کێڤن دی برۆین

له‌لایه‌ن: - ئەلەند دانا - به‌روار: 2022-05-13-14:46:00 - کۆدی بابەت: 8632
کێڤن دی برۆین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کێڤن دی برۆین (بە ئینگلیزی: Kevin De Bruyne، بە عەرەبی: کیفین دي بروين) لە ٢٨\٦\١٩٩١ لە ناوچەی درۆنجنی وڵاتی بەلجیکا لەدایکبووە. یاریزانی ناوەندە بۆ یانەی مانجستەر سیتی ئینگلیزی و تیپی نێودەوڵەتی بەلجیکا، بە یەکێک لە ئاستبەرزترین یاریزانە ناوەندەکانی سەدەی ٢١ دادەنرێت و بە یاریزانێکی بێ کەم و کورتی ناودەبرێت.

زانیاری گشتی

ناوی تەواوەتی کێڤن دی برۆین
کاتی لەدایکبوون ٢٨\٦\١٩٩١
شوێنی لەدایکبوون درۆنجن، بەلجیکا
باڵا ١٨١ سم
شوێنی یاری کردن ناوەند
یانەی ئێستای مانچستەر سیتی (ئینگلیزی) (خولی ئینگلیزی پریمەرلیگ)
ژمارە ١٧ 
   

ژیانی وەرزشی لە یانەکان

سەرتا

سەرەتایی ژیانی وەرزشی دی برۆین بە یاریکردن بۆ یانەی ناوچەی مانەوەکەی بە ناوی کەی ڤی ڤی درۆنجن KVV Drongen دەستی پێکرد پاشان لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندی بە یانەی (گینک)ـەوە کرد. لە ساڵی ٢٠٠٨ توانی پلەکەی بەرز ببێتەوە بۆ یاریزانی سەرەکی یانەکە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە یانەکەدا. بە درێژایی ٢٠١٠-٢٠١١ توانی ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات بە تۆمارکردنی ٥ گۆڵ و دروستکردنی ١٦ گۆڵ (ئەسیست) کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنجی یانەی ئینگلیزی چێڵسی ڕابکێشێت و پاشان لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی ٢٠١٢ پەیوەندی بە یانەی چێڵسییەوە کرد.
لە چاوپێکەوتنێکدا دەربارەی پەیوەندی کردنییەوە بە یانەی چێڵسییەوە دەڵێت پەیوەندی کردن بە یانەیەکی بەهێز و مێژوویی وەکوو چێڵسی بۆ من وەک خەون وایە، لەبەر ئەو هۆکارە هەوڵی تەواوەتی خۆم دەدەم لە ئاستێکدا بم لەگەڵ ئاستی ئەو یانەیەدا بگونجێت، بەڵام پێش ئەوەی هیچ یارییەک بۆ چێڵسی ئەنجام بدات، بۆ خولێک بە گرێبەستێکی کاتی پەیوەندی بە یانەی ئەڵمانی واردەر بریمێن Werder bremenـەوە دەکات پاش ئەنجامە باشەکانی لە خولی ئەڵمانی بۆندسلیگا پێشبینی دەکرا درێژە بە ژیانی وەرزشی بدات لەو خوولە بەڵام ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پێی خۆشە یاری بۆ یانەی چێڵسی بکات و خولێک لەگەڵ چێڵسی بەڕێ دەکات، بەڵام پاشان دووبارە دەگەڕێتەوە خولی ئەڵمانی بەڵام ئەمجارە پەیوەندی بە یانەی ۆڵفسبۆرگەوە دەکات.

