخۆنەوە، لەبەرئەوەی چەند سوودێکی گرنگی هەیە:

  • دڵەکزێ و ئازاری گەدە کەم دەکاتەوە
  • مێشکی دایکەکە ئارام دەکاتەوە
  • گوشینی قاشێک لیمۆ بۆ ناو ئاوی شلەتێن و خواردنەوەی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی سیستمی بەرگری لەش.
  • دەبێتە هۆی چالاککردنی سوڕی خوێن.

سوودەکانی خواردنەوەی ئاو

هەڵمژینێکی باشتر

یەکێک لە کارە گرنگەکانی جەستە بەدرێژایی ماوەی دووگیانی گواستنەوەی ماددەی خۆراکییە لە دایکەکەوە بۆ کۆرپەکە، خواردنەوەی ئاوی پێویست دەبێتە هۆی وەرگرتن و هەڵمژینێکی باشتری ئەو ماددە خۆراکییانە کە لە دایکەکەوە دەچێت بۆ کۆرپەکەی.

بەهێزکردنی سیستمی بەرگری لەش

سیستمی بەرگری لەش لەماوەی دووگیانیدا زۆر لاوازە، ئەگەری تووشبوون بە جۆرە جیاوازەکانی تووشبوونی میکرۆبی بەتایبەت تووشبوونە میکرۆبییەکانی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ زیاد دەکات، خواردنەوەی بڕێکی باش لە ئاو بەرگری جەستە بەهێز دەکات و ڕێگری دەکات لەم تووشبوونانە.

پێستێکی جوانتر

لەماوەی دووگیانیدا پێست گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت، دروستبوونی پەڵە و زیپکە یەکێک لە کێشە باوەکان، بەڵام بە خواردنەوەی ئاوی پێویست ئەگەری ئەم حاڵەتە کەم دەبێتەوە.

یارمەتیدانی گەشەی وێڵاش

ئەگەر ئاوی پێویست بە جەستەی دایکەکە نەگات، کێشە دروست دەکات لە گەشەی وێڵاش و شلەی سەراودا، ئەمەش لە مانگەکانی داهاتوودا دەبێتە هۆی منداڵبوونی پێشوەختە و کۆمەڵێک کێشەی تر.
هەروەها ئاوی پێویست هەموو ماددە زیادەکانی جەستەی دایک دەکاتە دەرەوە، کە لە کاتی گەشە و پەرەسەندنی کۆرپەکەدا دروست بوون.

ئامادەکاری بۆ شیردان

کاتێک بڕی پێویست ئاو دەخۆیتەوە جەستە زووتر ئامادە دەبێت بۆ شیردان و شیری زیاتر بەرهەم دەهێنێت.

ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی

یەکێک لە کاریگەرە لاوەکییەکانی دووگیانی، بەرزی پلەی گەرمی لەش و کەشەنگبوونی ماسولکەکانە، خواردنەوەی ئاو پلەی گەرمی جێگیر دەکات و کەشەنگبوون کەمتر دەکاتەوە.

کەمکردنەوەی دڵتێکچوون و ڕشانەوە

زۆرینەی خانمانی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا، دووچاری دڵتێکچوون و ڕشانەوە دەبنەوە کە یەکێکە لە نیشانەکانی دووگیانی، خواردنەوەی ئاو یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دڵتێکچوون و ڕشانەوەیە و تەنانەت قەبزی ماوەی دووگیانیش.

ڕێگریکردن لە ئاوسانی جەستە

یەکێکی تر لە کاریگەرییە لاوەکییەکانی دووگیانی ئاوسانی جەستەیە، بەتایبەت ئاوسانی قاچ و دەستەکان، کاتێک بڕی پێویست ئاو دەخۆیتەوە سۆدیۆمی جەستە بەخێرایی لەناودەچێت و بەمەش ئاوسانی قاچ و دەستەکان کەمتر دەبێتەوە.

زیانەکانی کەمخواردنەوەی ئاو

  • سەرئێشەی توند و بێهێزی
  • دروستبوونی کەموکوڕی لە کۆرپەکەدا
  • تۆخبوونی ڕەنگی میز و خەستبوونەوەی
  • ئاوسانی جەستەی دایکەکە
  • زیادبوونی ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە
  • کێشەکانی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ


سەرچاوەکان



1005 بینین