ۆڵفسبۆرگ

٢٠١٣ - ٢٠١٥

لە ٢٠١٣-٢٠١٤ دی برۆین بە بڕی ٢٢ ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی ۆڵفسبۆرگی ئەڵمانییەوە دەکات و ٢ ساڵ لەگەڵ یانەکەدا بەردەوام دەبێت. لە ٢٠١٣-٢٠١٤ نەیتوانی بە تەواوەتی ئاستی خۆی بسەلمێنێت بەڵام لەگەڵ دەستپێکی وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ ئاستی بەرز بووەوە و توانی بە تۆمارکردنی ١٠ گۆڵ و دروستکردنی ٢٠ گۆڵ کۆتایی بە وەرزەکەی بهێنێت و خەڵاتی باشترین یاریزانی خوولی ئەڵمانی بۆ وەرزی ٢٠١٤-٢٠١٥ بەدەست بهێنێت.

٢٠١٥ - ٢٠١٦ و گواستنەوەی بۆ یانەی مانجستەر سیتی

لە ٢٠١٥ بەژداری ٢ یاری کرد لە بۆندسلیگا بەڵام نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات یاخوود هیچ گۆڵێک دروست بکات.
لەم وەرزەدا یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی ئۆفەرەکانی پێشکەش بە ۆڵفسبۆگ کرد بۆ گواستەوەی یاریزانەکە، لە سەرەتادا بڕی ٤٧ ملیۆن یۆرۆیان پێشکەش بە یانەکە کرد بەڵام کۆتا ئۆفەریان بە بڕی ٥٥ ملیۆن یۆرۆ قبووڵکرد و لە ساڵی ٢٠١٥ دی برۆین پەیوەندی بە ڕیزەکانی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیەوە کرد.

٢٠١٥ - ٢٠١٦

دی برۆین بە بڕی ٥٥ ملیۆن یۆرۆ لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە یانەی مانچستەر سیتییەوە کرد. لە یەکەم وەرزیدا لەگەڵ ئەو یانەیەدا توانی ئاستێکی باش پێشکەش بکات، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە ١٢\٩\٢٠١٥ نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات یاخوود دروست بکات بەڵام لە دووەم دەرکەوتنیدا و لە یارییەکەیاندا بەرامبەر وێست هام یونایتدی ئینگلیزی توانی یەکەم گۆڵی خۆی بۆ یانەکە تۆمار بکات و وەرزەکەی بە تۆمارکردنی ٧ گۆڵ و دروستکردنی ٩ گۆڵ کۆتایی پێهێنا.

٢٠١٦ - ٢٠١٧

دی برۆین بە تۆمارکردنی ٦ گۆڵ و دروستکردنی ١٨ گۆڵ توانی ئاستێکی زۆر باش پێشکەش بکات.
وتەکانی ڕاهێنەر پیپ گواردیۆلا لەسەر کێڤن دی برۆین: یاریزانێکی تایبەتە تەنانەت پێش ئەوەی تۆپەکەش بکەوێتە قاچییەوە لێکدانەوەی بۆ هەموو ئەگەرەکان کردووە و کاتێکیش تۆپەکە دەکەوێتە بەر پێی دەتوانێت سەرسامت بکات و پاسی جادووی ئەنجام بدات.  

٢٠١٧ - ٢٠١٨

لەم وەرزەدا دی برۆین ئاستێکی ئێجگار نایابی پێشکەش کرد. لە یاری کۆتاییاندا لە خوولی ئی ئێف ئێڵ EFL Cup بەرامبەر یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بە درێژایی ٩٠ خوولەک یاری کرد و یەکێک بوو لە هۆکارە سەرەکییەکانی بردنەوەی یانەکە و بەدەست هێنانی نازناوەکە و هەر لە هەمان وەرزدا مانچستەر سیتی توانی نازناوی خوولی ئینگلیزی (پریمەرلیگ) بەدەست بهێنێت بە کۆکردنەوەی ١٠٠ خاڵ بە درێژایی یەک وەرز کە ڕیکۆردی زۆرترین خاڵی بەدەستهێنراوە لەلایەن یانەیەکەوە لە خوولی ئینگلیزیدا.
دی برۆین لەم وەرزەدا نازناوی باشترین یاری دروستکەری خوولی ئینگلیزی و باشترین یاریزانی وەرزی ٢٠١٧-٢٠١٨ـی یانەی مانچستەر سیتی بەدەست هێنا.

٢٠١٨ - ٢٠١٩

لە سەرەتای وەرزەکەدا دی برۆین لە ئەژنۆیدا تووشی پێکانێکی سەخت دەبێت و ناتوانێت بۆ ماوەی ٣ مانگ بەژداری هیچ یەکێک لە ڕاهێنان و یارییەکی یانەکەدا بکات. پاش گەڕانەوەی دوای ٣ مانگ دابڕان و لە یاری یانەکە دژی یانەی فولهامی ئینگلیزی دووبارە لە ئەژنۆی قاچی ڕاستی تووشی پێکان بوو، پێشبینی کرا کە بۆ ماوەی ٥-٦ هەفتە لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، بەڵام سەرسووڕمانانە دوای ٣ هەفتە بەژداری ڕاهێنانەکانی یانەکە دەکاتەوە و لە یاری کۆتایی خوولی ئێف ئەی بەرامبەر یانەی واتفۆدی ئینگلیزی ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و بە باشترین یاریزانی یارییەکە خەڵات دەکرێت.

٢٠١٩ - ٢٠٢٠

بە باشترین وەرزی دی برۆین دادەنرێت لەسەر ئاستی یاریکردنی بۆ یانەیەک، نەک تەنها لە ڕووی تۆمارکردن و دروستکردنی گۆڵەوە بەڵکوو بە گشتی توانی کاریگەییەکی ئێجگار زۆری هەبێت لە سەرکەوتنەکانی یانەکەیدا لەو وەرزەدا.
لە ٣٠\١١\٢٠١٩ و لە یاری مانچستەر سیتی بەرامبەر یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی لە خوولی ئینگلیزیدا توانی گۆڵێک تۆمار بکات و بە جوانترین گۆڵی خوولی ئینگلیزی بۆ مانگی ١١ دیاریکرا.
لە یاری کۆتایی وەرزەکەدا بەرامبەر یانەی نۆرویج سیتی دی برۆین توانی ٢ گۆڵ دروستبکات و ڕیکۆردی یاریزان تێری هێنری بشکێنێت بە دروستکردی ٢٠ گۆڵ لە یەک وەرزدا. هەروەها نازناوی باشترین یاری دروستکەری وەرزەکە، جوانترین گۆڵی مانگەکە بۆ دووەم جار لە یەک وەرزدا و باشترین یاریزانی خوولی ئینگیزی بۆ وەرزی ٢٠١٩-٢٠٢٠ بە تۆمارکردنی ١٣ گۆڵ و دروستکردنی ٢٠ گۆڵ بەدەست بهێنێت.

٢٠٢٠ - ٢٠٢١

لە یاری کۆتایی خوولی ئی ئێف ئێڵ بەرامبەر یانەی تۆتنهام سپێرسی ئینگلیزی بە ئەنجامدانی لێدانێکی ڕاستەوخۆ توانی گۆڵێک بۆ هاوپیشەی لە یانەکەدا ئەیمێریک لاپۆرت دروستبکات و بەو گۆڵە بوون بە خاوەنی نازناوەکە و بە ئەنجامی ١-٠ یارییەکەیان بەرامبەر تۆتنهام بردەوە.
لەگەڵ ئەوەی لەم وەرزەدا یانەکەی گەیشتە یاری کۆتایی خوولی ئەورووپی چامپیۆنس لیگ بەڵام لە یاری کۆتاییاندا بەرامبەر یانەی چێڵسی بە ئەنجامی ٠-١ نازناوەکەیان لەدەستدا و یاریەکەیان دۆڕاند.

ژیانی وەرزشی لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی

جامی جیهانی ٢٠١٤

لە سەرەتادا لە ٢٠١٤ـدا لە جامی جیهانیدا دەرکەوت و توانی ئاستێکی بەرز لە جامەکەدا پێشکەش بکات. لە جامی جیهانی ٢٠١٤ و لە یەکەم یاری بەلجیکا بەرامبەر تیمی نێودەوڵەتی جەزائیر دی برۆین توانی گۆڵێک دروست بکات و بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بە درێژایی یارییەکه خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکهی پێ بەخشرا

جامی یۆرۆی ٢٠١٦

لە گەشتەکەیاندا بۆ بەشداربوون لە جامی یۆرۆی ٢٠١٦ دی برۆین ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردوو توانی یارمەتی تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکا بدات بۆ بەژدارییان لە جامی یۆرۆدا، پاشان لە یۆرۆی ٢٠١٦ بەهەمان شێوە تواناکانی خۆی دەرخست و لە یاریەکەیاندا بەرامبەر تیمی ئایرلەندای نێودەوڵەتی خەڵاتی باشترین یاریزانی یاریەکە بەدەست بهێنێت.

جامی نێودەوڵەتی ٢٠١٨

دی برۆین و تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکا بە گشتی ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد لە جامی جیهانی ٢٠١٨ دا. توانییان بگەنە یاری پێش کۆتایی و لە یاری پێش کۆتاییدا فەڕەنسای پاڵەوانی جامی جیهانی ٢٠١٨ بە گۆڵێک کۆتایی بە یاریەکە هێنا و بەلجیکا لە ڕیزبەندی سێیەمدا بۆ جامی جیهانی ٢٠١٨ هات.

جامی یۆرۆی ٢٠٢٠

لە ١٧\٦\٢٠٢٠ و لە یەکەم یاری بەلجیکا لە جامەکەدا توانی یەکەم گۆڵی خۆی و گۆڵی بردنەوە تۆماربکات بەرامبەر تیمی نێودەوڵەتی دانیمارک سەرەڕای ئەوەی گۆڵی یەکەمیشی دروست کردبوو. پاشان لە یارییەکەیاندا بەرامبەر پورتوگال توشی پێکان هات و لەگەڵ ئەوەی پێکانەکەی سەخت نەبوو و توانی بە کاتێکی کەم تێیبپەڕێنێت هیچ کاریگەرییەکی نەبوو بەهۆی ئاست نزمی تیمی نێودەوڵەتی بەلجیکا.

شێوازی یاریکردن

دی برۆین بە یەکێک لە یاریزانی بێ کەم و کورتییەکان ناوبراوە سەرەڕای ئەوەی شوێنی سەرەکی یاریکردنی لە ناوەند دایە بەڵام چەندەها جار وەکوو یاریزانی هێرشبەر هەم لە لاکانەوە و هەم وەک سەرەڕم بەکار هاتووە. سەرەڕای ئەوەی هێزی جەستەیی، خێرایی و توانای لێدانی سەری کەمە بەڵام خێرایی بیرکردنەوە، بڕیاردان، خوێندنەوەی یاریزانی بەرامبەر و تێپەڕینی یاریزانە بەرگریکارەکانی بەرامبەری دی برۆین وەکوو یاریزانێکی تایبەت دەردەخات.

ژیانی تایبەتی

دایکی بەلجیکییە و لە ناوچەی درۆنجنی وڵاتی بەلجیکا لەدایکبووە. زمانی دایکی هۆڵەندییە و جگە لە هۆڵەندی زمانەکانی فەڕەنسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی دەزانێت.
دی برۆین لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە لەگەڵ میشێڵ لاکرۆیکس Michele Lacriox لە پەیوەندیدا بوو، لە ساڵی ٢٠١٧ ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێناوە و خاوەنی ٣ منداڵن.

گشتی

دی برۆین لە کۆی ٢٠٧ یاری لە خوولی ئینگلیزی ٥٣ گۆڵی تۆمارکردووە و ٨٥ گۆڵی دروست کردووە. لەگەڵ تیمی نێودەوڵەتی ٢٣ گۆڵی تۆمارکردووە و ١٤ گۆڵی دروستکردووە.


سەرچاوەکان



275 بینین